له چاوه‌ڕوانیی راپۆرته‌كه‌ی كرۆكه‌ر - پاتریۆس دا به هۆی شكستی دیبلۆماسییه‌تی كوردی پێده‌چێت ئه‌نجامی راپۆرته‌كه جارێكی دی كورد نیگه‌ران بكاته‌وه
Tuesday, September 4, 2007 |
|
|
راپۆرت
سیروان ره‌شید / فرمان عه‌بدولره‌حمان
ته‌نها چه‌ند رۆژێكی كه‌م ماوه بۆ واده‌ی پێشكه‌شكردنی راپۆرتی رایان كرۆكه‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق و ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پاتریۆس فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عیراق، كه بڕیاره له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودوخی عیراق پێشكه‌شی كۆنگرێس و ئیداره‌ی ئه‌مریكای بكه‌ن، كه به بڕوای چاودێرانی سیاسی ئه‌و راپۆرته سیاسه‌تی داهاتووی ئه‌مریكا له عیراق ره‌نگرێژ ده‌كات و ئه‌نجامی راپۆرته‌كه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆ و گه‌وره‌ی به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و داهاتووی عیراق و كوردستان ده‌بێت.
به‌پێی راگه‌یاندنی چه‌ند رۆژی رابردووی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاره له چه‌ند رۆژی داهاتوودا وه‌فدێكی باڵا له‌و دوولایه‌نه سه‌ره‌كییه‌ی كوردستان به‌ر له بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ی كرۆكه‌ر و پاتریۆس بچنه ئه‌مریكا بۆ ده‌رخستنی بۆچوونی كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له عیراق ده‌گوزه‌رێت و خستنه‌ڕووی هه‌ڵوێستی كورد به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا.
به‌ڕای هه‌ندێك چاودێری سیاسی كوردی، له‌ئێستادا دیبلۆماسییه‌تی كوردی ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌جه‌ی سفردا نه‌بێت، ئه‌وا له ئاستێكی زۆر نزمدایه و كورد له‌كاته ناوه‌خت و ته‌نگانه‌كاندا و به پهرهپروزكێ دیبلۆماسییه‌تی بیرده‌كه‌وێته‌وه ده‌كه‌وێته خۆی.
ئه‌ندامێكی پارله‌مانی عیراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان كه نه‌یویست ناوی بهێنرێت، سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامی راپۆرته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه، وتی: "ناكارایی و شكستی دیبلۆماسییه‌تی كوردی ئه‌نجامی راپۆته‌كه‌ی كرۆكه‌ر و پاتریۆس به‌ده‌ردی راپۆرته‌كه‌ی بیكه‌ر هامڵتۆن ده‌بات".
ئه‌و ئه‌ندام پارله‌مانه وتیشی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له 15 ساڵی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه وه‌كو حكومه‌تێكی موئه‌سه‌ساتی كاربكات، هه‌مووكات دیبلۆماسییهتمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان به‌كارهێناوه و جگه له‌م یه‌ك دووساڵه‌ی رابردوو نه‌بێت"، هه‌روه‌ها وتیشی: "له 15 ساڵی رابردوودا یه‌كێتی و پارتی دیبلۆماسییهتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆیان به‌كارهێناوه، بۆیه كورد له‌ڕابردوودا ده‌یتوانی به دبلۆماسییه‌ت، ئه‌نجامی راپۆرته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی مسۆگه‌ر بكات به‌ڵام ئێستا كار له كار ترازاوه".
بوونی رایان كرۆكه‌ری ته‌مه‌ن 57 ساڵ، وه‌ك كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه قورساییه‌كی سیاسی گرنگی به‌خشیوه به راپۆرته‌كه، چونكه جگه له‌وه‌ی ناوبراو له هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه له‌نێو سلكی دیبلۆماسییه‌تی ئه‌مریكیدا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كارده‌كات، خاوه‌نی شاره‌زایی و ئه‌زموونێكی فره جهمسهریشه ده‌رباره‌ی كه‌لتور و سیاسه‌تی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه عه‌ره‌بی و فارسییه‌كی باش ده‌زانێت و له هه‌ریه‌كه له لوبنان، كوه‌یت، قه‌ته‌ر، میسر، ئێران، پاكستان كاری دیبلۆماسی كردووه و ته‌نانه‌ت ساڵی 1983 هێنده‌ی نه‌مابوو تیابچێت له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه رووبه‌ڕووی سه‌فاره‌تی ئه‌مریكی بووه‌وه له لوبنان. ئه‌مانه هه‌مووی له‌سه‌ر هێڵێكی راست كاریان بۆ گرنگی راپۆرته‌كه كردووه و وایكردووه كه ئه‌ندامانی كۆنگرێس به تاسوقه‌وه گوێی لێ‌بگرن.
له ناوخۆی عیراقیشدا واده‌ی پێشكه‌شكردنی ئه‌و راپۆرته بووه‌ته هۆی وروژاندنی سه‌رجه‌م پێكهاته سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عیراق.
ئه‌وه‌ی بۆ كورد مایه‌ی نیگه‌رانییه تائێستا نازانرێت ئه‌نجامی راپۆرته‌كه به‌نیسبه‌ت كورده‌وه پۆزه‌تیڤ ده‌بێت یاخود نه‌گه‌تیڤ، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بزانین كرۆكه‌ر له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه ده‌رباره‌ی راپۆرته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ناوڕاستی ئه‌م مانگه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی خسته‌ڕوو كه "راپۆرتێكی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر ده‌بێت"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتی: "من دروستكه‌ری هیچ سیاسه‌تێك نیم له‌عیراقدا، به‌ڵكو ئه‌ركی من پێشكه‌شكردنی زانیاری ورد و ته‌واوه له‌سه‌ر بارودۆخی عیراق، ئیدی په‌یڕه‌وكردن و داڕشتنی سیاسه‌تی نوێ ئه‌ركی كۆنگرێس و ئیداره‌ی ئه‌مریكییه".
هه‌رچه‌نده خودی كرۆكه‌ر خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له سه‌ركرده كورده‌كان به تایبه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عیراق و د. به‌رهه‌م ساڵح جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، به‌ڵام به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ئاگادار و باوه‌ڕپێكراو پێده‌چێت ئه‌نجامی راپۆرته‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌شكێته‌وه.
چونكه كرۆكه‌ر كه جێگره‌وه‌ی زاڵمای خه‌لیلزاد بوو، به‌وه ده‌ناسرێت كه رۆژئاواییهكی ته‌مام عه‌یاره و زۆر گوێ ده‌گرێت و كه‌م وه‌ڵام ده‌داته‌وه، كه وه‌ڵامیش ده‌داته‌وه توندی پێوه‌دیاره (فه‌رمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانی دی جێبهجێیبكهن)، به پێچه‌وانه‌ی هاوتاكه‌ی پێشترییه‌وه (خه‌لیلزاد)، كه خاوه‌نی سیمایه‌كی رۆژهه‌ڵاتییانه بووه و موجامه‌له‌ی زۆری به‌رامبه‌ره‌كانی ده‌كرد و به نه‌رمییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسییه عیراقییه‌كاندا ده‌كرد.
سه‌ركردایه‌تی كورد كه ئه‌وه‌نده نابێت له ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی به‌ره‌ی میانڕه‌و لێبۆته‌وه، به‌مه‌به‌ستی رزگاركردنی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی و پرۆسه‌ی سیاسی له عیراقدا، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و به‌ره نوێیه‌ی كه كورد ده‌ستی باڵای هه‌بووه له‌دروستكردنیدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توندی كرۆكه‌ر بووه‌وه و به "به‌ره‌یه‌كی شكستخواردوو وه‌سفیكرد". له لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیشدا رایگه‌یاند: "ئه‌و به‌ره‌یه ناتوانێت هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ بارودۆخی ئاڵۆزی عیراق پێشكه‌شبكات".
هه‌رچه‌نده كرۆكه‌ر له ئازاری 2007 ه‌وه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن جۆرج بۆشه‌وه كرا به باڵیۆزی ئه‌مریكا له به‌غدا، به‌ڵام ناوبراو ئه‌زموونی پێشتری له‌گه‌ڵ عیراقییه‌كاندا هه‌یه، چونكه ساڵی 1976 دیپلۆماتی پاشكۆی بازرگانی بووه له سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا له به‌غدا. له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه ئاشكرایكرد: "تاكه وانه‌یه‌ك له‌عیراقدا فێربووبم ئه‌وه‌یه كه هه‌موو شتێك ره‌نگه له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا بگۆڕێت له‌عیراقدا به بیروباوه‌ڕی سهركردهكانیشهوه".
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003 رایان كرۆكه‌ر سه‌رۆكاری چه‌ند به‌شێكی ده‌كرد له ده‌سه‌ڵاتی كاتیی هاوپه‌یمانان CPA به سه‌رۆكایه‌تی پۆل بریمه‌ر، كه وه‌كو گۆڤاری تایمزی ئه‌مریكی باسیكردووه زۆر ناكۆك بوون له‌گه‌ڵ بریمه‌ردا و سه‌د ده‌ر سه‌د بیروڕایان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر بوون و سه‌رباری ئه‌وه‌ش دژایه‌تی زۆری بڕیاره‌كانی بریمه‌ری ده‌كرد. هه‌ربۆیه ته‌نها سێ مانگ له‌پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه له ئایاری 2003 بۆ ئابی 2003.
له‌و شتانه‌ش كه كرۆكه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و بۆته مایه‌ی دروستبوونی ناكۆكی له‌نێوان خۆی و مالكیدا مه‌سه‌له‌ی یاسای نه‌وت و گازی عیراقی، تهعدیلكردنهوهی یاسای ریشه‌كێشكردنی به‌عس، یاسای پارێزگاكان، دابه‌شكردنی داهات و ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانییه. كه كرۆكه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێت له هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌دا.
لێره‌وه ئه‌وه‌ی مایه‌ی مه‌ترسییه بۆ سه‌ر كورد و له‌وانه‌شه له‌نێو راپۆرته‌كه‌دا ره‌نگبداته‌وه خراپ باسكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌تی كه كوردیش به‌شێكه له هاوپه‌یمانه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی ناوبراو. جگه له‌وه‌ش ترسی لابردنی هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رده‌می بریمه‌ر مه‌ترسییه‌كی تره لای كورد، چونكه پێیوایه به‌شێكی زۆری ده‌ستكه‌وته سیاسییه‌كانی ئێستای به‌رهه‌می بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می بریمه‌ره، له‌وانه مادده‌ی 58 كه دواتر بوو به مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق.
راپۆته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه كه تایبه‌ت ده‌بێت به‌ستراتیژیی داهاتووی كاركردنی سه‌رۆك بوش له‌عیراقدا، دوای راپۆرتی گروپی لێكۆڵینه‌وه‌ی عیراق (بیكه‌ر هامڵتۆن) دێت كه له‌مانگی دیسه‌مبه‌ری 2006 له‌سه‌ر بارودۆخی عیراق دایان به ئیداره‌ی بوش، راپۆرته‌كه‌ش له‌سێ خاڵدا بووه مایه‌ی ناڕه‌زایی شه‌قام و سه‌ركردایه‌تی كورد، كه له یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی راپۆرته‌كه‌دا داوای دواخستنی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكی كردبوو، بارودۆخی شاره‌كه‌شی شوبهاندبوو به "به‌رمیلێك باروت".
سه‌رچاوه ئاگادارهكانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك به‌شێكی گرنگ و تایبه‌ت ده‌بێت له راپۆرته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی كرۆكه‌ر و پاتریۆسدا.
له لێدوانێكی پێشتری كرۆكهردا به ئاشكرا دانی نا به‌وه‌دا كه ئه‌مساڵ پێناچێت ریفراندۆمی كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له مه‌ترسییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی راپۆرته‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ی كرۆكه‌ر پاتریۆس.
|
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|