راپۆرت: فه‌لاح حه‌سه‌ن
پاش تێپه‌ڕبونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنیان، تائێستا كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنكراوانی شه‌ڕی ناوخۆ له چاره‌نوسی ده‌ستگیرکراوه‌کان ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین جار خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه و یاداشتیان ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كردوه، به‌ڵام وه‌ڵامێكی رون و ئاشكرایان ده‌ست نه‌كه‌وتوه.
له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا شه‌ڕ و پێكدادانی چه‌كداری له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا رویدا و به‌وهۆیه‌وه چه‌ندین كه‌س بێسه‌روشوێنكراون، كه تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره و كه‌سوكاره‌كانیشیان ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه و نازانن كه ئاخۆ ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه له ژیاندا ماون یان نا.
ئهنفالێكی تر
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین ساڵه شه‌ڕی ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هاتوه و له ئێستادا پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوانیاندا هه‌یه و چه‌ندین جار سه‌ركردایه‌تی هه‌ردو حیزب داوای لێبوردنیان كردوه، به‌ڵام داوای لێبوردن كۆتایی به پرسكه ناهێنێت و دڵنیانهبونی كه‌سوكاری بێسهروشوێنبوهكان چه‌ندین كاریگه‌ری یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی لێ به‌جێ ماوه و په‌رله‌مانتارێكیش پێیوایه مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه به نادیاری درێژه‌پێده‌ری ئهنفاڵكی تره.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ی مافی مرۆڤ چه‌ندین جار كه‌سوكاری ئه‌و بێسه‌ر و شوێنانه‌یان بینیوه و داوایان لێكراوه، كه دڵنیایان بكه‌نه‌وه له چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان، هه‌روه‌ها له خولی دوه‌می په‌رله‌مان كه‌سوكاری بێسهرو شوێنان خۆپیشاندانیان كردوه بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان و یاداشتێكیشیان لێوه‌رگیراوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه.
وتیشی: له ماوه‌ی رابردودا له‌گه‌ڵ دواكاری گشتی دانیشتوین و داوامانكردوه كه كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بكرێت، به‌ڵام داواكاری گشتی له رێگه‌ی نوسراوێكهوه وه‌ڵامیان داوینه‌ته‌وه كه له توانایاندا نیه كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه بكه‌ن، چونكه ئه‌مه كێشه‌یه‌كی سیاسییه، ئێمه پێمانوایه ئه‌مه درێژه پێده‌ری ئهنفالێكی تره، به‌ڵام به‌ده‌ستی كورد خۆی، ئه‌م كه‌یسه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكه بۆ ئێستا و ئایندهی دیموكراسی هه‌رێمی کوردستان و دژی هه‌مو پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤه.
حكومه‌ت و په‌رله‌مان كه‌مته‌رخه‌من
له‌ماوه‌ی رابردودا هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مانی كوردستان (گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو) یاداشتیان ئاڕاسته‌ی سهرۆكایهی په‌رله‌مانی كوردستان كردوه به‌مه‌به‌ستی رونكردنه‌وه و ئاشكراكردنی بێسه‌روشوێنكراوانی شه‌ڕی ناوخۆ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان دانی به‌وه‌دا ناوه، كه كاتی ئه‌وه هاتوه له‌رێی یاساوه چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنكراوانی شه‌ڕی ناوخۆ ئاشكرا بكرێت به‌وپێیه‌ی په‌رله‌مان مه‌رجه‌عی یاسایی و سیاسی خه‌ڵكی كوردستانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌م هه‌وڵانه‌دا تاوه‌كو ئێستا هیچ هه‌نگاوێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌نراوه، هاوكات ئه‌ندامێكی دیكه‌ی په‌رله‌مان پێیوایه سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان رۆڵی خۆی نه‌بینیوه و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان خۆیان به‌دورده‌گرن له ئاشكراكردنی چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنكراوان.
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان به (سبه‌ی) راگه‌یاند: که‌یسی بێسه‌روشوێنه‌کان له لیژنه‌ی مافی مرۆڤدا یه‌کێکه له‌که‌یسه زیندوه‌کان و به‌رده‌وام کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین، به‌ڵام کاره‌که به دو شێوازه، شیوازێکیان ئاگادارکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه وه‌ک مه‌رجه‌ع و داوامانکردوه ئه‌م که‌یسه له رێگه‌ی یاساوه یه‌کلابکرێته‌وه، شێوازی دوه‌میش ئه‌وه‌یه که دواتر خۆمان وه‌ک په‌رله‌مانتار به تایبه‌ت په‌رله‌مانتاره‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ناو لیژنه‌ی مافی مرۆڤ کارمان له سه‌ر کردوه، له‌ڕێگه‌ی که‌مپینێکی فراوان به به‌شداری که‌سانی یاساناس و چالاکوانانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، تابتوانین پێکه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه کار بکه‌ین.
وتیشی: ئاشکرایه سیسته‌می سیاسی له کوردستاندا ئه‌کتیڤ نیه، تا هه‌ر ده‌زگایه‌ک به جیا رۆڵی خۆی ببینێت، چونکه ده‌بوایه په‌رله‌مان وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی یاسایی فشار دروست بکات له‌سه‌ر حکومه‌ت، تا دواجار حکومه‌ت له رێگه‌ی خۆیه‌وه هه‌وڵی بدایه ئه‌م که‌یسه به‌شێوه‌یه‌ک بناسێنرایه، که کۆمه‌ڵێک که‌سوکاری بێسه‌روشوێنه‌کان هه‌ن و چاوه‌ڕێی ئاشکراکردنی چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنه‌کانیانن، به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌و رۆڵه‌ی خۆی نه‌بینیوه، چونکه دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و حکومه‌ت باڵاده‌سته، ئه‌وانه‌شی خه‌ڵکیان بێ سهروشوێنکردوه هه‌ر ئه‌و دو حیزبه‌ن، بۆیه ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌وه به دوربگرن که چاره‌نوسی ئه‌وانه ده‌رخه‌ن.
كوشتنی بێسه‌روشوێنان تاوانه
كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنكراون له‌كاتی سۆراخكردنی رۆڵه‌كانیاندا وه‌ڵامی جیاجیایان له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه وه‌رگرتوه و هه‌ندێكیان پێیان وتراوه، كه كه‌سوكاره‌كانتان كوژراون و بچن موچه‌ی شه‌هیدانه‌یان بۆ وه‌ربگرن، هه‌ندێكی تریشیان پێیان وتراوه كه له زینداندا ماون به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتریان پێ بوترێت، له به‌رامبه‌ردا هه‌ندێكی تریان هیچ وه‌ڵامێكیان وه‌رنه‌گرتوه، په‌رله‌مانتارێكیش پێیوایه كوشتنی بێسه‌روشوێنكراوان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا تاوانه.
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی کوشتنی بێ سهروشوێنكراوهکان بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا به تاوان ده‌زانێت، راشیگه‌یاندوه: ده‌بینین لێدوانی سه‌رکرده‌کانی ئه‌و دو حیزبه باس له‌نه‌مانی ئه‌و بێ سهروشوێنانه ده‌کات، که ئه‌و جۆره لێدوانانه دو ره‌هه‌ند له خۆ ده‌گرێت، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ دادگایی‌کردنیان ئه‌و که‌سانه‌یان کوشتوه که ئه‌مه تاوانه، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه له شه‌ڕیشدا ده‌ستگیرکرابن، به‌پێی ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ی که نابێت دیلی جه‌نگ بکوژرێت، کوشتنیان هه‌ر تاوانه، بۆیه له‌م دو لایه‌نه‌وه ده‌بێت ئه‌و جۆره لێدوانانه ئیدانه بکرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌پێی هه‌ندێ لێدوانی به‌رپرسان، بێسهروشوێنكراوهكان نه‌ماون، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ته‌رمی هیچ یه‌كێك له‌وانه ته‌سلیم به كه‌سوكاره‌كه‌ی نه‌كراوه‌ته‌وه و كه‌سوكاری ئه‌و بێسهروشوێنكراوانهش ئیدانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
کورده عومه‌ر، نوێنه‌ری که‌سوکاری بێسه‌روشوێنکراوانی شه‌ڕی ناوخۆ به (سبه‌ی) راگه‌یاند: تائێستا له هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وامین بۆ به‌دواداچونی که‌یسی بێسه‌روشوێنکراوانی شه‌ڕی ناوخۆ و ئاشکراکردنی چاره‌نوسی که‌سوکاره‌کانمان، که له شه‌ڕی ناوخۆدا بێسه‌روشوێن کراون و داواکاریشمان پێشکه‌شی په‌رله‌مان کردوه، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوه.
ئه‌وه‌شی وت: پارتی و یه‌کێتی له دوایین کۆبونه‌وه‌ی خۆیاندا له‌وباره‌یه‌وه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی به ئێمه بڵێن، بڕیاریانداوه که‌سوکاره‌کانی ئێمه به شه‌هید له قه‌ڵه‌م بده‌ن، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه قبوڵناکه‌ین و ئه‌و بڕیاره ره‌تده‌که‌ینه‌وه و به کارێکی نامرۆڤانه‌ی ده‌زانین، چونکه ده‌بێت تاوانباران بدرێنه دادگا و یاسا سه‌روه‌ر بێت.
له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و نوێنه‌ره‌ی که‌سوکاری بێسه‌روشوێنکراوانی شه‌ڕی ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و پارتی به تاوانبار ده‌زانین، کاتێکیش ئه‌وان پێمان ده‌ڵێن که‌سوکارمان شه‌هید کراوه، ده‌بێت بۆمان رونبێته‌وه تا بزانین به بڕیاری کێ شه‌هیدکراون و ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه بکرێت له‌وباره‌یه‌وه.
هه‌رچه‌نده تاوه‌كو ئێستا ئامارێكی رون له‌به‌رده‌ستدا نیه له‌باره‌ی ژماره‌ی بێسه‌روشوێنكراوانی شه‌ڕی ناوخۆ، به‌ڵام زۆرێك له كه‌سوكاری ئه‌وانه بێ‌ئومێد بون له گه‌ڕانه‌وه‌یان و هه‌ندێكی تریشیان تاوه‌كو ئێستا به ئاواته‌وه‌ن رۆژێك له رۆژان كه‌سوكاره‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا مانه‌وه‌ی چاره‌نوسی بێسه‌روشوێنكراوانی شه‌ڕی ناوخۆ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر كه‌سوكاره‌كانیان دروستكردوه به‌وه‌ی كه چه‌ند ساڵه له نیگه‌رانی و چاوه‌ڕوانیدان، ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و ده‌رونییان بۆ دروست بكات.