میران محه‌مه‌د- سبه‌ی
شه‌وی 23/24 ی ئه‌م مانگه جه‌نگی نێوان ریال مه‌درید: یانه‌ی شاهانه‌ی ئیسپانیا و به‌رشلۆنه: یانه‌ی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا به‌رپا ده‌بێت.
سه‌ره‌ڕای په‌یامه ئاشتیخوازه‌كانی وه‌رزش به‌گشتی و تۆپی پێ به‌تایبه‌تی، به‌ڵام ئینسكلۆپیدیای پێوه‌ندییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانی پێنگوین، جه‌نگی نێوان هندۆراس و سلڤادۆر كه 30 هه‌زار كه‌س بوونه قوربانی، به‌جه‌نگی تۆپی پێ ناو ده‌بات.
ده‌مێ ساڵه تۆپی پێ، جیا له وه‌رزشه‌كانی دی تێكه‌ڵ به‌سیاسه‌ت و بازاڕ بووه. له كاتێكدا موعه‌مه‌ر قه‌زافی سه‌ركرده‌ی لیبیا پێی وایه كه تۆپی پێ بۆته هۆكاری شه‌ڕ و ململانێ، ئه‌نگێلا مێركلی راوێژكاری ئه‌ڵمانی له ده‌مه ده‌می مۆندیالی 2006 دا وتی: "هیچ شتێك ناتوانێت به‌ئه‌ندازه‌ی وه‌رزش هه‌ڵگری په‌یامی ئینسانی و ئه‌خلاقی بێت و ده‌كرێت وه‌رزش بۆ گه‌شه‌پێدانی وڵاتانی دواكه‌وتوو هۆكاری پێشكه‌وتن بێت و بۆ وڵاتانی پڕ ئاشوبیش مایه‌ی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بێت".
وڵاتی ئیسپانیا ده‌كه‌وێته رۆژئاوای كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ژماره‌ی دانیشتوانی نزیكه‌ی 40 ملیۆن كه‌سه و خاكه‌كه‌ی دابه‌شكراوه به‌سه‌ر چه‌ند هه‌رێمێكدا و به وڵاتی یاری گاكان ناسراوه، به‌ڵام له‌م ماوه‌ی دواییانه‌دا ورده ورده ئه‌و نازناوه‌ی كاڵبۆته‌وه به هۆی دروست بوونی ململانێ و ركابه‌ری له یاری تۆپی پێی خولی ئه‌و وڵاته‌دا.
ململانێی كلاسیكۆ كه نازناوی یاری نێوان به‌رشه‌لۆنه‌ی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا و ریاڵ مه‌دریدی هه‌رێمی كاستێیانۆیه نه‌ك له ئیسپانیدا به‌ڵكو جیهانی پێوه گیرۆده بووه، ئه‌ویش به‌هۆی سه‌ختی و ركابه‌ری ئه‌م دوو یانه‌یه له یاری تۆپی پێ و ئه‌و ره‌هه‌نده سیاسییه‌ی كه له پشت ئه‌م یارییهوهیه چونكه هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا پێی وایه هه‌رێمه‌كه‌یان سه‌ر به ئیسپانیا نیه و وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی كیشوه‌ری ئه‌وروپایه، بۆیه دروستبوونی بارگرژیه‌كان له یاری ئه‌م دوو یانه سهرسهختهدا وایكردووه كه رووبهرووبوونهوهكهیان نازناوی كلاسیكۆی پێبه‌خشراوه، هه‌روه‌ها به دێربی جیهان داده‌نرێت به‌وه‌ی نیوه‌ی جیهان هانده‌ری لایهكیانه و نیوه‌كه‌ی دی هانده‌ری ئه‌وی تریانه، جگه له‌مانه‌ش به‌رشه‌لۆنه له دروشمی یانه‌كه‌یاندا به راشكاوی په‌یامی خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه یانه ركابه‌ره‌كانیان به تایبه‌تیش ریاڵ مه‌درید، كه له پێش كاتی ده‌ستپێكردنی هه‌موو یارییهكیدا و پاش ته‌واوبوونی یاریه‌كه به ده‌نگێكی به‌رز ده‌ڵێن: ( ئێمه رۆڵه‌ی كهتهلۆنیاین، به‌خێرهاتنی هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه له باكورو باشور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه دێنه ماڵمان، به‌ڵام ماڵئاوایكردنمان له‌و میوانه به خۆشی ئێمه و خه‌فه‌تی ئه‌وانه، چونكه دۆڕان له بیر و هزری رۆڵهكانماندا نیه، سه‌ركه‌وتن هه‌میشه بۆ ناوێكه، ئه‌ویش به‌رشه، به‌رشه، به‌رشه.....)، جگه له‌مه به‌رشه‌لۆنه‌ی پایته‌ختی كاتالۆنیا كه هه‌رێمێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆی ئیسپانیا‌و زمان‌و ئاڵا‌و سرودی نیشتمانی جیاواز له‌سرودی ئیسپانیای به‌ر له 80 ساڵ هه‌بوو، هه‌ر كه‌سێك ئه‌و ئاڵایه‌ی هه‌ڵبگرتایه سزاده‌درا به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی 46 ساڵی حوكمڕانی فرانكۆی دیكتاتۆر كه له‌ساڵی 1975دا مرد، فرانكۆی دیكتاتۆر یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی عه‌شقی تۆپی پێ بوو، وای له گه‌له‌كه‌ی كردبوو تۆپی پێیان خۆشبوێت، له‌ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ره‌كانی ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر یانه‌كاندا، یه‌كێتییه‌كی تۆپی پێیان دامه‌زراند كه یه‌كێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) ئیعترافی پێكردو رۆژنامه‌یه‌كیان به‌ناوی رۆژنامه‌ی (ماركا) ده‌رده‌كرد كه بووه رۆژنامه‌ی ریاڵ مه‌درید.
كاتێك هێزه‌كانی فرانكۆ به‌سه‌ر كۆمارییه‌كان له‌ساڵی 1939 سه‌ركه‌وتن، به‌رشه‌لۆنه‌یان ناچاركرد ناوی یانه‌كه له ئینگلیزییه‌وه بگۆڕێت بۆ ئیسپانی، هه‌روه‌ك راپۆرتی ده‌سته‌و ئه‌نجومه‌نه‌كانی یانه‌كه ده‌بوایه له‌جیاتی زمانی كه‌تالۆنیای قه‌ده‌غه‌كراو به‌زمانی ئیسپانی بنوسرانایه.
ئاڵای كه‌تالۆنی كه ئاڵاكه‌ی زه‌رده‌و دوو هێمای سووری تێدایه، قه‌ده‌غه‌كرا، سوپاكه‌ی فرانكۆ جۆسێب سانیۆلی سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌یان كوشت كه له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ناوخۆیی كهتالۆنیاش بوو. له‌سه‌ره‌تای چله‌كانه‌وه هه‌موو سه‌رۆك یانه‌كانی به‌رشلۆنه لایه‌نگری فرانكۆ بوون. گاڵته‌جاڕییه‌كانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه یه‌كێك له‌سه‌رۆكه‌كانی یانه‌كه له‌ژیانیدا یاری تۆپی پێی نه‌دیبوو.
له‌به‌رامبه‌ریدا یانه‌ی ریاڵ مه‌درید كه یانه‌ی خۆشه‌ویستی فرانكۆ بوو هه‌موو یارییه‌كانی له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه په‌خش دهكراو له‌هه‌مان كاتدا ماوه‌یه‌كی كه‌می ته‌له‌فزیۆنه‌كه درابووه به‌رشه‌لۆنه ئه‌مه‌ش گرنگترین هۆكاری رقلێبوونی به‌رشلۆنه‌یه له ریاڵ مه‌درید.
جگه له‌مه یانه‌ی ریاڵ مه‌درید ده‌یه‌وێت خۆی وا پیشانبدات كه ته‌نها ركابه‌ری به‌رشه‌لۆنه‌ی كه‌ته‌لۆنی نیه به‌ڵكو شای یانه‌كانی ئیسپانیایه به‌وه‌ی یانه‌یه‌كی شاهانه‌ییه و ئه‌مه‌ش وای كردووه چه‌ند ركابه‌رێكی دیكه‌ی بۆ درووست ببێت له وڵاتی ئیسپانیا وه‌ك یانه‌ی ئه‌تله‌تیك بیلباو كه سه‌ر به هه‌رێمی باسكه و ئه‌م یانه‌یه‌ش وه‌كو كه‌ته‌لۆنیا به‌ڵام نه‌ختێك توند و سه‌ختتر پێیان وایه ده‌بێت له ئیسپانیا جودا ببن ، هه‌روه‌ها یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید كه هاوسێی ریاڵ مه‌دریده بۆته دوژمنێكی له هه‌رێمی كاستێیانۆ ، واته هه‌موو ئیسپانیا ئاواته خوازه سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر یانه‌ی شاهانه‌یی مه‌دریدیدا به‌ده‌ست بێنێت.
له‌گرنگترین دیارده‌ی زوڵملێكردنی به‌رشلۆنه له لایه‌ن مه‌دریدی شاهانه‌وه ئه‌وه‌بوو كه‌یاریزانی ناوداری به‌رشلۆنه ئهلفردیۆ دی سیتفانیۆ ناچاركرا یاری بۆ ریاڵ مه‌درید بكات‌و سه‌ركردایه‌تی یانه‌كه بكات بۆ بردنه‌وه‌ی پێنج نازناوی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا.
زه‌نگی جه‌نگی به‌رشه‌لۆنه و ریاڵ مه‌درید رۆژی یه‌كشه‌ممه رێكه‌وتی 23-12-2007 له یاریگای كامپ ن‌و كه تایبه‌ته به یانه‌ی به‌رشلۆنه له كاتژمێر 9ی شه‌و به كاتی كوردستان لێده‌درێت به ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 100 هه‌زار هانده‌ر كه 95%ی هانده‌رانی به‌رشه‌لۆنه‌ن، له جیهانیشدا نزیكه‌ی یه‌ك ملیار هانده‌ر ته‌ماشای ئه‌م یارییه ده‌كه‌ن، واته له هه‌موو ماڵێكدا كه‌سێك یاریه‌كه ده‌بینێت به‌و پێیه یه‌ك له شه‌شی هه‌موو جیهان ده‌بنه بینه‌ر، جگه له‌وه‌ی له هه‌ندێك وڵاتی هه‌ژاردا یاخود هه‌ندێ كه‌س به هۆی كاره‌كانیانه‌وه به رادیۆ و ئامێره ده‌نگیه‌كان گوێ له یاریه‌كه ده‌گرن.
مێژووی یاری كلاسیكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1902ی سه‌ده‌ی بیست، له یه‌كه‌م یاری ئه‌م دوو یانه‌یه‌دا كه له جامی ئیسپانیادا به‌ڕێوه چوو له رێكه‌وتی 24-5-1902 یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی توانی به ئه‌نجامی 3-1 یاریه‌كه بباته‌وه، دوا یاریشیان له مانگی نیسانی 2007 له یاریگای كامپ ن‌و به‌ڕێوه چوو كه تێیدا یاریه‌كه به یه‌كسانی و به سێ گۆڵ بۆ هه‌ردوولا كۆتایی پێهات، ئه‌م دوو یانه‌یه تاكو ئێستا 232 یاریان له‌گشت خول و پاڵه‌وانێتیه ناوخۆیی و جیهانیه‌كاندا ئه‌نجامداوه، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه له 95 یاریدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه و یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له 88 یاریدا ، هه‌روه‌ها 49 یاری به یه‌كسانی كۆتایی پێهاتووه، به‌رشه‌لۆنه توانیویه‌تی له‌و 323 یارییه‌دا 399 گۆڵ تۆمار بكات و یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدیش توانیویه‌تی 386 گۆڵ تۆمار بكات، گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی بردنه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه به‌سه‌ر ریاڵ مه‌دریدا 7-0 بووه و گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی ریاڵ مه‌درید 11-1 بووه، ئه‌م دوو یانه‌یه له ساڵه‌كانی 1937-1939 به هۆی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه یارییان ئه‌نجام نه‌داوه.
مێژووی دروست بوونی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1899، كه خوان گامبه‌ر و ده هاوڕێی له به‌رشه‌لۆنه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا یاری تۆپی پێیان ده‌كرد، هه‌ر بۆیه خوان گامبه‌ر بڕیاری دروستكردنی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی دا له رێكه‌وتی 29-11-1899 كه خودی گامبه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوو یانه‌یه‌كی وه‌ها به‌هێزی لێده‌رده‌چێت، دوابه‌دوای رێكخستنی یانه‌كه و به‌شدار بوونیان له چه‌ند پاڵه‌وانێتیه‌كدا و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند نازناوێك بڕیاری دروستكرنی یاریگایه‌كی تایبه‌ت به یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه درا، هه‌ر بۆیه له 24-9-1957 یاریگای كامپ ن‌و دروستكرا كه توانای وه‌رگرتنی 98600 ته‌ماشه‌كه‌ری هه‌یه و بڕیاریشه له ساڵی 2010 یاریگاكه رێژه‌ی كورسیه‌كانی بۆ 120 هه‌زار كه‌س گه‌وره بكات، له ئێستاشدا یاریگای كامپ ن‌و به گه‌وره‌ترین یاریگای ئیسپانیا و ئه‌وروپا داده‌نرێت. یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه خاوه‌نی 18 نازناوی خولی ئیسپانی و 24 جامی ئیسپانیا و 6 جامی سۆپه‌ری ئیسپانی و 2 جامی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا و 4 جامی یه‌كێتی ئه‌وروپا و 2 جامی سۆپه‌ری ئه‌وروپی و 4 جامی یانه پاڵه‌وانه‌كانی جامی یانه‌كان و 2 جامی لیگا و یه‌ك جامی جیهانی بچوك بۆ یانه‌كان كه له ساڵی 1957 به‌ده‌ستی هێناوه، سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه پارێزه‌ر خوان لاپۆرتایه.
یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له ساڵی 1902 دامه‌زراوه و به باشترین یانه و سه‌ركه‌وتووترین یانه‌ی جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نازناوی یانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می پێبه‌خشرا، یانه‌كه به یانه‌ی شاهانه‌یی داده‌نرێت، خاوه‌نی چه‌ندین نازناوی جیهانی و ناوخۆییه، له چه‌ندین پاڵه‌وانێتیدا ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندووه، له چله‌كاندا و به بڕیارێكی خوان فرانكۆی پادشای ئیسپانیا كه هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌و یانه‌یه بوو بڕیاری دروستكردنی یاریگایه‌كی تایبه‌ت به یانه‌ی ریاڵ مه‌درید ده‌ركرا، هه‌ربۆیه له 14-11-1947 یاریگای مه‌درید دروستكرا كه توانای وه‌رگرتنی نزیكه‌ی 85 هه‌زار ته‌ماشه‌كه‌ری هه‌یه، دوای ماوه‌یه‌ك ناوی ئه‌م یاریگایه گۆڕا به سانتیگۆ بێرنیابۆ كه ئه‌م ناوه له یاریزانی یانه‌كه بێرنابیۆوه هاتووه كه دواتر بۆته راهێنه‌ر و له پاشدا بۆ سه‌رۆكی یانه‌كه، بۆیه یانه‌ی ریاڵ مه‌درید سانتیگۆ بێرنیابۆ به ره‌مزێكی یانه‌كه ده‌زانن له كاتێكدا و له سه‌رده‌می ناوبراودا توانیویه‌تی 16 پاڵه‌وانێتی بۆ ریاڵ مه‌درید به‌ده‌ست بێنێت وه‌ك یاریزان و راهێنه‌ر و سه‌رۆكی یانه كه 35 ساڵ خزمه‌تی یانه‌كه‌ی كرد.
ریاڵ مه‌درید خاوه‌نی 30 خولی ئیسپانی و 17 جامی ئیسپانیا و 9 جامی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا 3 جامی كیشوه‌ره‌كان و 2 جامی یه‌كێتی ئه‌وروپا و 1 جامی سۆپه‌ری ئه‌وروپی و 7 جامی سۆپه‌ری ئیسپانیا و 1 جامی یانه‌كانی ئیسپانیایه، سه‌رۆكی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له ئێستادا سه‌رمایه‌دار رامۆن كالدیرۆنه.
جێی ئاماژه‌یه له‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌دا شه‌قامی كوردیش هه‌روا بێده‌نگ نیه، له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین لاوی كورد ده‌چن بۆ ته‌ماشای یاریه‌كه و پاش ته‌واو بوونی یاریه‌كه‌ش كۆمه‌ڵێكیان به ئاهه‌نگ و هوتاف كێشان و نوسینی لافیته و دروشم خۆشی خۆیان ده‌رده‌بڕن و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دیكه‌ش له خه‌فه‌ت و بێ تاقه‌تیدا تا چه‌ند رۆژێك ئاگایان له خۆیان نامێنێت، هه‌ر بۆیه یاری شه‌وی یه‌كشه‌مه له هه‌رێمی كوردستان هه‌روا به ئاسانی ناڕوات به‌ڕێوه، به تایبه‌تی كه زۆرینه‌ی ته‌ماشاكه‌رانی تۆپی پێ له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هانده‌ری به‌رشه‌لۆنه و ریاڵ مه‌دریدن، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆیه سه‌ره‌كیه‌كه كه له بنه‌ڕه‌تدا گه‌نج و لاوی كوردستان هانده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كانن وه‌ك ئه‌رجه‌نتین و به‌رازیل، به‌و پێیه‌ی یانه‌كانی به‌رشه‌لۆنه و ریاڵ مه‌درید زیاتر یاریزانه‌كانیان ئه‌رجه‌نتینی و به‌رازیلین ئێستا ركابهریهكه زیاتر قوڵتر بۆته‌وه، له‌م باره‌یه‌وه هیوای مه‌لا قادر به‌رپرسی به‌شی ئاوێنه سپۆرت سه‌باره‌ت به یارییه‌كه وتی: "پێم وایه یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه به ئه‌نجامی 2 – 1 ده‌یباته‌وه".
سه‌باره‌ت به روانینی شه‌قامی كوردی له سه‌ر یاری كلاسیكۆ پێی وایه هانده‌رێكی زۆر ته‌ماشای یارییه‌كه ده‌كه‌ن له كاتێكدا له وڵاتی ئیتاڵیا دێربی میلان به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام یاری كلاسیكۆ تام و چێژێكی جیاوازی هه‌یه نه‌ك ته‌نیا له ئه‌وروپا به‌ڵكو له هه‌موو جیهان، ته‌نانه‌ت له كوردستانیش چه‌ندین گه‌نج خۆی ئاماده كردووه بۆ ته‌ماشا كردنی یاریه‌كه".
پێشی وابوو كه گه‌نجی كوردستان ئه‌مساڵ له چاو ساڵانی رابردوو له رووی رۆشنبیرییه‌وه كراوه ترن و كۆمه‌ڵێكی كه‌م له‌و گه‌نجانه مۆركی ره‌گه‌ز په‌رستیان پێوه دیاره".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵواسینی لافیته له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه، پێی وابوو كه ئه‌وه روونادات و ئه‌گه‌ر شتێكی له‌و باره‌یه‌وه بكرێت ئه‌وه به شتێكی جوانی ده‌زانێت.
له لایه‌كی تره‌وه به‌همه‌ن غه‌ریب بێژه‌ر به‌شی وه‌رزش له كه‌ناڵی یه‌كگرتوو له‌مباره‌یه‌وه وتی: "له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و دوو یانه‌یه‌وه كێبڕكێیه‌كی دیار و ئاشكرا له نێوانیاندا ده‌بێنرێت و دیاركردنی ئه‌نجامی یارییه‌كه كارێكی قورسه، بۆیه یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه به‌هه‌موو توانایه‌وه هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی یارییه‌كه ده‌دات بۆ كه‌مكردنه‌وی خاڵی جیاوازی له نێوان خۆیی و یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدا".
وتیشی: "ریال مه‌درید وا به‌ئاسانی ناكه‌وێته داوی به‌رشه‌لۆنه‌وه ، بۆیه یارییه‌كه زۆر گران ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پێموایه به‌رشه‌لۆنه به‌جیاوازی گۆڵێك یارییه‌كه بباته‌وه".
به‌همه‌ن غه‌ریب ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه پێش یارییه‌كه و له‌ناو یاریگادا ركابه‌رییه‌كی ئاشكرا رووبدات و پێشی وابوو كه یه‌كێتی تۆپی پێی ئیسپانیا باشترین دادوه‌ری خوله‌كه بۆ ئه‌م یارییه ده‌ستنیشان بكات".
وتیشی: ئه‌گه‌ر به‌رشه‌لۆنه یارییه‌كه بدۆڕێنێت نابێته هۆی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی فرانك ریكارد، چونكه ریكارد راهێنه‌رێكی به‌ئه‌زموون و ئومێدێكی گه‌وره‌یه لای خوان لاپۆرتا.
به‌همه‌ن غه‌ریب هه‌ڵواسینی لافیته و دروشمه وه‌رزشیه‌كان له سه‌ر شه‌قامه‌كان بهكایرَكی نه‌شیاو و دوور له وه‌رزشی له‌قه‌ڵه‌مدا.
هاوڵاتی هاوكار حسێن ده‌رباره‌ی یاریه‌كه وتی: "له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و دوو یانه‌یه‌وه جۆرێك له ركابه‌ری هه‌یه له نێوانیاندا، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك وه‌كو هۆكاری سیاسی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیا هه‌ر له مێژه‌وه خۆیان به‌ئیسپانی نازانن و مێژووی دروستبوونی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ش پێش یانه‌ی ریال مه‌دریده، بۆیه دروستبوونی ریال مه‌درید رقێك بووه بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه".
سه‌باره‌ت به یارییه‌كه‌ش وتی: " بێگومان تام و چێژێكی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت و به‌رشلۆنه ئاماده‌كاری خۆی كردووه ته‌نها یه‌ك یاریزان یاری ناكات ئه‌ویش لیۆنێل مێسییه ، ئه‌وه‌ش سلبیاتێكی زۆری به‌سه‌ر یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه ده‌بێت و به‌مه‌ش بردنه‌وه‌یان قورس‌تر ده‌بێت له جاران، له‌لایه‌كی تره‌وه رۆناڵدینهۆ ئه‌و ئاسته‌ی جارانی نه‌ماوه و هێنری له پێكان تازه چاك بۆته‌وه، ئه‌مانه هه‌موو ئه‌گه‌رن و شتی سلبین به‌سه‌ر یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌وه".
سه‌باره‌ت به شه‌قامی كوردی و بیركردنه‌وه‌ی گه‌نجی كوردی هاوكار وتی: "به‌داخه‌وه كه گه‌نجی ئه‌مڕۆ به‌هه‌ڵه بیرله‌و یارییانه ئه‌كه‌نه‌وه و مامه‌ڵه‌ی ناشیرین ده‌رده‌بڕن وه‌كو ئه‌و مهسجانهی له كه‌ناڵه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها كوردستانی ئێمه‌ش زۆر به په‌رۆشن و پێده‌چێت چه‌ندین گره‌وی له‌سه‌ر كرابێت و زۆر به‌وردی چاودێری یارییه‌كه ئه‌كه‌ن و منیش پێم وایه كه یانه‌ی به‌رشلۆنه ده‌یباته‌وه".
بۆیه پرسیاره‌كان تا بێت زۆرتر ده‌بێت ، ئایا له‌و یاریه‌دا چه‌ند گه‌نج خه‌وی شه‌وی لێ تاڵ بێت و چه‌ندی دیكه به خۆشی ئه‌و شه‌وه به‌رێته سه‌ر، چه‌ند گره‌و ببرێته‌وه و چه‌ندی بدۆڕێ، چه‌ند لافیته‌ی سه‌ره‌خۆشی له سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌دی بكه‌ین، چه‌ند هانده‌ری ئه‌و دوو یانه‌یه زۆر بكات و چه‌ندی لێی بتهكێتهوه، پرسیاره‌كان زۆرن و وهڵامهكانیش نادیارن، ته‌نها یه‌ك شت وه‌ڵامی ئه‌مانه ده‌داته‌وه ئه‌ویش كلاسیكۆی ئیسپانیایه، هه‌روه‌ها ئێوه‌ش ده‌توانن راو سه‌رنجی خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی نێوان به‌رشه‌لۆنه و ریاڵ مه‌درید ده‌ربڕن.