ئاماده‌کردنی: خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د
(چه‌ند سه‌رنجێكی نێوده‌وڵه‌تی)
چه‌ند خاڵێكی گرنگ میسر له وڵاتانی ده‌وروپشتی جیاده‌كاته‌وه:
1- میسر گه‌وره‌ترین وڵاتی عه‌ره‌بیه له‌ڕوی دانیشتوانه‌وه، كۆمه‌ڵگاكه‌ش به‌ره‌و گه‌نج بونه‌وه ده‌چێت و رێژه‌یه‌كی زۆر له لاوانی كوڕ و كچی هه‌یه كه ژێرخانی ئابوریی و سیاسی به‌م میكانیزمه‌ی ئه‌مڕۆوه ناتوانێت له‌خۆی بگرێت، بۆیه بێكاری بێدادی ده‌كات و ئه‌و كاره‌ی بۆشیان بڕه‌خسێت ناتوانێت لانی كه‌می ژیانێكی سه‌ربه‌خۆیان بۆ دابین بكات، سه‌رباری ئه‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیه داراییه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی كه‌ندا و رێكخراوه نێۆ دهوڵهتیهكانیهوه وه‌ری ده‌گرێت، هێشتا ئابوریه‌كی داڕماو و قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ره.
2- میسر له كوده‌تاكه‌ی (جه‌مال عه‌بدولناسره‌وه) تا به ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر سهرۆكییش چاكه‌ت و پانتۆڵ له‌به‌ر بكات هه‌ر له‌لایه‌ن سوپاوه هاتۆته سه‌ركار، كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل كارێكی كردوه سوپا پێگه‌یه‌كی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێت له جومگه گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له میسردا، دوای عه‌بدولناسر میسر 2 سه‌رۆك كۆماری به‌خۆوه بینیوه، سادات كه ئیسلامیه‌كان تیرۆریان كرد و حوسنی موباره‌كی ئێستا، هه‌ردوكیان پێشینه‌ی سه‌ربازیان هه‌بوه و له‌لایه‌ن سوپاوه پشتگیری كراون، بۆیه سوپا ره‌نگه دوا وته‌ی هه‌بێت له دیاریكردنی چاره‌نوسی رژێمه‌كه‌دا.
3- میسر، خاوه‌نی گه‌وره‌ترین رێكخراوی ئیسلامیه له جیهاندا كه بریتیه له ئیخوان ئه‌لموسلمین، ئه‌م رێكخراوه چه‌ندین لقی له زۆر وڵات و هه‌رێمی جیهاندا هه‌یه كه وه‌ك تۆڕێك كار ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش كوردستان. ئه‌م رێكخراوه له میسردا وه‌ك گه‌وره‌ترین ئۆپۆزیسیۆنێك چاوی لێده‌كرێت و به‌و پێیه‌ی تائێستا چانسی حوكم كردنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه، بهگومانێكی زۆره‌وه چاوی لێده‌كرێت كه ره‌نگه به ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست، ئاڵوگۆڕێكی وا رادیكالانه بێنێته‌كایه‌وه له ناوچه‌كه‌دا كه داهاتوهكهی چاوه‌ڕوانكراو نه‌بێت.
4- له رێكه‌وتنی ( كامپ دێڤید)ه‌وه له‌نێوان (ئه‌نوه‌ر سادات و مه‌ناحیم بیگن)دا، میسر په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌یه و بۆته یه‌كێك له نیانهڕهوترین وڵاتی عه‌ره‌بی له هاوكێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، رۆڵێكی گرنگی بینیوه له گفتوگۆكانی نێوان فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلیه‌كاندا.
5- وه‌ك یه‌كێك له گه‌وره‌ترین وڵاتی سوننه و بونی (ئه‌لئه‌زهه‌ر) له‌م وڵاته‌دا، زۆر جار میسر ده‌بری وینه‌ی ئیسلام بوه له گفتوگۆی نێوان ئاینه‌كان و ته‌نانه‌ت شارستانیهكانیشدا.
هێشتا بۆن و به‌رامه‌ی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی میسر كۆتایی پێنه‌هاتوه كه 2 مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌و وڵاته‌دا ئه‌نجامدرا، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به هه‌مو ئۆپۆزیسۆن 3%ی كورسه‌كانی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا، به بینینی لافاوی خۆپیشانده‌ره‌كان له شاره‌كانی قاهیره و باقی شار و شارۆچكه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، لێكدانه‌وه‌یه‌كی ناوێت تا مرۆڤ بگاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه چ گزی و فزی و یاریكردنێك به ده‌نگه‌كان كراوه.
هه‌رله‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی تونس و وڵات به‌ده‌ركردنی (زه‌ین ئه‌لعابدین)، جیهان له كاریگه‌ریه‌كانی و گواستنه‌وه‌ی بۆ میسر كه‌وته گفتوگۆ. حوسنی موباره‌ك له دوای كوشتنی سادات، زیاتر له 30 ساڵه سه‌رۆكه. له‌وكاته‌شه‌وه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (حوكمی عورفی) په‌یڕه‌و ده‌كرێت و وڵات به یاسای بارودۆخی نائاسایی به‌ڕێوه ده‌برێت.
موباره‌ك هه‌میشه وه‌ك میانهڕهوێك خۆی به ده‌ره‌وه و ناوخۆ ناساندوه. هه‌میشه مه‌ترسی ئیسلامیه‌كانی به‌گوێی ده‌ره‌وه‌دا چرپاندوه. له ناوخۆ هه‌وڵی داوه هه‌رچی ناڕه‌زایه‌تیه بخاته قاڵبی هه‌ره‌شه له نه‌ته‌وه‌ی میسر و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌ك هه‌ندێ له پسپۆڕان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن هه‌وڵی داوه سود له هه‌ندێ ناكۆكی وه‌ك كێشه‌ی نێوان ئیسلام و قیبتیهكانیش وه‌رگرێت كه هه‌ردوكیان گه‌لی میسر پێك ده‌هێنن.
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا كه نه‌خۆشی ته‌نگی پێههڵچنیبو، موباره‌ك له هه‌وڵدا بو، هاوشێوه‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌دی سوریا، رێگا بۆ (جه‌مال)ی كوڕی بكاته‌وه تا له رێگه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه به‌ره‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌نگاوی پێبنێت، به‌ڵام روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌ر هه‌مو ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان نه‌پێچێته‌وه، لانی كه‌م كۆتایی به خه‌ونی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوك بۆ كوڕی هێناوه، (مرۆڤ به‌زه‌یی به‌و كوڕانه‌دا دێته‌وه كه خه‌ون به جێگرتنه‌وه‌ی باوكیانه‌وه ده‌بیین و له‌و روه‌وه په‌روه‌رده‌كراون(.
له ساڵی 2008وه كه ناڕه‌زایه‌كان به‌رانبه‌ر به به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ و به‌رزی باج و كه‌می موچه سه‌ریهه‌ڵدا، ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانی به‌خۆیدا بچێته‌وه و هه‌نگاوی جیدی بنێت به‌ره‌و پڕكردنه‌وه‌ی خواست و داوای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، بۆیه شاره‌زایان پێیان وایه له‌وساته‌وه جاری گۆڕانی ده‌سه‌ڵات له‌میسردا لێدراوه.
گومانی تیا نیه هه‌مو ئاڵوگۆڕێك له‌میسردا كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره و هه‌ژێنه‌ری ده‌بێت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ره‌نگه ئه‌و ئاڵوگۆڕه ده‌رگایه‌كی تر بێت كه به‌ڕوی كوردا بكرێته‌وه بۆ زیاتر به‌ده‌ستهێنانی ماف و داوا دیموكراسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كانی.