روداوه‌كانی ناو سوریا، وه‌رچه‌رخانێكی مێژویی پێیه بۆ كورده‌كانی رۆژئاوا، راده‌ی روداوه‌كان چه‌نده به‌خێرایی گوزه‌ر بكات، ئه‌وه‌نده مێژوی سه‌ركه‌وتن و نزیكبونه‌وه له رزگاریی یه‌كجاریی به قازانجی كوردانی رۆژئاوا ده‌شكێته‌وه. په‌یوه‌ندیی نێوان روداو و وه‌رچه‌رخانی مێژویی هاوتهریپه له‌گه‌ڵ حه‌ز و خواسته‌كانی گه‌لی كوردا له رۆژئاوای كوردستاندا، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه و به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئاسایشی نیشتیمانی، خواسته‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا و روداوه‌كانی وڵاتی سوریا یه‌ك ناگرنه‌وه.
یان ئه‌وه‌یه مێژوی دیكتاتۆره‌كان، له ئاكامی نا دادپه‌روه‌ریی و زوڵم و زۆریی ئه‌وان ژان ئه‌یگرێ و له‌سه‌ره مه‌رگدایه، یان ئه‌وه‌یه كه مێژوش له‌ده‌ستی كاره ناڕه‌واكانیان، جیابونه‌وه‌ی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، ده‌نا كاتێك مێژو له‌ژێر چه‌پۆكی (سوریا و توركیا)دا بو، مێژوی كورد نه‌یده‌توانی سه‌ر ده‌ربێنێ، هه‌ر كامێكیان بێت، له‌جیاتی مێژوی ئه‌وان، مێژوی كوردان حاڵی حازر له هه‌ڵهاتندایه.
ئه‌وه توركیایه به چه‌پ و راستدا له هه‌وڵدایه تا رێگریی له هه‌ڵهاتنی مێژوی كوردان له رۆژئاوای كوردستاندا بكات، دروستبونی هه‌رێمیكی دیكه‌ی كوردی له باكوری وڵاتی سوریادا، مه‌ترسییه‌كه‌ی ته‌نها له‌وه‌دا كۆنابێته‌وه، كه هێزێك ده‌به‌خشێته كوردانی وڵاتی توركیا و ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی داوای مافی خۆیان بكه‌ن. بگره سنوری وه‌ها مه‌ترسییه‌كیش تێده‌په‌ڕێنێت و رێگای خواسته سیاسی و ئابورییه‌كانی وڵاتی توركیا به‌ره‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو، ده‌بڕێت.
زۆر ناخایه‌نێت ناوچه كوردییه‌كان له كوردستانی رۆژئاوا، به ته‌واوه‌تی ده‌كه‌ونه ژێر كۆنترۆڵی هێزه كوردییه‌كانه‌وه، مادام كه‌وتن و رۆشتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) بوه‌ته ئه‌مری واقیع و حه‌تمییه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه گه‌شتونه‌ته كۆتایی رێگاكه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی قورس‌تر ده‌ست پێده‌كات كه خۆی له پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌بینێته‌وه، چونكه بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك توركیا له‌سه‌ر خه‌ته.
مادام رزگاربونی ناوچه كوردییه‌كان حه‌تمییه، كه‌واته ده‌بێت به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و حهتمییهتهش پاراستنیان ئه‌گه‌رێكی كراوه بێت. كه‌واته مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر كوردستانی رۆژئاوا له توركیاوه دێت نه‌ك له ناوخۆی سوریاوه، یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌وه، به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی داهاتوی سوریا كه خۆی له ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سوریادا ده‌بینێته‌وه و ئه‌نجومه‌نێكی فره پێكهاتهشه، لهتونایدا نییه خۆی به‌شه‌ڕێكی دیكه‌ی ناوخۆییه‌وه یان كه سروشتێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، سه‌رقاڵ بكات.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به توركیاوه هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه به هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، حكومه‌تی داهاتوی سوریا حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێز بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی رۆژئاوا له ناو سنوری سوریادا بمێننه‌وه و به مافی زیاتری خۆیان نه‌گه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كورده‌كانی عێڕاق پێیگهشتون. خۆ ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر سه‌ر بكێشێت، ئه‌وا توركیا به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌دات.
مادام كوردستانی رۆژئاوا له‌ژێر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیادا ده‌بێت، كه‌واته هێنده‌ی ئه‌و مه‌ترسییه، ده‌بێت هێزێك هه‌بێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی، ئه‌و هێزه كوردیه‌ی كه له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سوریادا به‌شداره، خاوه‌نی ئه‌و هێزه سیاسی و سه‌ربازییه نییه، باقی هێزه‌كانی دیكه كه سه‌ربه‌خۆن به هه‌مانشێوه هێزگه‌لێكی زۆر كاریگه‌ر نین و ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بگرن، به‌ڵام په‌كه‌كه یان ئه‌و هێزانه‌ی كه سه‌ر به‌ون، هێزگه‌لێكی كاریگه‌رن و ده‌توانن رێگه له هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كی سیاسی و سه‌ربازی بگرن كه روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌زمونێكی چه‌ندین ساڵه‌یان له شه‌ڕی سه‌ربازی و پارتیزانییدا هه‌یه، كه‌واته ده‌توانن له كوردستانی رۆژئاوادا حكومه‌تێكی كاتیی پێكهوهبنێن و به تێپه‌ڕێنی كاتیش ئه‌و حكومه‌ته ده‌بێته ئه‌مری واقیع وه‌ك ئه‌وه‌ی له كوردستانی عێراقدا له دوای ساڵی 1991 ه‌وه رویدا.
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی توركیا بیه‌وێت به‌هێزی سه‌ربازی له‌ڕوی ئه‌و حكومه‌ته كوردییه بوه‌ستێته‌وه، ئه‌وا ناتوانێت و بۆی ناچێته‌سه‌ر، چونكه نه سیاسیه‌تی نیوده‌وڵه‌تی رێگه به‌كارێكی وه‌ها ده‌دات و نه ده‌وڵه‌تی توركیاش ده‌توانێت موجازه‌فه‌یه‌كی وه‌ها گه‌وره بكات، به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا له ماوه‌ی سی و پێنج ساڵی رابردودا له‌ڕوی شه‌ڕی سه‌ربازییه‌وه خاوه‌نی تهجروبهكی تاڵه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ له هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌سته‌وه‌ستان داده‌نیشێت و ته‌ماشا ده‌كات تا دوژمنێكی له‌به‌رامبه‌ردا بۆ قوتبێته‌وه، به‌ڵكو پلانی هه‌مه‌جۆره‌ی به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئێستادا زۆر كاریگه‌ر بێت و توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی پێ بكات ته‌نها هێرشی سه‌ربازییه، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كردوه تیایدا سه‌ركه‌وتو نابێت.