لەو سێ هەزار و بیست و حەوت وشەیەی پرۆژەی (نوێبونەوە و ئایندەسازییەی یەکێتی و پارتی)، هیچ بە قەد ئەو سێ پیتە ئینیگلیزیەی لە سەرەتای پرۆژەکەدا هاتوە سەرەنجڕاکێشتر نیە. دواجار وەکو زۆرێک لە چاودێرە سیاسیەکان ئاماژەیان پێدا، پرۆژەکە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵێک پرۆژە و دەسپێشخەری ترن کە بەیەکەوە لکێنراون و ئەم "پرۆژەیان" لێ دروستکراوە، و شتێکی ئەوەتۆی تیا نیە سەرەنجی مرۆڤ رابکیشێ. با بگڕێنەوە سەر پیتەکان و ئەگەر هەتاوەکو ئێستا نەتزانیوە باسی چی دەکەین ئەوا ئەو پیتانە بریتین لە NDI. بۆ زانیاریش ئەمە پیتی یەکەمی ناوی رێکخراوێکی بەناوبانگی ئەمهریکیە کە لە لایەن دیموکراتەکانی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت و سیاسەتەکانی بۆ دادەنرێت.
هەڵبەت پێشتر دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی پەنایان بردوەتە بەر کۆمپانیا و رێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیەکانی هەرێم. بۆ نمونە وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای ئەمهریکی وەکو راند و کۆمپانیا و شارەزای فەرەنسی بەستوە بۆ پێداچونەوە و "ریفورم" کردنی سیستمی تەندروستی. بە هەمان شێوە حکومەت پەنای بۆ کۆمپانیای ناوداری ئەمهریکی PwC بردوە بۆ "چارەسەرکردنی" کێشەی گەندەڵی لە کوردستاندا. ئەمە جگە لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و بیناسازی و رێگاوبان ...هتد، کە لە کوردستاندا چالاکن. کارەکە گەشتوەتە ئەوەی کە تەنانەت ئەرکی پاکردنەوەی شەقامەکان و نەخۆشخانەکان و ...هتد بە کۆمپانیا و لایەنی دەرەکی بسپێردرێت. دەشێت، کەسێک هەبێت بڵێت ئەمانە هەمو ئاسایین و ئەگەر ئێمە دەوڵەمەندبین و پارەمان هەبێت، قەیدی چیە خەڵکی تر بێن کارمان بۆ بکەن و شەقامەکانمان بۆ خاوێن بکەنەوە و نەوتمان بۆ دەربێنن و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام ئەستەمە دو کەس لەسەر ئەوە ناکۆک بن کە ئەگەر کار بگاتە ئەوەی خەڵکی تر لە باتی ئێمە بیربکاتەوە و چارە بۆ کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانمان دابنێ، ئەوا دەبێت فاتیحە بۆ وڵاتەکەمان بخوێنن و بە "دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە" بڵێین ئامیین و کەسیش لەم نێوەندەدا ئەوەندەی (دیکارت) راست دەرنەچێت کە وتی: "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم".
پەنا بردنە بەر خەڵکی بیانی و دەرەوە، بە مێژوی کورد و دەوڵەتەکانی ناوچەکەش نامۆ نیە، رەنگە زیادەڕۆێی نەبێت ئەگەر بڵێین کە کورد بۆ خۆی داهێنەری بەکارهێنانی کەسان و خێڵ و گروپی ئەتنی دەرەوەی خۆی بێت بۆ مەبەستی سیاسی و سەربازی. دواجار ئەوە ئەیوبیەکان بون کە (مەمالیکیان) لە کۆتایی سەدەی دوانزەدا دروستکرد. مەمالیکیش چی نەبون جگە لە کۆمەڵێک خێڵی تورکی کە لە شەڕدا ئازابون و سوڵتانی ئەیوبیەکان (ساڵح) پەنای بۆ بردن و بەکاریانیهێنا. ئازایەتی تورکەکان لەشەڕدا تەنها هۆکاری ئەم سیاسەتە نەبو، بەڵکو نەبونی متمانەی سوڵتان بە دەروروبەرەکەی خۆی پاڵی پێوەنا بۆ ئەوەی رو بکاتە خەڵکی تر و بە ناوی ئیسلامەوە بەکاریانبهێنێت. ئەم سیاسەتە لە زەمەنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەگاتە ترۆپک و لە دروستکردنی (انکشاریەکاندا) بەرجەستە دەبێت. لە سەدەی شانزە بەدواوە، ئەفسەرە عوسمانیەکان بە ئەوروپادا بە دوای منداڵی نێوان ١٢-٢٠ ساڵدا دەگەڕان و ئەوانەی لەڕوی فیزیکی و عەقڵیەوە باشبون هەڵدەبژێردران و دەبون بەسەرباز لە سوپای ئیمپراتۆریەتەکەدا. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم هەنگاوە بریتیە لەو دەرئەنجامە کارەساتاویانەی خزمەیاتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی توندوتۆڵ بۆ دەوڵەت و حکومڕانی ئەو کاتانە دروستی کردبو، لە کاتێکدا چین ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا توانی لەڕێی هێنانەکایەی تاقیرکردنەوەی ستاندارد بۆ ئەو کەسانەی ئەیانویست پۆستی ئیداری پڕبکەنەوە، کارتێکردنی نەرێنی خزمەیایەتی و خزمخزمێنەی کەمکردەوە، ئیمپراتۆریەکی عوسمانی و پێش ئەو ئەیوبیەکان و تاڕادەیەکێش عەباسیەکان ئەم کارەیان لەڕێی هێنانی خەڵکی دەرەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانی ناوەوە و بەتایبەتی شەڕ و جەنگ و کاری بیروکراسیدا، ئەنجامدا.
لەم زەمانەی ئێستاماندا، نەوەکانی سەلاحەدین، هەمان هەڵەکانی ئەو و کەسوکارەکەی دەکەینەوە، لەباتی ئەوەی پشت بە خۆمان ببەستین و بیر لە کێشەکانمان بکەینەوە، پەنا بۆ دەرەوە دەبەین. ئەگەر لەوکاتەدا، تەوریس و خزمەتایەتی هۆکاری دورخستنەوە یا پەراوێزخستنی کەسانی شارەزا و دڵسۆز و خاوەن بەهرە و توانا بوبیت، ئەوا ئێستاش بەهەمان شێوە ئەو پێدراوانە چالاکن و حیزبایەتیشیان چوەتەسەر. لە دۆخێکی ئاوەهادا، پەنا بردنەبەر راپۆرتی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، نەک تەنها سهرسوڕهێنەر نابێت، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتی دۆخێکە کە رەگی لە مێژودا داکوتاوە.