دواجار کێشەیەکی تەندروستی، بەلای کەمەوە بۆ حاڵی حازر، کۆبونەوە پێنج قوڵیەکە دوادەخات. کێشە تەندروستیەکە، قەیرانەکانی سیستمی نەخۆشی تەندروستی کوردستان نیە، تێکەڵکردنی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی تەندروستی و تاڵانکردنی ئەوەی دوەم لە لایەن ئەوەی یەکەمەوە نیە، دواکەوتنی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی و پرۆژە تەندروستیەکانی تر نیە و تەرخانکردنی ماڵی گشتی بۆ پرۆژەی تەندروستی تایبەت نیە. بەداخەوە، کیشە تەندروستیەکە نەخۆشکەوتنی یاریکەرێکی سەرەکی سیاسی کوردستانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە بۆ ئەو زاتە بەڕیزە کە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت پرۆژەیەکی سیاسی لە قەبارەی یەکەم گفتگۆی سیاسی نێوان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و دەسەڵاتێکی فشار بۆ هێنراودا، دوادەخات.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەن، خودی نەخۆشکەوتنەکە نیە (هیوادارین نەخۆشەکە بە زوترین کات چاککبێتەوە و کۆبونەوەکانیش درێژەیان هەبێت)، بەڵکو ئەو خەسڵەت و رەهەندانەن کە لەگەڵ نەخۆشکەوتنەکە و نەخۆشکەوتنێکی هاوشێوە و پەیوەندی ئەو خەسڵەتانە بە سیاسەتی تەندروستی و سیستمی تەندروستی لە کوردستاندایە. چارەسەرکردنی ئەندامێکی وەفدی دانوستانە پینج قوڵیەکە لە دەرەوەی وڵات کە هاوکاتە لەگەڵ نەخۆشکەوتنی دایکی بەڕێزی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەهەمان شێوە چارەسەری ئەویش لە دەرەوە، لە کاتی بەڕێوەچونی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکە و پرۆژەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆنەیەکی بێوێنەی خوێندنەوەی نیشانەکانی نەخۆشکەوتنی سیستمی تەندروستی کوردستانن و هەوڵدانە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیانە لەڕێی ئەم نیشانانەوە.
سیستمی تەندروستی کوردستان، وەکو هەر سیستمێکی تەندروستی تر، گشتێکی ئاڵۆزی ستراکتۆر و هێزی مرۆیی و بەرژەوەندی ئابوری و تاکەکەسی و دنیا بینین و فەلسەفەی جیاواز و هەندێکجار دژ بە یەکە. بەڵام ئەو ئاڵۆزیە، رێگر نیە لەوەی هەمومان لەسەر ئەوە کۆک بین کە سیستمەکە سەرباری ئەوەی بۆ خۆی ئاڵۆزە، توشی نەخۆشیەکی ئاڵۆزیش بوە کە پاڵمان پێوە دەنێت بچوکترین نیشانەی ئەو نەخۆشیە بقۆزینەوە بە هیوای ئەوەی خودی نەخۆشیەکە دەستنیشانبکەین و دواتر رەچەتیەکی دیاریکراوی رون و کورتی بۆ بنوسین و لەگەڵیدا دوعای چاکبونەوەی بۆ بخوازین. یەکێک لەو نیشانانەی کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین، نەبونی هیچ ئاماژەیەکە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمی تەندروستی کوردستان چ لە پرۆژەکانی ئۆپۆزسیۆن چ ئەوانەی دەسەڵات و سەرۆکی هەرێمیش. دەلالەت و هۆکارەکانی ئەم بزربونە قەیراناویە، لە پاڵ چونە دەرەوەی بەرپرسان و کەسوکاریان بۆ چارەسەری پزیشكی جوانتر و رونتر دەردەکەون.
ئەم دوانەیە (نەبونی پرۆژەی چاکسازی تەندروستی و چونە دەروەی بەرپرسان بۆ چارەسەر) لە پێشهاتە سیاسیەکانی ئێستای کوردستان بۆ دو هۆکاری سەرەکی دەگەڕیتەوە؛ لە لایەکەوە سیاسیەکانی ئێمە بەهۆی ئەو سەرەمایە زەبەلاح و ئەو تۆڕە پەیوەندییە ئەختەبوتیەی هەیانە، بێباکن لە سیستمی تەندروستی کوردستان و لە کوێ و کەی و چۆن و لای کێ بیانەوێت چارەسەری تەندروستیان بۆ فەراهەم دەبێت، ئیتر هاونیشتیمانیانی هەرێم، چارەسەریان دەستدەکەوێت یانا، دەرمانی ئیکسپایەر و خراپ دەدرێت بە نەخۆش یا نا، قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و هەژاران و کەمدەرامەتان دەتوانن خزمەتی تەندروستی بەدەستبهێنن یا نا، ئەوە هەرگیز کێشە و خەمی ئەوان نیە. لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم (کە لەمەیاندا راستیان پێکاوە) متمانەیان بەو خزمەتە تەندروستیە نیە کە لە کوردستاندا پێشکەش دەکرێت، شوێن و پێگەو پرستیژی ئەوان هەرگیز لە ئاستی ئەو خزمەتە نزمە نیە کە سیستمی تەندروستی بۆ عەوامی خەڵکی کوردستانی فەراهەم دەکات. دیارە کایەی سیاسی و سیاسیەکانی ئێمە بەهۆی فاکتەری یەکەمەوە، کەم تازۆر لە نزمی ئاستی خزمەتی تەندروستی بەرپرسیارن و ناکرێت بە تەنها هێزی کاری تەندروستی یا حکومڕانانی تەندروستی کوردستان بە دابەزینی ئاستی کوالیتی خزمەتی تەندروستی لەهەرێمەکەدا تۆمەتبار بکەین.
هەڵبەت ئەم شرۆڤەیە هەرگیز مەبەستی نیە کە نابێت سیاسیەک لە کوێ بیەوێت چارەسەری پزیشکی وەربگرێت. بەپێچەوانەوە، وەرگرتنی خزمەتی پزیشکی و تەندروستی یەکێکە لە هەرە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ و ناکرێت سیاسی بون یا نەبون (لە پاڵ پیربون، منداڵ بون دوگیان بون، کەمئەندامبون ...هتد) رێگر و بەربەست بێت لەبەردەم وەرگرتنی خزمەتی تەندروستی، بەڵام ئەوەی سیاسیەکانی ئێمە دەیکەن خۆجیاکردنەوەیە لە خەڵکی عەوام و ئاگا نەبونە لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگە. ئەم خۆجیاکرنەوە بەتەنها بۆ خزمەتی تەندروستی راست نیە، بەڵکو لەپەیوەست بە شوێنی ژیان و هەبونی خزمەتگوزاری و ئامرازەکانی گواستنەوە ...هتد، ئامادەیی هەیە. دابەشبون و خۆجیاکردنەوەکە بەجۆرێکە کە دەکرێت دو کوردستان ببینین، یەکێکیان هی بەرپرسان و ئەوی تریان هی خەڵکی ئاساییە.
بۆئەوەی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکە دەرئەنجامی هەبێت، پێویستە بەشداربوانی کۆبونەوەکە و پارتە سیاسیەکانیان نزیکتر بن لە خەڵکەوە، لەو ئاوە بخۆنەوە کە خەڵک دەیخواتەوە، لەو مزگەوتانە نوێژ بکەن کە خەڵک بۆی دەچن، ئەو خزمەتە تەندروستیە وەرگرن کە کەسوکاری ئەنفال و قوربانیانی هەڵەبجە وەریدەگرن ...هتد. ئەگەر وانەکهن، دور نیە خوانەخواستە کۆبونە پێنج قۆڵیەکە ببێت بە شەرە پێنج قوڵیەکە یا بە پێنج ساڵی تریش لە کۆبونەوە، کێشەکانمان بێ چارەسەر بمێننەوە و لە حەسرەتی نەگەیشتن بە ئەنجام هەمو سیاسیەکانمان پێویستیان بە نەشتەرگەری دڵ هەبێت و خۆیان بۆ چارەسەر بۆ دەرەوە بڕۆن و ئێمەش لە ناوەوە خەریکی مشتومڕێکی ناکۆتایی بەجێبهێڵن.