ئاماده‌كردنی: به‌رهه‌م خالید و محه‌مه‌د شێخ فاتیح
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاردا، شڵه‌ژانێك له بازاڕه‌كانی كوردستاندا رووده‌دات و زۆرێك له خاوه‌ن پیشه‌و بازرگان و كاسبكاره‌كان كاره‌كانیان سست ده‌بێت و چاودێرانیش پێیانوایه كه حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی ناتوانن بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاردا جێبه‌جێبكه‌ن، هه‌ندێكیش پێیانوایه كه بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی دیناری عێراقی بۆ كێبڕكێی دۆلار نییه، به‌ڵكو بۆ نزمكردنه‌وه‌ی نرخی شتوومه‌كه له بازاڕه‌كاندا، بۆیه له كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقیدا به‌كاربه‌ر (هاووڵاتییان)و بازرگانه ناوخۆییه‌كان سوودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن.
پاشه‌كشه‌ی دۆلار له به‌رامبه‌ر دیناردا (پێشتر نرخی یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر به 1500 دیناری عێراقی بوو، به‌ڵام ئێستا به‌های یه‌ك دۆلار دابه‌زیوه بۆ 1200 دینار) له كاتێكدایه كه هه‌ندێك له چاودێران پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م دابه‌زینه به‌رده‌وامبێت هه‌تا به‌های 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌بێته 100 هه‌زار دیناری عێراقی.
ئیسماعیل شكور، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابووریی له پارله‌مانی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه ده‌نگۆی دابه‌زینی به‌های دۆلاری بۆ 100 هه‌زار دیناری عێراقی به «پڕوپاگه‌نده و قسه‌ی ناوبازاڕ و بازرگانه‌كان» وه‌سفكرد، ئه‌و وتی: «به هیچ شێوه‌یه‌ك شتی وا له ئارادا نییه، به‌ڵكو بانكی ناوه‌ندیی عێراق به فه‌رمیی له بودجه‌ی ساڵی 2008دا نرخی دۆلاری به 1200 دینار داناوه، واته 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به 120 هه‌زار دیناری عێراقی».
ئیسماعیل شكور، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه «ئه‌گه‌ر شتێكی وا هه‌بێت ئه‌وه له پلانی ساڵی 2009دا ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ساڵی 2008 نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دینار به 1200 دینار دانراوه، ئه‌وه‌ش بڕیاری بانكی ناوه‌ندیی عێراقه».
چه‌ندین جار هه‌واڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئهمهریكیدا بڵاوبووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵێكی له‌و جۆره جموجوڵێكی ناسروشتیی له بازاڕه‌كاندا دروستكردووه.
چه‌ند جارێك بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ده‌یویست به بڕیارێك دراوی عێراقی به‌رزبكاته‌وه، كه چاودێرانی ئابووریی پێیانوایه ئه‌و كرداره‌ی بانكی ناوه‌ندیی ده‌یكرد پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دۆخه بوو كه تیایدا دۆلار به‌های به‌رزه‌و هه‌ڵاوسانی دروستكردووه، ئه‌گه‌ر بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا دابه‌زینێكی به‌رچاو له نرخی شمهكهكاندا رووده‌دات، چونكه ئه‌و شمه‌كانه به دۆلار ده‌كڕێن و ئێستا به‌كاربه‌ره‌كانی به دینار ده‌یكڕنه‌وه.
پسپۆڕانی ئابووری، باس لهوهدهكهن كه بیانووی بانكی ناوه‌ندیی له ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و جۆره، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه ده‌درێت له‌پێناو هێنانه خواره‌وه‌ی نرخی كاڵاكاندا، هه‌روه‌ها بۆ هاوسه‌نگكردنی باڵانسی خواست و خستنه‌ڕوو له بازاڕه‌كانی ناوخۆدا.
د. نه‌رمین مه‌عروف، پسپۆڕی بواری دراو و بانك و مامۆستا له زانكۆی سلێمانی، له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه باسی ئه‌وه‌یكرد كه دابه‌زینی دۆلار ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و جیهان قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی شتێكی پلان بۆ دانراوه كه ساڵێك زیاتره بانكی ناوه‌ندیی عێراقی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلار به‌رزبكاته‌وه، ئه‌ویش رۆژانه به فرۆشتنی دۆلار له رێگای هه‌ڕاجكردنی ئاشكراوه و كڕینه‌وه‌ی دیناری عێراقی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م فرۆشتنی دۆلاردا به‌های دۆلار دابه‌زێت و به‌های دینار به‌رزبكرێته‌وه، ئه‌و دۆخه‌ش له بازاڕدا ده‌بینرێت كه له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا به‌های دینار رووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه له به‌رامبه‌ر دابه‌زینی دۆلاردا به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندیی «تدریجی»ه، كه به‌های 100 دۆلار له 149 هه‌زاره‌وه گه‌یشتووه‌ته 122 هه‌زار دینار، مه‌به‌ستیش له‌م سیاسه‌ته‌ی بانكی ناوه‌ندیی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ی ئێستا له عێراقدا هه‌یه نه‌مێنێت.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری دراو و بانك پێیوابوو دابه‌زینی نرخی دۆلار له جیهاندا شتێكی تازه‌یه و چه‌ند رۆژێكه ده‌بینرێت و دابه‌زینی دۆلار له عێراقدا په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندییه‌وه هه‌یه، ئه‌و وتی: «له عێراقدا دۆلار دانابه‌زێت، به‌ڵكو داده‌به‌زێنرێت».
له‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو له بازاڕه‌كانی جیهاندا كه عێراقیش وڵاتێكی فرۆشیاری نه‌وته، داهاتێكی زۆر له فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته بۆ حكومه‌تی عێراقه و بانكی ناوه‌ندیی عێراقیش وه‌ك خه‌زنه‌داری ده‌وڵه‌ت داهاتێكی زۆر له فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته دێته خه‌زێنه‌كه‌یه‌وه و یه‌ده‌گی عێراق له دراوی بیانیی به‌رده‌وام له زیادبووندایه، بۆیه عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و بڕه پاره بیانییه به‌كاربهێنێت بۆ كڕینه‌وه‌ی دیناری عێراقی هه‌تا له‌و رێگه‌یه‌وه به‌های دینار به‌رزبكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌نده به بوونی ئه‌و پاره یه‌ده‌گه‌وه، به واتایه‌كی دیكه به‌نده به نرخی نه‌وتی خاو له بازاڕه‌كانی جیهاندا.
پێشتر ناجێگیرییه‌ك له به‌های دیناری عێراقیدا هه‌بوو، به‌ڵام پاش ساڵی 2003و به‌تایبه‌ت له‌دوای ئه‌وه‌ی كه چاپێكی نوێ له دینار كه‌وته بازاڕه‌وه، چاپی پێشوو متمانه‌ی یاسایی لێسه‌ندرایه‌وه، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی بڕیاری جێگیربوونه‌وه‌ی دیناری ده‌ركرد، له سه‌ره‌تادا به‌های دیناری بۆ 150و پاشان بۆ 147و دواتر بۆ 145 هه‌زار له به‌رامبه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رزكرده‌وه، توانیشی ئه‌و نرخه تا راده‌یه‌ك جێگیربكات.
به‌پێی لێدوانێكی پێشووی عه‌لی محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی هه‌رێم له سلێمانی، كه بۆ رۆژنامه‌ی كوردیش گلۆبی ئینگلیزی داویه‌تی، ناوبراو ده‌رچوونی بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی به شتێكی تازه نه‌زانیوه و پێشتریش ئیشی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌و باسیشی له‌وه‌كردووه كه ده‌رچوونی بڕیاره‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابوورییه‌كانه له عێراقدا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی هه‌رێم وتی: «به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی پێویستی به زیادكردنی بڕی نارده‌نی و وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی هه‌یه».
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی كه له ساڵی 1785ه‌وه دراوی ره‌سمییه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا، له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره له به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا دابه‌زینی له‌وجۆره به‌خۆوه ببینێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا دۆلار پارێزگاریی له به‌های خۆی كردووه له عێراقدا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و دابه‌زینه‌ی كه له بازاڕه‌كانی جیهاندا رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ر یۆرۆی ئه‌وروپی و یه‌نی ژاپۆنی.
جه‌مال حاجی حه‌سه‌ن، خاوه‌نی نووسینگه‌ی سه‌هه‌ند بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دراو له بازاڕی دراو (دۆلاره‌كه) له سلێمانی، باسی له‌وه‌كرد كه دابه‌زینی به‌های دۆلار له به‌رامبه‌ر دیناردا، په‌یوه‌ندیی به حه‌واڵه‌ی دراوه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه له دوبه‌ی و وڵاتانی ده‌ره‌وه دێته عێراق و كوردستانه‌وه، ئه‌و كه ماوه‌ی 15 ساڵه سه‌رقاڵی مامه‌ڵه دراوییهكانه، وتی: «پێشبینیی ده‌كه‌م نرخی دۆلار بگاته 100 هه‌زار دینار».
دابه‌زینی به‌های دۆلار له عێراقدا هاوكاته له‌گه‌ڵ دابه‌زینی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به «پاره‌ی سه‌وز» ناسراو، كه له جیهاندا به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت و ئێستا نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دراوی یه‌كگرتووی ئه‌وروپا (یۆرۆ) بۆ كه‌مترین ئاستی خۆی دابه‌زیوه و له لێواری دۆلار و نیوێك بۆ یه‌ك یۆرۆ نزیكبووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك چاودێرانی ئابووریی پێشبینیی ده‌كه‌ن دابه‌زینی نرخی دۆلار هه‌تا ناوه‌ڕاستی ساڵی 2008 به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گاته نزیكه‌ی 1.7 دۆلار به‌رامبه‌ر یه‌ك یۆرۆ، هه‌روه‌ها 2.5 دۆلار به‌رامبه‌ر به یه‌ك پاوه‌نی به‌ریتانی، پێش ئه‌وه‌ی دووباره دۆلار ده‌ست به به‌رزبوونه‌وه بكات، ئه‌مه‌ش ئابووریی جیهانی تووشی شۆك كردووه، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دراوی خۆیان به دۆلاره‌وه گرێداوه، چونكه هێشتنه‌وه‌ی دۆلار ده‌بێته هۆی زیانگه‌یاندن به‌و وڵاتانه‌ی دراوه‌كانیان به دۆلاره‌وه به‌ستووه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری دابه‌زینی نرخی به‌های دۆلار له جیهاندا له‌سه‌ر ئابووریی عێراق، ئه‌حمه‌د سلێمان، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ئابووریی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه به‌هۆی دابه‌زینی دۆلاره‌وه عێراق نزیكه‌ی 4 ملیار دۆلار زه‌ره‌ر ده‌كات، چونكه سه‌نان شه‌بیبی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق، به‌شێك له پاره‌ی یه‌ده‌گی عێراق كه به 17 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرێت و بۆ داپۆشینی دیناری عێراقی دانراوه، نهیگۆڕیوهتهوه به دراوی دیكه‌ی وه‌ك پاوه‌ن و یۆرۆ.
ئه‌حمه‌د سلێمان ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ «لاوازیی چاودێریكردنی بازاڕی جیهان»، ئه‌مه له كاتێكدا دوای ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار له بازاڕه‌كانی جیهاندا دابه‌زی، زۆربه‌ی بانكه ناوه‌ندییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ دووركه‌وتنه‌وه له زیانی گه‌وره، دراوی یه‌ده‌گی خۆیان كه به دۆلاره گۆڕییانه‌وه به ئاڵتون و دراوه‌كانی دیكه‌ی وڵاتانی خۆرئاوا، چونكه له ساڵی 1945دا كه سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زرا، وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه به‌پێی سیستمێك رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كانی خۆیان به دۆلاره‌وه ببه‌ستنه‌وه، ئه‌و سیستمه‌ش به «بریتۆن ودز» ناسراوه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به‌های دۆلاری به ئاڵتون خه‌مڵاند، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام بوو هه‌تا ساڵی 1971، ئه‌ویش كاتێك حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به ئاڵتون رابگرێت، له‌وكاته‌شه‌وه ئه‌ندامانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ئازادن له‌وه‌ی دراوه‌كانیان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بگۆڕنه‌وه جگه له به‌ستنه‌وه‌ی به ئاڵتونه‌وه.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابووریی له پارله‌مانی عێراق، باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌و دابه‌زینه‌ی به‌های دۆلار كه له بازاڕه‌كانی عێراقدا به‌دیده‌كرێت په‌یوه‌ندیی به نرخی دۆلاره‌وه هه‌یه له جیهاندا كه رووه و دابه‌زینه، ئه‌ویش به‌هۆی زیادبوونی رێژه‌ی دۆلاره‌وه‌یه له بازاڕدا كه وایكردووه نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دراوی عێراقیش راسته‌وخۆ به دۆلاره‌وه به‌ستراوه، بۆیه ئه‌و به‌رز و نزمییه‌ی له بازاڕه‌كانی جیهاندا رووده‌دات كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عێراقیش ده‌بێت، چونكه عێراق وڵاتێكی نه‌وتییه و هه‌نارده‌ی سه‌ره‌كیشمان نه‌وته، نرخی نه‌وتیش له جیهاندا به دۆلار دیاریده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له نرخی دۆلار و نه‌وت له جیهاندا رووبدات راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به بازاڕه‌كانی عێراقه‌وه ده‌بێت و نرخی دینار و دۆلار گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
شكور ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه ئه‌وان وه‌ك حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق پلانیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده‌دا نرخی دیناری عێراقی به‌رزبكه‌نه‌وه، تا له‌و رێگه‌یه‌وه ئابووریی عێراق باشبكرێت و ببوژێنرێته‌وه، هه‌روه‌ها باسیشی له‌وه‌كرد كه «ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌میشه له په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن نرخی دیناری عێراقی به‌رزبكه‌نه‌وه و ئابووریی عێراق به ئاڕاسته‌ی هه‌ڵساندنه‌وه و به‌ره‌وپێشچوون ببه‌ن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن».
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشبینیی ده‌كرێت به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی و دابه‌زینی دۆلار، نرخی كاڵا و كه‌لوپه‌ل له بازاڕدا هه‌رزانیی به‌خۆوه ببینێت، به‌ڵام چاودێرانی ئابووریی و بازرگانانی دراو به دووری ده‌زانن له‌م كاته‌دا شتێكی له‌و جۆره رووبدات هه‌تا به‌های دینار به‌رامبه‌ر دۆلار جۆرێك له جێگیریی به‌خۆوه ده‌بینێت، چونكه تائێستا نرخی هیچ شتێك دانه‌به‌زیوه و هه‌روه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
به بۆچوونی دكتۆره نه‌رمین مه‌عروف، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی واده‌كات بڕی هاورده له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه زیادبكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ش به دۆلاری هه‌رزان دهكڕردرێن، به‌مه‌ش ده‌بێت نرخیان له بازاڕدا دابه‌زێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕی كوردستان بازاڕێكی قۆرخكاریی «ئیحتیكار»ه، بۆیه بازرگانان نرخ دانابه‌زێنن به‌مه‌ش هه‌ڵاوسان له نرخه‌كاندا رووده‌دات و له‌م قۆناغه‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌و بازرگانانه سووده‌مه‌ند ده‌بن كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا بازرگانی ده‌كه‌ن، چونكه سه‌رجه‌م شتومه‌كه‌كان هاورده‌ی بیانین، به وته‌ی ئه‌و پسپۆڕه «به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دینار له به‌رامبه‌ر دۆلاردا نابێته هۆی دابه‌زینی نرخ، به‌ڵام ره‌نگه بتوانێت تا ئاستێك نرخ جێگیر بكات».
دۆلار رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له بازرگانیی جیهانیداو نوێنه‌رایه‌تی گه‌وره‌ترین ئابوورییه‌كانی جیهان ده‌كات و هه‌روه‌ها زیاتر له 50%ی هه‌نارده‌ی جیهان به نه‌وتیشه‌وه به‌هاكانیان به دۆلار دیاریده‌كرێت، بڕی ئاڵووێری دۆلار له جیهاندا نزیكه‌ی سێ تریلیۆن دۆلاره، هه‌روه‌ها سێیه‌كی یه‌ده‌گی دراوی بیانیی له جیهاندا پێكدههێنێتو 80%ی بڕی گۆڕینه‌وه‌ی نرخی دراوی بیانیی پێكده‌هێنێت، به‌مه‌ش هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له نرخی دۆلاردا رووبدات راسته‌وخۆ كار له بازاڕی جیهان ده‌كات، بانكی ناوه‌ندیی عێراقیش به‌پێی پلانی خۆی له به‌رنامه‌یدایه نرخی دیناری عێراقی به‌رزبكاته‌وه به مه‌به‌ستی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی باری ئابووریی عێراق.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی هه‌رێم، گومانی له ده‌سه‌ڵاته‌كانی بانكی ناوه‌ندیی نییه و باسی له‌وه‌كرد كه بانكی ناوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌تی هه‌یه كه جیاوازه له ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی عێراقی و بڕیاره‌كه‌ش په‌یوه‌ندیی به نه‌بوونی ئاسایشی ئابوورییه‌وه هه‌یه له عێراقدا نه‌ك شتێكی تر.
هه‌رچه‌نده زۆرێك له هاووڵاتییان پێیانوایه بانكی ناوه‌ندیی ناتوانێت سووربێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیارێكی له‌و جۆره و كاریگه‌ریی هه‌بێت به‌سه‌ر بازاڕه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی ناله‌باریی دۆخی ئاسایشی عێراق و گۆڕانكارییه خێراكانی نرخی نه‌وت و دراو له بازاڕه‌كانی جیهاندا، به‌ڵام جه‌مال حاجی حه‌سه‌ن، خاوه‌نی نووسینگه‌ی سه‌هه‌ند بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دراو ده‌ڵێت: «هه‌ر بڕیارێك له بانكی مهركهزییهوه ده‌ربچێت بۆ به‌رزكردنه‌وه و دابه‌زاندنی دۆلار، ئۆتۆماتیكی جیاوازیی نرخ له بازاڕدا دروستده‌بێت و نرخی دراو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت».
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه دێنه بازاڕه‌كانی كوردستانه‌وه به دۆلار ده‌كڕدرێن، به‌ڵام هاووڵاتییان ناتوانن سوودمهندبن له دابه‌زینی دۆلار، به‌پێی قسه‌ی جه‌مال حاجی حه‌سه‌ن، دابه‌زینی دۆلار له‌م كاته‌دا زیانی هه‌یه بۆ خه‌ڵك، چونكه ئه‌و بازرگانه‌ی كه‌لوپه‌لی به دۆلار كڕیوه، كه داده‌به‌زێت ئێستا ئه‌و هه‌رزانی ناكات، به‌ڵكو نرخه‌كه‌ی به‌رزده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تووشی زیان نه‌بێت، بۆیه تا ئه‌وكاته‌ی نرخی دۆلار جێگیر ده‌بێت گوشاره‌كه بۆ سه‌ر خه‌ڵك ده‌بێت و تا ئه‌وكاته جۆرێك له گرانیی له بازاڕدا دروستده‌بێت، له‌م باره‌دا بازرگانه‌كان هه‌له‌كه ده‌قۆزنه‌وه بۆ قازانجی خۆیان. له‌لایه‌كی تره‌وه كامه‌ران ئه‌حمه‌د، فه‌رمانبه‌ر، باسی له‌وه‌كرد كه دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی به‌لای ئه‌وه‌وه هیچ جێگه‌ی بایه‌خ نییه، ئه‌و وتی: «هیچ گۆڕانكارییه‌ك له عێراقدا گوزه‌رانی ئێمه باش ناكات».