|
وتار
|
|
|
شوێنوار و كه‌لتور ناسنامه ونبوه‌كان
عه‌بدولڕه‌زاق مه‌مه‌ندی |
|
|
|
|
|
|
|
هه‌مومان پێویستمان به ناسنامه‌یه ناسنامه‌ش پێویستی به پاراستن و چاولێبون و هه‌ڵگرتنه به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو هه‌ركاتێكیش هه‌ستت كرد به‌ره‌و دڕان و گه‌چراندن ده‌چێت، پێویسته به‌رگی بكه‌یته‌وه یاخود هه‌میشه چاودێری بكه‌یت كاتێكیش زانیت ناسنامه‌كه‌ت ونبوه ده‌بێت به‌دوای دابگڕێی بۆ دۆزینه‌وه‌ی به رێگایه‌كی زانستی.
شوێنه‌وار وه‌ك ئه‌و ناسنامه‌یه كه له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد به‌كورتی ده‌بێت ئاگات لێی بێت به‌به‌رده‌وامی پاكڕاگرتن و چاودێری وردی پێویسته، به‌رده‌وامیش به‌شێك له شوێنه‌واره‌كان له‌ژێر گڵن نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و پێویسته به‌دوایاندا به‌گه‌ڕێین بۆئه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌مان به‌ڵگه‌دار تربكه‌ین و ده‌وڵه‌ندی بكه‌ین به زۆرترین زانیاری رابردومان بۆئه‌وه‌ی بتوانین داهاتویەكی پته‌و و به‌هێزی له‌سه‌ر دابمه‌زرێنین و بنیاتی بنێین، هه‌روه‌ك بنیاتنانی بینایه‌ك ئه‌گه‌ر بناغه و ژێرخانێكی به‌هێز نه‌بێت ناتوانی دروستی بكه‌ی، ده‌بێت زانیاری ته‌واوت له‌سه‌ر ژێرخانه‌كه‌ی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی خانوی داهاتوت له‌سه‌ری دروستبكه‌ی، بۆیه شوێنه‌وار به‌ڵگه بههادارهكانمان پێشكه‌ش ده‌كات له روه گشتیه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌ڕوی مێژویی، ئیتر گرنگه بزانین به كورتی زانستی شوێنه‌وار ناسی چییه؟
وه‌ك زانستێك به‌گشتی گرنگی ده‌دات به ناسینه‌وه‌ی شارستانیه‌ته كۆنه‌كان، ئه‌توانێت رێگه زانستی و هونه‌ریه‌كانی به‌كاربێنێت بۆ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه و گه‌ڕان به‌دوای چاخه‌كانی كۆن و ناوه‌ڕاست و نوێ، ئه‌و گه‌ڕانانه‌ش پشت ده‌به‌ستن به‌و پاشماوانه و شتانه‌ی كه مرۆڤی كۆن بۆخۆی دروستی كردون، له‌گه‌ڵ ئه‌و پاشماوانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌مو بۆچونه‌كان وه‌ك یه‌ك نین سه‌باره‌ت به سنوری دیاری كردنه زه‌مه‌نیه‌كان، به‌شێكیان واده‌زانن هه‌مو چاخهبهردینهكانی به‌ر له‌مێژو ده‌گرێته‌خۆ، هه‌ندێكیان رایان وایه كه زانستی شوێنه‌وار نابێت ته‌نها بایه‌خ به چاخه‌كانی پێش مێژوبدات، به‌ڵكو ده‌بێت گرنگی ته‌واو به چاخه مێژویهكانیش بدات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زانستی شوێنه‌وار ئاسۆیه‌كی فراوانه هه‌رله‌سه‌رده‌می بونه‌وه تاكو گه‌وره‌بون و زیادبونی به‌رهه‌مه‌كانی مرۆڤ له‌چاخه دێرینه‌كانی پێش مێژو، كه زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه و پاشماوانه‌ی به‌ده‌رده‌كه‌ون ئه‌وه رون ده‌كه‌نه‌وه كه بۆ چ سه‌رده‌مێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شوێنه‌وار په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به مێژوشه‌وه هه‌یه زۆرجار به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه ده‌ستنوسه‌كان وتابڵو و وێنه بهرجهستهییهكان ئاراسته‌ی مێژوی گه‌لێك ده‌گۆڕێت به‌سه‌لماندنی ئه‌و نوسینانه‌ی سه‌ر به‌رد و عاج و گلێنه قوڕینه‌كان، وێنه‌یه‌كی رون و ئاشكرامان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه هێما بۆ رێكخستنه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسای كۆمه‌ڵه كۆنه‌كان ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئاشكراكردنی توانای پیشه‌سازی و زانستی و ئه‌ده‌بی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه.
لێكۆڵینه‌وه شوێنه‌واریه‌كان پشت به هه‌ندێك له زانسته‌كانی وه‌ك كیمیا و فیزیا ده‌به‌ستێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت مێژوی راسته‌قینه‌ی خوله‌كانی شارستانیه‌ته‌كان وه‌ده‌ست بهێنێت، به‌به‌كارهێنانی رێگای (پۆتاسیۆم ئه‌ركۆن یان كاربۆن 14ی تیشكدار)، زانستی شوێنه‌وار په‌یوه‌ندی به زانستی چینه‌كانی زه‌ویه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه له شوێنه‌واری مرۆڤ له چاخهبهردینه كۆنه‌كاندا، ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش له كاتێك به‌دیار ده‌كه‌وێت كه په‌نا ببرێته به‌ر رێگا جیۆلۆجیه‌كان بۆ زانینی ته‌مه‌نی به‌رده‌كان و لێواری روبار و ئه‌شكه‌وت و حه‌شارگه‌كان كه پاشماوه‌ی مرۆڤی كۆنیان تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زانستی شوێنه‌وار په‌یوه‌ندی به زانستی زیندهوهرزانیشهوه هه‌یه، كه بایه‌خ ده‌دات به چۆنیه‌تی به‌دیاركه‌وتنی مرۆڤ و په‌ره‌سه‌ندنی به‌درێژایی چاخهكۆنهكان، شوێنه‌وار پشت به زانستی ئاژه‌ڵ ده‌به‌ستێت كه لقێكه له زانستی زینده‌وه‌رزانی، بۆئه‌وه‌ی له ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ره ره‌قه‌كان و به‌به‌رد بوه‌كان بكۆڵێته‌وه كه به‌ر له مرۆڤ یان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ژیاون، هه‌روه‌ها زانستی شوێنه‌وار پشت به لقه‌كانی زانستی زینده‌وه‌رزانی ده‌به‌ستێت ئه‌ویش زانستی روه‌كه بۆ ناسینه‌وه‌ی روه‌كه كۆنه‌كان كه مرۆڤ پشتی پێ به‌ستبون بۆ خۆراك و جلوبه‌رگ و دروستكردنی خانوهكۆخهكان و ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كان، هه‌روه‌ها زانستی شوێنه‌وار گرنگی ده‌دات به به‌دواداچونی رێگاكانی بازرگانی كۆن و كۆچی میله‌تان و گه‌لان بۆ هه‌رێمه‌كانی ده‌وروبه‌ر و دور، له‌وكاته‌ی دڵنیادهبیت له بونی كهلو په‌لی شارستانیه‌تێكی تر له ناوچه و هه‌رێمه‌كانی تردا، لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه بواره‌كانی زانستی شوێنه‌وار به‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی هونه‌ر و پیشه‌سازی و زمان و ئه‌ده‌ب و ئاینه‌كان و په‌یڕه‌وه ئابوری و رامیارییه‌كان و كۆمهلاَیهتی و سه‌ربازیه كۆنه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو گرنگیش ده‌دات به روكاره شارستانیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنیان چاخ به‌دوای چاخ، له‌به‌رئه‌وه په‌یوه‌ندی زۆر به هێزه بهئێستاوه وه‌ك په‌یوه‌ندی دره‌خت به رهگهكانیهوه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه ده‌به‌خشێت كه كه‌لتوری مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌تی وه‌چه‌ی چاخه نوێكان نیه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاخه دێرین و دوره‌كانی مێژو، هه‌ندێك جاریش بۆ پێش مێژو، ئینجا كه‌بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی رابردو به ئێستاوه زۆر به‌هێزن بۆیه پێویسته ئه‌م رابردوه باش بناسین بۆئه‌وه‌ی داهاتوێكی گه‌شاوه‌ی له‌سه‌ر بنیات بنێین.
سه‌رچاوه‌كان:
پێشه‌كییه‌ك ده‌رباره‌ی شوێنه‌وارناسی
ته‌قی الدهباغ- و: صباح پیرباڵ
http://ar.wikipedia.org/wiki
http://www.marefa.org
|
Monday, April 13, 2015 |
|
|
Print |
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|