په‌رله‌مان بڕبڕه‌ی پشتی سیسته‌می دیموكراسییه، چاكسازی كردن له پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته له سه‌ره‌تاوه له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ستپێبكات.
دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی چاودێری‌و ته‌شریعییه له هه‌رێمدا، ئه‌ندامه‌كانی به‌و پێیه‌ی حه‌سانه‌یان هه‌یه، تاكه كه‌سن كه به‌پێی یاسا، هیچ هێزو ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت‌و بۆی نییه (ده‌ستگیریان بكات‌و بیانخاته زیندانه‌وه، مووچه‌كه‌یان ببڕێت، بگۆڕدرێن).
ئهركو رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان بریتییه له (دانانی یاسا، چاودێریكردن‌و به‌ڕێوه‌چوونی كاری حكومه‌ت، ته‌سدیقكردنی دانانی سه‌رۆكی ههرێمو كابینه‌ی حكومه‌ت، چاودێریكردنی گشتی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێم، لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆكی حكومهتو وه‌زیره‌كان...هتد).
ئه‌وه‌ی له 15 ساڵی رابردووی ئه‌دای په‌رله‌مانی كوردستاندا به گشتی‌و به تایبه‌ت دوو ساڵی رابردووی ئه‌و په‌رله‌مانه ده‌بینرێت، نه‌یتوانیوه ببێته ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه خه‌ڵك په‌نای بۆ به‌رێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان‌و تۆزقاڵێك جێگه‌ی ئومێد بێت!.
ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه خێر له‌خۆ نه‌دیوه، هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بێت په‌رله‌مانتارانی ئێمه 60 رۆژ پشوویان وه‌رگرتووه، له كاتێكدا رۆژانه سوپای توركیا تۆپبارانمان دهكاتو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا هێرشی زه‌مینی خۆی ده‌ستپێبكات‌و بێته ناو شاره‌كانه‌وه، له عێراقیشدا ده‌ستكه‌وته‌كانی 17 ساڵی رابردوومان له‌به‌رده‌م مهترسیدانو له‌ناوخۆی هه‌رێمیش تادێ كێشه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك قوڵتر ده‌بنه‌وه.
به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كه هی 16 ساڵ پێش ئێستایه، په‌رله‌مان ساڵی دووجار له 1/1 بۆ 1/3 و له 1/7/بۆ 1/9 واته 120 رۆژ له ساڵێكدا له پشووی رهسمیدایه، به‌ڵام ئاخۆ با بزانین به فیعلی په‌رله‌مانتارانمان چه‌ند رۆژی ساڵ له پشوودان‌و چه‌ند رۆژ كارده‌كه‌ن، بۆ ساڵێك ئه‌گه‌ر 360 رۆژبێت، جگه له‌و 120 رۆژه‌ی كه ده‌كاته چوار مانگ كه به ره‌سمی له پشوودان له هه‌شت مانگه‌كه‌ی دیكه‌ی كاركردنیشیاندا كه ده‌كاته 240 رۆژ، ئه‌وان ته‌نها 96 رۆژ كاریانكردووه، چونكه له حه‌وت رۆژی هه‌فتانه‌شدا ته‌نها 3 رۆژ دانیشتنی په‌رله‌مانیان هه‌یه واته له‌كۆی 360 رۆژی ساڵ ئه‌وان ته‌نها 96 رۆژ كارده‌كه‌ن، كه ده‌كاته 26% رۆژه‌كانی ساڵێك، به‌س ئه‌م نمونه‌یه له لاوازی كاری په‌رله‌مانه 16ساڵییهكهمانو به‌راوردكردنی به په‌رله‌مانی عێراق كه دوو ساڵه دامه‌زراوه جیاوازییه‌كه‌ی ئاسمان‌و رێسمانه.
سیستمی ناوخۆی په‌رله‌مانی عێراق به مه‌رجێك پشووی بۆ په‌رله‌مانتاره‌كانی داناوه كه هیچ كێشه‌و كارێكی پێویست له ئارادا نه‌بێت بۆ په‌رله‌مان، ئێستا په‌رله‌مانانی عێراق، وه‌ك په‌رله‌مانی هه‌رێم له سه‌ره‌تای مانگی یه‌ك تا كۆتایی مانگی شوبات له پشوودان، به‌ڵام سه‌رتاپای مانگی رابردوو و تا ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش كه په‌رله‌مان بوودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند ده‌كات په‌رله‌مانتارانی عێراق وازیان له پشووه‌كه‌یان هێناوه‌و سه‌رگه‌رمی گفتوگۆی په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌و چه‌ند یاسایه‌كی ترن.
ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، چ سوودێكی گه‌یاندووه به خه‌ڵك؟ ئه‌ی له داهاتوودا چ سوودێك ده‌گه‌یه‌نێت!، ئێستا ده‌زانم په‌رله‌مانتاران لێم دێنه دهنگو ده‌ڵێن "دوو ساڵه خه‌ریكی دانانی یاسای وهزارهتهكانین"، په‌رله‌مانتاران مژده‌تان بده‌مێ له ئێستاوه وه‌ك چۆن له رابردوودا 90% دانیشتنهكانتان بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسای وه‌زاره‌ته‌كان بووه، وا به ئیسراحه‌ت حكومه‌ت كاری بۆ دووساڵی داهاتووشتان دۆزییه‌وه‌و له‌مه‌ودوا هیچ مه‌كه‌ن، ئه‌و یاسایانه‌ی كه بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت داتان نابوو له تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان له پێكهاته‌ی تازه‌ی حكومه‌تدا ده‌بێت دیسانه‌وه یاسایان بۆ دابنێنه‌وه!.
هه‌ر چه‌نده په‌رله‌مان نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه ببێته په‌رله‌مانێكی ئه‌كتیڤ كه نوێنه‌رو داكۆكیكه‌ر بێت لهخواستو داوا‌و مافه‌كانی خه‌ڵك، به‌ڵكو خۆی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بووه بۆ سه‌ر ماف‌و ئازادییهكانو چه‌ندین یاسای ترسناكی وه‌ك یاسای تیرۆر‌و یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌ركردووه.
جگه له‌وه‌ی ئێستا 23 پرۆژه یاسا كه هی ساڵی پاره له په‌رله‌مانی كوردستان كه‌وتووه و په‌سه‌ند نه‌كراوه، په‌رله‌مان ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانیشی مرداركردۆتهوه كه یه‌كێكه له پێویستییه‌كانی به‌دامه‌زراوه كردنی ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و رێگرتن و سنوردانان بۆ كۆمه‌ڵێك بێ سه‌روبه‌ری و كاری هه‌ره‌مه‌كی دهسهلاَت، كه به‌شێك له ئۆباڵی ئه‌و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی ئێستای دهسهلاَت، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی په‌رله‌مان به‌و پێیه‌ی به‌شێك له‌و كارانه به‌هۆی نه‌بونی ده‌ستورو دروستبونی ئه‌و بۆ شاییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، دو‌ریش نیه به‌شێك له هۆكاری دواكه‌وتنی ده‌ستور به‌هۆی ترسی په‌رله‌مانتاران بێت له بونی ده‌ستور!.
له‌م چه‌ند رۆژه‌دا چوار حیزب و لایه‌نی ناو لیستی نیشتمانی دیموكراتی په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتێكی شه‌رمنانه‌یان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رزكرده‌وه، كه به‌حسابی خۆیان فشار بۆ سه‌ر دهسهلاَت دروستبكه‌ن و هه‌ره‌شه‌ی بون به ئۆپۆزسیۆنیان كرد، بهلاَم ئۆپۆزسیۆن بوون و دروستكردنی فشار له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه جارێ ئه‌و حیزبانه له ناو لیستی دیموكراتی نیشتمانی بێنه ده‌رێ و به‌جیا له په‌رله‌مان كاربكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن ساڵی رابردوو له په‌رله‌مانی عێراق بینیمان، ره‌وتی سه‌دری و حیزبی فه‌زیله به 40 په‌رله‌مانتاره‌وه له لیستی ئیئتیلاف هاتنه ده‌رێ.
ئیشكردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ك هه‌ر به‌راورد ناكرێت به ئاستی په‌رله‌مانی ولاَتانی ئه‌وروپی به‌ڵكو زۆركات له‌خوار په‌رله‌مانه عهرهبیهكانیشهوهیه، كێ له ئێمه دیارده‌یه‌كی دیموكراتیانه‌ی له‌م په‌رله‌مانه‌دا بینیوه؟ كام په‌رله‌مانتار جورئه‌ت ده‌كات رۆژێك نه‌ك هه‌ر لهفراكسیۆنهكهی خۆی بچێته لیستێكی تر به‌ڵكوو له په‌سه‌ندكردنی پرۆژهیاسایهكیشدا هاورابێت له‌گه‌ڵ بۆچونی لیستێكی دیكه، ساڵی رابردوو له په‌رله‌مانی عێراق، نمونه‌یه‌كی زۆر دیموكراسیانه له‌ناو په‌رله‌مانتاراندا رویدا، وه‌ختێك 3 بۆ 4 په‌رله‌مانتاری لیستی ته‌وافوق، گواستیانه‌وه بۆ ناو لیستی موساڵهحهو ته‌حریرو له‌وێ درێژه‌یان بهكاركردندا و دواتریش فراكسیۆنێكی نوێیان پێكهێنا، تۆبڵێی رۆژێك بێت په‌رله‌مانتارانی ئێمه‌ش جورئه‌تی وابكه‌ن؟
له‌بیرمه وه‌ختێك په‌رله‌مانتاران ده‌ستیان به‌كاركردن كرد لهمهراسیمێكدا سوێندیان به‌خواو به پیرۆزیه‌كانیان خوارد كه له ئاستی ئه‌و متمانه‌یه‌دا بن كه خه‌ڵك ده‌نگی پێداون، ئێستا په‌رله‌مانتارانی ئیسلامی سوێندتان ده‌ده‌م ئایا مانگانه ئه‌و چه‌ند هه‌زار دۆلاره‌ی وه‌ك موچه وه‌ری ده‌گرن حهلاَڵه؟، ئه‌ی ئێوه په‌رله‌مانتارانی عه‌لمانی ئاخۆئه‌و موچه‌یه‌ی وه‌ریده‌گرن له ئاستی كاركردنتان دایه‌و ویژدانتان ئاسوده‌یه!؟.
ئێستا كه په‌رله‌مانی كوردستان 111 ئه‌ندامی هه‌یه، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌كتیڤن له 15 كه‌س تێناپه‌ڕن، كه ده‌بوایه هه‌موو ئه‌ندامان كارابن، به‌و پێیه‌ی وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد، هیچ مه‌ترسییه‌كی ئهمنیو مه‌ترسی برینی موچه‌یان نیه.
تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه به فیعلی رۆڵی خۆی ده‌بینێت، من له مه‌ودوا په‌رله‌مانی كوردستان به په‌رله‌مانه نه‌خۆشه‌كه ناوزه‌د ده‌كه‌م.