"ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن یاسا بپارێزێت، نه‌ك چاوه‌ڕێی یاسایه‌ك بكات پارێزگاری لێبكات"
راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
دوای هاتنه‌كایه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو گۆڕه‌پانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، له چواچێوهدانو له چوارچێوهنهدانی یاسایی ئیشوكارو ئه‌ركه‌كانی ئه‌و هێزه بوه‌ته جێی مشتومڕی نێوان چاودێران‌و لایه‌نه جیاوازه‌كان، كه به‌شێكیان پێیانوایه ئۆپۆزسیۆن پێویستی به یاسا نییه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن رێكخستنی كاری ئۆپۆزسیۆن له چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی مهدهنیو دیموكراسیدا ئۆپۆزسیۆن ده‌خاته سه‌ر سكه‌ی ئاسایی خۆی.
هه‌ڵبژاردنی (25)ی ته‌موزو هاوكێشه‌ی سیاسیی‌و نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی گۆڕی‌و ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه "دۆخی سیاسیی" هه‌رێمی له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی دیكه گواسته‌وه، له قۆناغێك كه دوای (18) ساڵ حوكمڕانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دو حیزبی باڵاده‌ست، بۆ قۆناغێك كه دهنگو ره‌نگی نوێ له چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا ركابه‌ری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دهكهنو قۆناغێك دروستده‌بێت كه ئیدی مه‌حاڵه بێئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی كۆی ئه‌و گروپانه له‌سه‌ر بإیارو پرسه ههنوكهییو هه‌ستیاره‌كان كۆكنهبێت، له فلته‌ری سیاسیی‌و په‌رله‌مانی هه‌رێمدا ده‌ربچێت.
زیاتر له (40) كورسی په‌رله‌مانی ئایندهی هه‌رێم هی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه، هه‌رێمی كوردستان له دۆخی ئۆپۆزسیۆنێكی بێهێزو شه‌رمنی سیاسییه‌وه په‌ڕیوه به‌ره‌و دۆخێك كه ئۆپۆزسیۆنێكی كارا‌و بنكه‌فراوان به‌شداریی له پرۆسه‌ی سیاسیی‌و سیستمی په‌رله‌مانی هه‌رێمدا ده‌كات، خاڵی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركراو ئایا ئه‌و هێزه نوێیه‌ی كه ئومێدی ژماره‌یه‌كی فراوانی دانیشتوانی هه‌رێمی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه، بێئه‌وه‌ی چواچێوهو زه‌مانه‌تێكی یاسایی هه‌بێت ده‌توانێت موماره‌سه‌ی ماف‌و ئه‌ركه‌كانی خۆی بكات، به دیوێكی دیكه‌شدا ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمدا تا چه‌ند شهفافو كراوه‌یه كه ئه‌و مافانه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له وڵاتان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن لێره پێیانڕهوا ببینرێت، لێره‌وه بۆچونه‌كان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر دو به‌ره‌دا كه به‌ره‌یه‌كیان پێیانوایه ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ناچاربكات په‌یڕه‌وی یاسا بكات، نه‌ك ئۆپۆزسیۆن خۆی چاوه‌ڕێبێت له چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا پارێزگاری لێبكرێت، بۆچونه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌و گۆشهوهیه بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له سنور‌و چوارچێوه گشتییه‌كه‌ی خۆی ده‌رنه‌چێت، پێویستی به چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی هه‌یه.
ئۆپۆزسیۆن پێویستی به چوارچێوه‌ی یاسایی نییه
د.له‌تیف شێخ مسته‌فا پسپۆڕی یاسای ده‌ستوری ئاماژه به‌وه ده‌دات ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆی دوباره‌بكرێته‌وه، ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی سلمی روبدات‌و فره حیزبی هه‌بێت، ئۆپۆزسیۆنبون پێویستی به چوارچێوه‌ی یاسایی نییه، چونكه هه‌میشه حكومه‌ت زۆرینه پێكدههێنێتو ئه‌وه‌ی له په‌رله‌ماندا ده‌مێنێته‌وه ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن‌و موماره‌سه‌ی كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. وتیشی: "كه‌م وڵات هه‌یه، یاسای تایبه‌ت به ئۆپۆزسیۆنی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی له عێراق‌و كوردستانیش روده‌دات سه‌باره‌ت به حوكمی به‌شداریپێكردنی هه‌موان له جیهاندا شتی وانییه، واته له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌ترسی هه‌یه یان به بیانوی جیاجیا حكومه‌تی بنكه‌فراوان دروستبكه‌یت كه ئه‌مه جگه له كڕینی ده‌نگه‌كان هیچی دیكه نییه".
هاوڕا له‌گه‌ڵ بۆچونی ئه‌و پسپۆڕه ده‌ستورییه، مه‌ولود باوه مراد، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوی ئیسلامی كه پارته‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی لیستی خزمهتگوزاریو چاكسازیدا به‌شداریان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا كرد‌و بونه سێیه‌م لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه، پێیوایه ماف‌و ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن دیاره، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك مافی چاودێری ده‌سه‌ڵات، لێپێچینه‌وه، به‌دواداچون، یاسادان‌و بانگهێشتكردنی هه‌یه، ته‌واوی ئه‌و مافانه‌ش بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن‌و به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتیش پارێزراوه، كه‌واته ماف‌و ئه‌ركه‌كان رونه‌و پێویستی به یاسا‌و چوارچێوه‌ی یاسایی نییه.
باوه مراد ده‌ڵێت: "مافی هاوڵاتیو حیزب‌و گروپه‌كانه كه ره‌خنه‌و تانه‌و قسه‌ی خۆی هه‌بێت له‌سه‌ر كار‌و ره‌فتارو سلوكی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا سیستمه سیاسییه‌كه ئه‌وه‌نده بڕوای به دیموكراسیه‌ت هه‌یه كه ئه‌و مافه به خه‌ڵك زهوتنهكات".
گومانی له‌قاڵبدانی كاری ئۆپۆزسیۆن له‌ڕێی یاساوه
ئه‌ندامێكی خولی دوه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش بڕوایوایه له حاڵه‌تی هه‌بونی یاسایه‌ك ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن لهقاڵبنهدات خراپ نییه، به‌ڵام گومانی هه‌یه یاسایه‌ك ده‌ربچێت كه ده‌ستی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی له كاره‌كانیدا ئاوهڵابكات.
كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی خولی دوه‌می پهرلهمانو ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانی نوێ، له‌سه‌ر لیستی گۆڕان به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئۆپۆزسیۆن پێویستی به یاسا نییه‌و ئێستا له هه‌رێمدا به‌هۆی پشتگیری خه‌ڵكه‌وه بۆته واقع، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت خۆی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ خۆی دابنێت‌و لێیه‌وه چاودێری ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی بكات". كوێستان گه‌شبینه له‌وه‌ی هێزی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و كرانه‌وه‌و شه‌فایه‌ت به‌رێت، ئاماژه به‌وه‌شده‌كات ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك هه‌بێت بۆ رێكخستنی كاری ئۆپۆزسیۆن خراپ نییه، به‌ڵام ناوبراو گومانی له‌وه هه‌یه ئه‌و یاسایه ئۆپۆزسیۆن لهقاڵبنهداتو مه‌ودوای ئیشكردنی به‌رته‌سك نه‌كاته‌وه".
ئۆپۆزسیۆن سنور نازانێت
له‌و جێگه‌یه‌ی ده‌وترێت ئۆپۆزسیۆن چواچێوه‌یه‌ك بۆ خۆی بكێشێت‌و ئیشی له‌سه‌ر بكات، وته‌بێژی لیستی كوردستانی باس له‌وه‌ده‌كات مه‌ترسی له‌و كاته‌وه دروستده‌بێت كه هێزی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌نده مافبدات به خۆی كه چوارچێوه‌و سنوره‌كان ببه‌زێنێت، بۆیه رێكخستنی كاری ئۆپۆزسیۆن له چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی شارستانی‌و مهدهنیو دیموكراسیدا باشترین رێگه‌چاره‌یه كه خزمه‌ت به هه‌مو لایه‌نه جیاوازه‌كان ده‌كات.
فازڵ عومه‌ر، وته‌بێژی لیستی كوردستانی، بۆ رۆژنامه‌ی رونكرده‌وه وه‌كچۆن كاری حیزبی به‌پێی یاسا رێكده‌خرێت، ده‌كرێت كاره‌كانی هێزی ئۆپۆزسیۆنیش له‌و رێگه‌یه‌وه دیاریبكرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن خۆی له ئهركو مههامو مافه‌كانی خۆی بگات پێویستی به هیچ یاسایه‌ك نییه، به مه‌رجێك كه‌نارو سنور‌و چواچێوه گشتییه‌كه‌ی خۆی بزانێت. فازڵ وتیشی: "پێویسته بۆ رێكخستنی كاری ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمدا په‌نا به‌رینه‌به‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی كه ئهزمونكراون له ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتودا، واته ره‌چاوی ئه‌و یاسایانهبكهین كه كاری ئۆپۆزسیۆنی له واقعێكی دیموكراسی‌و له‌ژێر رۆشنایی یاسایه‌كی شارستانی‌و مهدهنیو رێكخستوه، ئه‌م رێكخستنه یاساییه له‌وه باشتره ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆی چوارچێوه‌یه‌ك دابنێت‌و كه زۆرجار ئه‌وه‌نده ماف ده‌دات به خۆی كه هیچ چوارچێوه‌و سنورێك نازانێت".
به بڕوای فازڵ عومه‌ر رێكخستنی كاری ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له به‌رژه‌وه‌ندیی پرۆسه‌ی سیاسیدایه‌و ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیانه ئۆپۆزسیۆن بكه‌وێته سه‌ر سكه‌ی خۆی هێنده مه‌به‌ست بچوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه نییه كه به‌شێك له لایهنهكاتی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن.
كێ ده‌بێته فشاری جێبه‌جێكردنی یاساكان؟
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی روبه‌ڕوی كاره‌كانی پهرلهمانو ئه‌دای په‌رله‌مانی رابردو ده‌كرایه‌وه ئه‌وه‌بو ئازایانه یاساكان ده‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌دوای ده‌رچونی یاساكان هیچ بهدواداچونێكو چاودێرییه‌ك نییه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان، به‌مه‌ش به‌شێك له چاودێرانی كایه‌ی یاسایی له هه‌رێم پێیانوایه هه‌رێم ئه‌زمونی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی یاسا، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زمونه له جێبه‌جێكردنی یاساكاندا كورتی هێناوه.
به وته‌ی د.له‌تیف شێخ مسته‌فا پسپۆڕی یاسای ده‌ستوری ههڵوایستی شته‌كان به یاساوه خۆشخهیاڵییهو نابێت ئۆپۆزسیۆن بڕوای وابێت ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی نه‌بو ده‌سه‌ڵات مافه‌كانی خه‌فه ده‌كات وتی: "یه‌كێك له ئه‌ركه گرنگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ست بكات به یاساوه، واته له‌بری ئه‌وه‌ی كه یاسایه‌ك دابنرێت ئۆپۆزسیۆن بپاێزێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێكمان هه‌بێت پارێزگاری له یاسا بكات، به‌وپێیه‌ی یه‌كێك له گرفته‌كانی هه‌رێم خۆی له ده‌ركردنی زۆری یاساكان بینیوه‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ردا به كردار جێبه‌جێنه‌كراون، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆشی بڕوای به ده‌ركردنی یاساكان نه‌بێت، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن ببێته فشاری جێبه‌جێكردنی یاساكان".
ئۆپۆزسیۆن وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی سیاسیی سه‌یرناكرێت
له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كاندا هێزی ئۆپۆزسیۆن‌و ركابه‌ر قۆناغی گرنگی بڕیوه، بۆ نمونه له به‌ریتانیا به سه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆن ده‌وترێت (سه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆنی خاوه‌ن شكۆ) موچه‌ی فهرمیو مه‌نسه‌بی فه‌رمی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستاندا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی سیاسیی سهیرناكرێتو زۆرجار ناو ناتۆره‌ی ناڕه‌واشیان بۆ هه‌ڵده‌به‌سترێت.
مه‌ولود باوه مراد، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوی ئیسلامی ئاماژه به‌وه‌ده‌دات ئه‌زمونی رابردویان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دڵخۆشكه‌ر نییه، چونكه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هێزی ئۆپۆزسیۆن وه‌ك به‌شێك له سیستمی سیاسی سه‌یرناكات، زۆرجاریش وه‌كو خائین‌و گێرهشێوێنو وه‌ك ده‌ستی ده‌ره‌وه له‌ناو هه‌رێم ناویان هاتوه، هه‌ر بۆیه باوه‌مراد گومانی هه‌بو له‌وه‌ی به‌پێی ئه‌زمون ده‌سه‌ڵات ئاماده‌بێت ئۆپۆزسیۆن وه‌كو به‌شێك له سیستمه‌كه قبوڵبكات وتی: "حكومهتو ئۆپۆزسیۆن دوبه‌شی پێكهێنه‌ری نوێنه‌رایه‌تی خهڵكنو به هه‌ردولایان ده‌توانن باره‌كه راستبكه‌نه‌وه، ئه‌م واقیعه‌ش ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی دركی پێبكات".
بۆچونه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌كاتێكدایه، كه فازڵ عومه‌ر وته‌بێژی لیستی كوردستانی پێیوایه یه‌كێك له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ره‌خساندنی ئه‌و زهمینهیهبو كه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی لێوه هاته‌كایه‌وه، ئه‌وه‌شی له چوارچێوه‌ی كاره ئیجابییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم نیشاندا‌و وتی: "ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات هانی ئه‌و پارتانه‌شی داوه كه دوێنی قاچێكیان له حكومهتو قاچێكی دیكه‌یان له ئۆپۆزسیۆندابوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ لیستی گۆڕاندا ببنه ئۆپۆزسۆن".
د.له‌تیف شێخ مسته‌فا له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "چه‌ند ساڵه ئه‌و پارتانه‌ی به‌ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه له به‌رامبه‌ر پله‌و پۆست‌و پاره‌دا به‌شدارییان له حكومه‌تدا كردوه، به ئه‌ندازه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له كهمو كورتییهكانو تاوانبارن، ئێستاش كه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن فراوانبوه، نزیكبوه‌ته‌وه له ده‌سه‌ڵات، ئیتر ده‌كه‌وێته سه‌ر خۆیان ئایا ئۆپۆزسیۆن ده‌بن یان نا؟ ئایا ئاماده‌ن قوربانی بده‌ن له‌پێناو كه‌شفكردنی نهێنیه‌كان‌و دیوه شاراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رچاوی میلله‌ت یان نا؟ راستگۆ ده‌بن له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر یان نا"؟