جاكسن دیێڵ
له ئینگلیزییه‌وه: كاروان حه‌یده‌ری
وای دابنێ میسر به به‌رده‌وامی دژی رۆژئاوایه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌میشه‌ش خه‌ریكی هوتاف لێدانه دژی ئیسرائیل، حكومه‌تێك هزری دژه سامیه‌كان له میدیاكانیدا ده‌روێنێت و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌وه‌ستێنێت و هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكیش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ره‌ت ده‌كاته‌وه، رژێمیك كه رێگا به حه‌ماس ده‌دات به هێنانه ناوه‌وه‌ی چه‌ك به ته‌ن و رۆكێته ئێرانیه‌كان بۆ ناو كه‌رتی غه‌زه.
واشی دابنێ كه ئه‌وه حكومه‌ته‌كه‌ی حوسنی موباره‌كه، هه‌مان ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا به ملیۆنان ته‌ن دۆلار هاوكاری ده‌كرد له‌سه‌ر حسابی شێواندنی وێنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو دیموكراته‌كان و جیلی گه‌نجی توڕه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌گه‌ر ئێستا میسر هه‌نگاو به‌ره‌و دیموكراسیه‌كی جێگیر بنێت، ئه‌وا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هیچ باشبون به‌خۆیه‌وه نابینێت له‌روانگه‌ی واشنتنه‌وه، به‌ڵام پێناچێت خراپتریش بێت.
له راستیدا، ئه‌و گومان و ئه‌گه‌ره نارۆشنانهی له باره‌ی زاڵبونی ئیسلامیه‌كان و نه‌مانی كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ئارادایه، لایه‌نه پێچه‌وانه‌و نێگه‌تیڤه‌كانی شۆڕشی میسر پیشتگوێ ده‌خه‌ن. هه‌روه‌كو له ئاسیا‌و ئه‌مه‌ریكای لاتین رویدا دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ دیموكراسی، ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان زیاتر سودمه‌ند ده‌بێت له بلاَوبونهوهی ئازادی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا وه‌ك له‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بێت. له كۆتاییشدا ده‌كرێ سوده‌كان زۆر گه‌ره بن.
یه‌كه‌م شتیش ئاشكرابونی ته‌زویره 30 ساڵیه‌كه‌ی رژێمی موباره‌ك ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه یارمه‌تیه بێمهرجهكانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و په‌سه‌ند كردنی ئۆتۆكراسی له پێناو مانه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و "یارمه‌تی" له‌گه‌ڵ حه‌ماس و "پشتیوانی" كردنی له پرۆسه‌ی ئاشتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌خاته‌ڕو.
راستیه‌كه ئه‌وه‌یه موباره‌ك توانی ئاشتیه‌كی سارد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا بپارێزێت، كه له ماوه‌ی 29 ساڵدا ته‌نها یه‌ك جار سه‌ردانی كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی میسردا بو. میسر هیچ كیشه‌ی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا نیه‌و ناشیه‌وێ دژی بچێته جه‌نگه‌وه، چونكه سوپای میسر توانای به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی سوپای سه‌ده‌ی 21ی ئیسرائیلی نیه. حكومه‌تێكی دیموكراسی له میسر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل نییه، به‌ڵام رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیش ناخاته ژێر پێوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته رێگه به به حه‌ماس بدات به قاچاغی كردن به چه‌كه‌وه‌و كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی به‌روی غه‌زه‌دا، ئه‌وا ئه‌و كاته له حكومه‌ته‌كه‌ی موباره‌ك جیاواز ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی، حكومه‌ته نوێكه‌ی میسر زۆربه‌ی په‌یمانه شكێنراوهكانی موباره‌كی به‌رامبه‌ر واشنتن وه‌كو میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا میسر زۆر به‌جدی په‌یمانیدا رێگه له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی غه‌زه له لایه‌ن حه‌ماسه‌وه بگرێت و گواستنه‌وه‌ی چه‌ك به ژێر تونێله‌كاندا بوه‌ستێنێت و پرۆسه‌یه‌كی ئاشتبونهوهش له‌نێوان حه‌ماس و ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینیدا رێك بخات و رێكه‌وتنێكیش بۆ ئازاد كردنی سه‌ربازه ئیسرائیلیه‌كه له‌گه‌ڵ حه‌ماس بهێنێته كایه‌وه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م په‌یمانانه‌ی نه‌برده‌سه‌ر.
كه‌واته سودی میسرێكی دیموكراسی حكومه‌تێكه كه به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی بگرێته ئه‌ستۆ، نه‌وه‌ك به شێوه‌یه‌كی تاكتیكانه ئه‌و به‌رپرسیارێتیانه بخاته ئه‌ستۆی ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان و بڕینی به‌رتیله ناپێویسته‌كان له واشنتن. پێویسته به‌رگری له سیاسه‌ته‌كانی له پێناو هاوڵاتیانی خۆی بكات، به مانایه‌كی تر، بۆ نمونه، پێویسته چاودێری خۆی بكات نه‌وه‌ك پروپاگه‌نده‌ی دژه سامی په‌ره‌پێبدات.
دوه‌م به‌رژه‌وه‌ندی پێویسته كۆتای هێنان بێت به‌و سه‌رده‌مه‌ی كه تێیدا ئیداره یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن میدیای عه‌ره‌بیه‌وه لۆمه‌یان ده‌كرا له‌سه‌ر ئازاردان و سانسۆر و سه‌ركوت كردن. ئه‌م په‌یوه‌ندیه نه‌ك ته‌نها هزری دژه ئه‌مه‌ریكای له ناوچه‌كه‌دا بڵاو كردۆته‌وه، به‌ڵكو بوه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆستی وه‌كو ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری، كه دوه‌م گه‌وره داواكراوی قاعیده‌یه.
ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له پێشدا به‌شدار بو له تاوانه‌كانی دیكتاتۆره‌كانی به‌رازیل و ئیندۆنیزیا و كۆریای باشور و هه‌روه‌ها توركیاش، ئێستا هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه، وه‌كو وڵاتی دیموكراسی، رێز له مافه‌كانی مرۆڤ ده‌گرن و تائێستاش په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، كه‌مێكیان سه‌رزه‌نشتی سیاسه‌ته‌كانی واشنتن ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار ئیش كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه زه‌حمه‌ته و هه‌ندێك جاریش به هه‌ڵه ده‌نگ ده‌ده‌ن له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، به‌ڵام به‌شدارن و هاوران له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ئه‌مه‌ریكا و دوژمنی تیرۆریزمیشن. میسرێكی دیموكراسی باشتره شێوازی رێگای خۆیان په‌یره‌و بكه‌ن نه‌وه‌ك رێگای نادیموكراسی ئێران و ڤه‌نزوێلا.
ئه‌مه گوزارشت له گه‌وره‌ترین دۆڕاو له گواستنه‌وه‌ی میسر ده‌كات كه بریتین له عه‌لی خامنه‌یی سه‌ركرده‌ی باڵای ئێران و داروده‌سته‌كانی تاران له سوریا و لوبنان، گواستنه‌وه‌ی میسر ئاماژه به شێوازی به‌رێوه‌بردنی عه‌ره‌به‌كان له مۆدێلی ئۆتۆكراتی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌كات، كه نزیكه‌ی 60 ساڵه له قاهیره سه‌ری هه‌ڵداوه، تا كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سوریا، كه رژێمه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌مان مۆدێلی جه‌مال عه‌بدول ناسر دامه‌زراند، ده‌توانێت له‌ناو جیهانی دیموكراسی عه‌ره‌بدا به‌رده‌وام بێت؟ هه‌روه‌ها چۆن ئێرانیه‌كان، كه شۆڕشه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی ساڵی 2009یان بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م خایاند، ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت سه‌باره‌ت به سه‌ركه‌وتنی هێزی خه‌ڵك له قاهیره؟
هه‌ندێ كه‌س له واشنتن له‌وه ده‌ترسن كه میسریش به هه‌مان رێچكه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی ئێران‌دا بڕوات، لێره‌دا هه‌ندێ چانس هه‌یه بۆ رودانی ئه‌م شته، چونكه هه‌ندێ جار شۆڕشه‌كان به ئاراسته‌ی خراپ‌دا ده‌برێن. هه‌روه‌ها، گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها شتێكی شیاوه، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له ئۆكرانیا رویدا دوای حه‌وت ساڵ له شۆڕشی پرته‌قاڵ، به‌ڵام مێژوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و مێژوی جیهانیش ئاماژه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێچكه‌یه ده‌كه‌ن. میسرێكی دیموكراسی، زو یان دره‌نگ، ده‌بێته هۆی گواستنه‌وه‌ی ناوچه‌كه و ولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانیش له‌وه سودمه‌ند ده‌بێت.
سه‌رچاوه: واشنتن پۆست