راپۆرت: ده‌شتی سالار
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه کێشه و ناکۆکییه‌کانی نێوان حکومه‌تی ناوه‌ندی و حکومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه، تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراون، له‌گرنگترین ئه‌و کێشانه‌ش، ماده‌ی 140 و پێشمه‌رگه و نه‌وت و غازه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، تائێستا سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی که زۆرینه‌ی کورد پێکده‌هێنن له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چه‌ندین پۆستی باڵایان له به‌غدا هه‌یه، هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆیان له‌باره‌ی ئه‌و کێشانه و چاره‌سه‌رکردنیان نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام کاتێک یاسای نه‌وت و غاز له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نگی له‌سه‌ردرا، یه‌کێتی و پارتی پێچه‌وانه‌ی وه‌ستانه‌وه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، نوری مالیکی به تاكڕه‌وی له بڕیاردان تۆمه‌تبار کرد.
نه‌وت و غاز و ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌کان
پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز له ساڵی 2007دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندكرا، به‌ڵام روبه‌ڕوی چه‌ندین ره‌خنه و تێبینی بوه‌وه به تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ناكۆكیانه‌ی كه هه‌بون له‌باره‌ی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت و كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ندێك كێڵگه له هه‌ندێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ربۆیه ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمدا هه‌یه، پێشتر‌و له‌چه‌ند ساڵی رابردوشدا هه‌ر هه‌بوه، به‌ڵام له‌دوای ده‌رچونی یاسای نه‌وت و غازه‌وه، زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه و ده‌کرێ به ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌کان ناو ببرێت.
له‌باره‌ی ئه‌و یاسایه‌وه، د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: له‌سه‌ره‌تادا دو یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بو، یه‌که‌میان پێشنیارێک بو له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاره‌وه پێشکه‌شکرابو، له‌په‌رله‌مانیش خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ کرا و گه‌یشتینه ماده‌ی 26، به‌ڵام دواتر هاوپه‌یمانی نیشتیمانی داوایانکرد خوێندنه‌وه‌که رابگیرێت، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان زانیاریی ته‌واویان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه نیه، ئه‌وه‌بو دواخرا بۆ دوای جه‌ژن.
ده‌رباره‌ی یاسای دوه‌میشیان، وتی: له‌ماوه‌کانی رابردودا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی پرۆژه‌یه‌کیان ئاماده‌كرد و پێشکه‌شی لیژنه‌ی وزه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیان کرد، که سه‌رۆکه‌که‌ی حسێن شههرستانییه، ئه‌وه‌بو دوای لێكۆڵینه‌وه، رۆژی 25/8 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پرۆژه‌که‌یان به ده‌نگی زۆرینه‌ی وه‌زیره‌کان په‌سه‌ندکرد، له‌وکاته‌شدا ته‌نها دو وه‌زیری کورد ئاماده بو، پاشان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان کرا.
باسیله‌وه‌شکرد، ئێستا هه‌ردو یاساکه له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌دایه، بۆ ئه‌وه‌ی لێی بكۆڵینه‌وه‌و راپۆرتی خۆمانی له‌سه‌ر بنوسین، یاسایه‌كیان له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه (واته وه‌ک پێشنیار) هاتوه، یاسایهكیشیان له حكومه‌ته‌وه هاتوه، که ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه و ئه‌وه پێیده‌وترێت (پڕۆژه یاسا)، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و یاسایه‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه هاتوه، زیاتر ده‌سه‌ڵاته‌کانی داوه به‌حکومه‌تی ناوه‌ندی نه‌وه‌ک هه‌رێمه‌کان.
د.بایه‌زید، ته‌ئکیدی کرده‌وه، هه‌ر یاسایه‌ك كه له عێراقدا ده‌ربچێت، ده‌بێت به‌پێی ده‌ستور بێت و نابێ له ده‌ستور لابدات، چونكه ماده‌ی 13ی ده‌ستوری عێراقی ده‌ڵێت، هه‌ر یاسایه‌ك ده‌رچێت ئه‌گه‌ر بێت‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور یان له‌گه‌ڵ ده‌ستور ناكۆك بێت، ئه‌و یاسایه كاری پێناكرێت، ناوبراو بهدوریشیزانی یاسایه‌ک به‌بێ ته‌وافوقی سیاسی نێوان کوتله‌کان له‌په‌رله‌مان ده‌ربچێت.
هاوکات به‌بڕوای ره‌ئوف عوسمان، ئه‌ندامی کورد له‌خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌بو حكومه‌تی هه‌رێم پێشتر بكه‌وتایه خۆی و هه‌نگاوی بنایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌شی وت: جێگه‌ی سه‌رنجه كه بۆچی له‌دوای ده‌رچونی یاسای نه‌وت و غاز سه‌ركردایه‌تی كورد هه‌ڵوێستی وه‌رگرت، له كاتێكدا ماده‌ی 140 زۆر له‌و یاسایه گرنگتره و جێبه‌جێش نه‌كراوه.
بارزانی هه‌ڕه‌شه ده‌کات
رۆژی 6/9 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانی كۆنفرانسی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه حکومه‌ته‌که‌ی نوری مالیکی به‌وه تۆمه‌تبار کرد، که به‌چاوێكی كه‌م ده‌ڕوانێته رێكه‌وتننامه سیاسیهكانو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، خەریكە رەوشی عێراق بەرەو تاكڕەوی دەڕوات.
بارزانی له‌و کۆنفرانسه‌دا وتی: وێڕای رێککه‌وتنه‌کان و دوای ئەوەی حكومەتی بەغدا پێكهات، هەروەكو ئەوەی ئەو رێككەوتنانە نەبن، خەریكە دیسان وەزعەكە بەرەو تاكڕەوی لە حوكمڕانی دەچێت، ئەمجارە بە جددیە، دەبی تێبگەین لە بەغدا كە ئایا پابەندی دەستوری عێراق دەبن و رێككەوتنەكانی كە كردومانە جێبەجێ دەیكەن یان نایكەن.
هه‌روه‌ها به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌کان، بارزانی له‌کۆبونه‌وه‌ی رۆژی 14/9دا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کورد له‌به‌غدا، وێڕای باسکردن له‌ده‌سه‌ڵاتی تاكلایه‌نه‌ی مالیكی‌و جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كان، هه‌روه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی کردوه، تا ئاستی کشانه‌وه له حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌فته‌ی رابردو رۆژ نوری شاوه‌یس، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق په‌یامێکی مه‌سعود بارزانی ئاراسته‌ی نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کرد، له‌باره‌ی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌وته‌ی رۆژ نوری شاوه‌یس؛ ئەو پەیامە بریتییه لە رێككەوتننامەكەمان كە مالیكی ئیمزای لەسەر كردوە، پێی دەڵێین ئامادەی بۆ جێبەجێكردنی یاخود نا، بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمان بزانین.
له‌هه‌مانکاتدا، عادل به‌رواری، یه‌کێک لهراوێژکارهکانی نوری مالیکی که سه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستانه، رایگه‌یاندبو، ئه‌گه‌ر ره‌شنوسی یاسای نهوتو غاز به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێندرێت، كه حكومه‌ت پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردوه، بایكۆتی دانیشتنه‌كانی حكومهتو په‌رله‌مان ده‌كه‌ین.
هاوکات ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ئێستای مه‌سعود بارزانی له‌کاتێکدایه، که له‌رێکه‌وتی 12/11/2010 و رۆژێک دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری عێراق و سه‌رۆکی په‌رله‌مان و جێگره‌کانیان، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دوای گەڕانەوەی لەبەغدا، به‌گرنگییه‌وه باسی له‌و ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه کرد که بۆ رێککه‌وتنی لایه‌نه‌کان خستیه‌ڕو و به‌هۆیه‌وه پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق پێکهات، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌شی وت، ئێمە وایدەبینین كە ئەمە سەركەوتنێكی گەورە بو بۆ گەلی كورد، ئەم سەركەوتنەش بەیەكڕیزی خۆمان بەدەست هات.
بارزانی له‌باره‌ی داواکارییه‌کانی کورده‌وه، له‌و کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا ئاماژه‌ی به دڵنیابون له‌جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کان کرد‌و رایگه‌یاند: بێگومان ئەو خاڵانەی كە پەیوەندیان بە داواكارییەكانی ئێمەوە هەیە، خۆشبەختانە هەمو لایەنەكان رەزامەندی خۆیان دەربڕیوەو پێش پێكهێنانی حكومەت دەبێت "تەوسیق بكرێت" و ببێتە بەشێك لە پرۆگرامی حكومەت.
هه‌روه‌ها دوای تێپه‌ڕبونی نزیکه‌ی 10 مانگ به‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌دا و به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارانی کوردیش، خاڵێکی ئه‌وتۆ له‌و داواکارییانه جێبه‌جێنه‌کراوه، له‌مباره‌یه‌وه ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌ی خستبوه‌ڕو: ئه‌و 19 خاڵه مالیكی ئیمزای كردوه، به‌ڵام خاڵێكی ئه‌وتۆی لێ جێبه‌جێنه‌كراوه.
به‌بۆچونی سامان فه‌وزی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی کوردستانی له په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا گونجاوه بۆ فشارخستنه‌سه‌ر مالیکی، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: مالیکی به ئیمزاکردن رازیبو به جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کانی کورد، بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵانه‌ش ماوه دیاریکراوه، کاتێکیش ماوه‌کان تێده‌په‌ڕن، کاتی خۆیه‌تی فشار دروستبکرێت بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵانه.
ئه‌سڵی کێشه‌کان چییه؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رپرسه باڵاکانی یه‌کێتی و پارتی له‌باره‌ی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه، به‌رده‌وام ته‌ئکید له‌سه‌ر ماده‌ی 140 ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام چاودێران و به‌شێکی په‌رله‌مانتارانی کورد پێیانوایه، کهئهسڵی کێشه‌که یاسای نه‌وت و غازه، هه‌روه‌ک باس له‌نزیکبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی کوردستانی لیستی عێراقییه‌ش ده‌کرێت.
له‌لای خۆیه‌وه بایه‌زید حه‌سه‌ن، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: جگله‌وه‌ی چه‌ندین کێشه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌چاره‌سه‌رنه‌کراوی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام کێشه‌کان به‌هۆی یاسای نه‌وت و غازه‌وه ته‌قینه‌وه، چونکه ئه‌وه یاسایه‌کی گرنگه و وا ده‌کات شه‌فافیه‌ت له که‌رتی نه‌وتی عێراقدا هه‌بێت، به‌و هۆیه‌وه شه‌فافیه‌ت کوردستانیش ده‌گرێته‌وه، به‌وپێیه‌ی ئێستا شه‌فافیه‌ت له که‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستاندا نیه.
هه‌روه‌ک میدیا عێراقییه‌کان له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌و دو لایه‌نه ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کردوه، له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاسای نه‌وت و غازی په‌سه‌ندکرد و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی کرد، نزیکبونه‌وه‌ی به‌رچاو له‌نێوان هاوپه‌یمانی کوردستانی و عێراقییه ده‌بینرێت، به‌جۆرێک که گه‌یشتونه‌ته رێککه‌وتنێک بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ، به ئامانجی شكستپێهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی، ئه‌مه‌ش له‌وکاته‌دا که هه‌ردو كوتله‌كه له حكومهتو په‌رله‌مان ده‌كشێنه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا، په‌رله‌مانتاره‌که‌ی گۆڕان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی به ئه‌گه‌رێکی لاواز داده‌نێت، رونیشیکردهوه: هه‌رچه‌نده به هۆی یاسای نه‌وت و غازه‌وه لایه‌نی هاوپه‌یمانی کوردستانی و لیستی عێراقیه، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا لێک نزیکبونه‌وه، به‌ڵام لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی ئه‌گه‌رێکی به‌هێز نیه، چونکه لیستی عێراقیه له چه‌ند کوتله‌یه‌کی بچوک پێکهاتوه و ره‌نگه کوتله‌کانی تر له‌گه‌ڵ بڕیاری عێراقیه‌دا نه‌بن، گومانیش ده‌کرێت چه‌ند کوتله‌یه‌کی عێراقیه له ژێره‌وه له‌گه‌ڵ مالیکیدا رێکهوتبن.
هه‌روه‌ها به‌بۆچونی ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌ک مامۆستایه‌کی زانکۆ، به‌شێکی ئه‌و کێشانه‌ی له‌ئێستادا هه‌یه، له‌ڕوی هه‌رێمایه‌تیه‌وه په‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانکاریانه‌وه هه‌یه که له سوریادا روده‌ده‌ن، چونکه به هاتنی حکومه‌تێکی نوێی سونه له سوریادا، سونه‌کانی عێراقیش به‌هێز ده‌بنه‌وه، له ئێستاشدا هاوپه‌یمانی نێوان سونه‌ی عێراق و کوتله‌ی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به هێزتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ترسێکی لای شیعه دروستکردوه که به‌غدا ببێته ناوچه‌ی به‌ریه‌ککه‌وتنی سونه و شیعه.
ئه‌و مامۆستایه بۆ (سبه‌ی) رونیکرده‌وه: ماده‌ی 140 له‌بیری که‌سدا نه‌ماوه و شیعه‌ش ئه‌و ماده‌یه‌ی نه‌کردوه به خه‌می خۆی، بۆیه هه‌مو لایه‌نه‌کان گه‌شتون به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌و ماده‌یه به‌م دۆخه‌ی ئێستاوه جێبه‌جێناکرێت، به‌ڵام هه‌ر کاتێک لایه‌نی کوردی شکست ده‌هێنێت له بردنه پێشه‌وه‌ی داوایه‌کی خۆی له‌به‌غدا، ماده‌ی 140 ده‌وروژێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به شه‌قامی کوردی بهێنێت که مه‌سه‌له‌که ماده‌ی 140ه.
ده‌رباز محه‌مه‌د بۆ ئه‌م بۆچونه‌ی نمونه‌ی به‌وه هێنایه‌وه، که حکومه‌ت، یاسای نه‌وت و غازی پێشنیاری کردوه بۆ په‌رله‌مان، له کاتێکدا زۆرینه‌ی په‌رله‌مان به ده‌ست عه‌لاوی و کورده‌وه‌یه، لایه‌نی کوردی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ عه‌لاویدا ئه‌و به‌ندانه هه‌موار بکاته‌وه که به دڵیان نیه، چونکه ئه‌مه یاسایه‌کی پێشنیارکراوه نه‌ک ده‌رکراو، که‌واته هۆکاری سه‌ره‌کی ناکۆکییه‌کان ئه‌و ماده‌یه‌ش نیه.
تاڵه‌بانی و بارزانی، دو بۆچونی جیاواز
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، جیاوازی به هه‌ڵوێسته‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی له‌وباره‌یه‌وه دیاربو، له‌کاتێکدا بارزانی هه‌ڕه‌شه به‌لێدوان و هه‌ڵوێسته‌کانییه‌وه دیاربو، به‌ڵام ئه‌م جۆره لێدوان و هه‌ڵوێستانه له تاڵه‌بانی نه‌ده‌بینرا.
سایتی ده‌نگه‌کانی عێراق، له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه ئه‌وه‌ی ئاشکراکرد، تاڵه‌بانی له گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم نیگه‌رانه، هه‌روه‌ک به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه؛ تاڵه‌بانی هیچ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌داوه، چونكه له‌و ره‌وشه‌ی ئێستای نێوان به‌غداو هه‌ولێر نیگه‌رانه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، له‌كاتێكدا بارزانی هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه له‌حكومه‌ت ده‌كات، له‌به‌غدا جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانێتیه دێرینه‌كان ده‌كات.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رۆژی 13/9 جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌به‌غدا، له‌گه‌ڵ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوه‌ته‌وه و تێیدا هه‌ردولا گفتوگۆیان كردوه له‌سه‌ر گۆڕانكاریه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق، ئاماژه به‌وه‌شدراوه، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاڵه‌بانی و مالیكی قسه‌وباسیان كردوه سه‌باره‌ت به به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانێتی دێرینی نێوان هاوپه‌یمانه‌كان و به‌رفراوانكردنی ئاسۆكانی.
هه‌روه‌ک سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌یاننامه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ردو لایه‌ن (تاڵه‌بانی و مالیكی) له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بون كه وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ نوری مالیكی.
که‌مته‌رخه‌می سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی
هه‌رچه‌نده له‌پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ، سه‌نگی كورد له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (21%)ه‌وه بۆ (16.5%)و له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیشدا (21%)ه‌وه بۆ (17%) که‌مبونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینیوه، له‌هه‌مانکاتدا چاودێران و په‌رله‌مانتارانی کوردیش هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی و به‌تایبه‌ت سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی که‌مته‌رخه‌م بون له‌ئاست چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌تیش له‌باره‌ی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140ه‌وه.
مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندامی کورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌خنه له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌گرێت له‌ئاست کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: له‌به‌رنامه 19 خاڵییه‌كه‌ی کوردا باسی کێشه دابڕاوه‌کانیش نه‌کراوه.
هاوکات ره‌ئوف عوسمان، ده‌ڵێت: تائێستا خه‌مساردی زۆر هه‌بوه له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورد له به‌غدا، به‌ڵام ئێستاش سه‌ركرده‌كان له‌سه‌رۆك كۆمار‌و به‌رپرسه‌کانی تر، ده‌توانن هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و ماوه‌یه‌ك له‌پۆسته‌كانیان بكشێنه‌وه، به‌ڵام نه‌ك ته‌نها بۆ یاسای نه‌وت و غاز، به‌ڵكو بۆ ماده‌ی 140و بابه‌ته‌كانی تریش.
له‌لای خۆشیه‌وه د.سامان فه‌وزی، بۆ (سبه‌ی) رونیکرده‌وه، له کاتی پێکهێنانی حکومه‌تدا، که زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان رازی نه‌ده‌بون به سه‌رۆکایه‌تی مالیکی، ته‌نها کورد کێشه‌ی نه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆک وه‌زیران، به‌ڵام نه‌یتوانی داواکارییه‌کانی کورد جێبه‌جێ بکات.
هه‌روه‌ها د.بایه‌زید ره‌خنه‌ی له‌که‌مته‌رخه‌می سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و پارتی گرت له‌به‌غدا و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، سه‌رۆکی هه‌رێمیش له کۆبونه‌وه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دیندا دانی به‌وه‌دانا، که که‌مته‌رخه‌مبون له داواکردنی مافه‌کانی کوردا.
به‌بڕوای له‌تیف شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ته‌نها مه‌به‌ستیان موزایه‌ده‌ی سیاسی و رازیكردنی لایه‌نی كوردی بوه كه باسی ماده‌ی 140یان كردوه، بۆ نمونه مالیكی وێڕای به‌ڵێنه‌كانی، له كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا كه ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كردوه، باسی ماده‌ی 140ی تێدا نیه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌هه‌مان شێوه له هه‌رێمی كوردستان موزایه‌ده‌یان به‌م ماده‌یه‌وه كردوه.
19خاڵه‌که‌ی کورد
له‌پاش هه‌ڵبژاردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لایه‌نه کوردییه‌کان له‌رۆژی 9/5/2010 به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌ری هه‌ر چوار لیسته براوه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان (لیستی هاوپه‌یمانی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو) و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئیئتیلافێکیان به‌ناوی ئیئتیلافی فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان پێکهێنا، که دواتر فراکسیۆنی گۆڕان له 29/10ی هه‌مان ساڵدا کشانه‌وه‌ی خۆی له‌و ئیئتیلافه راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك گوتاری كورد بو له‌به‌غدا، وێڕای ئه‌وه‌ی بڕیاریشدرا په‌رله‌مانی کوردستان ببێته مه‌رجه‌ع، هاوکات دو قۆناغ دیاریكرا بۆ ئیشوكاره‌كانیان.
قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغی دانوستان و پێكهێنانی حكومه‌ت بو، ئه‌وه‌ش کۆتایی هات، قۆناغی دوه‌میش به‌رده‌وامی دانیشتنه‌کان و ئه‌و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازانه بو، كه په‌یوه‌ندی به گه‌لی كورده‌وه هه‌یه، وه‌ک ماده‌ی 140 و پێشمه‌رگه و نه‌وت و غاز و ناوچه دابڕاوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكرێ و له‌ناو په‌رله‌ماندا بكرێته پڕۆژه یاسا و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدرێت.
له‌گه‌ڵ پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق و خستنه‌ڕوی 19خاڵ له‌لایه‌ن کورده‌وه به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی، به‌ڵام تائێستا خاڵێکی ئه‌وتۆ له داواکارییه‌کانی کورد جێبه‌جێنه‌کراوه.
به‌وته‌ی مه‌حمود عوسمان، لایه‌نی كورد دوای رێوشوێنه‌کانی جێبه‌جێکردنی 19 خاڵهكه نهكهوتوهو مالیكیش جێبه‌جێی ناكات، ئه‌و په‌رله‌مانتاره رایگه‌یاند: نوری مالیكی ئاماده‌یه ئه‌و 19 خاڵه، كه لایه‌نی كوردی وه‌ك مه‌رج ئاراسته‌یان كرد، جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی و كه‌مته‌رخه‌می و بێده‌نگی لایه‌نی كوردی، مالیكی باس له‌و خاڵانه ناكات و جێبه‌جێی ناكات، لایه‌نی كوردیش دوای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ناكه‌ون.
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کردوه، لایه‌نی کوردی له به‌غدا لاوازن و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیاندا نییه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان پارله‌مانتاران و وه‌زیرانی کورد، رونیشیکردهوه، تائێستا نه بهرپرسهكوردهكان له‌به‌غدا و نهحكومهتی هه‌رێم، له‌هیچ دانیشتنێکدا 19خاڵه‌كه‌یان تاوتوێ نه‌کردوه، بۆیه پێویسته كورد پلانێكی هه‌بێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، به‌گشتی یه‌ك دهنگو یه‌ك هه‌ڵوێست بن.
به‌بڕوای شێخ فاتیح داراغایی، ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له ماوه‌کانی پێشودا نوێنه‌رانی کورد له به‌غدا که‌مته‌رخه‌مبون له هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و ماده‌یه، وتیشی: بێ ئاگاییه‌ک هه‌یه له‌نێوان فراکسیۆنه کوردییه‌کاندا، بۆ ئه‌وه‌ی له پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا هاوهه‌ڵوێست بین، چونکه لایه‌نی کوردی له کاتی 19 خاڵه‌که‌دا سه‌قفی زه‌مه‌نی دانابو بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140، به‌ڵام وا له‌و واده‌یه نزیک ده‌بینه‌وه و تا ئێستا ته‌نها لیژنه کاتییه‌که‌ی ئه‌و ماده‌یه پێکهێنراوه و یه‌ک دانیشتنی ئه‌نجامداوه.
له‌هه‌مانکاتدا مه‌حمود عوسمان، بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کردوه، هه‌ندێک ماده هه‌یه تائێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه و کوردیش به دوایدا نه‌چوه، که ئه‌وه که‌مته‌رخه‌می کورد پیشانده‌دات، ده‌بێت کورد به جدی کێشه‌کانی ماده‌ی 140 و نه‌وت و پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌کلایی بکاته‌وه.
هه‌روه‌ک به‌پێی نوێترین لێدوانی نه‌رمین عوسمان، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، ماده‌ی 140 له‌و ماوه‌یه‌ی ئێستا ماوه، جێبه‌جێ نابێت.