حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئێوه گێڕهشوێن نین، ئێوه ئێستا په‌رله‌مانی شارن و له‌بری ئێمه ده‌نگتان لێ هه‌ڵبڕیوه. ئێوه پێشمه‌رگه هوشیاره‌کانی ئه‌م رۆژگاره‌ن، به‌رگریمان لێده‌که‌ن.. من چاوی یه‌که به‌یه‌که‌تان ماچ ده‌که‌م. ئه‌وه‌ی له حه‌ڤده‌ی سێ‌دا روی دا (پله‌ی سته‌یشن) نه‌بو، تا گه‌مه‌ی منداڵان بێت. ئه‌وه لاوانی وڵاته‌که‌م بون به‌ڕاستی شه‌ڵاڵی خوێن ده‌بون. به‌ڕاستی ده‌که‌وتن و هه‌ڵده‌سانه‌وه... ئێوه ئه‌ی گه‌نجانی شاره‌که‌م هه‌مو رۆژێک مێژوی زێڕینی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیمان بیرده‌خه‌نه‌وه. ئێوه هوشیاری به ده‌سه‌ڵاتێک ده‌ده‌ن که به‌داخه‌وه پردی پێوه‌ندی نێوان خزموخوێشیشی روخاند. په‌یوه‌ندی نێوان دراوسێشی ناجۆر کرد. شار‌و ئاسمانی شاریشی ژاراوی کردوه. ژینگه‌یان له‌وتاند. نیشتمانیان تهلبهندکردو له‌سه‌ر خۆیان تاپۆیان کرد.
من ده‌پرسم: ئه‌وه بۆچی تائێستا مه‌سئولێک سه‌ردانی زامداره‌کانی خه‌سته‌خانه‌ی نه‌کردوه، تا دڵیان بداته‌وه و پێیان بڵێت: خه‌م مه‌خۆن ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌ی لێکردون ده‌درێن به‌دادگا... ئایا ئه‌و زامدارانه به که‌سی خۆیان نازانن؟ من ده‌پرسم ئه‌وه بۆچی هێزه‌کانی چوارده‌وری خۆپێشاندانه‌کان هێشتا هه‌ر چه‌کیان پێیه، له‌کاتێدا خۆپیشانده‌ران ته‌نیا وشه گومان ده‌به‌ن و ئاشتییان له‌سه‌ر زاره؟ ئاخر له‌هه‌ر سه‌عاتێکدا شیمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه، دۆخی حه‌ڤده‌ی سێ دوباره ببێته‌وه... ئه‌وه بۆچی به‌رپرسێک نایه‌ته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن به راشکاوی دوا له هێزه شهقامگرتوهکان بکات له‌کاتی خۆپیشانداندا ته‌قه نه‌که‌ن؟
بزانه چۆن له‌م چه‌رخی عه‌وله‌مه‌یه‌دا ئێمه‌یان گه‌ڕاندوه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانلی. ئه‌وه‌تا تاکی کوردیان ناچارکردوه، بۆئه‌وه‌ی خۆی له سته‌میان بپارێزێت، یان بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده ده‌ستکه‌وتێکی هه‌بێت، خۆی داوه‌ته‌وه پاڵ خێڵ و بنه‌ماڵه. ئاوایه دۆخه‌که هه‌میشه له کۆمه‌ڵی رۆژهه‌ڵاتی پاشڤه‌ڕۆدا، حیزبه‌کانیش، هه‌رچه‌ند ئیدیعای دیموکراسی و مافه‌کان بکه‌ن، له دواجاردا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ره‌گوڕیشه‌ی خێڵ.
به‌داخه‌وه زۆرێک له راگه‌یاندکاران، که له‌شکرێک به‌تاڵه‌ی داپۆشراون و له سه‌دان که‌ناڵی نوسراو و گۆکراو و بینراودا کاران، ئه‌وانیش بۆ یه‌کتری لهبۆسهدان. له‌بری ئه‌وه‌ی دۆخه‌که هێور بکه‌نه‌وه، ده‌یشێوێنن و بارگرژی ده‌نێنه‌وه. پێویسته ئه‌قڵی میلله‌تی کورد له‌بن هه‌ژمونی راگه‌یاندنی حیزب رزگاربکرێت. لێره‌دا داوا له حیزبه‌کان ده‌که‌م ده‌ست له یه‌خه‌ی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌ن. با خۆیان نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن و خۆیان پرۆژه‌کانی خۆیان دیاری بکه‌ن. با فه‌رهه‌نگ له حیزب جیابکه‌نه‌وه... با موڵکوماڵی داگیرکراوی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه... به‌داخه‌وه حیزب وه‌ک ئیسفه‌نج هه‌مو کایه‌کانی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌ڵمژیوه... هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه داهێنان چکی کردوه... کاتێکیش به‌ستێنه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر وایان لێهات، ئیتر له واتا‌و ئه‌رکی خۆیان به‌تاڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌وه بۆیه ئێستا باری ئه‌ده‌ب و ههنهریش وه‌ک پرۆژه هه‌ڕه‌مه‌کییه‌کان له قوڕدا چه‌قیوه.
ئه‌وه‌تا شار به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی گه‌وره ده‌بێت. پرۆژه‌کان هه‌ڕه‌مه‌کین. نه‌خشه‌وپلان هه‌ڕه‌مه‌کین... هه‌ڕه‌مه‌کی ئه‌م هه‌ڵده‌نێن و ئه‌و داده‌نێن... ئێمه ئه‌قڵی هه‌ڕه‌مه‌کی حوکممان ده‌کات و داهێنان چکی کردوه. ئێمه له‌م هه‌رێمه ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا کراوین به چوارملیۆن له ره‌عیه‌ت و ده‌ستوپێوه‌ند. ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌ستوپێوه‌ند نه‌بێت نانی رۆژی بۆ په‌یدانابێت. مه‌سئوله‌کان ئێمه به مهحسوبی خۆیان ده‌زانن و مافی هاوڵاتیبونمان پێ ره‌وانابینن. چونکه هاونیشتمانی وه‌ک ئه‌رکی له‌سه‌رشانه، مافیشی هه‌یه. له‌به‌رده‌م یاسادا چونیه‌ک و هاوسانن.. وه‌لێ ئه‌ی خۆپیشانده‌رانی ئازیز له‌م کوردستانه به‌ڕه‌عیه‌ت و به دهستوپێوهندکراوهدا ئێوه له کوێ و کوڕه مه‌سئول له‌کوێ؟
ده‌با دێهاته‌کان ئاوه‌دانبکرێنه‌وه... ده‌با ئه‌نفالچی و گه‌نده‌ڵکاران راده‌ستی دادگا بکرێن. هه‌لی کاری چونیه‌ک بۆ ئه‌و خه‌ڵکه و بۆ ده‌رچوانی کۆلیژ و په‌یمانگه‌کان دابین بکرێت... پێشمه‌رگه زێده ئازیزن و خه‌باتیان له‌سه‌ر سه‌رمان، به‌ڵام راستییه‌کان له‌وانیش ئازیزترن... ده‌بێ فه‌رامۆش نه‌کرێن... داوایان لێ ده‌که‌م خۆپیشانده‌ران وه‌ک چاوی خۆیان بپارێزن... داوا له خۆپیشانده‌رانی ئازیز ده‌که‌م مڵکوماڵی خه‌ڵک و ده‌زگه مه‌ده‌نی و حیزبییه‌کان بپارێزن و ئاشتییانه داواکانیان بخه‌نه‌ڕو، هێمنانه بجوڵێنه‌وه.
پێویسته ده‌سه‌ڵات ئه‌و راستییه بزانیت، که ته‌نیا هاوڵاتیی سڤیل ده‌توانێت ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بپارێزێت، هه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه بێچهکهیشه ده‌توانێت به‌هێزترین ده‌سه‌ڵات بڕوخێنێت، وه‌ک له تونس و میسر بینیمان... بۆیه گه‌ره‌که ده‌سه‌ڵات هه‌رچی زوه گوێ بۆ داوا ره‌واکانی جه‌ماوه‌ر شل بکات و له‌گه‌ڵیان کۆببێته‌وه، چونکه به‌سه‌رچونی کات نه‌له قازانجی ئه‌وانه و نه‌له قازانجی ئهزمونهکهمانه.