ئاماده‌كردنی: رێبین فه‌تاح
جیاواز له‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌رتی بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان به‌خۆوه‌ی دیوه، كه‌رتی كشتوكاڵی نه‌ك هه‌ر هیچ پێشكه‌وتنێكی به‌خۆوه نه‌دیوه، بگره له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ئاوڕێكی ئه‌وتۆی لێنه‌دراوه‌ته‌وه، به‌وه‌ی تا ئێستا هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ بوژانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته ئابورییه له‌لایه‌ن حكومهتو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه پێشكه‌ش نه‌كراوه، شاره‌زایانی بواری ئابوریش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێشكه‌وتنی كه‌رتی كشتوكاڵ، پێشكه‌وتنی كه‌رتی ئابورییه له كوردستاندا.
خاكێكی به‌پیت، به‌ڵام بێبه‌رهه‌م:
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا تێبینی ده‌كرێت، له‌ڕوی جوگرافییه‌وه خاكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ كشتوكاڵ هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كشتوكاڵ له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا ناكرێت، خاكه بهپیتهكه بێبه‌رهه‌م ماوه‌ته‌وه.
شاره‌زایانی بواری جوگرافیای كوردستان روبه‌ری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به روبه‌رێكی به‌رفراوان ده‌خه‌مڵێنن، به وته‌ی ئابوریناسانیش ئه‌گه‌ر ته‌واوی روبه‌ری كشتوكاڵی كوردستان بچنرێت، یه‌كێك ده‌بێت له سه‌رچاوه ئابورییه هه‌ره گرنگ‌و گه‌وره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
د. عه‌بدوڵڵا غه‌فور، پسپۆڕ له جوگرافیای كوردستان، له‌میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا بۆ دیاریكردنی سنوری جوگرافی‌و روبه‌ری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كوردستان، بۆی ده‌ركه‌وتوه كه باشوری كوردستان زه‌وییه‌كی به‌پیتی كشتوكاڵی هه‌یه‌و ئاوهه‌وای ئه‌و هه‌رێمه‌ش بۆ كستوكاڵكردن گونجاوییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، ناوبراو باس له‌وه ده‌كات كه زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان ده‌رفه‌تێكی گه‌وره به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن بۆ داچاندنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا به‌تایبه‌ت كه ئاوهه‌وای ناوچه‌كه گونجاوییه‌كی باشی هه‌یه.
په‌ككه‌وتنی كه‌رتی كشتوكاڵ:
تا به‌ر له راپه‌ڕینی 1991ی هه‌رێمی كوردستان، رژێمی پێشوی عێراق به هه‌زاران له گونده‌كانی كوردستانی ته‌خت كرد‌و گوندییه‌كانی به‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندی شاره‌كان راگواست، ئه‌مه‌ش كه‌رتی كشتوكاڵی به‌ته‌واوه‌تی په‌كخست، به‌وه‌ی دانیشتوانی گونده‌كان زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی خۆیان جێهێشتو له شاره‌كان نیشته‌جێبون.
دوای راپه‌ڕینی 1991 ئه‌وه‌ی پێویست بو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیكات، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی كوردستان‌و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ بو، به‌ڵام به‌هۆی ئاڵۆزبونی بارودۆخی سیاسیی كوردستان‌و دروستبونی شه‌إی ناوخۆی نێوان یهكێتیو پارتی‌و لایه‌نه‌كانی دیكه، نه‌توانرا كار له‌سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵدا بكرێت، ئه‌مه‌ش وایكرد گوندییه‌كان كه له سه‌رده‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا له گونده‌كانیان دورخرابونه‌وه، یارمه‌تیان نه‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانی خۆیان‌و كار له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییهكانیاندا بكه‌ن.
ته‌ها عه‌زیز، ئابوریناس‌و شاره‌زا له‌بواری ئابوری، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستان نه‌ك هه‌ر ئاوڕی له كه‌رتی كشتوكاڵ نه‌داوه‌ته‌وه، بگره كاریگه‌ری خراپیشی هه‌بوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوندییه‌كان جارێكی تر بۆ گونده‌كانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌ست به كاری كشتوكاڵیی بكه‌ن. ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ئابوری ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستانی به‌تایبه‌ت یهكێتیو پارتی، رۆڵێكی خراپیان هه‌بو له دامه‌زراندنی ئه‌و گوندیانه‌ی رویان له شاره گه‌وره‌كانی كوردستان كردبو، چونكه هه‌ر لایه‌نێك‌و له رێگه‌ی دامه‌زراندنی ناپێویستی خه‌ڵكه‌وه هه‌وڵی كێشكردنی جه‌ماوه‌ری به‌ره‌ولای خۆی ده‌دا، ئه‌مه‌ش به وته‌ی ناوبراو كاریگه‌ری زۆری دروستكردوه له‌سه‌ر ئه‌و رێژه زۆره‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له ئێستادا، جگه له‌وه‌ی كه لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان له ساڵانی دوای راپه‌ڕیندا ژماره‌یه‌كی زۆر له گوندییه ده‌ركراوه‌كانیان دژ به‌یه‌ك چه‌كدار كرد‌و چه‌كداربون، دامه‌زرانی گوندییه‌كانیش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئابورییه‌كانی ئه‌وان له گونده‌كانه‌وه بۆ مه‌ڵبه‌ندی شاره‌كان بگوازرێته‌وه‌و چیتر پێویستیان به كشتوكاڵكردن نه‌بێت.
كشتوكاڵ چاره‌سه‌ری بێكاریی ده‌كات:
به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌رته‌كانی بازرگانی‌و پیشه‌سازییه‌وه، كه‌رتی كشتوكاڵ به‌وه ده‌ناسرێته‌وه كه ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌رفه‌تی كار دابین بكات.
شه‌ماڵ عه‌لی، شاره‌زا له‌بواری ئابوری‌و ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئابوریناسانی كوردستان، باس له‌وه‌ده‌كات كه پێشكه‌وتنی كه‌رتی بازرگانی‌و پیشه‌سازیی ناتوانن ژماره‌یه‌كی به‌رفراوانی ده‌ستی كار رابكێشن، چونكه پێویستیان به كرێكاری كه‌م هه‌یه له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا، به‌ڵام یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه زه‌قه‌كانی كه‌رتی كشتوكاڵ ئه‌وه‌یه كه له توانایدا هه‌یه ژماره‌یه‌كی به‌رفراوان له ده‌ستی كار بۆ خۆی رابكێشێت. ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه گرنگیی پێشكه‌وتنی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ر له‌وه‌دا نییه كه یه‌كێكه له سه‌رچاوه ئابورییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستان، به‌ڵكو ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌ستی كار رابكێشێت‌و تا راده‌یه‌كی باش كۆتایی به قه‌یرانی بێكاریی بهێنێت كه ئه‌مڕۆ كوردستان به‌ده‌ستییه‌وه گیرۆده بوه. شه‌ماڵ عه‌لی ئه‌و بۆچونه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه ئه‌گه‌ر ئاوڕ له كه‌رتی كشتوكاڵ بدرێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه ئێستا یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراندنی ئه‌و رێژه زۆره‌ی فه‌رمانبه‌رانه له فه‌رمانگه‌كاندا، به‌ڵام پێشكه‌وتنی كه‌رتی كشتوكاڵ واده‌كات كه حكومه‌ت بتوانێت رێژه‌یه‌كی زۆر له‌و كادیرانه‌ی پێویستی نین، له كه‌رتی كشتوكاڵدا جێگایان بكاته‌وه، به‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆری داهاتی كوردستان كه ئێستا وه‌ك موچه دابه‌ش ده‌كرێت، بۆ سندوقی دارایی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌توانرێت له كاره خزمه‌تگوزارییه‌كاندا به‌كاربهێنرێت.