راپۆرت: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
ده‌می به‌یانی، هێشتا خۆری به‌غدا ته‌واو گه‌رم نه‌بووبوو، هاوڵاتییانو گه‌شتیاران له‌نێو سه‌یرانگه‌ی زه‌ورا له ناوچه‌ی مه‌نسوری شاری به‌غدا، جمه‌یان ده‌هات، له كه‌راده (خاریج)یش مامه‌ڵه‌ی بازرگانی‌و هێنانو بردنی ئامێره كاره‌باییه‌كان خرۆشانی خستبووه ئه‌و شه‌قامه‌وه، ئاگردانی كه‌ناری دیجله‌ش له‌سه‌ر شه‌قامی ئه‌بونه‌واس گهشابوونهوهو بۆنی ماسیی بر‌ژاو ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی ته‌نیبوو، خوێندكارانی زانكۆی به‌غداش له بابولموعهزهمو جادرییه پڕبوون له هیواو بێ ترس شه‌قامه‌كانیان پڕكردبوو له جوڵه، لای ئێواره‌ش به ئاشكرا تێپه‌ڕینی كه‌ژاوه‌ی ئاهه‌نگی ژنهێنان له‌نێو شه‌قامی حه‌یفا له‌به‌ری كه‌رخ كه مه‌یدانی ئه‌نجامدانی چه‌ندین كاری توندوتیژی بوو، دیمه‌نێكی تری به‌غدای ئێستایه.
هه‌موو ئه‌و ناوچانه ته‌نها پێش كه‌متر له 10 مانگ شوێنی مه‌ترسیدارو پڕ توندوتیژی بوون‌و خاڵیبوون له‌وشێوه هاتوچۆو دیمه‌نانه، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی پلان‌و به‌رنامه ئه‌منییه‌كانی مالیكییه‌وه، به‌غدا چووبێته قۆناغێكی تره‌وه‌و هێواش هێواش دۆخی شێواوی ئه‌منیی به‌غدا ئارامیی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌رئه‌نجامیش رۆژ له‌دوای رۆژ پێگه‌ی سیاسیی مالیكی‌و حكومه‌ته‌كه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ره‌نگه له داهاتوویه‌كی نزیكدا سیناریۆی سیاسیی نوێ بهێنێته ئاراوه‌و سه‌ره‌تاكانی ئه‌و گۆڕانه سیاسییه‌ش له لێدوانه‌كانی هه‌فته‌ی رابردووی مالیكی به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌ون، كاتێك داوای ئه‌وه‌یكرد كه ده‌ستوور جارێكی تر بنووسرێته‌وه.
مالیكی‌و لۆژیكێكی سیاسیی نوێ
له 14ی شوباتی 2007دا مالیكی پرۆسه‌ی سه‌پاندنی یاسای له شاری به‌غدا راگه‌یاند، دوای تێپه‌ڕینی 10 مانگ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا، باری ئه‌منیی به‌غداو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئارامییه‌كی بێوێنه‌ی به‌خۆوه گرتووه‌و سوپای عێراقیش دوای پڕچه‌ككردنی له ماوه‌ی رابردوودا، قورساییه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌و مالیكیش زیاتر له كارتێكی سیاسی پێوه گرێداوه، هه‌ربۆیه گوتاری سیاسیی مالیكی به‌ته‌واوی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه كه له هه‌موو باره‌كاندا توندبووهو هه‌ڵگری نه‌فه‌سی به‌هێزكردنی ناوه‌نده.
وه‌كو هه‌ندێك له به‌رپرسانی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی رایانگه‌یاند، پرۆسه‌ی سه‌پاندنی یاسا له قۆناغه‌كانی كۆتایدایه‌و 75%ی كار‌و ئامانجه‌كانی جێبه‌جێكردووه، به‌ڵام هێشتا پرۆسه‌كه ته‌واونه‌بووه، لۆژیكی سیاسیانهیو تۆنی ده‌نگی مالیكی گۆڕاو وه‌كو ده‌ستپێكی ئه‌و گۆڕانه‌ش رۆژی 8/11 له كۆنگره‌ی نوخبه‌و توانا عێراقییه‌كاندا كه تایبه‌ت بوو به دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی‌و هه‌رێمه‌كان، مالیكی داوای كرد كه گۆڕانكاریی له ده‌ستووردا بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدات به حكومه‌تی ناوه‌ندی، به‌وپێیه‌ی ده‌ستووری عێراق له كه‌شوهه‌وایه‌كی نابابهتیدا نووسراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین مه‌ترسیی له‌ئارادا بووه.
ئه‌و لێدوانانه‌ی مالیكی هاوكاته له‌گه‌ڵ باشبوونی باری ئه‌منیی به‌غداو سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سه‌پاندنی یاسا، كه ئه‌وه‌ش ره‌هه‌ندێكی سیاسیی تر ده‌به‌خشێته بۆچوونه‌كانی مالیكی كه تا دێت توندتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا، به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك كه له كێشه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌له‌ولاو ته‌نانه‌ت خانه‌قینیشدا گره‌وی قسه‌كانی مالیكی بردیه‌وه‌و توانی پێشمه‌رگه له ناوچه‌كه ده‌ربكات.
به‌هێزبوونی سوپای عێراق هه‌یبه‌تێكی سیاسی به حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی به‌خشیوه‌و ئێستاش له به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی شهقامو نه‌خشه‌ی سیاسیی حیزبه عێراقییه‌كان، حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی خاوه‌نی قورساییه‌كی بێ پێشینه‌یه، پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌پاندنی یاسا، تێكڕای كاره توندوتیژیه‌كان مانگانه له به‌غدا 187 ته‌قینه‌وه‌و هێرشی جیاواز بووه، به‌ڵام مانگی ئه‌یلولی رابردوو ئه‌و رێژه‌یه دابه‌زیوه بۆ 18، كه ئه‌وه‌ش به بڕوای چاودێرانی سیاسی، هۆكارێكه بۆ گۆڕینی بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی مالیكی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی، كه دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوهندو به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان ده‌كه‌ن، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه كورد‌و مه‌جلیسی ئه‌علای ئیسلامی.
به‌هاری به‌غداو پایزی كورد
هێشتا كورد به‌شێكی زۆر له ئامانجه نهتهوایهتییهكانی دوای رووخانی سه‌دامی به‌دینه‌هێناوه، كه‌چی به‌غدا له سه‌ره‌تای به‌هاری دووباره به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیدایه، ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی كورد له ماوه‌ی بێهێزیو لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا نه‌یتوانیبێت لانیكهمی داواكارییه‌كانی خۆی بسه‌پێنێت، ئه‌وا له ئێستادا جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی زیاتر له چه‌ندین قۆناغ پاشه‌كشه‌ی كردووه، چونكه ئێستا به‌غدا قورسایی سیاسی‌و هاوسه‌نگی هێزی له گه‌شه‌كردندایه، هه‌ربۆیه شه‌ڕی داهاتووی جێبه‌جێكردنی دواكارییه‌كانی كورد پێده‌چێت شهإێكی بێهوده بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ر له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و جێگیركردنی بودجه‌ی 17%و داننان به گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی ههرێمو بودجه‌ی پێشمه‌رگه، ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیش وه‌كو بنه‌مایه‌كی چه‌سپیوو و شوناسی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئێستا خه‌ریكه گره‌وی له‌سه‌ر بكرێت‌و دووباره ده‌خرێته‌وه به‌ر باس‌و گفتوگۆ.
كورد كه پێشتر تاكه پشتیوانی مالیكی بوو، هه‌میشه به‌رمه‌بنای سیستمی تهوافوقو (موحاسه‌سه) یارییه‌كانی خۆی ده‌كرد، ئه‌گه‌ر شتێكیشی له داواكارییه‌كانی خۆی به‌رجه‌سته كردبێت، ئه‌وا لاوازیی ئه‌وكاتی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی‌و خراپیی باری ئه‌منی كه زۆرجار هه‌ڕه‌شه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی خودی مالیكیش ده‌كرد، هۆكارێك بووه له‌وباره‌یه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه مالیكی خۆیه‌تی ده‌ڵێت "بنه‌مای تهوافوقو موحاسه‌سه میكانیزمێكی باش بووه بۆ قۆناغێكی دیاریكراو‌و ناكرێت بۆ هه‌میشه پشتی پێ ببه‌سترێت"، مالیكی له‌و كۆنگره‌یه‌ی رۆژی 8ی ئه‌م مانگه‌دا ئاشكراتر بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی خۆی خسته‌ڕوو، كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی مالیكی پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ره، كاتێك داوایكرد ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی روونتر دابه‌ش بكرێن به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی ناوهندیو به پێویستیشی زانی هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاتی ههرێمو پارێزگاكان بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی.
كورد ناوبانگیشی له‌ده‌ستداوه
پێده‌چێت قۆناغه‌كانی منه‌تكردنی كورد به‌سه‌ر مالیكی‌دا ته‌واو بووبێت‌و چیتر مالیكی پێویستی به پشتگیریی كورد نه‌مابێت بۆ مانه‌وه، ئه‌مه‌ش له ساده‌ترین مانایدا سفربوونه‌وه‌ی كارته سیاسییه‌كه‌ی ده‌ستی كورده كه نه‌یتوانی حه‌كیمانه به‌كاری بهێنێت، ئه‌وه‌ش راستییه‌كه پێش هه‌مووان مالیكی دركی پێكردووه، بۆیه هیچ به مه‌ترسیی نازانێت كه راشكاوانه هێرش بكاته سه‌ر شه‌ره‌فی سیاسیی كورد كه مه‌سه‌له‌ی فیدراڵییه.
نوێنه‌ره‌كانی كوردیش له به‌غدا له ماوه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌نده‌ی عێراقیانه بیریان كردووه‌ته‌وه‌و مامه‌ڵه‌یان كردووه، ئه‌وه‌نده وه‌كو نوێنه‌رێكی كورد مامه‌ڵه‌یان نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت پۆستێكی سیادی وه‌كو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كه كورد شه‌ڕێكی زۆری له‌سه‌ركرد، به‌ده‌ستیه‌وه بێت، له كۆی 2000 دیبلۆماتكار ته‌نها 200 دیبلۆماتكاری كورده، له ماوه‌ی رابردووش‌دا ئه‌و وه‌زیره كورده نه‌یتوانیوه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا هیچ كارێك بكات، لانیكه‌م هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورددا بڕوات.
كاتێك كه ستافی دانوستانكاری رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی عێراق- ئه‌مریكا به‌ده‌ست وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بوو، نه‌یتوانی په‌راوێزێك بۆ پێگه‌ی كورد له‌و رێككهوتننامهیهدا ده‌سته‌به‌ر بكات‌و ئێستاش ره‌شنووسی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه چه‌ندین به‌ندو ماده‌ی تێدایه كه ده‌كرێت له‌دژی كورد ته‌فسیر بكرێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه نوێنه‌ره‌كانی كورد له به‌غدا نه‌یانتوانی نوێنه‌رایه‌تیی راسته‌قینه‌ی كورد بكه‌ن، ناوبانگی كوردیش وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له عێراقدا رۆژانه خراپ ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی لێدوانی ناواقیعیانه‌ی هه‌ندێك له به‌رپرسانی كورد له ههرێمو مامه‌ڵه‌ی خراپی حكومه‌تی هه‌رێم له كوردستان.
چه‌ند هاوڵاتییه‌كی توركمان له چێشتخانه‌ی (قه‌سر زیافه) له شاری دووزخورماتوو سه‌رقاڵی نانخواردنن، شوێنه‌كه تازه دروستكراوه‌و به‌پێی وته‌ی چه‌ند كه‌سێكی ناوچه‌كه خاوه‌نه‌كه‌ی به‌رپرسێكی كوردی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یه، ئه‌و هاوڵاتییه توركمانانه پێیانوابوو ئه‌گه‌ر له‌دوای رووخانی سه‌دامه‌وه سه‌ركردایه‌تیی كورد له كه‌ركوك سیاسه‌تێكی دادپه‌روه‌رانه‌یان په‌یڕه‌و بكردایه، ئێستا نه‌ك توركمان به‌ڵكو زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌كانیش پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد.
له شاری به‌غداش چه‌ند هاوڵاتییه‌ك كه له‌سه‌ر شه‌قامی موته‌نه‌بی له به‌غدا ته‌ماشای كتێبی سه‌ر شه‌قامه‌كانیان ده‌كرد، پێیانوابوو سه‌ركردایه‌تیی كورد هه‌میشه چاوی له بێگانه‌یه‌و دڵسۆزی عێراق نییه، به شوێن هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕێت یه‌كێتیی خاكی عێراق تێكبدات.
ئه‌و ناوبانگه خراپه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كورد له‌نێو پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراقدا، هاوكاته له‌گه‌ڵ ناڕه‌زاییه‌كی توند له‌نێو شه‌قامی كوردی دژ به‌و فه‌سادو گه‌نده‌ڵییه‌ی كه زۆربه‌ی بهرپرسو ده‌زگاكانی هه‌رێمی گرتووه‌ته‌و هیچ هه‌وڵێكیش نییه له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه هه‌وڵبدات.
كۆتاییه‌كی مه‌ترسیدار:
به‌غدا له‌سه‌ر رێگای بههێزبوونهوهیدایهو كوردیش تا ئێستا لانیكهمی ئه‌و مژدانه‌ی نه‌چنیوه‌ته‌وه كه روخانی سه‌دام له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتبوو.
ئێستا هاوسه‌نگیی هێز له قازانجی كورد نییه‌و ئاماژه سیاسییه‌كانیش ده‌ریده‌خه‌ن كه رێژه‌ی كورسییه‌كانی كورد له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی دیاله‌و موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دین، كه‌م ده‌بێته‌وه‌و چاره‌نووسی كه‌ركوكیش تا ئێستا به ئاراسته‌یه‌كدا نییه هاوته‌ریبی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد بێت، راپۆرته هه‌واڵی میدیا‌و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئاماژه به خراپیی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن له رووی ئیداردانو بوونی گهندهڵیو پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، هه‌موو ئه‌و فاكته سیاسییه مه‌ترسیدارانه‌ش له‌كاتێكدایه كه كورد هیچ كارتێكی سیاسی له‌ده‌ستدا نه‌ماوه.