(سبه‌ی):
له كاتێكدا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕه‌وشی كلتوریمان هه‌میشه جێگه‌ی شانازی ئێمه‌ی لاوانی كورد بوه له ئه‌مریكا، بهلاَم به‌داخه‌وه به‌ده‌ر له هه‌مو پێوه‌ره یاسایی و مۆراڵی و مرۆییه‌كان، جارێكی تر وا خوێنی كورد به ده‌ستی هاوكوردان به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت.
زۆر به توندی ئیدانه‌ی ڕه‌شه‌كوژی و بێ ڕێزیكردن به به‌ها و ویستی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ین كه به ناوی پارێزگاریكردن له باره‌گا حیزبیه‌كان، كاره‌ساته‌كانی 17شوباتی لێكهوتهوه.
ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵێك خوێندكار‌و لاوی كوردی دانیشتوی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه له پایته‌ختی ڕۆشنبیری (سلێمانی) ڕویدا و ڕوده‌دات به‌رامبه‌ر به هاولاَتیانی ئه‌م شاره ئازیزه، پێمانوایه سوكیاتیكردنه به هه‌مو كوردێك له جیهاندا. هه‌ربۆیه داوا له گشت داموده‌زگا به‌رپرسه‌كان و لایه‌نه حیزبیه‌كان ده‌كه‌ین به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ركی لێپسراوانهوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌كه‌دا بكه‌ن و ئه‌م خالاَنهی لای خواره‌وه په‌یڕه‌وبكه‌ن:
• چۆڵكردنی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره حیزبییه‌كان وه شوێنگرتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزی مه‌ده‌نی و پۆلیسی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
• نه‌هێشتنی هێزی چه‌كداری حیزبی تاوه‌كو جارێكی تر كاره‌ساتی كوردكوژی ڕونه‌داته‌وه.
• هه‌مو لایه‌ك هه‌وڵی ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بده‌ن.
• جێبه‌جێ كردنی داوا ڕه‌واكانی جه‌ماوه‌ر.
• لێپچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ خوێنڕێژانی گه‌نجانی كورد بكرێت و بدرێنه دادگا.
• رێزگرتن و پاراستنی موڵك و ماڵی داموده‌زگا گشتیه‌كان و سه‌روه‌ت و سامانی كه‌سێتی تایبه‌ت.
• ره‌چاوكردنی مامه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نیانه دور له هه‌مو توندوتیژییه‌ك له كاتی هه‌ر خۆپیشاندانێكدا.
كۆمه‌ڵێك لاو و خوێندكاری كورد له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا
19-2-2011
ئه‌مه‌ریكا