|
وتار
|
|
|
ئەزمونی وڵاتان لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەتی تەندروستی: تورکیا بە نمونە
د.گۆران عهبدوڵا |
|
|
|
|
|
|
|
پێشەکی:
یەکێک لەو ئامانج و بەرنامانەی کە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆخۆی دەستنیشانکرد جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە. ئەمە ماوەیەکی زۆرە کە باسی ئەو جیاکردنەوەیە دەکرێت بەڵام هیچ هەنگاوەیەکی پراکتیکی لەو بارەیەوە نەنراوە. هەروەها پێدەچێت کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی خەریکە هەست بەو شکستانە دەکەن کە بەرۆکی سیستمی تەندروستیان گرتوە و هەوڵی چارەسەریان دەدەن، بەڵام بەم میکانیزمەی کارکردنی ئیستا و ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارێتیان لەوەزارەتەکە هەیە ئەستەمە گۆڕانکاری گەورە بکرێت.
بۆ ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بەرچاوڕونی زیاتریان هەبێت لەبارەی ئەزمونی وڵاتانی دیکە لەمەڕ جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی گرنگە کە چاوێک بە ئەزمونی وڵاتی تورکیا بخشێنین لەم بوارەدا. تورکیا بەیەکێک لەوڵاتە سەرکەوتوەکان دادەنرێت لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و ئەو کارەی لەماوەیەکی زۆر کورتدا ئەنجامدا. بە دڵنیایەوە پێش ئەوەی کە تورکیا ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکات، پێشتر و لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردوا شکستێکی گەورەی خوارد لەهەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، چونکە ویستی بە تەنها لەڕێی ئامرازو میکانیزیمی یاسایی و بەزۆر ئەو کارە بکات. پێدەچێت کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بیەوێت هەمان ئەو شکستەی تورکیا دوبارە بکاتەوە، لەکاتێکدا کە ئەو وڵاتە نمونەیەکی باشە بۆ ئەوەی لێوەی فێربین و وانەکانی بخوێنینەوە. ئەم وتارە هەوڵدەدات ئەوەبکات.
دوکارەی (یا تێکەڵیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت)
دو کارەیی (Dual Practice) بەوە پێناسە دەکرێت کە کارمەندانی حکومەت ماوەیەکی زۆری کاتەکانیان لەکەرتی تایبەتدا بەسەردەبن-1-. دیارە بەشێکی زۆری پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەسیستمی تەندروستی ئێمەدا لەیەک کاتدا لەکەرتی گشتی و لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن. یەکەمین کارێک کە پێویستە لەسەر حکومەت ئەوەی دەستبکات بە نەهێشتنی دو کارەیی بریتیە لەئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک بۆ ئەوەی بە داتا و ژمارە بۆمان دەربکەوێت کە قەبارەی کێشەکە چەندە. بۆ نموونە کۆمەڵێک ژمارەی سادە هەیە کە پێویستە لەبەردەست بن پێش ئەوەی دەستبکرێت بە جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت. وڵاتی تورکیا بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی ئەو کارەی لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەدا ئەو کارەی کرد لەڕێی پرۆژەیەکی هەمەلایەنە کە لەساڵی ٢٠٠٣دا دەستیپێکرد.
نمونەی تورکیا -2-
گرنگترین وانەکانی ئەزمونی تورکیا لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بریتی بو لەوەی کە تەنها لەڕێی ئامرازو میکانیزمی یاساییەوە ناکرێت کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت جیابکرێتەوە. زۆر جار ئەو ئامرازە یاسایانە توێژێک یا بەشێک لەو توێژە توڕە دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتی و بەرەنگاربونەوەی ئەو میکانیزمە یاساییانە. هەڵبەتە مەبەستمان لەمیکانیزمی یاسایی تەنها پرۆژە یاسا یا یاسای دەرچو لەلایەن پەرلەمانەوە نیە، بەڵکو مەبەستیش لەو فەرمانە کارگێڕیانەیە کە وەزارەتی تەندروستی دەریاندەکات. پەرلەمانی تورکیا لەساڵی ١٩٨٣دا یاسایەکی لەو شێوەیە دەرکرد، بەڵام هەرزو شکستنی هێنا بەهۆی بەرەنگاربونەوەی زیاد لەتوێژێک کە لەو یاسایە زەرەرمەند بون یا هەستیان بەوە دەکرد کە زەرەمەند بون.
ئەزمونی تورکیا پێمان دەڵێت کە ئامرازی یاسایی دەبێت دوای بەرزکردنەوەی موچەی کارمەندانی حکومەت و هێنانەکایەی پاڵنەری مادی و داراییەوە بێت، بۆ ئەوەی کارمەندانی حکومەت کاتیکی زیاتر لە ناو دەزگا گشتیەکاندا بەسەربەرن. ئەو میکانیزمانە داراییانە وایانکرد کە رێژەی ٨٩% ئەو پزیشکە پسپۆرانەی کە لەهەردو کەرتی گشتی و تایبەت لەساڵی ٢٠٠٢دا کاریان دەکرد، دابەزێت بۆ ٥٤% لەساڵی ٢٠٠٥دا .-3-
پێدانی پاداشت لەسەر بنەمای کارامەیی:
لەساڵی ٢٠٠٤دا، وەزارەتی تەندروستی تورکیا پرۆژەیەکی دەستپێکرد لەناو نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بۆ پاداشتدانەوەی پزیشکان وکارمەندان لەسەر بنەمای کارامەیی لەو کارەی کە دەیکەن-4-. ئامانجی سەرەکی ئەو بەرنامەیە هاندانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بو بۆ ئەوەی کە ئاستی توانایان زیاتر بکەن و زۆرتر لەکەرتی گشتیدا کاربکەن. پێش ئەوەی ئەو بەرنامەیە دەستپێکات، زۆربەی پزیشکانی پسپۆر دو کاریان هەبو، یەکێکیان لەکەرتی گشتی و ئەوی تر لەکەرتی تایبەت. زۆربەی پزیشکانی پسپۆڕ پێیان باشتر بو زۆرترین کاتیان لەکەرتی تایبەت ببنە سەر، چونکە کەرتی تایبەت پڕ قازانجتر بو بۆ ئەوان. لەئەنجامدا، پزیشکانی پسپۆر کاتێکی کەمتریان لەکەرتی گشتی دەبردە سەر، هەر بۆیە قەڕەباڵەغەیەکی زۆر دەبینرا لەنەخۆشخانە گشتیەکاندا و نەخۆش دەبوایە بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بکردایە بۆ ئەنجامدانی پشکنین یا خزمەتگوزاریەکانی تر، لەبەرامبەریشدا ئاستی رازیبونی خەڵك لەکوالیتی خزمەتی تەندروستی لەخوارەوە بو. هەمو ئەمانە لەسیستمی تەندروستی کوردستاندا لەحاڵی حازر هەستی پێدەکرێت.
بەگوێرەی ئەو سیستمە تازەیەی کە وەزارەتی تەندروستی تورکیا لەساڵی ٢٠٠٤ دایهێنا، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەناو نەخۆشخانە گشتیەکان و بنکە تەندروستیەکاندا دو جۆر پاداشت وەردەگرن. جۆری یەکەم ئەو موچە سەقامگیرەیە کە وەزارەتی تەندروستی مانگانە پێشکەشیان دەکات. ئەو موچەیە بۆ هەمو کارمەندێک و پزیشکێک پێشکەشدەکرێت بەدەر لەئاستی زانستی و تواناو کارمایی کارمەند و پزیشکەکە. جۆری دوەم بریتیە لەو پاداشتەی کە بۆ کارمەندان و پزیشکان ئەژماردەکرێت لەبەرامبەر کارامایی و توانایان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە باشترین شێوە. سەرچاوەی داهاتی ئەو بڕە پارەیەی وەکو پاداشت بۆ پزیشکان و کارمەندان دابیندەکرا لەسەروی موچەکانیانەوە بریتی بو لەو پارەیەی کە لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان لەنەخۆش وەردەگیرا و هەروەها دەخیلەی بیمەی تەندروستی لەو وڵاتە.
کۆمەڵێک پێوەر دانرا بۆ ئەوەی بڕی ئەو پاداشتە دیاریبکرێت کە بۆ پزیشکان و کارمەندان خەرج دەکرێت. ئەو پێوەرانە دابەشکران بۆ سەر دو جۆر لەپێوەر، پێوەری تایبەت بە کەسەکان و پێوەری تایبەت بە دەزگا. ئەم فاکتەرانەی خوارەوە بڕی ئەو پارەیە دەستنیشان دەکەن کە کارمەندەکە یا پزیشکەکە وەردەگرێت:
1. نابێت ئەو پارەیەی بۆ پاداشتی پزیشکان و کارمەندان تەرخان دەکرێت لە ٤٠%ی هەمو داهاتی دەزگاکە (نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی...هتد) زیاتر بێت. دەزگاکان دەتوانن کەمتر لە ٤٠% تەرخان بکەن بە گوێرەی پێداویستیەکانی تر دەزگاکە (پێداویستی لەباشترکردنی دۆخی تاقیگەکانی دەزگاکە بۆ نمونە). بەڕێوەبەرایەتی دەزگاکە بەرپرسە لەبڕیاردان لەسەر ئەوەی چەندێک لەو داهاتەی بە دەستی دەهێنێت تەرخان بکات بۆ پاداشت لەچوارچێوەی ئەو رێنمایانەی وەزارەتی تەندروستی تورکیا دەستنیشانی دەکات. هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە پزیشکان و کارمەندان وەریدەگرن، سنوردارە بەبڕی موچەکەیان. بۆ نمونە پزیشکان لەدەزگا تەندروستیەکانی تورکیادا بۆیان نیە لە ٧ ئەوەندە زیاتری موچەکەیان وەکو پاداشت وەرگرن. بۆ نمونە ئەگەر پزیشکێک مانگانە ١٠٠٠ دۆلار موچە وەرگرێت، بۆی نیە کە لە ٧٠٠٠ دۆلار زیاتر مانگاکە وەکو پاداشت وەرگرێت.
2. ئەو بڕە پارەیەی وەکو پاداشت دەدرێت بە پزیشکان و کارمەندان، دەستکاریدەکرێت بە گوێرەی کۆمەڵێک پێوەری تایبەت بەو دەزگایەی کاری تێدا دەکات، بەڵام دەبێت بڕی پارەکە لەو سنورە بمێنێتەوە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد. هەر دەزگایەکی تەندروستی (نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی...هتد) نمرەیەکی پێدەدرێت لەنێوان ٠-١. ئەم نمرەیە لەسەر بنەمای توانای کارکردنی ئەو دەزگایە دەدرێت و لەرێی جەند پیوەرێکەوە دەستنیشاندەکرێ کە لە خوارەوە باسیان دەکەین. رێژەی داهاتی دەزگاکە کە بۆ پاداشت تەرخاندەکرێت کە لەلایەن دەزگاکە خۆی دەستنیشاندەکرێت (کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد و نابێت لە ٤٠%ی داهاتەکە زیاتر بێت) کۆی ئەو نمرەیە دەکرێت کە دەزگاکە وەریدەگرێت. بۆ نمونە ئەگەر دەزگایەک نمرەی ٠.٨ هێنا ئەوا ئەو بڕەی کە دەتوانێت بۆ پاداشتی پزیشک و کارمەندەکانی تەرخانی بکات بریتیە لە ٣٢%ی کۆی داهاتەکەی.
وەزارەتی تەندروستی پێنج پێوەری دانا بۆ دەستنیشانکردنی نمرەی هەر دەزگایەک. ئەو پێنج پێوەرەش ئەمانەی خوارەوەن:
a) گەیشتن بە ژوری پشکنین.
b) ژێرخان و پرۆسەکانی دەزگا تەندروستیەکە.
c) رەزامەندنی نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش
d) بەرهەمی دەزگاکە (رێژەی ئەو تەختانەی کە نەخۆشی لەسەرە، ناوەندی مانەوە لە نەخۆشخانە).
e) ئامانجەکانی دەزگا تەندروستیەکە (رێژەی نەشتەرگەری قەیسەری، رێژەی ئەو پزیشکانەی بە بەردەوامی لەدەزگاکە کاردەکەن، رێپۆرتکردنی نمرەکانی کارکردن بۆ وەزارەتی تەندروستی لەلایەن دەزگاکەوە).
3. بۆ هەر پزیشکێک و کارمەندێک کە لەدەزگاکە کاردەکات نمرەیەکی تایبەت ئەژماردەکرێت. ئەم نمرەیە بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێ کە چۆن بەشی هەر پزیشکێک و کارمەندێک بژمێردرێت دوای ئەوەی رێژەی پاداشت بۆ دەزگاکە لەداهاتەکەی ئەژماردەکرێت. بەشی هەر کارمەندێک و پزیشکێک لەڕێی پلەی وەزیفی کەسەکەو ژمارەی ئەو خزمەتانەی کە پێشکەشیکردون دیاریدەکرێت. هەر خزمەتێکی تەندروستیی یا پزیشكیی کە پێشکەشدەکرێت کێشێکی تایبەتی دەبێت کە وەزارەتی تەندروستی دیاریدەکات. دواتر کۆی ئەو نمرانەی کە پزیشک یا کارمەندەکە وەریدەگرێت بەگوێرەی هاوکێشەیەکەوە دەستنیشاندەکرێت کە بەگوێرەی پۆست و پلەی پزیشک یا کارمەندەکە دەستنیشاندەکرێت لەناو دەزگا تەندروستیەکدا. هەروەها ژمارەی ئەو رۆژانەی کە کەسەکە لەساڵێکدا کاریکردوە لەهاوکێشەکەدا لەربەرچاو دەگیرێت. ئایە کەسەکە بە تەواوەتی لەکەرتی گشتیدا کار دەکات یا بە پارت تایم کاردەکات هەروەها لەهاوکێشەکەدا رەنگدەداتەوە.
بۆ نمونە کێشی ١ بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە بەتەواوەتی لەکەرتی گشتیدا کار دەکەن و کێشی ٠.٤ بۆ ئەوانەی کە لەکەرتی تایبەتدا کاردەکەن لەپاڵ کارکردنیان لەکەرتی گشتیدا. ئەمە وایکرد کە پزیشکان و کارمەندان هانی ئەوە بدرێن کە تەنها لەکەرتی گشتیدا کار بکەن نەک لەهەردو کەرتەکە.
دوای ئەوەی کە ئەو میکانیزمانە کاری خۆیان کرد، ئەنجا تورکیا هەڵسا بە هێنانەکایەی یاسایەک کە دو کارەیی قەدەغەکرد لەساڵی ٢٠١٠ بە یاسایەک ئەو کارەی کرد. ئەگەر هاتباو ئەو یاسایە لەکاتێکدا دەرکرابا کە زۆربەی پزیشکانی پسپۆر لەدەرەوەی کەرتی گشتی کاریان دەکرد، ئەوا بە دڵنیایەوە نەیدەتوانی ئامانجی خۆی بپێکێ و روبەڕوی بەرهەڵستکاری گەورە دەبوەوە.
بەڵام هێشتا هەن کە پێیانوایە کە میکانیزمی یاسایی باشترین ئامرازە بۆ نەهێشتنی دو کارەیی-5-. پێدەچێت کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان رای هەبێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە بە تەنها میکانیزمی یاسایی و فەرمانی ئیداری کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت ئەگەر بێتو شێواز و میکانیزمی کارکردنی پزیشکان و کارمەندان و پاداشتدانەوەیان گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت. جێبەجێکردنی سیستمێکی هاوشێوەی تورکیا بۆ پاداشتدانەوەی پزیشکان و کارمەندان هەنگاوی یەکەمە لەڕێگای جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی لەکوردستاندا. هەروەها پێویستە کە خودی بەرپرسانی تەندروستی لەناو وەزارەتی تەندروستیدا دەست لەکارکردن لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان هەڵگرن و لەیەک کاتدا هەم لەناو وەزارەتی تەندروستی و هەم لەکەرتی تایبەتەدا کارنەکەن. هەڵەبەتە ئەمەش بە چاودێریەکی توندی پەرلەمانی کوردستان هەیە.
|
Thursday, July 3, 2014 |
|
|
Print |
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|