(سبه‌ی):
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه) پاش ئه‌وه‌ی خوێندكارانی زانكۆی كۆیه خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجام دا بۆ پشتیوانیكردن له خۆپیشانده‌رانی سلێمانی و ئیدانهكرنی ته‌قه‌كردن و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر خۆپیشانده‌ران، تیمێكی كه‌ناڵی KNN سه‌ردانی شاری كۆیه‌یان كرد به‌مه‌به‌ستی روماڵكردنی ئه‌و روداوه، به‌ڵام له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پارتی له‌بازگه‌ی دێگه‌ڵه رێگه‌یان لێ گیرا و نه‌یانهێشت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێر.
له‌و باره‌یه‌وه هه‌ژار ئه‌نوه‌ر په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN له هه‌ولێر به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئێمه ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستی روماڵكردنی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی كۆیه هاتبوین كه پشتیوانی‌یان له خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی و ئیدانه‌كردنی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندان ده‌كرد، به‌ڵام كه گه‌ڕاینه‌وه، له بازگه‌ی دێگه‌ڵه داوای باجیان لێ كردین و نزیكه‌ی نیو سه‌عات ده‌ستی ده‌ستییان پێكردین، كه زانییان تیمه‌كه‌مان سه‌ر به KNNه رێگه‌یان نه‌دا بگه‌ڕێینه‌وه و وتیان ئێوه به‌هیچ جۆرێك نابێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێر.
وتیشی: ئێمه زۆر هه‌وڵماندا كه بگه‌ڕێینه‌وه و پێناسی باری شارستانیمان پیشانی هێزه‌كانی ناو بازگه‌ی دێگه‌ڵه دا و بۆمان سه‌لماندن كه خه‌ڵكی شاری هه‌ولێرین و به‌كاری راگه‌یاندن هاتوینه‌ته كۆیه و ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان سوربون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نابێت بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌وه بو به ناچاری هه‌تا ئێستا له شاری كۆیه ماوینه‌ته‌وه.