هەڤاڵ كوێستانی
لەوەتەی باهۆزی گۆڕان لە ژمارەیەك لە وڵاتە عەرەبییەكاندا هەڵیكردوە، رۆژ نییە لەناو هۆڵی پەرلەماندا بەیاننامەی پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتانە و ئیدانەكردنی بەكارهێنانی توندوتیژی و زەبرو زەنگ لە لایەن دەسەڵاتەكانیانەوە دەرنەچێت، هەڵبەتە ئێمەش وەك لیستی گۆڕان بۆ هەر یەك لەو روداوانە، بەیاننامەی هاوشێوەمان هەبوە.
كە خۆپیشاندانەكانی ناو شاری سلێمانی دەستیانپێكرد، ئێمە پێمانوابو كە دەبێت ئەم بابەتە جێی بایەخ و گفتوگۆی زیاتر بێت بۆ پەرلەمانتارانی عێراق بە گشتی و بۆ پەرلەمانتارانی كوردیش بە تایبەتی.
ئێمە كە داخوازینامەمان بە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشكەش كرد، وێڕای ئەوەی سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆك رەزامەندی خۆیان لەسەر داخوازینامەكە دەربڕی بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێكی گفتوگۆی دانیشتنی رۆژی 21/2/2011، بەو مەبەستەی پەرلەمان هەڵوێستێك لەسەر ئەو روداوە خوێناوییە وەربگرێت و پشتیوانی خۆی لە خۆپیشاندەران و ناڕەزایشی لە بەكارهێنانی توندوتیژی و خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتی كوردییەوە دەرببڕێت، كەچی بەداخەوە، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان كە لەسەر حسابی كورد لەوێ دانراوە و پەرلەمانتاری پارتیشە، رەزامەندی خۆی لەسەر داخوازییەكە دەرنهبڕی... ئەوە لەكاتێكدا كە هەر دو هەفتە بەر لەوە كە پەرلەمانتارێكی ناو لیستی (العراقیە) بەیاننامەیەكی توندی دژی مادەی (140) خوێندەوە و مادەكەی بە مادەیەكی مردو كۆتاییهات و وەسف كرد، ئەو رەزامەندیی لەسەر خوێندنەوەی ئەو بەیاننامەیە نیشاندابو...
ئەمە ئێمەی ناچاركرد، لە رێی ئیمزاكۆكردنەوەی پەرلەمانتارانەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناچاربكەین، ئەو بابەتە بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگ لەسەردان، داخوازینامەكەی ئێمە كە ئیمزای (87)پەرلەمانتاری لەسەر بو، خرایە دەنگەوە، دەنگدراو ئەنجامەكەش وەرچەرخانێكی لە مێژوی دەنگدانی ناو پەرلەمان تۆماركرد...
(220) ئەندام پەرلەمان لە كۆی (250) ئەندامی ئامادەی دانیشتنی ئەو رۆژەی پەرلەمان، دەنگیان بە داخوازینامەكەی ئێمە دا.
پێش ئەو دەنگانە، زۆر كەس هەبون كە پێیانوابو، پێكهاتەی سیاسی لەنێوان كوتلە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقدا دەرفەتێك بۆ لایەنێكی تر، یان دەنگێكی جیاوازی تر ناهێڵێتەوە كە بتوانێت ئەو هاوكێشەیە هەڵگێڕێتەوە، بەتایبەتیش كە پەرلەمان لەم خولەی ئێستاشیدا، چۆن خولەكانی پێشو بە دابەشكردنی هەرسێ پۆستە سەرۆكایەتییەكە و جێگرەكانیان دەستیپێكرد، باوەڕی ئەوانەی قوڵتركردبوەوە كە رایان وابو، هەمو ئەو مەسەلانەی لەناو پەرلەماندا دەنگیان لەسەر دەدرێت، پێشتر لەناو كوتلە پێكهاتوەكاندا بڕیاری پێشوەختی لەسەر دراوەو هەر بۆ شەرعییەتپێدان دێتە پەرلەمان و دەنگی پێدەدرێت.
ئەم وەرچەرخانە، ئەو تێڕوانینەی هەڵگێڕایەوە، ئەوەش وا دەكات كە هەمو جارێك ئەنجامی دەنگدانی ناو پەرلەمان، بۆ هیچ لایەك مسۆگەر نەبێت، هەبونی رەوت و دەستەی جیاجیایە لەناو هەریەك لە شتە گەورەكاندا، هەروا هەبونی زۆرێكە لەو پەرلەمانتارانەی كە ویژدان و ئیرادە و ئازادی بڕیاردانی خۆیان لەسەروی بەرژەوەندیی حیزبی و تایەفی و ئەتیكی و لەسەروی رێنوێنی سەرۆك لیستەكانیانەوە دەبینن، هەر ئەوەشە كە ئومێدێك دەدا بەوەی كە دەشێت دیموكراسی لەم وڵاتەی ئێمەشدا پاشەڕۆژی هەبێت.