ئاماده‌کردنی: عوسمان عه‌سکه‌ری
پێشه‌کی:
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی پار به‌گه‌شتێکی رۆژنامه‌وانی سه‌ردانی ئاسیای رۆژهه‌ڵاتم کرد، به‌هاوبه‌شی نۆ فیلمی دۆکومێنتاریم له‌گه‌ڵ سه‌ته‌لایتی گه‌لی کوردستان دروستکرد، به‌ڵام به‌هۆی بۆچونه میانڕهوهکانم و میزاجی شه‌خسی ئه‌و به‌ڕێزانه‌وه، نۆیه‌مین فیلم هه‌تا ئێستاش نیشان نه‌دراوه. نیشان نه‌دانی ئه‌و فیلمه جگه‌له‌وه‌ی سوکایه‌تی کردنه به‌خودی خۆم و به‌بێ رونکردنه‌وه پێشێلکردنی مافێکی ئه‌خلاقیه که هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، به‌نده له‌ژیانی خۆمدا چه‌ندین جار له هیئهخاصهو ئه‌منه‌کانی به‌عس زیندان و چه‌ندین ساڵ پێشمه‌رگه‌و له ئه‌نفالیشدا پارتیزان بوم لێ نهبهجستهو، نه به‌فکر، ته‌نها ساتێک به‌عسێتی و جاشایه‌تی و نۆکه‌ریم نه‌کردوه و نه‌چومه‌ته باوه‌شی رژێمه‌وه، چونکه کوردستان و میله‌ته‌که‌م خۆش ده‌وێ. کوردستانیش که نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌ی له‌شه‌ڕی کورد کوژیدا گوزه‌راند، نهبهجهستهو نه به‌فکر، ته‌نها چرکه‌یه‌ک شه‌ڕی کورد کوژیم نه‌کردوه، چونکه که‌سایه‌تی و ئازادی خۆم له خزمه‌تی گه‌لدا پاراستوه، به‌ڵام جێگه‌ی داخه، له کوردستان پێوه‌ری به‌ده‌ستهێنانی ماف و هاوکاری، توانا‌و خه‌بات و قوربانی دان نیه به‌ڵکو، به‌دواکه‌وتنی ئه‌و خواسته نه‌گریس و ههڵایهیه که ده‌خوازێت جارێکی دیکه کورد به ده‌ستی کورد بکوژرێت یان له دزی و ناعه‌داله‌تی چاو بپۆشێت بۆیه، ئاساییه ئه‌گه‌ر من و هه‌زارانی دیکه سوکایه‌تی و مافه‌کانی زه‌وت بکرێ، به‌ڵام له‌نگه، ئه‌گه‌ر له‌خزمه‌تکردن کۆڵ بده‌ین بۆیه، به‌مه‌به‌ستی گه‌شتێکی رۆژنامه‌وانی که له مه‌غریبه‌وه ده‌ست پێ بکاو له نامیبیا کۆتایی بێت، دوای چوار مانگ کارکردن سه‌رجه‌م پێویستیه‌کانم له‌سه‌ر گیرفانی خۆم کڕی و له رۆژی 26 دیسه‌مبه‌ری 2009 گه‌یشتمه مه‌راکش به‌ڵام به‌هۆی دروستبونی کێشه نه‌متوانی بگه‌م به‌کۆی ئامانجه‌کان...
مه‌راکش، شارهسورهکه:
مه‌راکش به‌زمانی ئه‌مازیغی واتای زه‌وی خودا ده‌گه‌یه‌نێت (ارض الله) و به‌هۆی ره‌نگی خاکه‌که‌یه‌وه ناسراوه به‌شاره سوره‌که. ارض الله، که پێگه‌یه‌کی ستراتیجی هه‌یه، له‌دو به‌ش پێکهاتوه‌و کۆی دانیشتوانه‌که‌ی ملیۆنێک که‌سی تێپه‌ڕاندوه. به‌شی یه‌که‌م پێی ده‌گوترێت مه‌دینه یاخود مه‌راکشی کۆن، له‌ساڵی 1062 له‌سه‌ر ده‌ستی سوڵتانی ده‌وڵه‌تی مرابطین، یوسف تاجفین وه‌ک و پایته‌خت دروستکرا. وێڕای ده‌یان مینۆمێنتی مێژویی، شورایه‌ک که درێژیه‌که‌ی نزیکه‌ی 9 کیلۆمه‌تره ئه‌و شاره سوره‌ی له‌ئامێزی خۆی گرتوه بۆیه، زۆر به‌خێرای له‌ڕێگه‌ی باڵه‌خانه‌و مۆنۆمێنته کۆنه‌کانیه‌وه، مه‌راکش وه‌ک ئیمپریالێکی مێژویی، خۆی بهگهشتیارهکان ده‌ناسێنێت. به‌شی دوه‌می مه‌راکش به‌شێوازێکی مودێرنی ئهرشیتهکتۆری فه‌ره‌نسی و تێکه‌ڵ به کولتوری بیناسازی مه‌غریبی، له‌سه‌رده‌می کۆلۆنیالیسمی فه‌ره‌نسیدا دروستکراوه، بۆیه ئه‌و کاته‌ی مرۆڤ ده‌گاته ناوه‌ڕاستی شار، وێڕای جیاوازی له باڵه‌خانه‌و کۆڵانه‌کان، جیاوازی لهنهرێتی دانیشتوانه‌که‌شی به‌دی ده‌کات. مه‌راکش چه‌ندین مزگه‌وتی گه‌وره‌و و مناره‌ی تیایه لێ له‌هه‌مویان گرنگتر مزگه‌وتی فه‌نایه (جامع الفنا) که‌ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستی شاره‌که.
ئه‌و مزگه‌وته نزیکه‌ی هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ئێستا له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی مرابطیندا دروستکراوه‌و له‌به‌ر ده‌می مزگه‌وته‌که‌دا ساحه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێ یه که‌پێی ده‌گوترێت ساحه الفنا. له سه‌رده‌می مرابطیندا، موسڵمانه‌کان ئه‌و ساحهیهیان بۆ کۆبونه‌وه‌و چالاکی ههمهجۆر به‌کارهێناوه که له‌و چالاکیانه‌دا، دانیشتوانی شاره‌که، له‌شێوه‌ی حهلهقاتدا کۆبونه‌ته‌وه‌و به‌شێک لهحهلهقهکان بریتی بوه له فێربونی وانه‌ی ئاینی و دوعاکردن. هه‌ندێکی دیکه‌یان سیحر، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی، نمایشی مۆسیقا‌و سه‌مای مارو هه‌ندێکجار سزادانی خهتاکارانیش له ساحه‌که‌دا ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام به‌پێی ئاینی ئیسلام ژن و پیاو ئه‌گه‌ر له‌یه‌ک مه‌حروم بن نابێت چاویان به‌یه‌کدی بکه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژن شاره‌زایی له‌باره‌ی ئاینی ئیسلامه‌وه به‌ده‌ست بێنێت، به‌شێک لهجامع الفنا ته‌رخانکرابو بۆ فێرگه‌ی قورئان که‌ژنان له‌وێدا قورئانیان ده‌خوێند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی مرابطین به‌ر له‌هه‌زار ساڵ دامه‌زرا لێ کولتوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته به زیندویی ماوه‌ته‌وه‌و هه‌تائێستاش دانیشتوانی شاره‌که له ساحه الفنا پیاده‌ی ئه‌و نه‌رێته کۆنه ده‌که‌ن.
ئه‌وکاته‌ی له‌شوێنێکی به‌رزه‌وه ئینسان ده‌ڕوانێته ساحهالفنا به‌هۆی قهرهباڵیهوه وه‌ک شاره مێروله دێته به‌رچاو، چونکه هه‌ژاری تاوی کۆی تاکه‌کانی ئه‌و ساحه‌یه ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕێک داهات دابین بکات، سه‌رشێتانه ههریهکهسهو سه‌رقاڵی کارێکی جیاواز، یاخود داهێنانێک ده‌کات بۆیه وێڕای فرۆشتنی ده‌یان جۆر خواردن و خواردنه‌وه، دروستکردنی تاقم و هه‌ڵکێشانی ددان، نمایشی مۆسیقا‌و سه‌مای مار، سیحر‌و جادو و دوعاکردن یاخود چه‌ندین چالاکی جۆراوجۆری دیکه، له‌سه‌ر نه‌رێتی کۆن و نوێ له ساحه‌که‌دا ئه‌نجام ئه‌درێت، به‌و هۆیه‌وه، مرۆڤ ده‌توانێت چه‌ندین سه‌عات له‌و شوێنه‌دا کۆی ده‌مارو هه‌سته‌کانی خۆی له‌یه‌ک کاتدا به‌کاربێنێت، چونکه زمان تامی چه‌ندین شێوه خواردن و خواردنه‌وه، لوت بۆنی زۆر له جۆره‌کانی به‌هارات ده‌کا، گوێ به‌مۆسیقاو هه‌ڵپه‌ڕکی پڕ له‌ئاواز ده‌بێ و چاو له‌بینینی شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و مارو سیحر تێر نابێ، به‌وهۆیه‌وه، گه‌شتیارێکی زۆر بۆ بینینی ساحهالفنا که ناسراوه به‌لێدانی دڵی مه‌راکیش رو ده‌که‌نه شاره سوره‌که. مه‌راکش که ده‌که‌وێته دامێنی چیاکانی ئه‌تڵه‌س که‌ش و هه‌وایه‌کی میانڕه‌وی هه‌یه، ئه‌وه‌ش ناوچه‌که‌ی هه‌م له‌به‌روبومی دارخورماو هه‌م جۆره‌کانی دیکه‌ی کشتوکاڵ به‌پیت کردوه بۆیه، باری ئابوری دانیشتوانه‌که‌ی باشه به‌تایبه‌ت بڕی سه‌ره‌کی داهاتی ئه‌و شاره، له‌ڕێگه‌ی گه‌شت و گوزاره‌وه دابین ده‌بێت چونکه ساڵانه نزیکه‌ی 9 ملیۆن که‌س له وڵاتانه‌وه سه‌ردانی مهراکۆ ده‌که‌ن لێ به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و رێژه‌یه رو ده‌که‌نه مه‌راکش.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کهمهغریب وڵاتێکی سیاحیه به‌ڵام وێنه گرتن کارێکی سه‌خته چونکه له‌شوێنه سیاحیهکاندا به‌تایبه‌تی له ساحهالفنا، مه‌غریبیه‌کان که چاویان به‌کامێرا ده‌که‌وێت یه‌کسه‌ر ده‌چنه به‌ر زومی کامێراکه‌و له‌به‌رامبه‌ر وێنه‌گرتندا داوای پاره ده‌که‌ن، به‌ڵام له بازاڕ‌و شوێنه‌کانی دیکه‌ی وڵاته‌که، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێش‌و، هاوڵاتیان که‌وتونه‌ته ژێر کاریگه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیه‌وه‌و رێگه‌ی وێنه گرتن ناده‌ن، به‌و هۆیه‌وه، چه‌ندین جار به‌هۆی وێنه گرتنه‌وه دوچاری کێشه یاخود پاره لێ سه‌ندن بوم.. دایکی پادشای وڵاته‌که، محمدی شه‌شه‌م له‌نه‌ته‌وه‌ی ئهمازیغهو خه‌ڵکی مه‌راکشه، له‌به‌ر ئه‌وه زو زو سه‌ردانی شاره‌که ده‌کات. 27 دیسه‌مبه‌ری 2009 کاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی به‌مه‌به‌ستی فیلمی دۆکومێنتاری له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم به‌ناوی تاریق حمید که خێزانه‌که‌ی مهغریبیهو نیشته‌جێی سوێده، سه‌رقاڵی وێنه گرتن بوین، به‌ڵام دوای چه‌ند خوله‌کێک پێنج پۆلیس گه‌یشتنه سه‌رمان و به‌پاساوی ئه‌وه‌ی که کامێراکه‌مان پرۆفشیۆناڵه، یه‌کسه‌ر ئێمه‌یان راپێچی مه‌رکه‌زی پۆلیس کرد ئیدی دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆر له‌کاتژمێر حه‌وتی ئێواره ئازاد کراین. پۆلیسه‌کان زۆر به‌ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵماندا کرد به‌ڵام زۆر لهپرسیارهکانیان نیگه‌ران بوم بۆیه ناڕه‌زاییم ده‌ربڕی، له‌به‌رامبه‌ردا لێکۆڵه‌ره‌وه‌که وتی، هه‌ر پرسیارێک به‌دڵتان نه‌بو وه‌ڵام مه‌ده‌نه‌وه. پاشان به پۆلیسه‌که‌م گوت، ویستم له‌دوای ئه‌م گه‌شته ببم بهزاواتان، ئیدی ئه‌و به‌ڕێزه روی تێ‌کردم و گوتی، به‌خێر بێیت بۆ وڵاتی دوه‌مت، وه‌ڵلاهی خوشکه‌که‌ی خۆمت ئه‌ده‌مێ. له‌دوایدا بۆمان ده‌رکه‌وت به‌هۆی پادشاوه ئێمه‌یان راپێچی پۆلیس کردوه چونکه له‌و کاته‌دا سه‌ردانی مه‌راکشی کردبو. له کۆمه‌ڵگای ئه‌و وڵاته ئازادی تاک به‌ڕێژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ چه‌سپیوه که‌س له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ناکوژرێت به‌ڵام هه‌ژاری زۆر کێشه دروست ده‌کات بۆیه، هه‌ندێکجار له‌سه‌ر کێشه‌ی جۆراو جۆری وه‌ک پاره‌و شتی دیکه توند‌و تیژی و کوشتن روده‌دات.
بازرگانی سیکس ناڕه‌زاییه‌کی زۆری لێکه‌وتۆته‌وه، به‌وهۆیه‌وه، رشید نینی یه‌کێکه له رۆژنامه‌نوسه دیاره‌کانی مه‌غریب، له ژماره 1027 ی رۆژنامه‌ی المساء بابه‌تێکی نوسیوه، له‌ژێر ناوی کۆچبه‌ره مهغربیهکانی به‌حرێن شه‌رم له ناسنامه‌کانیان ده‌که‌ن. رشید به توندی ره‌خنه له حکومه‌ت و خێزانه‌کانی وڵاته‌که‌ی ده‌گرێ و تاوانباریان ده‌کات که‌هیچ هه‌نگاوێک نانێن بۆ رێگه گرتن له بازرگانی کردن به‌کچانی وڵاته‌که‌یه‌وه. ئه‌و گوتاره زۆر لایه‌نی پێکاوه به‌ڵام ئاماژه‌ی نه‌کردوه که ئه‌و بازرگانیه، دیارده‌یه‌کی جیهانیه‌و لهپێشکهوترین وڵاتی شارستانیدا که‌م تا زۆر به‌رچاو ده‌که‌وێت لێ باری ئابوری و ستانداردی ژیان یاخود گوشاری کۆمه‌ڵایه‌تی زۆرێک له‌و دیارده‌یه ده‌شارێته‌وه به‌ڵام له‌مه‌غریب کچی واهه‌یه له‌یه‌ک کاتدا له‌لایه‌ن چه‌ند کوردێکی تاراوگه‌وه پاره‌ی بۆ ده‌چیت، له‌به‌رامبه‌ردا زۆرینه‌ی مه‌غریبیه‌کان خه‌ڵکی هێمن و ساده، به‌ڕیزو شکۆمه‌ندن، به‌و هۆیه‌وه به‌شێک له کورده ئه‌وروپیه‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دڵیان له کوردستان شکاوه بۆ ژن هێنان رو ده‌که‌نه ئه‌و وڵاته.
لهمهراکشهوه به چیاکانی ئه‌تڵه‌سدا بۆ وه‌رزازات.
زنجیره چیای ئه‌تڵه‌س که له مه‌غریبه‌وه ده‌ڕوات به‌ناو جه‌زائیردا ده‌گاته تونس، به‌رزترین چیاکانی ئه‌فه‌ریقایه که ده‌که‌وێته باکوری ئه‌و کیشوه‌ره‌و ده‌یان شار‌و شارۆچکه‌و گوندی لهئامێزو قه‌دپاڵه‌کانی خۆیدا جێ کردۆته‌وه. له وه‌رزی زستان چیاکانی ئه‌تڵه‌س به‌فرێکی زۆری لێ ده‌بارێ، به‌وهۆیه‌وه زۆرجار رێگه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان شاره‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ده‌گیرێ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوندنشینه‌کانی ناوچه‌که‌دا ماڵه‌کانیان گه‌رم ناکه‌نه‌وه‌و ئاگر و سوته‌مه‌نی ته‌نها بۆ خورادن دروستکردن به‌کار ده‌هێنن. زۆربه‌ی ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاته نه‌رێتی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه‌و ناوچه‌ی تیشکا یه‌کێکه لهدهڤهره ئه‌مازیغ نشینه‌کان که پێکهاتوه له چه‌ندین شار‌و شارۆچکه‌و ده‌یان گوند، که به‌ناوبانگترینیان وهرزازاته. ئه‌و شاره به‌ناوبانگه که پێده‌شته‌کانی سه‌حراو به‌رزاییه‌کانی ئه‌تڵه‌س به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، جێگه‌ی دروستکردنی فیلمه‌و به‌هاوکاری هۆڵیود گه‌وره‌ترین ستۆدیۆی تێدا دروستکراوه له‌ژێر ناوی ئه‌تڵه‌س. به‌شێکی زۆر له‌فیلمه‌کانی کلیۆپاترا، بابل، گلادیاتور هتد، بریتین له‌به‌رهه‌مه‌کانی هۆڵیود و ستودیۆی ئه‌تڵه‌س له شاری وه‌رزازات، بۆیه، له‌زۆر بۆنه‌دا ئه‌و شاره وه‌ک هۆڵیودی ئه‌فریقیا ناوزه‌د ده‌کرێت. ناوچه‌ی تیشکا ده‌که‌وێته دامێنی چیاکانی ئهتڵهسهوهو زۆر نه‌رێتی شاخاوی جوانی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌و به‌شێک له‌و نه‌رێتانه ئاماژه بۆ یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو ده‌کات. هه‌ژاری و کۆچی توخمی نێر، له مه‌غریبه‌وه بۆ ئه‌وروپا، هاوتایی نێوان نێر‌و مێی وڵاته‌که‌ی شێواندوه بۆیه ئه‌و کچانه‌ی که ته‌مه‌نیان ده‌گاته 25 ساڵ شانسی شوکردنیان زۆر که‌مه، ئه‌وه‌ش زۆر گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستکردوه. دانیشتوانی گوندی ئیمیلشیل له‌ناوچه‌ی تیشکا، بۆ ئه‌وه‌ی کارئاسانی بکه‌ن له‌پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریدا، ساڵانه له دواین هه‌فته‌ی سه‌پته‌مبه‌ردا فێستیڤاڵی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. ئه‌و فێستیڤاڵه له داستانێکی خۆشه‌ویستیه‌وه که‌هاوشێوه‌ی مهم و زینه سه‌رچاوه‌ی گرتوه.
لهداستانهکهدا هاتوه، کچێک و کوڕێکی گه‌نجی گونده‌که عه‌شقی یه‌کدی ده‌بن به‌ڵام به‌هۆی کێشه‌ی نێوان خێڵه‌کانیانه‌وه، رێگه‌ی هاوسه‌رگیریان لێ زه‌وت ده‌کرێت ئیدی کوڕه‌که له‌سه‌ر شاخێکه‌وه خۆی فڕێ ده‌داته ناو ده‌ریاچه‌یه‌که‌وه که ناوی ئیسلیه، بهئهمازیغی واته زاوا، کچه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بگاته خۆشه‌ویسته‌که‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ی دڵداره‌که‌ی، خۆی فڕێ ده‌داته به‌شێکی دیکه‌ی روباره‌که‌وه که‌ناوی تسلیه، (واته بوک) ئیدی هه‌ردوکیان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. دوا به دوای ئه‌و تراژیدیایه هه‌ردو تایه‌فه‌ی گونده‌که کۆ ده‌بنه‌وه‌و بڕیار ئه‌ده‌ن که‌ئازادی ته‌واو بده‌نه تاکه‌کانی گونده‌که‌یان له دروستکردنی خێزان و خۆشه‌ویستیدا ئیدی له‌و کاته‌وه، ژن و پیاو ته‌واوی سه‌ربه‌ستی و مافی یه‌کسانیان هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و داستانه زۆر کۆنه به‌ڵام به‌هۆی رێزلێنان و یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌شقه، ساڵانه فێستیڤاڵی هاوسه‌رگیری له گونده‌که‌دا ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. به‌پێی گوته‌ی جه‌واد، شاره‌زاو چاوساغی گه‌شته‌که، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و فێستیڤاڵه‌وه ساڵانه زۆر خێزان، چی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و ناوچه‌یه یاخود وڵاتانی دیکه دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌تی، ئه‌و فێستیڤاڵه که چه‌ند رۆژێک دهخایانێ، پێشتر ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ ناسین و یه‌کتر بینین له‌نێوان هه‌ردو توخمی نێر‌و مێدا دروست ده‌کات. هه‌ندێک له‌شاره‌زایان گوته‌یه‌کی کۆنی گونده‌که ده‌گێڕنه‌وه که زۆر دوره له کولتوری عه‌ره‌به‌وه تێدا ده‌بێژێ ئه‌گه‌ر زاوایه‌کی باشیت، کچه‌که هه‌ڵبگره‌و ئنجا بڕۆ بۆ خوازبێنی. مه‌غریب وه‌ک چۆن له کولتوردا ده‌وڵه‌مه‌نده به‌هه‌مانجۆر له هونه‌ری سیرامیک و شێوه‌کارو وێنه‌کێشانیشدا ئاستێکی باڵای هه‌یه. محمد له گوندی توفلیمهت یه‌کێکه له هونه‌رمه‌نده ده‌ست ره‌نگینه‌کان. ئه‌و له‌ڕێگه‌ی گژوگیاو به‌هارات و سهفرانهوه، ره‌نگی سروشتی به‌مه‌به‌ستی وێنه کێشان دروست ئه‌کات. محه‌مه‌د تۆزێک سهفرانی کرده ناو قاپێکه‌وه‌و بڕێک ئاوی به‌سه‌ردا کرد، پاشان، نزیکه‌ی خوله‌کێک ئاوه‌که‌ی تێکدا، ئیدی بهفڵچهیهک له‌سه‌ر کاغه‌ز به‌و ئاوه وێنه‌یه‌کی دروستکردو پاشان کاغه‌زه‌که‌ی بهتهباغێکی بچکۆله وشک کرده‌وه، ئنجا وێنه‌که به ره‌نگێکی زۆر جوانه‌وه له‌ڕوی کاغه‌زه‌که ده‌رکه‌وت. محه‌مه‌د گوتی، له کۆندا که ته‌کنۆلۆجیا نه‌بو باپیرانمان ئه‌م ستایله‌یان بۆ نوسینی نامه به‌کار هێناوه، منیش سودم له‌و ئه‌زمونه وه‌رگرتوه‌و به‌م شێوه‌یه وێنه‌کان ده‌کێشم و به‌م کاره ژیانی خێزانه‌که‌م دابین ده‌که‌م.
وڵاتی قومی زه‌رد، ئاڵتونی سپی و نه‌وت، صحرای غه‌ربی.
لهمهراکشهوه دوای دو رۆژ به‌هاری ناوچه‌که‌و زستانی ئهتڵهسمان تێپه‌ڕاند ئیدی لهبوابه الصحراء (ناوچه‌ی توفداد) گه‌یشتینه وه‌رزی هاوین. دوای ئه‌وه‌ی لهتوفدادهوه به‌ڕێکه‌وتین ورده ورده خاکێکی ره‌ش ده‌رکه‌وت پاشان ئه‌وه‌نده‌ی چاو بڕی ئه‌کرد بێجگه لهپێدهشتێکی ره‌ش که‌ڕه‌نگی له‌خشتی سوتاو ئه‌چو، شتێکی دیکه‌مان نه‌بینی به‌ڵام پاش نزیکه‌ی سه‌عاتێک ئیدی ئۆتۆمۆبێله‌که‌مان پێشبڕکێی له‌گه‌ڵ لم و ته‌پ و تۆزی دوای خۆمانه‌وه ئه‌کرد، هه‌ندێک جاریش سێبه‌رو ته‌پ و تۆزی ئه‌و لمهزهرده وه‌ک و عه‌بای سه‌رشان، ئۆتۆمۆبێله‌که‌ی له خۆیدا ئهشارهدهوه، به‌و جۆره، کاتژمێر شه‌شی ئێواره، دوای نزیکه‌ی 10 سه‌عات به ئۆتۆمۆبێل گه‌یشتینه شارۆچکه‌ی مهرزهقه، پاشان له مهرزهقهوه، به‌هاوکاری چاوساغێک که‌ناوی ئیبراهیم بو به‌سواری وشتر به‌ره‌و سه‌حرا به‌ڕێکه‌وتین. به‌هۆی تاریکی و بێده‌نگی ئۆقیانوسی لم و ته‌پۆلکه‌کانی سه‌حرا ئیبراهیم که له‌پێش ئێمه‌وه ئه‌ڕۆیشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێگه نابینرێ، شی‌و و دۆڵ و ته‌پۆلکه‌کان، هه‌مویان ره‌نگیان به‌یه‌ک ده‌چێت، ئه‌ستێره‌کانی کردبو به قیبلهنۆماو، ئیدی پاش دو سهعاتو نیو گه‌یشتینه ناو ره‌شماڵی کۆچه‌ره‌کان (بدویین یاخو رحالهکان) له نزیک سنوری جه‌زائیر.
به‌پێی نه‌رێتی کۆچه‌ره‌کان ژن بۆی نیه ته‌نانه‌ت به‌شاڵ و حیجابیشهوه خۆی نیشانی پیاوی مه‌حروم بدا‌و ته‌نانه‌ت له ئاهه‌نگ و ههڵپهڕکێشدا، پیاو له‌شوێنی جودا، ژنیش به‌جیا نان ده‌خۆن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن بۆیه، چاوم به‌یه‌ک ژنی سه‌حرا نه‌که‌وت، به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی ئینسان ده‌گاته ناو ئه‌و لمه تێده‌گات بۆچی سهحراویهکان، شاڵ له‌سه‌رو ملیان ده‌ئاڵێنن، به‌تایبه‌تی وه‌ک که چۆن بڕبه‌ن ئاسن له ژه‌نگ سپی ئه‌کاته‌وه، ئه‌و لمه‌ش له‌گه‌ڵ کزه‌و ره‌شه‌بادا ده‌م و چاو له‌چڵک و پیسی و رومهتهکانیش سور ئه‌کاته‌وه. شه‌وێ، دوای پشویه‌کی کورت بۆ ئه‌وه‌ی چاوم به‌دیمه‌نی سه‌حرا شادکهم، له‌نزیک ره‌شماڵه‌کان، چومه به‌رزاییه‌ک به‌ڵام بێجگه لهکۆنتراستی ئه‌و قومه زه‌رده و جوانی نیوه مانگ و جریوه‌ی ئه‌ستێره‌کان شتێکی دیکه‌م نه‌بینی، لێ تاریکی و بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بیابانه له له‌گه‌ڵ کزه بایه‌کی فێنکدا، ئارامیه‌کی قوڵی به‌ناخم به‌خشی. سه‌حرا که وڵاتی ئاڵتونی سپی و نه‌وتی ره‌شه، لێ نه رادیۆ و نهتهلهفزیۆنی لێ یه، نه ئینته‌رنێت و مۆبایل و ئۆتۆمۆبیڵ، به‌ڵام هاوشێوه‌ی وشتر، وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌حراش سه‌فه‌رێکی دوری له‌پێش بێت، گرنگترین سه‌رچاوه‌ی ژیانی (ئاو) له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتوه. له‌نزیک رهشماڵهکانهوه، ئیبراهیم بیرێکی ئاوی نیشان دام و گوتی، کێشه‌ی ئاو له‌م ناوچه‌یه نیه چونکه له‌زۆربه‌ی شوێنه‌کانی سه‌حرا، تۆزێک قوم به‌ده‌ست هه‌ڵبده‌وه ئاوت ده‌ست ئه‌که‌وێت. خه‌ڵکی سه‌حرا وه‌ک نه‌رێتێکی غه‌م ره‌وێن له‌گه‌ڵ ته‌پڵ و گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕکێ ده‌ست له‌ملی شه‌و ئه‌که‌ن لێ ئه‌وان ئاگایان له روداوه‌کانی جیهان نیه بۆیه هیچ شاره‌زاییان له‌باره‌ی گه‌لی کورده‌وه نه‌بو. به‌هۆی ستراتیژی ناوچه‌که‌و نه‌وت و ئاڵتون و سامانه‌کانی دیکه،
زۆر لهئیمپراتۆرو داگیرکه‌ره زلهێزه‌کان، له‌مێژودا سهحرایان داگیر کردوه، دواجار ساڵی 1884 صحرای رۆژئاوا له‌لایه‌ن ئسپانیاوه وه‌ک کۆلۆنیهک ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراو ناوی سه‌حرای ئسپانیای به‌سه‌ردا سه‌پاند. له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی که رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بڕیاری نه‌هێشتنی سیسته‌می کۆلۆنیالیسمی ده‌رکرد، بزوتنه‌وه‌ی پۆلیساریۆی رزگاری سه‌حرا دامه‌زرا، دواتر له‌ژێر گوشار‌و رێکه‌وتنی نێو ده‌وڵه‌تی و رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان که‌بڕیاریاندا هاوڵاتیه سهحراویهکان له‌ڕێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه چاره‌نوسی ناوچه‌که دیاری بکه‌ن، له‌ساڵی 1975 له‌لایه‌که‌وه مۆریتانیا هێرشی کرده سهرناوچهکهو، له‌لایه‌کی دیکه‌وه، حکومه‌تی مه‌غریب زیاتر له 350 هه‌زار هاوڵاتی له‌ژێر مارشی سه‌وز (سه‌وز مه‌به‌ست له ئاڵای ئیسلام بو) به‌بێ چه‌ک له‌شاره‌کانی دیکه‌ی وڵاته‌که‌وه، به‌مه‌به‌ستی خۆپیشاندان و گرێدانی ناوچه‌که بهمهغریبهوه ره‌وانه‌ی سه‌حرا کرد، هاوکات ئسپانیا له‌سه‌حرا کشایه‌وه، ئیدی ئه‌و ریفراندۆمه‌ی که بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی و پشتیوانی به‌ده‌ستهێنابو هه‌تا ئێستاش ئه‌نجام نه‌دراوه. له‌ژێر گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و سهحراویهکاندا حکومه‌تی مه‌غریب مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌ی سه‌حرا دیار کرد، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی پۆلیساریۆ ره‌زامه‌ندی خۆی له‌و باره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندوه، بڕیاره‌که‌ش به حوبری سه‌ر وه‌ره‌قه له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا، حکومه‌تی مه‌غریب، جهزائیرو لیبیا‌و وڵاتانی دیکه بهئاڵۆزکردنی کێشه‌ی سه‌حرا تاوانبار ئه‌کات، به‌تایبه‌ت که بزوتنه‌وه‌ی پۆلیساریۆ له‌جه‌زائیر مه‌قه‌ڕی هه‌یه‌و به‌ئاسانی هاتوچۆی وڵاته‌که ئه‌که‌ن. به‌هۆی نه‌بونی دیالۆگ له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا کێشه‌ی سه‌حرا هه‌تا ئێستا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ نه‌کراوه، به‌ڵام محه‌مه‌دی شه‌شه‌م پادشای مه‌غریب، له‌سه‌ره‌تای مانگی جه‌نیوه‌ری 2010 به‌فه‌رمی بڕیاری ده‌کرد، به‌گوته‌ی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی نه‌یاره‌کان ببڕن، مافی ئۆتۆنۆمی له‌ناوچه‌ی سه‌حرا به‌زویی ده‌خاته قۆناغی جێبه‌جێ کردنه‌وه به‌ڵام لهڕابردوهدا چه‌ندینجار هه‌وڵی له‌و جۆره ده‌راوه. مه‌غریب که له‌لایه‌که‌وه پێی ده‌گوترێ مهرۆکۆ، هاوشێوه‌ی مه‌راکش واتای ئه‌رزی خودا ده‌گه‌یه‌نێ له‌لایه‌کی دیکه‌وه له‌سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامدا موسڵمانه‌کان لایان وابو که رۆژ لای ئه‌وانه‌وه هه‌ڵدێ و له مه‌غریبیش ئاوا ده‌بێت بۆیه ناوی مه‌غریبیان لێ نا به‌وجۆره، له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا به مه‌غریب و له زۆرینه‌ی جیهانیشدا ئه‌و وڵاته به مهرۆکۆ ناوزه‌د ئه‌کرێ.
تێبینی:
به‌شێک له نه‌رێتی گونده‌کانی ئه‌تڵه‌س زۆر له کورده‌وه نزیکه به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی تیشکه که ده‌که‌وێته نزیک وه‌رزازات و ناوچه‌ی گورامهو رشیدیه ده‌که‌وێته باکوری مه‌غریب نزیک سنوری جه‌زائیر.
سه‌رچاوه:
http://en.wikipedia.org/wiki/Ouarzazate
http://frittvastsahara.nu/index.php/om-vastsahara/historisk-bakgrund
http://sv.wikipedia.org/wiki/V%C3%A4stsahar