میسر؛ سبه‌ینێ خۆپیشاندانێکی ملیۆن که‌سی دژی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامده‌درێت
Monday, January 31, 2011 |
|
|
(سبه‌ی):
خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی هاوڵاتیانی میسر دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک به‌رده‌وامه‌و ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه) له حه‌وته‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌کاندا مانگرتنی گشتی راده‌گه‌یه‌نرێت.
به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی هه‌واڵی (AFP) وا بڕیاره سبه‌ینێ (سێشه‌ممه) خۆپیشاندانێکی ملیۆن که‌سی له‌قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌بچێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، له‌مڕۆوه به به‌شداری لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ئاماده‌کاری بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌که ده‌کرێت و تێیدا داوا له حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی میسر ده‌کرێت ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵێت.
له‌هه‌مانکاتدا چه‌ند سه‌عاتێک پێش ئێستا هێزه ئه‌منییه‌کانی پۆلیس و ئاسایش گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو شاره‌کانی میسر، پاش ئه‌وه‌ی له دو رۆژی رابوردودا به‌هۆی ئینفیلاتی ئه‌منییه‌وه شاره‌کانیان چۆڵکردبو، هه‌روه‌ها حکومه‌تیش بڵاوکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی سوپای له شاری قاهیره چڕترکردوه‌ته‌وه.
ئاژانسی (AFP) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکردوه، که دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک و بۆ به‌جێهێشتنی وڵات، ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه) ده‌ستده‌کرێت به مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له وڵات‌دا.
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که دوێنێ (یه‌کشه‌ممه) حوسنی موباره‌ک، له‌رێی سه‌رۆکی حکومه‌ته‌وه داوای گفتوگۆ و دانوستانی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن کرد‌و تا ئێستاش لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن هیچ هه‌ڵویستێکیان له‌وباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندوه. |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|