راپۆرتی: دلێر عه‌بدولخالق
پڕۆژه‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوری عێراقیی دوای چوارساڵ له كاركردنی لیژنه (20) كه‌سییه‌كه‌ی كاره‌كانی ته‌واو كراوه، خوێندنه‌وه‌ی ره‌شنوسه هه‌مواركراوه‌كه به‌و ئاراسته‌یه "كه ته‌واوی هه‌مواركردنه‌كه له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له‌عێراقدا كورتكراوه‌ته‌وه".
به‌شێوه‌یه‌ك چاودێرانی یاسایی‌و پسپۆڕانی یاسایی ده‌ستوری مه‌ترسییه‌كانی پڕۆژه‌كه بۆ كورد به گه‌وره دهزاننو په‌رله‌مانتارانی كوردیش ده‌ڵێن: "پڕۆژه‌كه له زیانی كورده".
به‌پێی ماده‌ی (142)ی ده‌ستوری عێراقیی (كه به‌پێی راپرسی جه‌ماوه‌ری له‌كۆتایی ساڵی (2005) له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستوره‌كه تێپه‌ڕێندرا) پێویستبو دوای چوار مانگی یه‌كه‌می دهستهبهكاربونی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی ره‌شنوسی هه‌مواركردنی ده‌ستور ئاماده بكات. ئه‌م ماده‌یه‌ش له ده‌ستوردا له‌سه‌ر داواكاریی عه‌ره‌بی سوننه، كه ئه‌وكات بایكۆتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و سیاسیی عێراقیان كردبو چه‌سپێندرا.
ناكۆكی نێوان كوتله‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ته‌مه‌نی لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستوری بۆ نزیكه‌ی چوار ساڵ درێژكرده‌وه‌و تا ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا ره‌شنوسی پڕۆژه‌ی هه‌مواری ده‌ستوری عێراقیی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه ئاماده كرا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستوره (144) ماده‌كه له ره‌شنوسه‌كه‌دا بوه‌ته (193) ماده‌و له‌ناو ماده‌كانیش چه‌ندین بڕگه‌ی دیكه‌ی بۆ زیادكراوه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كورده‌وه هه‌یه، جگه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراق، چه‌سپاندنی فیدراڵییه‌تی پارێزگان، له‌به‌رچاونه‌گرتنی بنه‌ماكانی سیستمی فیدراڵیزم‌و دواخستنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌رێم، قه‌ڵه‌می خستوته سه‌ر زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی دیكه‌ی كورد‌و " به ماده‌ی خیلافی له‌سه‌ر هێشتوه‌ته‌وه".
پڕۆژه‌یه‌ك به زیانی كورد!
د.له‌تیف شێخ مسته‌فا پسپۆڕی یاسایی ده‌ستوریی، دوای خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ئاماژه به‌شێوه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی رهشنوسهكهو جۆری هه‌مواركردنی به‌شێك له‌و ماده‌و بڕگانه ده‌كات، كه به‌زیانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد لهعێراقو سیستمی فیدڕاڵی ده‌شكێته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "كه سه‌یری پڕۆژه‌كه ده‌كه‌یت، لات سه‌یر ده‌بێت له‌ناو ئه‌و لیژنه‌یه‌دا ئه‌ندامی كوردی تێدابوبێت، چونكه ده‌رده‌كه‌وێت هه‌مواره‌كه ته‌نیا بۆ ئه‌و شوێنانه‌یه كه ماف‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد‌و هه‌رێمی له ده‌ستوردا تێدا جێگیركراوه، بۆیه ئه‌و ئه‌ندامه كوردانه ئه‌گه‌ر له‌و لیژنهیهشدابوبن، یان ئاگایان له پڕۆژه هه‌مواركراوه نه‌بوه، یاخود مساوه‌مه‌یان كردوه‌و به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه".
له‌باره‌ی ماده‌و بڕگه زیادكراوه‌كان، له‌تیف شێخ مسته‌فا بۆ رۆژنامه‌ی رونكرده‌وه؛ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له ماده‌ی یه‌كه‌م بڕگه‌یه‌كیان زیادكردوه، كه جه‌خت له‌سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراق‌و تهنازولنهكردنی ده‌كات له‌هیچ به‌شێكی له‌ئاو، ئاسمان‌و زه‌وی عێراق.
له ماده‌ی پێنجه‌مدا دوباره گه‌ڕاونه‌وه بۆ ده‌ستوری به‌عس، كه عێراق به‌شێك بێت له‌جیهانی عه‌ره‌بیی، كه پێویستبو كوردیش ئه‌وه‌نده ئازادبێت بڵێت؛ كوردیش به‌شێكه له جیهانیی كوردی.
ئه‌و پڕۆژه‌یه فیدراڵییه‌تی پارێزگاكانی جێبه‌جێكردوه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سێ پارێزگا حسابی بۆ كراوه، به‌وپێیه‌ی له‌م ده‌وره‌ی په‌رله‌ماندا ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار نامێنێت‌و ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار، كه پۆستێكی تهشریفاتییهو ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی نییه، ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه دڵمان پێخۆشبو ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی (ئه‌نجومه‌نی دوه‌می په‌رله‌مان)، كه بریتییه له نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان، به‌ڵام به‌پێی ماده‌ی (82)ی پڕۆژه هه‌مواركراوه‌كه هه‌ر پارێزگایه‌ك دو ئه‌ندامی ده‌بێت، جگه له به‌غدا، كه چوار ئه‌ندامی ده‌بێت، ئاماژه به‌وه ده‌كات جیاوازی نییه له‌نێوان ئه‌و پارێزگایانه‌ی له هه‌رێمێكدا رێكخراون، یان به‌پێچه‌وانه‌وه، واته ههرێمو پارێزگاكانی كردوه به‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش لێدانی بنه‌ماكانی فیدراڵییه‌ته.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ماده‌ی (140)و كێشه‌كانی دیكه‌ی نێوان ههرێمو به‌غدا، پڕۆژه‌كه نه‌گه‌یشتوه‌ته هیچ ئهنجامێكو خیلافیهی بۆ دانراوه، كه دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش پێویستی به توافقی سیاسیی ده‌بێت.
به بڕوای له‌تیف شێخ مسته‌فا ئه‌و پڕۆژه‌یه، نه‌ك كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خاڵی سفر له‌دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراقی (2003)، به‌ڵكو پێیوایه؛ بۆ كورد قورستریشه له سه‌رده‌می دیكتاتۆری، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و هێزه‌ی ئێستای هه‌بوایه‌و ئه‌وانیش به‌وشێوه ئێستا بێهێزبونایه به‌ئاسانی ده‌توانرا مافه‌كان بپچڕنو وتی: "پێشتر پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد له‌گه‌ڵ روخانی رژێم، هه‌ندێ ماف به‌ده‌ستبهێنن، به‌وپێیه‌ی دوای دروستبونی رژێمی دیموكراتیی به‌هۆی فره‌یی له‌ناوه‌ندی بڕیاردانداو وه‌رگرتنی ماف‌و ده‌كردنی بڕیار زه‌حمه‌ت ده‌بێت، ئه‌م واقیعه‌ش بۆ ئه‌مڕۆی كورد ته‌واو راسته".
كورد، له ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی
یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی سیستمی فیدراڵی له‌هه‌ر وڵاتێك، هه‌بونی دو ئه‌نجومه‌نه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان‌و بڕیاردان له‌باره‌ی پرسه گرنگه‌كان، هاوكاتیش هاوسهنگیڕاگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان مه‌ركه‌زو هه‌رێمه‌كانیش، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نی سه‌ره‌وه (مه‌جلیسی ئیتیحادی) ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌و خواستی ههرێمهكانهو هه‌رچی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه دانیشتوانی وڵات بێ له‌به‌رچاوگرتنی پێكهاته، نه‌ته‌وه، مه‌زهه‌ب، ئایین‌و هه‌رێمه‌كان هه‌ڵیده‌بژێرن. به‌ڵام به‌پێی ئه‌و پڕۆژه ههمواركراوهی ده‌ستوری عێراق، ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنورداره‌و ژێرده‌سته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه.
د.نوری تاڵه‌بانی یاساناس به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی به‌و شێوه‌ی له پڕۆژه هه‌مواركراوه‌كه‌دا هاتوه له‌زیانی كورده، چونكه زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی كورد نین‌و كورد ده‌بێته كه‌مینه‌یه‌كی كه‌م له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا، ئه‌وه‌شی هه‌یه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكهنه، نه‌ك ناوه‌ندی، واته ئه‌م پڕۆژه‌یه مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یه له‌سه‌ر كورد، به‌وپێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی سێ پارێزگا حسابی بۆ كراوه، نه‌ك وه‌ك هه‌رێمێكی خاوه‌ن سهروهرییو له‌به‌رچاوگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی، هاوكاتیش رۆڵ‌و قورسایی كورد له‌ناو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا به‌هۆی كه‌می ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی زۆر كه‌م دهبێتو كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بڕیار‌و پرسه‌كان نابێت".
نوری تاڵه‌بانی، ئاماژه به‌وه‌شده‌كات؛ له سه‌ره‌تای ساڵی (1992)ه‌وه پێشنیازی ئه‌وه‌یكردوه، عێراق بكرێته دو هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌رێمی عه‌ره‌بی، دوای ئه‌وه ئه‌نجومه‌نێكی ئیتیحادی پێكبهێندرێت له نوێنه‌رانی ئه‌و دو هه‌رێمه‌و ژماره‌یان یه‌كسان بێت، بۆئه‌وه‌ی هیچ هه‌رێمێك ده‌سه‌ڵاتی له هه‌رێمه‌كه‌ی دیكه زیاتر نه‌بێت.
هاوڕا له‌گه‌ڵ بۆچونه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌تیف شێخ مسته‌فا پێیوایه؛ له‌و پڕۆژه ههمواركراوهدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی شكڵینو رۆڵی راوێژكاریی ده‌بینن، به‌شێوه‌یه‌ك زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان دراوه‌ته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاری كۆتایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه. ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی ته‌نیا له دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی قهزاییدا ده‌وری هه‌یه، له بواره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك رێككه‌وتن، رۆڵی دهرهكیو دامه‌زراندنی كارمه‌نده گرنگه‌كان وه‌ك سهفیرو به‌رپرسه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه، هیچ كاریگه‌ری نییه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له زۆربه‌ی وڵاته فیدراڵییه‌كان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له‌ده‌ست ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادیدا كۆبونه‌ته‌وه، چونكه نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیتحادیی ده‌كات.
كورد، له لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور
لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقیی له (20) كه‌س پێكهاتوه، كه چوار له ئه‌ندامانیان له په‌رله‌مانتاره دیاره‌كانی كوردن له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه بریتیین له ( د.فوئاد مه‌عسوم، د.سه‌عدی به‌رزنجی، فریاد رواندزیو سامی ئه‌تروشی). له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی به‌شێك له ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه ده‌كرێت، كه به‌و شێوه داڕشتنه رازیبون، یان ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوه‌و رایگشتیی كوردی‌یان له‌و هه‌لومه‌رجه ئاگادارنهكردوهتهوه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش وه‌ك ره‌خنه‌گره‌كان له داڕشتنی ره‌شنوسه‌كه ناڕازین!؟
د.سه‌عدی به‌رزنجی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی ئاماژه به‌وه ده‌كات؛ ئه‌و پڕۆژه تهعدیلییه له خزمه‌تی عه‌ره‌به‌و له زیانی كورده، بۆیه ئێمه‌ی پێی رازی نین‌و هه‌تا ئێمه‌ش رازی نه‌بین بێگومان ئه‌و پڕۆژه‌یه په‌سه‌ند ناكرێت‌و ناتوانرێت بێت به‌یاسا، وتیشی: "كاری لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور چه‌قیوه، چونكه ئێمه بڕوامان به‌و هه‌مواره نییه‌و وتومانه هه‌ر هه‌مواركردنێك ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌ز به‌رامبه‌ر هه‌رێم زیاد بكات له‌گه‌ڵی نین، له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت كه په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ههرێمو مه‌ركه‌ز، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی كۆمار، باری كهسییهتیو ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی ناكۆكیم هه‌یه، بۆیه ئه‌و پڕۆژه‌یه هیچ ئه‌نجامێكی نابێت".
له‌باره‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیشه‌وه، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هاوپه‌یمانی كوردستان وتی: "بۆ ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌بونی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه نین، كاتێك ده‌بێت ئه‌نجومه‌نێكی له‌وشێوه بێته كایه‌وه، كه عێراق دابه‌شبوبێت به‌سه‌ر چه‌ند هه‌رێمێكدا، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستان حسابی سێ پارێزگای بۆكراوه، واته ئه‌وه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه، نه‌ك هه‌رێمه‌كان".
ده‌ستورو كێشه ئاڵۆزه‌كان، بۆ دوای هه‌ڵبژاردن
له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه پڕۆژه‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوری عێراقی ته‌واو بوه، به‌ڵام تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕگه‌و ماده‌كانی له‌ناو كوتله جیاوازه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نه‌كراوه، ئاماژه‌كانیش به‌و شێوه‌ن، كه ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ناخرێته به‌رده‌م گفتوگۆ‌و دواده‌خرێت تا ئه‌وه‌ی خولی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له هه‌ڵبژاردنی داهاتوی عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێت.
د.نوری تاڵه‌بانی یه‌كێك له‌كێشه گه‌وره‌كانی پڕۆژه‌كه به مانه‌وه‌ی كێشه ههڵپهسێرداروهكانی نێوان ههرێمو به‌غداو جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی (140)ه‌وه گرێدهداتو ده‌ڵێت: " كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه، ئه‌وه‌ی ساڵێك دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراق ده‌كرا، ئێستا ناكرێت، كێشه‌كانمان رۆژ به‌ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بن، راسته ده‌ستوری عێراقی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی بۆ كورد تێدایه، به‌ڵام خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كان هێشتا به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌و چاسهرهنهكراون، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی مه‌ترسییه له‌سه‌ر ئایندهی كورد له عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی نازانین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌باره‌ی كورده‌وه چۆن دهبێتو كام هێز باڵاده‌ست ده‌بێت له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا؟".
له‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له پڕۆژه‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوره‌كه‌و ئه‌ندامی لیژنه‌كه ده‌گیرێت، بڕیارده‌ری لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه به‌وه‌ده‌كات؛ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه رازی بین، به‌پێی ده‌ستوری عێراقی بڕیاری كۆتایی له ده‌ستی (2/3) دانیشتوانی سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمه، كه ئه‌گه‌ر نه‌یانه‌وێت ده‌توانن ره‌تی بكه‌نه‌وه.
سیروان زه‌هاوی بڕیارده‌ری لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به رۆژنامه‌ی وت: "تائێستا ئه‌و پڕۆژه‌یه رهشنوسهو به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمیی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیستی هاوپه‌یمانییه‌وه گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه، راسته ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كانمان لێ بستێنن، به‌ڵام ئێمه تائێستا هیچمان به ئه‌وان نه‌داوه".
له‌باره‌ی ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به كورده‌وه‌و رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌رنه‌كراوه، سیروان زه‌هاوی وتی: " ئه‌و مادانه‌ی له پڕۆژه‌كه‌دا نوسراوه (خیلافیه) به‌مانای ئه‌وه نییه، ئه‌م مافانه‌مان لێسه‌ندرابێته‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كورد ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌و جێبه‌جێبكرێت. واته نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌نجام، مانای وایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك عه‌رز ناكرێت بۆ دهنگدانو وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه. له‌باره‌ی مه‌جلیسی ئیتحادیش ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ین حسابی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت، هه‌روه‌ك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ین مافی ڤیتۆمان نه‌بێت له‌و یاسایه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه‌وه هه‌یه".