(سبه‌ی):
محه‌مه‌د به‌رادعی، سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی میسر له وتارێكیدا، میسری به بۆمبێكی ئاماده بۆ ته‌قینه‌وه له‌قه‌ڵه‌مداوه، هاوکات مه‌ترسی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبهشی به‌ستۆته‌وه به بردنه‌وه‌ی حوسنی موباره‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
له‌و وتاره‌یدا كه رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست به ناونیشانی فریاگوزاری خێرای راسته‌قینه بۆ میسر، بڵاویكردوه‌ته‌وه به‌رادعی ئاماژه به‌وه ده‌كات، تادێت ئۆپۆزسیۆنی جیاواز له میسردا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ههرلایهنێكێش بیروبۆچون و ئه‌جێندای جیاوازی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌ڵام گوتاری هاوبه‌شی هه‌موان داواكردنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تییه له میسردا.
له وتاره‌كه‌یدا به‌رادعی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا حكومه‌ت له میسردا به ده‌نگدان و به رێگایه‌كی دیموكراتییانه هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام له‌راستیدا میسر له‌لایه‌ن 3 سیستمه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، سیستمێكی قهڵاچۆكهری داپڵۆسێنه‌ر و سیستمێك كه هاوكاری سیستمی یه‌كه‌م ده‌كات و سیستمی سێیه‌میشیان سیستمێكی نائاسایی و پشێوه.