باو رێگا:
میلله‌ته‌كان خه‌بات و قوربانییان داوه بۆ خزمه‌تی مرۆڤ و به‌ها رۆحی و نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئازادیی و سه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك و حوكمی یاسا و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئامانجه پیرۆزه‌كانی ئه‌و به‌رنامه و كارانه‌ن.
میلله‌تانی ژێرده‌ست له سه‌ره‌تادا خه‌بات و كاریانكردووه بۆ رزگاربوون له ته‌وقی زوڵم و داگیركردن و چه‌وساندنه‌وه، به‌شێك لێیان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و گرتنه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئامانجی ئه‌و قۆناغه‌ی خه‌باتیان بووه، كاتێك ئه‌وه‌یان به‌ده‌ستهێناوه بۆ ئامانجه‌كانی دیكه كاریانكردووه، هه‌ندێك سه‌ركه‌وتووبوون و هه‌ندێك به نیوه‌چڵی به‌ده‌ستیانهێناوه و هه‌ندێكی دیكه دووچاری شكستی بوون.
به درێژایی مێژوو رووداو گۆڕانكارییه‌كان هه‌مووجار و كاتێك به‌ویستی ئه‌و به‌رنامانه‌ی كه پێشتر داڕێژراون وه‌رچه‌رخانیان نه‌كردووه، وه‌ك كورد ده‌ڵێت له هه‌موو هه‌ورێك باران نابارێت، به‌و جۆره‌ش جار هه‌بووه كه بای گۆڕانكاریی به‌ویستی سه‌ركرده‌كان هه‌ڵی نه‌كردووه و رێی نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر.
سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد له پێش و پاش رووخانی رژێمی سه‌دام، رێگای سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردیی هه‌ڵنه‌بژارد، یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه رێگای پێكهاتنی كیانێكی كوردیی، به پێچه‌وانه‌وه رێگای گرێدانه‌وه به عێراقێكی ئاڵۆزی پر كینه و رق و خوێن و ماڵوێرانیی گرته‌به‌ر، عێراقێكی فره‌نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب كه له مێژوودا زۆربه‌ی ئیمام و رابه‌ره‌كانیان له‌سه‌ر خاكی ئه‌م وڵاته‌دا له‌لایه‌ن یه‌كتره‌وه له‌ناوبراون، ئه‌مه‌یان له‌لایه‌كه‌وه له‌ژێر فشاری ده‌ره‌كی و بارودۆخی ناوچه‌كه بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه عه‌قلییه‌تی سیاسیی كوردی هه‌ر ئه‌وه‌نده بڕی ده‌كرد و له توانایدا بوو.
چوار ساڵ و نیو دوای رووخانی رژێمی سه‌دام كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌زموونی كورد بكه‌ین، هه‌ڵسه‌نگاندنێك به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی پاك و تێهه‌ڵكێشانی به واقیعه‌وه و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ره ریاڵیستهكانی دواڕۆژدا.
كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی بزافی كوردایه‌تی له باشووری كوردستان له‌م خاڵانه‌دا كۆده‌بنه‌وه:
1- سنووری هه‌رێمی كوردستان
2- جۆری فیدراڵییه‌ت
3- بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان
4- سامانه سروشتییه‌كانی كوردستان
5- هه‌رێمی كوردستان و وڵاتان و هێزه‌كانی ناوچه‌كه
6- نموونه‌ی حوكمڕانیی له باشووری كوردستان و بزافی كوردایه‌تی له كوردستانی گه‌وره
7- دواڕۆژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و به‌رنامه‌یان و هه‌رێمی كوردستان
شیكردنه‌وه‌ی بابه‌تییانه و ریاڵیستیكی، هه‌موو ئه‌م خاڵانه بۆ ئێمه‌ی كورد ده‌مان هێنێته‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ململانێ و كێشه‌كان كه له مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی و مهزههبییهكاندا خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه، به واتایه‌كی دیكه كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م قۆناغه‌مان هێشتا مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكهیه، به‌ڵام شێوه و توندیی ململانێكه زۆر له جاران جیاوازتره، سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستییه ئه‌م كێشه‌یه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه تێهه‌ڵكێشی ململانییهكانی نێوانیان كراوه، ئێمه‌ی كوردیش له‌م قۆناغه‌دا ماڵی ناوخۆی خۆمان ئه‌وه‌نده رێك و تۆكمه نییه و ده‌سه‌ڵاتمان كه‌مه تا كاریگه‌ریی خۆمان ره‌نگدانه‌وه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانمان له‌و ململانێیانه‌دا پێوه دیاربێت.
ده‌ستوورو ده‌ستوور:
سیاسه‌تمه‌دارانی كورد باس لهوهدهكهن كه ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا به‌شێكی گرنگی ئه‌و خاڵانه‌ی گرتووه‌ته‌خۆ، منیش له‌و باوه‌ڕه‌دام، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كیی داڕشتنی ده‌ستوور نییه، به‌ڵكو په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و ده‌ستووره و جێبه‌جێكردنییه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه شوێنی متمانه و خاوه‌نی قسه‌ی خۆیان و نیه‌تی پاك بوونایه، بێ ده‌ستووریش ده‌یانتوانی ئه‌و نیه‌ت و مه‌به‌ستانه‌یان بخهنهگهڕو كورد دڵنیابكه‌ن. ده‌یان ساڵێك له ده‌ستووری كاتیی عێراقدا نووسرابوو كه عه‌ره‌ب و كورد شه‌ریكن له‌م وڵاته‌دا، له پراكتیكدا هه‌موو شتێك بووین ته‌نها شه‌ریك نه‌بێت.
پابه‌ندبوون به ده‌ستوور له‌لایه‌ن عه‌قلییه‌تی ته‌سكی شوڤێنیی نه‌ته‌وایه‌تی و توندڕه‌ویی ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌وه، مانای خۆبهستنهوهیانه به ئه‌جندای تایبه‌تی ئه‌و جۆره عه‌قلییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سیاسیان، ئه‌م عه‌قلییه‌ت و نه‌ریته‌ش زیاتر له چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه كاری پێده‌كه‌ن، خۆم به مرۆڤێكی تۆباوی ده‌زانم ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌م ئه‌و لایه‌نانه بۆ خاتری من له ده‌ستووره‌كه‌ی خۆیان لابده‌ن، به‌تایبه‌ت كاتێك خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و بڕیاریشن، له عێراقی ئه‌مڕۆدا چه‌ندین ده‌ستووری دیكه زۆر كاریگه‌رترن و به‌كارن له‌و ده‌ستووره‌ی به‌ناو هی هه‌مووانه.
حه‌زاره‌ت و ئاشتی:
هه‌ندێك له رۆشنیر و سیاسه‌تمه‌داری كوردی باس لهوهدهكهن كه له دنیای ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌مان پاش شه‌ڕی زۆر گه‌وره و خه‌ست، شه‌ڕی دووه‌می جیهان و تێكشكاندنی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن، تا ئاستێك شه‌ڕی لوبنان، شه‌ڕه‌كانی به‌ڵكان، ته‌نها ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن بیر‌و ئاڕاسته‌یه‌كی حه‌زارین، توانیویانه ئاشتی و پێشكه‌وتن و دیموكراتیه‌ت و عه‌داله‌ت دوای شه‌ڕ به‌رقه‌رار بكه‌ن. ئایا له‌م عێراقه بێسهروشوێنهدا كێیه خاوه‌نی ئه‌و حه‌زاره‌ته كراوه و بنیاتكهره؟ ئێستاش رۆژانه له سایه‌ی ئه‌و حه‌زاره‌ته باڵاده‌سته‌ی وادی رافیده‌ین، رووباری خوێن به چه‌شنی سه‌رده‌می هۆلاكۆ هه‌ڵده‌قوڵێت.
دیموكراتیه‌ت و برین:
ئه‌گه‌ر له عێراقی ئه‌مڕۆدا باس له دیموكراتیه‌ت ده‌كه‌ین و به شان و باڵیدا هه‌ڵده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ی كراوه ته‌نها چه‌ند هه‌نگاوێكه له پرۆسه‌ی دیموكراتیه‌ت، ته‌نها ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن ژانی له‌دایكبوونی دیموكراتیه‌ت ناوروژێنێت، به وه‌زع و فه‌توا و دوعا و نوشته‌ش دیموكراتیه‌ت ناخوڵقێت. دیموكراتیه‌ت له خۆرهه‌ڵات و دنیای ئیسلامیی ئێمه‌دا سه‌دان ساڵه وه‌ك برینێكی كۆنی بۆگه‌نی رزیوه، كه له سایه‌یدا تاك سه‌ربه‌سته وهلاو كۆیله‌یه‌تی خۆی بۆ ئیمام و رابه‌رو سه‌ركرده رابگه‌یه‌نێت. له عێراقی ئێمه‌شدا ده‌نگ به نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب دراوه نه‌ك به به‌رنامه و ململانێ و جیاوازیی پرۆگرامه‌كان. هه‌نووكه‌ش رۆژانه ئه‌م تایفه و ئه‌و عه‌شیره‌ت، ئه‌م كوتله نه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌و كه‌مایه‌تییه، بزماره‌كانی خۆیان له تابووتی دیموكراتی ده‌كوتن، باوه‌ڕم هه‌یه كورد له‌و دیموكراتییه له‌رزۆكه‌ی به‌غدا له هه‌موو لایه‌ك زیاتر رێزی له‌و به‌شداریی و په‌یمانه‌ی خۆی گرتووه،
بۆیه له عێراقێكدا بێ پشتیوانیی و بوونی كاریگه‌ری ئه‌مریكا و هاوپهیمهنهكانی، حكومه‌ته‌كه‌ی به‌رگه‌ی دوو رۆژ ناگرێت و وه‌ك زۆر له سه‌ركرده‌كان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن ته‌نها به راگه‌یاندنی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه شهإێكی خوێناویی ئه‌هلی ده‌ستپێده‌كات، له‌و عێراقه كاولو ێرانهداو له‌ناو ئه‌و زه‌لكاوی تیرۆر‌و دیموكراتییهتهدا من چاوهإوانی چ خێرێك بم؟
كورد پێش رووخانی سه‌دام، ناوچه‌یه‌كی فراوانی كوردستانی حوكمإانیی ده‌كرد، بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریی‌و كولتووری‌و گه‌شه‌كردنی پانتایی ئازادییهكانو دیموكراتییه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌ی كوردستان له دنیادا وه‌ك نموونه بۆ سه‌رجه‌م رهشگیریی ئه‌و به‌شه له خۆرهه‌ڵاتی ناوهإاست باس ده‌كرا، تاكی كورد سهربهرزبوو باوهإی بهخۆیو ئه‌زموونه‌كه‌ی له لوتكه‌دا بوو، بۆچی؟ چونكه تاكی كورد له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانی سهدامو وڵاتانی دراوسێشدا هه‌ستی به‌وه‌ده‌كرد خۆی خاوه‌نی خاك‌و میللهتهكهیهتیو خۆی حوكم ده‌كات، ته‌نها خاڵێك ئێمه‌ی به به‌غدا گرێدایه‌وه دوای رووخانی سه‌دام، مه‌سه‌له‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستان‌و مه‌سیری ناوچه كوردییه دابڕاوه‌كان له هه‌رێم و له سه‌روویانه‌وه كه‌ركوك و دابینكردنی بودجه‌ی له حكومه‌تی عێراق، هه‌روه‌ها ره‌چاوكردنی توندی ویست و سیاسه‌تی باڵاده‌ستی ئه‌مریكا كه عێراقی له سه‌دام رزگاركرد. سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد هه‌وڵێكی زۆری‌دا هه‌موو ئه‌و خاڵانه له ده‌ستووردا به باشی بچه‌سپێنرێن، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌نجامدرا كه توانیان ئه‌نجامی بده‌ن، كه‌چی ئێستا بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك له مادده‌ی 140دا، پێویسته ده‌یان دانیشتن و سه‌دان لێدوانی پشت په‌رده و چه‌ندین وه‌سیت و ده‌ڵاڵ و سه‌رۆكی لیژنه و ئهموئهو بخرێنه‌گه‌ڕ. تۆ بڵێی ئه‌مه نیشانه‌ی نیه‌تی پاكی ئه‌وانه بێت كه ئیمزای ده‌ستووریان كردووه و ده‌نگیان پێداوه؟
نه‌ته‌وه‌و شه‌ڕو مه‌رجه‌كانی سه‌رده‌م:
كێشه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان له مێژووی كۆن و تازه‌دا به شه‌ڕ ده‌ستیان پێكردووه‌و به زلهێزه‌كانی دنیا به‌لایه‌كدا خراون، له كاتی شه‌إی سارد، بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ده‌مكوت كرابوون، بواری هه‌ناسه و پێشكه‌وتنیان پێنه‌ده‌درا، پاراستنی سنووره سیاسییهكانو په‌یڕه‌وكردنی میساقی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌تایبه‌تی پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاتانی ئهندامو ده‌ست تێوه‌رنه‌دان له كاره‌كانی ناوخۆیان، كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی یاساكانی شه‌ڕی سارد بوون. رێككه‌وتنامه‌ی یاڵتا دوای سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانان له شه‌ڕی دووه‌می جیهان، رووخانی كۆماری مه‌هاباد، كێشه‌ی كۆبا، شه‌إی سویس و چه‌ندین نموونه‌ی دیكه به په‌یڕه‌وكردنی وردی ئه‌و یاسایه‌نه به‌لایه‌كدا خراون. دوای رووخانی دیواری به‌رلین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ره‌ی وڵاتانی سۆشیالیست، گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ته‌خت بوو. بۆ به‌شی ئه‌وروپا له خۆرئاوا دابینكردنی ئارامیی و ئاسایشی خۆی و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانی و زه‌مانی كڕینی وزه و كێشه‌كانی بێكاری و كۆچ و ژینگه و كه‌مكردنه‌وه‌ی میزانییه‌ی عه‌سكه‌ریی وڵاته‌كانیان، له سه‌رووی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی دیكه‌ی دنیاوه‌ن، بۆ ئه‌مان كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له كون و قوژبنه‌كانی دنیادا ئاڵۆزیی و نائارامیی دروستده‌كات، به هه‌موو توانایانه‌وه ئه‌گه‌ر دژ نه‌بووبن خۆیان دووره‌په‌رێز راگرتووه. ئه‌مریكاش به‌لای خۆیه‌وه كێشه نهتهوایهتییهكانی كردووه به قه‌ڵغانێك بۆ سیاسه‌ت و مه‌رامی خۆی له به‌شه جیاكانی دنیادا، نموونه‌كانی یۆگۆسلاڤیا، قوبرس، فه‌له‌ستین، به‌نگه‌لادیش، لوبنان زیندوون له بیره‌وه‌ریماندا. مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاڕاسته‌كانی له‌م سه‌رده‌مه‌ی یهكهێزیی ئهمریكاو شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیا و جیهانگیریدا و شه‌ڕی جیهانیی دژ به تێرۆریزم له ده‌ستی خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌رچووه، به زۆره‌ملیش بێت پابه‌ندكراوه به تێرۆریزم، توندڕه‌وی فیكری و ئایینی به‌و دۆكترینانهی دنیا به‌ڕێوه‌ده‌بات، بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و سه‌ركرده‌كانی ئه‌جندایه‌كی قورس و فره‌ڕه‌گ وفرهڕهنگ خراوه‌ته ئه‌ستۆیان به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا.
پرسیار‌و ئه‌گه‌ره‌كان:
ئایا ئێمه‌ی كورد له عێراقێكدا له‌ژێر ره‌حمه‌تی داگیركردن و شه‌ڕی دژ به تێرۆری ئه‌مریكادا و به‌رنامه‌ی پاشهاتی بۆ ناوچه‌كه، توانای ئه‌وه‌مان تێدایه له‌و ئه‌جندا قورسه سه‌پێنراوه به‌سه‌رماندا لایه‌نی كه‌می ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه نهتهوایهتییهكانمان دابینبكه‌ین و بیانپارێزین، ده‌بێت چۆن موعامه‌له له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م ئهجندایهدا بكه‌ین؟
كیشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی له سایه‌ی دروشم و به‌رنامه‌ی لایه‌نه‌كی بێ‌ئامان چارهناكرێت، به نیه‌تی حاته‌می تهی عه‌داله‌تی تێدا ناچێنرێت و به پۆزدان و توندیی نهتهوهیاتیش كێشه‌كه‌ی سه‌نگ نابێت.
هه‌ندێك له دهستباڵاكانی سیاسه‌تی كوردی وا عهرزدهكهن كه ته‌نها بۆچوون و سیاسه‌تی ئه‌وان راسته له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا و ته‌نها به‌و بۆچوون و دیده‌یه و حیكمه‌ته كورد به به‌هه‌شت شاددهبێت، ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی بیری كلاسیكیی نه‌ته‌وه‌یی زاڵبووه كه تاكڕه‌وی و توندی له سیما به‌رچاوه‌كانی ئه‌و جۆره سه‌ركردایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌یه له لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی گه‌لاندا، هه‌روه‌هاش نیشانه‌ی گه‌مارۆدانی ئه‌و جۆره سهركردایهتییانهیه كه ده‌یانه‌وێت به عاتیفه و توندی زنجیره‌ی گه‌ماڕۆدان بپچإێنن. ئه‌م گه‌مارۆدانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌رج نییه ته‌نها له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانه‌وه سه‌پێنرابێت، فاكته‌ره‌كانی ناوخۆی میلله‌ت له ئه‌نجامی ناعه‌داله‌تی و تاكڕه‌وی و گه‌نده‌ڵیدا ئه‌و تهنگهنهفهسییهیان خه‌ستتر كردووه. عهرهفاتو میلۆسۆڤیچ نوێترین نموونه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ن كه پاڵه‌وانی نه‌ته‌وایه‌تی بوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی باسمكرد له ساتێكی زۆر كورتدا هه‌موو شتێكیان له‌ده‌ستدا. سه‌ركرده‌كانی وه‌ك غاندی، تیتۆو ماندیلا سه‌ركه‌وتووبوون، چونكه قوڵایی و پانتایی مه‌سه‌له نهتهوایهتییهكانیان تێهه‌ڵكێشی به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی و ئایینی و دیموكراسیه‌ت و حوكمی یاسا‌و عه‌داله‌ت و مافی مرۆڤ كردبوو، ته‌نانه‌ت ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ش كاریگه‌رییه‌كی كاتی له‌سه‌ر ره‌وشی میلله‌ته‌كانیان هه‌بووه، چونكه بزافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان تا ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراو هه‌ناسه له زه‌مینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه ده‌ده‌ن، به‌ڵام بناغه‌یه‌كی توند بووه بۆ ئه‌و ساته‌و پاشهاتی میلله‌ت و وڵاته‌كانیان.
ئاره‌زوو و واقیع:
منیش تامه‌زرۆی ئه‌وه‌م كه بارودۆخی ئێستا وه‌ك ساڵه‌كانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پیشوو بوایه و به نه‌فه‌س و په‌روه‌رده‌یی حزبی و كوردایه‌تی ئه‌وكات خه‌باتمان بكردایه، منیش به خه‌ستیی خوازیاری جیاكردنه‌وه‌ی راست و چه‌پم له‌یه‌كتری، منیش به گه‌رمییه‌وه كارده‌كه‌م بۆ بوژاندنه‌وه و زیندووكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌كانی خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌م و حزبه‌كانی، منیش له‌گه‌ڵ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و ناعهدالهتیم و له‌گه‌ڵ چه‌سپاندی یاسا و پاراستنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیمانم، ئه‌مانه هه‌ر هه‌موویان ته‌قه‌مه‌نیی پێویستن بۆ شه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌ڵام كلیلی چاره‌سه‌ر نین، ده‌بێت چی بكه‌ین به‌رامبه‌ر ناڕێكیی ماڵی كوردی، ئه‌جندای قورسی سه‌پێنراو به‌سه‌رماندا، ده‌رنه‌چوون له هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی كه تا راده‌یه‌ك نێوده‌وڵه‌تییه‌كه ئه‌م هه‌له‌ی ئێستای بۆ رهخساندوین. چی بكه‌ین له گۆماو و زه‌لكاوی عێراقێك له سه‌ره‌مه‌رگدایه، چۆن كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان پارچه‌پارچه نه‌كه‌ین و هه‌ر ناوچه‌یه‌ك و شارێك و گوندێك و گروپێك له میلله‌ته‌كه‌مان بخه‌ینه به‌ر ره‌حمه‌تی پاشهاتێكی لێڵ و تهمدارو ئاره‌زوو و ئه‌جندا و ده‌ستووری چه‌ندین ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه و وڵات؟ چۆن له ئه‌خته‌بوتی سیاسی و ئابووری و ئیستخباراتی ناوچه‌كه‌دا خۆمان بپارێزین و خۆمان له شه‌ڕیان لاده‌ین؟ چی بكه‌ین تا تێرۆریزم هێمنی و ئارامیی نسبیی هه‌رێمه‌كه‌مان تێكنه‌ده‌ن و ژیانمان لێهه‌راسان نه‌كه‌ن؟ چه‌ندین و چه‌ندین پرسیاری دیكه.
كورد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو پرسیارانه پێویستی به عه‌قڵ و پلان و ئیراده و رێكخستنه، پێویستی به هێمنی و یه‌كڕیزی و دبلۆماسیه‌تێكی شیاو و كارامه هه‌یه، پێویستی به ئۆرگانێكی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه له‌ئاستی كۆنگره‌ی زایۆنیزم، یا بزووتنه‌وه‌ی دژ به ئهپارتهایدی (جیاوازیی ره‌گه‌زی) باشووری ئه‌فریكایه.
پێویستمان به زۆر شته، له پێشه‌كی هه‌موویانه‌وه پێویستمان به دیالۆگی نێوان خۆمان هه‌یه‌و به پاراستنی ئازادییه‌كه‌ی به‌رده‌ستمان.