ژینگه‌ی سیاسیی ئێستای هه‌رێمی كوردستان جیاوازه له دۆخی سیاسیی پێش (25)ی تهمموز. ئێستا له كوردستان به فیعلی مۆدێلێكی نوێی سیاسیی هاتوهتهكایهوه كه چیتر پارتی‌و یه‌كێتی ناتوانن هه‌مو كایه‌كانی ژیانی سیاسیی هه‌رێم مۆنۆپۆڵ بكه‌ن.
هه‌ڵبژاردنی (25/7) وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بو له مێژوی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌وپێیه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ی هێنایه‌كایه‌وه، چونكه ناتوانین به‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بڵێین دیموكراسیی ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ره‌كانێی سیاسیی تێدا نهبێتو ئۆپۆزسیۆنێكی بزێو چاودێریی كاره‌كانی حكومه‌ت نه‌كات.
ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا هاتوهتهكایهوه، خاوه‌نی(35)كورسیی پهرلهمانو (631)هه‌زار ده‌نگی جه‌ماوه‌ری كوردستانه كه رێك یه‌ك له‌سه‌ر سێی كۆی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كوردستانه، له به‌رامبه‌ر (1)ملیۆن‌و (234)هه‌زار ده‌نگی كۆی ئه‌و لایهنهسیاسییانهی كه ئێستا كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تیان پێكهێناوه.
هه‌ڵبژاردنی (25)ی تهمموز ململانێیه‌كی سه‌ختی له‌نێوان لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵاتدا خوڵقاند‌و گه‌یشته حاڵه‌تی ههڵچونو توندڕه‌وی له گوتاری هه‌ردولادا كه تائێستاش تارمایی ئه‌و دۆخه به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دیاره‌و به داخه‌وه له ئێستاداو دوای تێپه‌ڕبونی نزیكه‌ی چوارمانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی هه‌رێمدا، هیچ جۆره پهیوهندیو لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ر له‌نێوان سێ هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان (پارتی‌و یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر گۆڕان)دا به‌دی ناكرێت‌و دۆخه سیاسییه‌كه، بارگاوییه بهگرژاویی و ته‌شه‌نوج.
به‌وپێیه‌ی تائێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌كی دانپێدانراوی سه‌ربه‌خۆ نییه‌و هه‌موكات له‌ژێر چاوسوركردنه‌وه‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی عێراقی‌و داگیركه‌رانی ناوچه‌كه‌دایه، پاراستنی ئه‌زمونه سیاسییه نیمچه دیموكراسییه‌كه‌ی، ئه‌ركی هه‌مو لایه‌كه به دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنهوهو نابێت ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌زمونی نیمچه دیموكراسیی هه‌رێم به‌ره‌و پاشه‌كشه ببات‌و پێویسته ئۆپۆزسیۆنیش به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێم نه‌كاته قوربانیی هه‌ندێك له ململانێی لابه‌لا.
له‌دنیادا ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی له‌سه‌ر دو هێڵ كارده‌كات، یه‌كێكیان چاودێریكردنی ورد‌و ره‌خنه‌گرتنه له ئه‌دای دهسهڵاتو حكومه‌ت، ئه‌وی دیكه‌شیان پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌و به‌دیله له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا.
له كاری سیاسی‌دا ناكۆكییه‌كانیش خاڵی هاوبه‌شیان تێدایه، ئه‌مێستاش پێویسته ئه‌م دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رگای گفتوگۆ‌و زمانی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌و به چاوی دوژمن سه‌یری یه‌كتر نه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌چاوی نه‌یاری سیاسی له‌یه‌كتر بڕوانن‌و ململانێ بكه‌ن.
پێویسته ئۆپۆزسیۆن ره‌خنه‌ی واقیعی بگرێت‌و دوربكه‌وێته‌وه له‌لێدوانی روشێنه‌ر له میدیاكانداو ده‌سه‌ڵاتیش بهسنگفراوانییهوه سه‌یری ره‌خنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بكات‌و دوربكه‌وێته‌وه له په‌رچه‌كرداری توندوتیژ، كه به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه زمانی میدیای ده‌سه‌ڵات، گوتارێكی شهڕهنگێزانهیهو له دیمه‌نی رۆژانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌چێت.
له راستیدا دو رێگه له‌به‌رده‌م لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵاتدا یه: یه‌كێكیان بردنی دۆخه‌كه‌یه به ئاقارێكی توندوتیژو تهشهنوجاوی ناسه‌قامگیردا، ئه‌وی تریشیان ملدانی هه‌ردولایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی زمانی هاوبهشو گفتوگۆ‌و پێكه‌وه هه‌ڵكردن.
به‌وپێیه‌ی ئۆپۆزسیۆن دیارده‌یه‌كی تازه‌یه، پێده‌چێت لایه‌نی ده‌سه‌ڵات كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی ئه‌وه‌بكات كه به خراپ مه‌سه‌له‌ی ئۆپۆزسیۆنبون له‌ناو هاوڵاتییاندا تیۆریزه بكات به‌وه‌ی كه لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت فاكته‌رێك بێت بۆ گۆڕانكاری.
دیموكراسییه‌ت مانای جیاوازییه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌یه‌كی ئیجابی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بكات، بێگومان ئۆپۆزسیۆن یه‌كێكه له فاكته‌ره گرنگه‌كانی سهركهوتنو ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر بۆیه به‌رپرسیارێتییه‌كی سیاسیی‌و مێژویی له ئه‌ستۆی دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆندایهو نابێت به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێم له گه‌شه‌سه‌ندنی دیموكراسییه‌ت‌و نه‌هێشتنی گهندهڵیو پاراستنی هێلی سور له مه‌سه‌له نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بكرێته قوربانیی به‌رژوه‌ندییه لاوهكییهكانو له‌و نێوه‌نده‌شدا ده‌بێت بڵێین: خودا كوردستان بپارێزێت.