کورد به 4 فراکسیۆنی په‌رله‌مانییه‌وه ده‌چێته به‌غدا: هاوپه‌یمانی کوردستان ( پارتی + یه‌کێتی)، گۆڕان، یه‌کگرتو و کۆمه‌ڵ. ئه‌م چوار لیسته به‌رپرسن له داڕشتنی پرۆژه و نه‌خشه‌ی کارکردن له په‌رله‌مان و حکومه‌تی داهاتوی عێراق. ئه‌گه‌رچی کۆبونه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌م لیستانه پێده‌چێت موژده به‌خش بن. به‌ڵام ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی باسکردنه‌کان له سێ خاڵی وه‌ک سزای سیاسی و کاندیدکردنه‌وه‌ی مام جه‌لال بۆ سه‌رۆک کۆمار و کێشه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی 50% بودجه‌ی چه‌ند حیزبێک چڕبونه‌ته‌وه. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌م جۆره کۆبونه‌وانه جگه له‌و خاڵانه پرۆژه‌ی کارکردنی رونی له خۆ بگرتایا و له ناو خه‌ڵک بڵاو بکرایاته‌وه. به‌ڵام پێ ده‌چێت نوسینه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه و به‌رنامه‌یه به لیژنه‌کان سپێردرابێت.
له نوسینه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه باشتر وایه ئاوڕێک له کاره‌کانی چه‌ند ساڵی رابردو، ره‌خنه و پێشنیاره‌کانی رۆشنفکران بدرێته‌وه، که باس له‌م خاڵانه ده‌که‌ن:
1- باسکردنی ئه‌و کێشانه‌ی به هه‌ڵپه‌سێردراوی له نێوان حکومه‌تی هه‌ریم و به‌غدا ماونه‌ته‌وه:
• کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان، ماده‌ی 140 به هه‌مو قۆناغه‌کانیه‌وه؛
• مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه
• بودجه
• مه‌سه‌له‌ی داهات و سه‌رچاوه سروشتییه‌کان
له‌م 4 خاڵه کامیان له ریزبه‌ندی یه‌که‌مدا دێت، کامیان ده‌کرێ باسکردنی دوابخرێت یان جۆری له موساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
2- به پێی ده‌ستوری عێراق له سه‌فاره‌ته‌کانی عێراق حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نوێنه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێنه‌کراوه؛
3- هه‌موارکردنی ده‌ستوری عێراق یان چۆنیه‌تی ته‌فسیری ماده‌کانی ده‌ستور؛
4- جه‌یشی عێراق: دوای 9-4-2003 جه‌یشی عێراق له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شایه‌وه. کورد به سێ لیوای پێشمه‌رگه سه‌رله‌نوێ به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و جه‌یشه‌ی دانا، که‌چی ئێستا رێژه‌ی کورد له جه‌یش ناگاته له 8%. بونی ئه‌م رێژه که‌مه ترسی لای کورد په‌یدا کردوه له به‌هێزبونی جه‌یشی عێراقی. وه‌ک نمونه هاتنی فیرقه‌ی 12 بۆ که‌رکوک؛
5- مه‌سه‌له‌ی سیسته‌می فیدرالی ( اتحادی) له عێراق، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ده‌بێت و چ شێوه‌یه‌ک له خۆ ده‌گرێت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی چون ده‌بێت؟. جگه له‌مه‌ش دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی فیدرالی له قۆناغی داهاتودا دێته باسکردن و دامه‌زراندن. ئه‌م خاڵه تا ئێستا په‌رده‌پۆش کراوه و هه‌ر گروپه به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ باسی ده‌کات؛
6- سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هاڵبژاردنهکان؛
7- پێداچونه‌وه به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان؛
8- هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک؛
له باسکردنی هه‌ر یه‌ک له‌و پرسانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌قه ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه بکرێت:
1- هاوپه‌یمانیکردن له گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکی تری عێراقی پێویسته رون و ئاشکرا و به نوسین بێت، خۆ دوربگیرێت له بڕوابون به به‌ڵێنی زاره‌کی؛
2- دیاریکردنی ماوه‌یه‌کی دیاریکراو (السقف الزمنی) له دانوستاندنه‌کان بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌ر یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه.
3- گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان و به هه‌ند وه‌رگرتنی فشاری جه‌ماوه‌ری.
4- په‌رله‌مانی کوردستان مه‌رجه‌عی هه‌موان بێت، دانوستاندن و بریاره‌کان به شێوه‌ی داموده‌زگایی بکرێن نه‌ک له رێگه‌ی حیزب و تاکه که‌سه‌وه.
کاتی ئه‌وه هاتوه هه‌مو رۆشنفکری گه‌له‌که‌مان له بیرکردنه‌وه‌دا بن، له نزیکه‌وه به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بکه‌ن و له داڕشتنی پرۆژه و به‌رنامه‌ی چون بۆ به‌غدا رایان هه‌بێت.