محه‌مه‌د خورشید
یه‌ک له میتۆده‌کانی بیرکردنه‌وه و کارکردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تاکه‌کان و گروپه‌کان، له‌م سه‌رده‌می مۆدێرنه‌یه‌دا، بیرکردنه‌وه‌و کاردنه به مه‌عریفه‌ی زانستی. بۆ گه‌یشتن به‌م میتۆده له‌کایه جیاوازه‌کانی ژیان له‌وانه‌ش کایه‌ی سیاسی، به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رونی...تاد. میتۆدی دیالۆگه.
له داڕێژه‌ره‌کانی ئه‌م میتۆدی دیالۆگه له دونیای رۆژئاوادا به‌پله‌ی یه‌که‌م، فه‌یله‌سوفی گریکی سوکراته، که له‌هه‌مانکاتدا به داڕێژه‌ری بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌ش داده‌نرێت له دونیای رۆژئاوادا.
کۆڵه‌گه‌یه‌ک له کۆڵه‌گه سه‌ره‌تایه‌کانی دیموکراسی و ئازادی و پێشکه‌وتن، کارکردنه به میتۆدی دیالۆگ. هه‌ر گروپ و حیزب، به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌م میتۆدی دیالۆگه‌ی تێدا په‌یڕه‌و نه‌کرا، بێگومان لێوان‌لێو ده‌بێت له زیندان و پێشێلی مافه سه‌ره‌تایه‌کانی تاک و ئازادی و دیموکراسی. له ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌رهه‌مدێن، داخراو، تۆتالیتا‌ر، نغرۆ له دواکه‌وتوی، یهکبیرکردنهوه، یه‌کده‌نگ، یه‌کڕه‌نگ، وه‌ک ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له نمایشه‌کاندا ده‌یبینین.
گه‌ر ئاوڕێک له مێژوی کۆمه‌ڵگاکان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین ئه‌و گۆمهڵگایانهی له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا، گروپه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان به میتۆدی دیالۆگ کاریانکردوه، له ئه‌نجامی دیالۆگشدا سازاون له‌سه‌ر جیاوازیه‌کانیان و هاوبه‌شیه‌کانیان، بێگومان له گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنی به‌رده‌وامدا بون، له سه‌رجه‌م کایه‌کانی ژیان هەروەک، کۆمەڵگای یۆنان لەسەردەمی سوکرات و ئەفڵاتون، هەروەها ئەوروپای رۆژئاوای دوای جەنگی جیهانی دوەم ...تاد. پێچەوانەکەشی وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێ‌کرد، دەسەڵاتێکی تۆتالیتا‌ر و کۆمەڵگایەکی وێران لە گشت بوارەکاندا بەرهەم دێنێت، نمونه‌ی ئەڵمانیای سەردەمی نازیەکان، سۆڤیەتی سەردەمی ستالین، عێراقی سەردەمی سەدام و زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین.
لە راستیدا دیالۆگ دو جۆرە. دیالۆگی پۆزەتیڤ، دیالۆگی نەگەتیڤ. دیالۆگی نەگەتیڤ: ئەو دیالۆگەیە کە گروپە جیاوازەکان هەر یەک بەتەنها له دیدی دنیابینی خۆی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبهتیهکانیهوه بڕیاری پێشوەختی خۆیانداوە لەئاست دیدو جیهانبینی بەرامبەرەکەی، بێئەوەی کەوتوبێتە فه‌زای گفتوگۆکردن لە تەکیدا، جا بەهەر بارێکدابێت. بەداخەوە دەڵێم ئەو کلتورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا باوەو رۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمەی لەسەر بونیادنراوە، دیالۆگی نەگەتیڤی بەرهەمهێناوە. ئارگیومەنتە مێژویەکانی کۆمەڵگای ئێمەش کە زۆربەمان پێی ئاشناین و هەر وامان بۆ دەسەڵمێنێت. ئەوە دیالۆگە نەگەتیڤەکانی گروپە جیاوازەکانی شاخ، هەر شەڕە خوێناویەکانیانی بەدواوەبو، پاش راپەرینیش هەمان دیالۆگی نەگەتیڤی گروپە جیاوازەکان چەندبارە بوەتەوە تاکو پرۆسەی ئازادی عێراق.
هەرچی دیالۆگی پۆزەتیڤە: ئەو دیالۆگەیە، کە گروپە جیاوازەکان بڕیاری پێشوەختیان لەئاست دیدو جیهانبینیە جیاوازەکانی به‌رامبه‌ریان نیە، بەڵکو ئالوگۆری دیدە جیاوازەکان دەکەن، لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان رێکدەکەون، لەهەمانکاتدا ئیش لەسەر جیاوازیەکانیشیان دەکەن.
ئه‌م جۆره دیالۆگه زۆر جێی داخه تاکو ئێستا له کلتوری ئێمه‌دا جێنهکهوتوه، راسته به‌رهه‌مهێنانی کلتوری ئه‌م دیالۆگه پۆزه‌تیڤه، به پرۆسێسی په‌روه‌رده دهێته ئه‌نجام، به‌ڵام ئه‌فسوس، ئه‌وه‌نده‌ی تاکو ئێستا کلتوری روحی شۆڕشگێری شاخ له کاره‌کانی ده‌سه‌ڵات و گروپه جیاوازه‌کاندا، له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کاریپێده‌کرێ و ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده کار به‌روحی مه‌ده‌نیه‌ت و میتۆدی دیالۆگ ناکرێ و نەکراوە بۆ هێنانهکایهوەی فه‌زای گشتی و رێزگرتن و سهمماندنی جیاوازیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان، ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی گه‌لانی عێراقه‌وه کاری جدی له‌م بواره‌دا بکردایه و فەزای گشتی لە هەرێمی کوردستان بخوڵقاندایە.
ئێستاش سه‌ره‌تای بونیادنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌ستی پێکردوه نمونه‌ش تونس و میسر و یه‌مه‌ن و بێگومان وڵاتانی تریش ده‌گرێته‌وه زو یا دره‌نگ، هەر چەندە هەرێمی کوردستان کەم تازۆر جیاوازی زۆرە لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، بەڵام گرینگ ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتداران و گروپه جیاوازه‌کان، مه‌کۆی دیالۆگی پۆزه‌تیڤ بکه‌نه کاری رۆژانه‌یان بۆ بونیادنانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و موئەسەساتی له کوردستاندا، پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌سه‌ڵات به‌رپرسیاری یه‌که‌مه و زه‌ره‌رمه‌ندیش کۆمه‌ڵگای کوردستان و هه‌رێمه‌که‌مانه.