د.محه‌مه‌د حاجی
له‌وه‌تای تانک دروستکراوه و له هه‌مو ئه‌ده‌بیاتێکی سه‌ربازیدا تانک سومبلی هێزه و زۆرجاریش بوه‌ته ئه‌و فاکته‌ره‌ی که شه‌ڕه‌که‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێکدا یه‌کلاییکردۆته‌وه، له په‌یوه‌ندی سیاسی و دبلۆماسیشدا هێزی سه‌ربازی و ژماره‌ی تانک و ته‌یاره‌و تۆپ کارتی به‌هێزی سه‌رمێزی دانوستانبوه، زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان ئه‌گه‌ر ته‌نها وه‌ک پرسێکی سایکۆلۆژیش بێت رقیان له تانک و هێزی سه‌ربازییه، چونکه هه‌میشه سومبولی شه‌ڕ و کوشتاربوه، بێگومان یه‌کێک له‌و هێز و فاکته‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر پشتی پێبه‌ستوه و گره‌وی له‌سه‌رکردوه هێزی سوپابوه، له سیسته‌می دیکتاتۆری‌دا سوپا به‌شێوه‌یه‌ک په‌ردوه‌رده ده‌کرێ که ته‌نها یه‌ک که‌س بناسێ و یه‌ک که‌سیش به پیرۆز بزانێ ئه‌ویش که‌سی دیکتاتۆره، یه‌کێک له‌و دیارده نامۆیانه‌ی ئه‌م راپه‌ڕینانه‌ی به‌م دواییه‌ی میسر و تونس به‌خۆیانه‌وه بینی بێلایه‌نی سوپا و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان بو له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر، به‌شێوه‌یه‌ک که دیکتاتۆره‌کان بێئومێدبون و له پاڕانه‌وه زیاتر هیچی تریان به‌ده‌سته‌وه نه‌مابو.
ئه‌گێڕنه‌وه رۆژێک ئه‌سکه‌نده‌ری گه‌وره ده‌چێته سه‌ردانی دیوژنی فه‌یله‌سوفی یۆنانی، له‌وکاته‌دا دیوژن خه‌ریکی خۆشوشتن ئه‌بێت له‌به‌ر تیشکی هه‌تاو، ده‌ستده‌که‌ن به‌گفتوگۆ و دیوژن له ئه‌سکه‌نده‌ر ده‌پرسێ تۆ ده‌ته‌وێ چی بکه‌ی؟ ئه‌سکه‌نده‌ریش ده‌ڵێ ده‌مه‌وێ هه‌مو یۆنان بخه‌مه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆم، دیوژن ده‌ڵێ ئه‌ی دوای ئه‌وه؟ ده‌ڵێ ئاسیای بچوکیش، ده‌ڵێ ئه‌ی دوای ئه‌وه؟ ده‌ڵێ هه‌مو دونیا بخه‌مه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆم، دیوژن ده‌ڵێ دوای ئه‌وه چی ده‌که‌ی؟ ئه‌سکه‌نده‌ر ده‌ڵێ ئینجا بۆخۆم ده‌حه‌سێمه‌وه، دیوژن پێی ده‌ڵێ، ئینجا بۆ له ئێستاوه ناحهسێیهوه؟ ئه‌سکه‌نده‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی ناداته‌وه و پێی ده‌ڵێ: چیت پێویسته بۆت جێبه‌جێ بکه‌م؟ دیوژن ده‌ڵێ: ته‌نها سێبه‌ری خۆتم لێلاده، ئه‌سکه‌نده‌ر زۆر به قسه‌کانی دیوژن سه‌رسام ده‌بێت و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌سکه‌نده‌ر نه‌بام هیوام ده‌خواست دیوژن بام، دیوژن ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر من دیوژن نه‌بام هیوام ده‌خواست هه‌مو که‌سێک بام به‌س ئه‌سکه‌نده‌ر نه‌بام.
کاتێک سه‌رۆکی پێشوی میسر و تونسم له‌دوا ساته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیان بینی له‌سه‌ر شاشه‌کانی ته‌له‌فزیۆن چۆن ئه‌پاڕانه‌وه، ئاماده‌بوم هه‌مو که‌سێک بام به‌س ئه‌وان و دیکتاتۆری له بابه‌تی ئه‌وان نه‌بام.
ئه‌سکه‌نده‌ری گه‌وره و حوسنی موباره‌ک هه‌ردوکیان دکتاتۆربون، به‌ڵام جیاوازیه‌کی گه‌وره‌یان هه‌بو، ئه‌سکه‌نده‌ر له‌ماوه‌ی چواردهساڵدا گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی دروستکرد له‌مێژودا، که‌چی حوسنی موباره‌ک بیست و نۆ ساڵ و نیو سه‌رۆک بو بیری له چاکسازی و دیموکراسی نه‌کردبوه‌وه له کۆتاییدا داوای شه‌ش مانگی له خه‌ڵکی میسر ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی فرسه‌تی بده‌ن چاکسازی بکات، به‌ڵام ئه‌سکه‌ندر و حوسنی موباره‌ک له لایه‌نێکه‌وه له‌یه‌ک ئه‌چن، ئه‌سکه‌نده‌ر مردو فریا نه‌که‌وت که‌س له شوێنی خۆی دابنێ بۆیه ده‌سه‌ڵات که‌وته ده‌ست چوار گه‌وره ژه‌نه‌راڵه‌که‌ی، ئه‌وانیش ئیمپراتۆریه‌که‌یان کرد به چواربهشهوه، حوسنی موباره‌کیش فریا نه‌که‌وت که‌س له شوێنی خۆی دابنێ بۆیه ده‌سه‌ڵاتی دایه ده‌ست ژه‌نه‌راڵه‌کانی سوپا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دو نمونه‌یه له‌دو زه‌مه‌نی جیاوازدا رویانداوه، به‌ڵام یه‌ک شتمان پێده‌ڵێن، هه‌رگیز دیکتاتۆره‌کان زه‌مینه خۆشناکهن بۆ که‌سی تر جێگایان بگرێته‌وه، چونکه ئه‌یانه‌وێ بۆ هه‌تاهه‌تایه خۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یان سه‌رۆک بن بۆیه کاتێک ئه‌ڕوخێن بۆشایی دروست ئه‌بێت.
ئه‌بێ دکتاتۆرێک چه‌ند نائومێدبێت که سه‌ره‌ڕای یه‌ک ملیۆن و نیو پۆلیس و ئاسایش و چوارسه‌د هه‌زار سه‌رباز و هه‌زاره‌ها تانک و تۆپ په‌نا بباته‌به‌ر هێنانی حوشتر و وڵاغ بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران؟ ئه‌مه ئه‌و راستیه ده‌رده‌خات که ئه‌گه‌رچی دیکتاتۆره‌کان به‌قه‌باره گه‌وره دیارن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا روت و ته‌نیان.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که کورد تائێستا نه سوپای هه‌بوه و نه تانک، به‌ڵام تانکی داگیرکه‌رانمان زۆر بینیوه هه‌ندێکجار خۆیان هاتونه‌ته سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و هه‌ندێک جاریش ده‌ستی خیانه‌تی حیزبه کوردیه‌کان داوه‌تیان کردون بۆ شه‌ڕی لایه‌نێکی تری کوردی و وێرانکردنی کوردستان، که ئه‌مه ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی نه‌وه‌ی ئێمه‌دا چه‌ند جارێکمان بینیوه له هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان.
ئه‌وه‌ی مێژو فێرمان ده‌کات ئه‌وه‌یه که هیچ هێزێک توانای خۆڕاگرتنی نیه به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی گه‌ل، ئه‌مه راستیه‌که که پێویسته دیکتاتۆره‌کان باش لێی تێبگه‌ن، حوسنی موباره‌ک و زه‌ین ئه‌لعابدین زو تێگه‌یشتن و ئه‌وه‌یان تێدا هێشته‌وه که ئه‌گه‌ر مردن گه‌ل رێگا بدات له خاکی وڵاته‌که‌یان بنێژرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه شای ئێران له‌م راستیه نه‌گه‌یشت و قه‌تلوعامی زۆری خه‌ڵکی کرد، که مرد له‌مه‌ش بێبهشبو، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌بێت چاره‌نوسی خۆیان دیاری بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ دوا مه‌زاریان خاکی کوردستان بێت ئه‌وا پێویسته به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران تانکه‌کانیان بێ تۆپ و چه‌که‌کانیشیان بێ فیشه‌ک بێت.