راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
په‌رله‌مانتار له‌نێوان حیزب‌و خه‌ڵكدا، كێ هه‌ڵده‌بژێرێت؟
چاودێرانی سیاسیی، پسپۆڕی ئایینی، په‌رله‌مانتاران، خۆیان جه‌خت له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی دینی، یاسایی، ویژدانییو كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، كه بڕیارده‌ده‌ن "نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك" بكه‌ن.
ئه‌ندامانی هۆڵه بچوكه‌كه‌ی په‌رله‌مانیش له‌نێوان خواستی حیزب‌و گروپه‌كانیان، له‌كوێدا بیریان ده‌كه‌وێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی جوغرافیا فراوانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
(111) په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كوردستان، ئه‌گه‌رچی به لیستی حیزبی بهشدارییو كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنیان پێكراوه، به‌ڵام دواجار بهدهنگو متمانه‌ی خه‌ڵك ره‌وانه‌ی هۆڵی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان كراون، ئه‌و خه‌ڵكه به ژماره‌زۆره چاوه‌ڕێی ئه‌و (100) كه‌سه‌یه، كه له‌نێوان به‌رداشی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب‌و گروپه سیاسییه‌كاندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان نههاڕن، له‌م راپۆرته‌دا بۆچونی جیاواز له‌و روه‌وه ده‌خرێته‌ڕو: هه‌ن پێیانوایه به‌هۆی لیستی حیزبییه‌وه كه‌سایه‌تی په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ناو بۆته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی‌دا ده‌توێته‌وه، په‌رله‌مانتاره‌كانیش هه‌رچه‌نده له هه‌وڵی به‌رگریكردن له خۆیانن، به‌ڵام له كاریگه‌ریی ئاراسته سیاسییه‌كان ده‌رباز نابن، ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌شدا نازاندرێت ده‌شكێندرێت، یان ناشكێندرێت ئه‌و سوێنده‌یه به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌خورێت؟!
حیزب‌و قه‌ناعه‌تی په‌رله‌مانتار
رێبین ره‌سوڵ، چاودێری سیاسیی پێیوایه؛ سیستمی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هۆكاری به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه به خواست‌و ویستی حیزبه‌كانیانه‌وه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "حیزب بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و كه‌سانه له لیسته‌كه‌یدا جێده‌كاته‌وه، كه پهیوهستبونێكی جدییان به‌رامبه‌ر حیزب هه‌یه، بۆیه له‌كاتی ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاساكان ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار بڕواشی پێنه‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری حیزب‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی ده‌نگی پێده‌دات".
رێبین ره‌سوڵ، پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری رێخكراوی (ئاسك) بوه‌و ماوه‌ی (3) ساڵ چاودێریی كاره‌كانی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كردوه، په‌یوه‌ند به‌م بابه‌ته نمونه‌ی زیاتر ده‌خاته بهردهستو رایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌كاتی كاركردنم له‌گه‌ڵیان، به‌شێك له په‌رله‌مانتاره‌كانی خولی دوه‌م، ئاماژه‌یان به‌وه ده‌كرد؛ زۆرجار قه‌ناعه‌تیان به بڕیارێك نه‌بوه‌و ویژدانییه‌ن له‌گه‌ڵی نه‌بون، به‌ڵام له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ده‌نگیان پێداوه".
به‌پێچه‌وانه‌ی راكانی رێبین ره‌سوڵ، عومه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كوردستانی بڕوای وایه؛ لیستی حیزبی به‌و مانایه نییه ئه‌ندامی په‌رله‌مان حساب بۆ جه‌ماوه‌ر نهكاتو هه‌ر له‌ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییه‌كان بێت، به‌ڵكو ئه‌و حاڵه‌ته ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌سایه‌تی په‌رله‌مانتار كه تاچه‌ند بڕوای به‌خۆی هه‌یه‌و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه كه دواجار ده‌بێته‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كانیش كاره‌كانی خۆی رێكده‌خات.
وتیشی: "په‌رله‌مانتار ئه‌ركی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی له‌سه‌ره، ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تی به‌هێز بێت‌و متمانه‌ی بهخۆییو ده‌نگه‌كانی هه‌بێت ده‌توانێت ئه‌و سنورانه تێپه‌ڕێنێت كه حیزب بۆی كێشاوه، راسته ئێمه هه‌مومان حیزبه‌كان به‌لیست دایناوین، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه بێ ویژدانانه حساب بۆ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك نه‌كه‌ین، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری گه‌له، به‌ڵام هه‌ندێ هێڵی سور هه‌یه له سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی نابێت لێی لابدرێت".
له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی ئه‌زمونی كاری پهرلهمانییو كاركردنی په‌رله‌مانتاران له‌چواچێوه‌ی ئه‌و دۆخه‌دا، وای له زۆربه‌ی شه‌قامی كوردی، ناوه‌نده میدییاییه‌كان، چاودێرانی سیاسیی كردوه به زه‌قی باس له ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئاراسته سیاسییه‌كان به‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌وه بكه‌ن، به‌ڵام كۆی ئهزمونهكهش به‌ده‌ر نییه له چه‌ند نمونه‌یه‌كی مژدهبهخشو به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردنی هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر خاڵێكی هاوبه‌ش. نزیكترین نمونه‌ش بۆ ئه‌و حاڵه‌ته كۆدهنگبونی زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بو، له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نانبڕاوه‌كان.
بورهان ره‌شید، ئه‌ندامی فراكیسۆنی گۆڕان به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "راسته زۆر حاڵه‌ت له په‌رله‌مان هه‌یه‌و هه‌بوه، كه به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبیی حسابی بۆ كراوه‌و هه‌مو ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فراكسیۆنێك پێكه‌وه ده‌نگیان له‌سه‌ر بابه‌تێك داوه، به‌ڵام نمونه‌ی په‌رله‌مانتاری وه‌كو عوسمان بانیمارانی سه‌رۆكی پێشوی فراكسیۆنی سه‌وز هه‌یه، كاتێك كه یاسای نهوتو گاز هێنرایه په‌رله‌مان به هه‌ڵوێستێكی نیشمانییه‌وه به‌جیا له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كه‌ی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، پێویسته ئه‌و داهاته بۆ میلله‌ت بێت، راسته سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی لێی قبوڵنهكردو له پۆسته‌كه‌ی دوری خسته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه نمونه‌یه‌كی باشی پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشمانییه، له به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی‌دا".
دوفاقیه‌ت له ناخدا!
به‌هۆی فره‌یی رهنگو ده‌نگه جیاوازه‌كان‌و بونی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، پێكهاته‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان جیاواز له خوله‌كانی پێش‌و خۆی ده‌نوێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ستده‌كرێت پانتایی نێوان خه‌ڵك‌و په‌رله‌مان، وردتر بوترێت پهرلهمانتارو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كه‌متر بوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه؛ ئه‌م خوله‌ش درێژكراوه‌ی نه‌ریتی خوله‌كانی پێشوه، حاڵه‌تی "دوفاقیو ئیزدیواجیه‌ت" له‌ناخی پهرلهمانتارهكاندا هه‌رماوه.
رێبین ره‌سوڵ، چاودێری سیاسیی رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌هۆی سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌وه، خولی سێیه‌میش ره‌نگدانه‌وه‌ی خوله‌كانی پێشوه، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش بۆ دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنیش راسته، تا لیستی حیزبی هه‌بێت ئه‌و جۆره ئیزدواجییهته له ده‌رونی په‌رله‌مانتاردا ده‌مێنێته‌وه، واته ناتوانن به قه‌ناعه‌تی خۆیان‌و به‌ده‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كه‌یان مامه‌ڵه بكه‌ن، چونكه حیزب دایناون‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌نگی پێداون، له‌و هاوكێشه‌یه‌دا ده‌بێت له‌نێوان ویژدان‌و حیزب‌دا یه‌كیان هه‌ڵبژێرن، له‌وه‌ش دیاره كامیان هه‌ڵده‌بژێردرێت؟!".
له هه‌شت مانگی ته‌مه‌نی خولی سێیه‌می په‌رله‌ماندا ته‌نیا پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ساڵی (2010) تێپه‌ڕێندراوه، ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ش بهدهنگههڵبڕینی هه‌مو ئه‌ندامانی فراكسیۆنهكانو نه‌رێی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆن تێپه‌ڕی، هه‌رچه‌نده له‌ناو فراكسیۆنی كوردستانی به‌هۆی كه‌موكورتی پڕۆژه‌كه‌وه چه‌ند ده‌نگێك داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌یان بۆ حكومه‌ت ده‌كرد، به‌ڵام دواتر ئه‌وانیش وتیان (به‌ڵی!).
عومه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ندامی فراكسیۆنی كوردستانی‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی ده‌ڵێت: "پێویسته په‌رله‌مانتار به ویژدانه‌وه، به شه‌فافییه‌ته‌وه‌و به قه‌ناعه‌تی خۆی قسه‌ی بكات‌و ده‌نگ به پڕۆژه‌یه‌ك بدات، یان نه‌یدات، چونكه په‌رله‌مانتار حه‌سانه‌ی خۆی هه‌یه، ئیتر چ پێویست ده‌كات بسڵه‌مێته‌وه، یان ترسی به‌رامبه‌ر حیزبه‌كه‌ی هه‌بێت".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌نگی به پڕۆژه‌ی بودجه داوه، ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی كوردستانی وتی: "هه‌رچه‌نده پڕۆژه‌كه كه‌موكورتی هه‌بو، به‌ڵام دواجار له‌به‌ر به‌رژه‌وندیی خه‌ڵك‌و به قه‌ناعه‌تی خۆم ده‌نگمداوه، پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگیشی پێبده‌م گفتوگۆی هه‌مو مادهكانم كردوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ پڕۆژه‌ی تێدابوه پێم شه‌رم بوه له بودجه‌دا هه‌بێت!".
له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی فراكسیۆنی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان به‌رامبه‌ر فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆنه‌كان، كه ئه‌وانیش له ده‌نگنه‌دانیان به‌رامبه‌ر بودجه هه‌مویان به‌یه‌كه‌وه (25) په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان دهنگیام پێنه‌دا، بورهان ره‌شید، ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌كه راگه‌یاند: "له‌ناو فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتوین، ئه‌گه‌ر له بابه‌تی ههستیارو ستراتیژییدا نه‌بێت، كه په‌یوه‌ندیدار بێت به به‌ژه‌وه‌ندیی نیشتمانیی، هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك كۆیله‌ی بیروڕای كه‌س نییه‌و هه‌مومان مافی ئازادی رادهبڕینمان هه‌یه، ئێمه شت ناڵێینه‌وه، له گفتوگۆی بودجه چه‌ند حاڵه‌تێك هه‌بوه، كه به‌شێكمان ده‌نگمان به چه‌ند بڕگه‌یه‌ك داوه‌و هه‌ندێكمان ده‌نگمان پێنه‌داوه".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان، ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه ئه‌وان به‌ئاشكرا رایده‌گه‌ینن؛ پێش ئه‌وه‌ی وه‌لائمان بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌یان هه‌بێت بۆ نیشتمان‌و میللهتهكهمانهو "به‌و نه‌فه‌سه‌ش كارده‌كه‌ن".
سوێند
له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌ندامانی په‌رله‌ماندا، ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران به به‌رپرسیارێتی خۆیان‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان ده‌به‌سێته‌وه ئه‌و سوێنده‌یه، كه له‌به‌رده‌م پهرلهمانو خه‌ڵكدا ده‌یخۆن، به‌پێی ماده‌ی (11) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان هاتوه: په‌رله‌مانتار به‌م سوێنده ده‌ست به ئه‌ركه‌كانیان ده‌كه‌ن: "سوێند به یه‌زدانی مه‌زن پارێزگاری له یه‌كێتی گهلو خاكی كوردستانی عێراق‌و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ده‌كه‌م".
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاری زۆربه‌ی خه‌ڵكه، ئایا ئه‌و سوێنده یاسایی‌و ئایینییه، تاچه‌ند به‌رپرسیارێتی په‌رله‌مانتاران له‌به‌رامبه‌ر خۆیان‌و خوا‌و خه‌ڵك زیاتر ده‌كات؟ كێ حوكم له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات ئه‌و سوێنده شكێندراوه؟ ئه‌و سوێنده ده‌توانێت وا له په‌رله‌منتار بكات له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبییهكانو به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جدیی بكات؟.
د.سه‌باح به‌رزنجی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئهوقافو كاروباری ئایینیی سوێندخواردن وه‌ك پهیوهستبونێكی یاسایی‌و ئایینیی‌و سیاسیی ده‌بینێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر كهسو به‌رپرسه‌كانی فه‌رزده‌كات له‌كاتی جێبه‌جێكردنی ئیشوكارو به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان سوێنده‌كه ره‌نگبداته‌وه.
به‌رزنجی، وتیشی: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت به سوێندهكهوهو گومانكرا به‌رپرسێك سوێندی شكاندوه، پێویسته ته‌ره‌فێكی دادوه‌ری بێلایه‌ن لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات‌و داوای رونكردنه‌وه‌ی لێبكرێت‌و جیهه‌تی دادوه‌ریش ئاگاداربكرێته‌وه، هاوكاتیش شكاندنی سوێند به‌پێی نییهتو تێگه‌یشتنی به‌رامبه‌ر لێكده‌درێته‌وه، نه‌ك نییه‌تی كه‌سه‌كه خۆی، چونكه ئه‌وه‌ی سوێند ده‌شكێنێت به بۆچونی خۆی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای پێشێل نه‌كردوه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كه‌ی به به‌رژه‌وه‌ندیی باڵا ده‌زانێت".
پسپۆڕێكی ئایینیی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات؛ هه‌رچه‌نده سوێندخواردن شكڵێكی رۆتینی وه‌رگرتوه، به‌ڵام به‌رپرسی باڵا، كه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك دهكاتو به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌كه‌ی سوێند ده‌خوات به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشان، كه ئه‌گه‌ر لێی ده‌ربچێت به خیانه‌ت داده‌نرێت.
كێ خۆی له به‌رپرسیارێتی رزگار ده‌كات؟
د.محه‌مه‌د پێنجوێنی، پسپۆڕی ئایینیی وتی: "به‌رپرسیارێتی له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه تهشریفاتو رێزلێنان نییه، به‌ڵكو ئهركو ته‌كلیفه، كه مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی گه‌وره، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر پێی ناكرێت ده‌بێت خۆی لێ رزگار بكات، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌ڵپه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیی ئه‌گه‌ر له دنیادا ئهركێكت پێی سپێردراو به باشی به‌ڕێت نه‌كرد، له دنیادا پهشیمانبونهوهو حهیاچونه، له‌قیامه‌تیش خوای گه‌وره سزای سه‌ختی بۆ داناوه".
به بڕوای ئه‌و پسپۆڕه ئایینییه، ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك‌و بۆ نوێنهرایهتكردنی خه‌ڵك ئاشكرا ده‌كرێت، جیاوازیی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتی دیكه" كاتێك له‌به‌رچاوی خه‌ڵك پابه‌ندبون به ئه‌ركه‌كانت راده‌گه‌یه‌نیت، دو جار چونه ژێر به‌رپرسیارێتییه، چونكه یه‌كه‌م: خۆت هه‌ڵتبژاردوه، دوه‌م: به‌زمانی خۆت، هه‌ر مرۆڤێك په‌یمان بدات‌و په‌یمانه‌كه‌ی بشكێنێت له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه ئه‌و مروڤه خائینهو خیانه‌تی به نه‌ته‌وه، میلله‌ت، یاسا‌و به پره‌نسپی ده‌وڵه‌ت كردوه".
له‌باره‌ی ئه‌و نمونه‌ی پێشتر رێبین ره‌سوڵ، له‌سه‌ر زاری ئه‌ندامانی پێشوی خولی په‌رله‌مان هێنایه‌وه، كه زۆرجار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب‌و له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ده‌نگیان به بڕیارێك، یان پڕۆژه‌یاسایه‌ك داوه.
د.محه‌مه‌د بازیانی، پسپۆڕی ئایینیی وتی: "به‌رژه‌وه‌ندیی گروپ‌و حیزب به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵكو هی ژماره‌یه‌كی كه‌مه، ئه‌وه پاساو نییه كه‌سێك ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه به‌هی گشتیی بشوبهێنێت، به‌داخه‌وه وڵاتی ئێمه گیرۆده‌ی ئه‌و جۆره عه‌قڵییه‌ته‌یه، كه به‌رپرسیارێتی حیزب له شوێن به‌رپرسیارێتی ده‌وڵه‌ت دهدهنێتو ده‌وڵه‌ت به‌هی حیزب ده‌زانێت، له‌كاتێكدا له ئیسلامدا حیزب ئامرازه، نه‌ك ئامانج، هه‌ر كاتێك بوه ئامانج، زیانی گه‌وره له كۆمه‌ڵگه ده‌دات".