له‌تیف مسته‌فا: له‌رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش باسی خوێنڕشتنی خه‌ڵكی شاری سلێمانی ده‌که‌ین
Tuesday, February 22, 2011 |
|
|
(سبه‌ی):
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ئه‌وا سورن له‌سه‌ر باسكردنی روداوه خوێناوییه‌كانی (17)ی شوباتی شاری سلێمانی، كه بوه هۆی كوژران و برینداربونی ده‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نی.
دوێنێ (دوشه‌ممه) له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی، كارێكی خراپه كه نوێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق باس بكه‌ن و ده‌ستی نه‌یاران بهێننه‌وه بۆ هه‌رێم.
له‌وباره‌یه‌وه له‌تیف مسته‌فا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی گۆڕان له لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه ئه‌و جۆره قسانه له سه‌رۆكی حكومه‌ت ناوه‌شێته‌وه، دیاره ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی كه به‌رهه‌م ساڵح جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بوه له به‌غدا، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی نه‌یاران بوه.
وتیشی: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق نه‌یار بێت، ئه‌وا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌م كه‌س بوه كه نه‌یارانی كوردی ههستانۆتهوه له به‌غدا، به‌وه‌ش بۆ خۆی یه‌كه‌م نه‌یاری كورده، چونكه گوایه ئه‌وان حكومه‌تی به‌غدایان دروستكردۆتهوهو ده‌ستی نه‌یارانی كوردیان هێناوه‌ته ناو هه‌رێمی كوردستان.
په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕان رونیكرده‌وه، كه "هه‌ندێك له قسه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت جێی سه‌رنج بو وه‌ك ئه‌وه‌ی وتی، پرسی ماده‌ی (140)و پێشمه‌رگه‌مان له پێشه‌و پێویسته كار بۆ ئه‌و بابه‌تانه بكرێت، به‌ڵام ئاشكرایه ئه‌وان (10) ساڵه نیوه‌ی موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌به‌ن كه حكومه‌تی به‌غدا ده‌یانداتێ و ئاماده نین ناوی پێشمه‌رگه وه‌ك یه‌ك لێبكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه نا كه خه‌می ناوی پێشمهرگهیانه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ناوی پێشمه‌رگه وه‌ك یه‌ك لێبكه‌ن ئه‌وا ده‌بێت وه‌ك به‌غدا موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بده‌ن، بۆیه له‌به‌ر خاتری بردنی نیوه‌ی موچه‌ی پێشمه‌رگه ئاماده نین موچه‌ی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌غدا لێبكه‌ن، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان به پێشمه‌رگه ده‌فرۆشنه‌وه‌و ده‌ڵێن به‌رگری له پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین".
ناوبراو ئه‌و ئه‌وه‌شی وت، "له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكومه‌تدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌كرد، كه ماده‌ی (140) فه‌رامۆشكراوه‌و هه‌وڵه‌كانی جێبه‌جێكردنی له‌بار براوه، به‌ڵام پێیان وتم ئه‌وه بانگه‌شه‌یه، قسه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌و دژی كورد قسه ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین له‌بری زیادكردنی بودجه‌ی ماده‌ی (140)، بودجه‌ی ئه‌و ماده‌یه زۆر كه‌مكراوه‌ته‌وه له بودجه‌ی گشتی عێراقدا، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه قسه‌كه‌ی ئێمه راست ده‌رچو، جگه له‌وه‌ی كاتێك سه‌رۆكی حكومه‌ت رایكرد بۆ به‌غدا له‌به‌ر خاتری گرێبهستییهكانی نه‌وت و بودجه، هیچ باسێكی له ماده‌ی (140) نه‌كرد.
له‌تیف مسته‌فا، كه هه‌ردو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه زه‌ره‌ر له ماده‌ی (140)و پرسی پێشمه‌رگه ده‌ده‌ن، كه‌چی دێن و به ئێمه ده‌ڵێن جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرسانه له پێشن و تۆمه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌نه پاڵمان كه ده‌ستی نه‌یاران دێننه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له كاتێكدا خۆیان ئه‌و نه‌یارانه‌یان دروستكردوه‌و كردویاننهته شمشێرێك به‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كوردستانه‌وه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، كه "چۆن ده‌كرێت ئێمه كێشه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق باس ناكه‌ین، له‌وه‌ختێكدا ئه‌وان خوێنی خه‌ڵك ده‌ڕێژن و ده‌مانكوژن، من ده‌پرسم، ئایا په‌رله‌مانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو خه‌ڵكی عێراق ناكات و كوردیش به‌شێك نییه تیایدا، یه‌كێكیش له نوێنه‌رانی كوردیش جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان نییه‌و رێگه له باسكردنی خوێنی رژاوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گرێت له ناو په‌رله‌ماندا".
وتیشی: نه‌ك له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵكو له رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش باسی ئه‌و خوێن رشتنانه ده‌كه‌ین، كه به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شاری سلێمانی كراوه‌و داوا له هه‌مو وڵاتانی جیهانیش ده‌كه‌م، كه ته‌ده‌خول بكه‌ن تا مافی مرۆڤی كورد پارێزراو بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره کورده باسی له‌وه‌شکرد، پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن عارف ته‌یفوری جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه چه‌ند جارێك رێگری كرا له‌وه‌ی كه باس له كاره‌ساته خوێناوییه‌كه‌ی (17)ی شوباتی شاری سلێمانی بكه‌ین، بۆیه له دانیشتنی دوێنێ (دو شه‌ممه)ی په‌رله‌مانی عێراقدا، بڕیارماندا له‌ڕێگایه‌كی یاسایی تره‌وه داوا بكه‌ین ئه‌و بابه‌ته له ده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ربهێنرێت و بخرێته ده‌نگدانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش له سه‌ره‌تادا پارتییه‌كان پێشبینیان ده‌كرد كه ده‌نگی پێویست نه‌هێنین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌مو ته‌وافوقاته سیاسیه‌كانمان تێكشاكاندو داواكارییه‌كه‌مان ده‌نگی زیاتر له (200) په‌رله‌مانتاری به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بو له تێكشاكاندنی حیساباته‌كانی لیستی هاوپه‌یمانی، چونكه ئه‌وان پێیانوابو لایه‌نه‌كانی تر پابه‌ند ده‌بن به ڕێكه‌وتنه سیاسیه‌كانیانه‌وه له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی و ده‌نگ بۆ داواكارییه‌كه ئێمه ناده‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی دواجار توانیمان به‌ڕه‌سمی روداوه خوێناوییه‌كه‌ی (17)ی شوباتی شاری سلێمانی شاری سلێمانی بخه‌ینه به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان سێ په‌رله‌مانتاری لیستی عێراقییه‌وه دانیشتنه‌كه دواخرا بۆ هه‌فته‌ی داهاتو، ئه‌مه‌ش بوه هۆی چه‌پڵه لێدان و دڵخۆشی په‌رله‌مانتارانی پارتی كه باسی خوێن رشتنهكانی دانیشتوانی شاری سلێمانی ناكرێت. |
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|