راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
به بڕوای چاودێران‌و چالاكوانانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پهرلهمانو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانێكی نه‌وعی له‌ژیانی سیاسی هه‌رێمدا هێناوه‌ته‌دی، هاوكاتیش دروستكردنی هێزی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه له ههرێمو داماڵینی ئه‌و پیرۆزیانه‌ی پێشتر سه‌ركرده‌و حیزبه گه‌وره‌كان به به‌رگی خۆیاندا دابڕی بو له ده‌رهاویشته گه‌وره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره زۆره‌ی خروقات‌و سهختهكارییانهی چاودێرانی هه‌ڵبژاردن له سنوری پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك تۆماریانكردوهو ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، بردنه‌وه‌ی لیستی دو حیزبه‌كه (كوردستانی) به قۆناغێكی سهختو دژوار‌و هه‌ستیاردا تێپه‌ڕی، هه‌روه‌ك لیستی ئۆپۆزسیۆنیش توانی ببێته لیستی دوهمو متمانه‌ی قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی بۆ خۆی كێش بكات. له گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می پهرلهمانو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رۆژی (25) تهمموز به به‌شداری نزیكه‌ی دو ملیۆن ده‌نگده‌ر له سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چو.
عه‌لی كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری ئینستوتی كوردستان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌باره‌ی گرنگی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی پێیوایه، گۆڕانێكی نهوعیو گرنگ له‌ژیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رجه‌سته‌بوه، به‌وپێیه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوه‌ته هێزێكی راسته‌قینه‌ی گه‌وره‌و كاریگه‌ر كه به‌شداری له‌ژیانی سیاسی‌دا دهكاتو په‌نجه ده‌خاته سه‌ر زۆر له‌و ههڵسوكهوتو چالاكیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم په‌یڕه‌وی ده‌كات، له‌و روه‌وه ده‌ڵێت: " خه‌ڵك ئه‌مجاره وتیان ته‌نیا پارتی‌و یه‌كێتی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نین، به‌ڵكو به ته‌نیا ناشتوانن كاریگه‌رییان هه‌بێت، واته له هه‌رێمدا ته‌نیا مه‌سعود بارزانی نییه كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵكو (30%)ی ده‌نگی ئه‌م هه‌رێمه، ده‌ڵێن د.كه‌مال میراوده‌لیش ده‌توانێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌كه‌یان بكات".
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی یه‌كێتیش ئاماژه به گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه دهكاتو گرنگیهكهش له‌وه‌دا چڕ ده‌كاته‌وه كه بناغه‌یه‌كی پته‌وی بۆ بونی ئۆپۆزسیۆن به به‌رگێكی یاسایی‌و به چه‌ترێكی یاسایی داڕشت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "ئێمه په‌رله‌مانێكمان هه‌بو نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌ته‌واوی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام پێموایه په‌رله‌مانی داهاتو په‌رله‌مانێكی كاراتر دهبێتو ده‌توانێت به‌شێكی زۆری ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ بكات، چونكه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بناغه‌یه‌كی پته‌وی بۆ بونی ئۆپۆزسیۆن له كوردستاندا داڕشت، ئه‌و بناغه‌یه‌ش له به‌رگ و چه‌تری یاسایی به‌ڕێوه‌چوه".
به بڕوای به‌شێكی دیكه له چاودێران، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به گه‌وره‌ترین گۆڕانی له سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستاندا چڕ ده‌بێته‌وه‌و هاوكاتیش جگه له‌وه‌ی روخانی دیواری ترسی ده‌سه‌ڵاتی لێكهوتهوه، هه‌مو قودسییهتو پیرۆزییه‌كانی سه‌ركرده‌و حیزبهكانیشی راماڵی.
كامه‌ران به‌رواری مامۆستای زانكۆی دهۆك بڕوای وایه، گه‌وره‌ترین گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بو، وه‌ك میلله‌تێكی خاوه‌ن شۆڕش‌و خهباتو ماندو كه ماوه‌یه‌ك بو ئیراده‌ی ته‌سلیمی چه‌ند كهسو هێزێك كرابو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ئه‌وه رون بوه‌وه، كه مرۆڤی كورد ئاماده‌یه ده‌ست له ده‌ستكه‌وته مادی‌و تایبهتیو حیزبییهكانی خۆی هه‌ڵبگرێت بۆ ده‌ستكه‌وتی نهتهوهییو نیشتمانی‌و گشتییهكانو وتی: "شكاندنی ئه‌و دیواری ترسه‌ی ده‌سه‌ڵات دروستیكردبو، كه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن چاره‌نوسی خه‌ڵك كوشتن‌و مردنه، ئه‌وه روخا، هاوكاتیش ئه‌و قودسییهتو پیرۆزییه‌ی حیزب‌و سه‌ركرده‌كانی بۆ خۆیان دروستیان كردبو، كه مرۆڤی موقهدهسنو گه‌وره‌ترو به‌رزترن له خه‌ڵك ئه‌وه‌ش نه‌ماو ده‌ركه‌وت كه‌سی ئاسایین".
به‌رواری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو ئه‌و ژماره‌ی زۆره‌ی كه‌مال میراوده‌لی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژارد، ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه له هه‌رێمدا كه‌سی دیكه‌یش هه‌یه ده‌توانێت سه‌رۆكی هێزو حیزب‌و هه‌رێم بكات، واته ئه‌وه‌ی پیرۆزه نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌و میلله‌ته‌و هیچ بنه‌ماڵه‌و حیزب‌و كه‌سێك پیرۆز نین".
چالاكوانێكی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌لماندی خه‌ڵك پێویستی به‌هێزێكی راسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌و ئه‌و بیروڕایه‌ش كاڵبوهوه، كه پێیانوابو جه‌ماوه‌رو خه‌ڵك موڵكی دو حیزب‌و چه‌ند سهركردهیهكنو جگه له‌و هێزانه لایه‌نی دیكه ناتوانن موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت بكه‌ن.
شۆڕش ئه‌مین چالاكوانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی پێیوایه، گۆڕانكاری گرنگ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه كه ده‌ركه‌وت جه‌ماوه‌ر موڵكی هیچ كهسو حیزبێك نییه، به‌ڵكو به‌دوای هێزێكی گرنگ‌و خزمه‌تگوزاردا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌مه له كاتێكدایه كه پێشتر دهسهڵاتو به‌شێك له خه‌ڵك پێیانوابو ئه‌وه‌ی ده‌توانێت سیاسه‌ت بكات هه‌ر ئه‌و دو حیزبه‌و سهركردهكانیانن، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه سه‌لماندی خه‌ڵك هێزی ئۆپۆزسیۆنی كاریگه‌ری دروستكردوه‌و پێویسته ئه‌و هێزه موماره‌سه‌ی راسته‌قینه‌ی كاری ئۆپۆزسیۆنیی خۆی بكات. وتیشی: "جه‌ماوه‌ر هی ئه‌و دهسهڵاتو كه‌سه‌یه كه راستگۆیهو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دهپارێزێتو سهروهتو سامانی نادزێت، بۆیه له داهاتودا ئه‌ركی لیستی گۆڕان قورسه، به‌وه‌ی ده‌بێت شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌و بهرنامهیهشیان بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا، خه‌ڵك بزانێت كێ دژی به‌رنامه‌كه‌یان بوه".
ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵبژاردن وه‌ك چۆن له لێدوانی به‌رپرسانی لیستی دو حزیبی ده‌سه‌ڵاتداریش بۆ راگه‌یاندنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌و توشی شۆكی كردون، هاوكاتیش چاودێرانی دیكه‌ی هه‌رێمیش ئاماژه به راچڵه‌كاندنی دهسهڵاتو گرنگی ئه‌و په‌یامه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵك له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گه‌یاندیه ده‌سه‌ڵات.
عه‌لی كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری ئینستوتی كوردستان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، پێیوایه دوه‌م ئاماژه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه راچڵهكاندێكی گه‌وره‌بو بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و دو حیزبه‌كه، به‌وه‌ی خۆشهویستیو ده‌نگی خه‌ڵكێكی زۆری ئه‌م هه‌رێمه‌یان له‌ده‌ستداوه‌و ناتوانن وه‌ك جاران به‌ناوی هه‌موانه‌وه قسه بكه‌ن. وتیشی: "ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كوردستان له‌و په‌یامه گه‌یشت ده‌نگی خه‌ڵك بۆ ئه‌وان نییه هه‌تا هه‌تایه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر هێزی دیكه ههبێتو هه‌ڵبژاردنه‌كان به پاكی بهڕێوهبچنو چاودێری له‌سه‌ر هه‌بێت، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێی هێزه گه‌وره‌كان زۆر نزیكه".
هاوڕا له‌گه‌ڵ بۆچونه‌كانی عه‌لی كه‌ریم، شۆڕش ئه‌مین ئاماژه به‌وه ده‌كات، ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌خۆیدا بچێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن توانیویه‌تی له سنورییدا (51%)ی ده‌نگه‌كان بهێنێت، شه‌قام له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندایهو له داهاتوشدا موماره‌سه‌ی راسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، واته خۆپیشاندانی راسته‌قینه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانه ساختانه‌ی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی شكڵی دروستیدهكردو وتی: "له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، جیاوازی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه بو، كه ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی شوێنه حكومیی‌و حیزبییه‌كانه‌وه خه‌ڵكی كۆده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ بكه‌ن، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن‌و گۆڕان بێ ئه‌وه‌ی به خه‌ڵك بڵێن كۆببنه‌وه‌و وه‌رنه سه‌رجاده، شه‌قامه‌كانیان ده‌ته‌نی.
كامه‌ران به‌رواری كه مامۆستای زانكۆی دهۆكه‌و دانیشتوی ئه‌و شاره‌یه گومانی له‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌زویرات له هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بوایه دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌یانده‌توانی سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێننو ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه ته‌زویر نه‌كرێت، دو حیزبه‌كه (20%)ی ده‌نگی هه‌رێم به‌ده‌ست ناهێنن، چونكه چه‌ند ساڵه سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یان په‌یڕه‌و كردوه‌و خه‌ڵك ئه‌و په‌یامه‌ی پێدان كه گه‌لی كوردستانیان كردوه‌ته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبی‌و كهسییهكانیانو ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رای گشتی‌و رێز له ئیراده‌ی میلله‌تی خۆیان بگرن".
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و بۆچونانهشدا فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی یه‌كێتی گه‌شبینه به به‌ره‌و پێشچونی پرۆسه‌ی دیموكراسی‌و به‌هێزبونی پهرلهمانو چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومهتو ده‌ڵێت: "له ئاینده‌دا دو جۆر ئۆپۆزسیۆنمان ده‌بێت: یه‌كێكیان له‌ناو پهرلهمانو ئه‌وی دیكه‌یش له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان كه بریتی ده‌بن له‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌ریان هه‌یه‌و ئه‌وانه‌شی نه‌یانتوانیوه نوێنه‌ر بنێرنه په‌رله‌مان، له ئه‌نجامدا ده‌توانین ده‌زگای دوه‌م كه یاسادانانه كارا بكه‌ین، به‌هۆی ئه‌و دهزگایهشهوه چاودێرێكی به په‌رۆش بۆ سه‌ر ده‌زگای راپه‌ڕاندن، كه حكومه‌ته دروست ده‌بێت".