راپۆرتی: چاوان عه‌لی - شێنێ جه‌لال
به پاساوی نه‌بونی به دیارده، په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای له‌شفرۆشی ره‌تده‌كاته‌وه و به‌شێك له په‌رله‌مانتارانیش هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه به‌پێویست ده‌زانن.
رۆژی یه‌كشه‌مه‌ی رابردو، (20/6) له په‌رله‌مانی كوردستاندا پڕۆژه‌یه‌ك خرایه‌ڕو بۆ هه‌مواركردنی یاسای ژماره (8)ی ساڵی (1988)ی یاسای له‌ناوبردنی له‌شفرۆشی، به‌ڵام لیژنه‌ی یاسایی داوای ره‌تكردنه‌وه‌یان كرد، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان دیارده‌ی له‌شفرۆشی بونی نییه، له‌كاتێكدا یاسای سزادانی عێراقی سزای بۆ ئه‌م كارانه داناوه.
ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان، پێیانوایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌شفرۆشی شوێنی ره‌سمیی نییه و نه‌بوه‌ته دیارده، پێویستی به‌یاسا نییه و له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له په‌رله‌مانتاران جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه له‌شفرۆشی دیارده‌یه و زیندانه‌كانیش هاوكارن بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی، هه‌ربۆیه نابێت به‌پاساوی پاراستنی ناوبانگی هه‌رێم، ئه‌م پڕۆژه یاساییانه ره‌تبكرێنه‌وه.
په‌رله‌مان، چاوه‌ڕوانه له‌شفرۆشی به‌ئاشكرا ببینرێت، تا یاسای بۆ ده‌ربكات
گۆران ئازاد، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت: "پڕۆژه‌كه زۆر به گه‌وره‌یی باسی له‌شفرۆشی كردوه كه بوه‌ته دیارده له كوردستان، به‌ڵام وه‌ك لیژنه‌ی یاسایی پێمانوایه، حاڵه‌ته‌كه نه‌بوه‌ته دیارده، راسته شوێنی نهێنی هه‌یه و له هه‌مو وڵاتێكیشدا ئه‌وه هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا له كوردستان شوێنی ره‌سمیی بۆ له‌شفرۆشی نییه و له‌سه‌ر كوچه و كۆڵانه‌كان نه‌مانبینیوه، هه‌ربۆیه ده‌ڵێین، نه‌بوه‌ته دیارده".
له‌به‌رامبه‌ردا، د. به‌شیر خه‌لیل، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له په‌رله‌مانی كوردستان، رونیكرده‌وه كه ده‌ركردنی یاسا بۆ سزادانی كه‌سانێك كه به له‌شفرۆشی هه‌ڵده‌ستن، په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه كه له‌شفرۆشی نه‌بوه‌ته دیارده و شوێنه‌كانی ئه‌وكاره ئاشكرابن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه دیارده‌یه‌ك زۆر به‌ربڵاوبو، ئینجا یاسای بۆ ده‌ربكرێت، چونكه ئه‌و كات یاسا ناتوانێت به‌سه‌ریدا زاڵ بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی یاسایی، له كۆی (11)ئه‌ندام ته‌نیا ئیمزای (6)ئه‌ندامی له‌سه‌ره كه دوانیان تێبینییان له‌سه‌ری هه‌بوه، ئه‌مه‌ش به وته‌ی ناسك تۆفیق، ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگریی له مافی ئافره‌ت، ئه‌وه نیشانده‌دات كه: "له نێو لیژنه‌ی یاسایشدا، خۆیان هاوڕانین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌شفرۆشی دیارده نییه و حاڵه‌ته".
به‌پێچه‌وانه‌ی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانه‌وه، بونی دیارده‌ی له‌شفرۆشی له كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دانی پێدانراوه و رێوشوێنی بۆ گیراوه‌ته‌به‌ر.
په‌یمان عیزه‌دین، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: لیژنه‌ی یاسایی، به‌جۆرێك راپۆرتی له‌سه‌ر دیارده‌ی له‌شفرۆشی به‌رزكردوه‌ته‌وه كه مایه‌ی كاره‌ساته، چونكه به‌ڕێوبه‌رێتییه‌كانی چاكسازیی له هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بێبه‌ش نین له‌و كه‌سانه‌ی كه به‌هۆی له‌شفرۆشییه‌وه سزادراون و به‌ڵگه‌كانیش ده‌یسه‌لمێنن كه دیارده‌ی له‌شفرۆشی بونی هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، بۆیه نابێت به پاساوی پاراستنی ناوبانگی هه‌رێم، ئه‌م پڕۆژه یاسایانه ره‌تبكرێنه‌وه.
دكتۆر به‌شیر خه‌لیل، مه‌به‌ست له زیندانیكردن له روی یاسا و شه‌رعه‌وه، چاككردنی مرۆڤه، تا جارێكی دیكه تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگا ببێته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه له ئێستادا زیندانه‌كان وه‌ك پێویست نه‌بن، چونكه به وته‌ی ئه‌و: "كه سه‌ردانی زیندانه‌كانمان كردوه، بینیومانه كه ئافره‌ته‌كه له زینداندا توشی باند هاتوه و لێیانه‌وه فێربوه"، ئه‌مه‌شی به "كاره‌سات" وه‌سفكرد.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه دكتۆر رێباز فه‌تاح، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه دیارده‌ی له‌شفرۆشی (جا بۆ بازرگانی بێت یان كارێكی ئاره‌زومه‌ندانه)، به زه‌قی بونی هه‌یه و وتیشی: "له‌ماوه‌ی كاركردنم له نه‌خۆشخانه، رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و حاڵه‌تانه هاتونه‌ته رێگه‌م كه بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كراون، بنكه‌كانی پۆلیس و زیندانه‌كانیش شاهیدی ئه‌وه‌ن كه له هه‌رێمی كوردستان له‌شفرۆشی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو بونی هه‌یه".
په‌رله‌مانتاران، ئاماژه به‌وه‌شده‌كه‌ن كه هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌ك، یان دانانی یاسایه‌كی نوێ بۆ رێگرتن له‌وكاره، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نییه.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه ناسك تۆفیق، ده‌ڵێت: "ره‌نگه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و دیارده‌یه نه‌بێت، چونكه ئێستا یاسای ژماره (8)ی ساڵی(1988) هه‌یه كه له عێراق ده‌رچوه و كاری پێده‌كرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ ناكرێت وه‌ك ده‌یان یاسای دیكه كه له كوردستان هه‌ن و له دۆڵابه‌كانی دادگادا گیریانخواردوه به‌بێ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێبكرێن".
بۆ له كوردستان دیارده‌ی له‌شفرۆشی په‌رده پۆش ده‌كرێت؟
زیندانه‌كان و مه‌حزه‌ری پۆلیسخانه‌كان و مه‌زبه‌ته‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی كوردستان له‌دژی ماڵه له‌شفرۆشه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه توخماتێریه‌كان... جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له‌شفرۆشی له هه‌رێمی كوردستان بۆته دیارده.
رۆشنیران و زانایانی ئاینی و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆكن له‌سه‌ر بونی دیارده‌ی له‌شفرۆشی له كوردستان و ئه‌و بۆ چونه ره‌تده‌كه‌نه‌وه كه له‌شفرۆشی نه‌بۆته دیارده له كوردستان.
مامۆستا نیازی هه‌ورامانی، زانای ئاینی و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس، پێی وایه كه له‌شفرۆشی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر نییه كه‌واته هه‌مو ئه‌و رۆژنامه و گۆڤار و ماڵپه‌ر و بڵاوكراوانه‌ی كه رۆژانه له‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه ده‌نوسن ،هه‌مو "درۆیان "كرد، به‌ڵام دیارده‌كه بونی هه‌یه و واقعه و ئه‌وه‌ی قابیلی قسه‌له‌سه‌ركردنه ئه‌وه‌یه كه بونه‌كه له‌چ ئاستێكدایه و له روانگه‌ی دینیه‌وه ده‌بێت مه‌نتقیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بكه‌ین چونكه ئێمه به‌ڵگه و ده‌قی پیرۆزمان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه.
لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به بیانوی ئه‌وه‌ی له‌شفرۆشی دیارده نیه و حاڵه‌ته ره‌تیانكرده‌وه كه هه‌مواری یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی له‌شفرۆشی بكرێت، به‌ڵام ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح، توێژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نوسه‌ر، ته‌ئكید ده‌كاته‌وه كه له‌شفرۆشی حاڵه‌ت نییه و گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، كه ناكرێت نكۆڵی له بونی بكرێت له كوردستان.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه له‌شفرۆشی له هه‌مو دنیادا هه‌یه و هه‌ر وڵاتێك و كۆمه‌ڵگایه‌ك به پێی ستراتیجی كۆمه‌ڵگه‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت بشارێته‌وه، ئه‌وه‌ی له كوردستان هه‌یه كه ئه‌م گرفته پشتگوێده‌خرێت و چاوپۆشی لێده‌كرێت، سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه و بێبه‌رنامه‌ش نییه و ته‌نیا ئه‌وه نییه كه ده‌ڵێن لێی نازانین، به‌ڵكو به بۆچونی من ئه‌و كه‌سانه‌ی چاوپۆشی لێده‌كه‌ن سودمه‌ندن له بارودۆخه‌كه و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌ستیان تێیایدا هه‌یه.
ئه‌م بۆچونه ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره كه هه‌مان ئه‌و بۆچونه دوپاتده‌كاته‌وه كه خه‌ندان محه‌مه‌د جه‌زا، خاوه‌نی توێژینه‌وه‌ی ئۆقیانوسێك له تاوان، له وتارێكیدا كه له (سبه‌ی) بڵاو بۆته‌وه باسی ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌شفرۆشی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاشكرای بێپه‌روای بێسه‌روبه‌ره‌یه له‌كوردستان روده‌دات. من له‌توێژینه‌وه‌كه‌مدا بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ی به‌پله‌ی یه‌ك له‌م بازاڕه‌دا كڕیارن، به‌رپرسن و به‌رپسه قه‌ڵه‌وه‌كانیش، ئه‌وانه‌ی شوێن و سه‌یاره و خزمه‌تكاری زۆر له‌به‌رده‌ستیاندایه".
له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا خه‌ندان محه‌مه‌د جه‌زا ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه نزیكه‌ی 10 ساڵ خه‌ریكی كاركردن بوه له‌گه‌ڵ گرتوخانه‌كانی ژناندا، زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ده‌هاتنه بنه‌كه‌كانی گرتن و گواستنه‌وه به‌ماده‌ی 3و 4ی له‌شفرۆشی ده‌هاتنه ئه‌وێ، له توێژینه‌وه‌كه‌مدا نه‌مشاردۆته‌وه، چه‌ندین به‌رپرس‌و نوسه‌ر كه‌فاله‌تیان بۆ ده‌كردن‌و ئازادیان ده‌كردن! ئایا له په‌رله‌مانیش دۆسێكه هه‌روا بائاسانی داده‌خه‌ن؟
بڵاو بونه‌وه‌ی له‌شفرۆشی وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ده‌كرێت مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر به نهێنی و بێ سزا بمێنێته‌وه، ئه‌وا له چه‌ند ساڵی داهاتودا ژماره‌ی توشبوانی نه‌خۆشیه توخماتێریه‌كانی وه‌ك ئایدز و سیفلیس و چه‌ند دانه‌یه‌كی تر به‌ڕێژه‌ی به‌رز بڵاوده‌بنه‌وه.
ئه‌ڤین ئیبراهیم، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه له ئێستادا چه‌ندین راپۆرت هه‌ن باس له بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی وه‌ك ئایدز ده‌كه‌ن، كه به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه‌وه‌یه كه ده‌شارێنه‌وه، ئه‌گه‌رچی په‌رله‌مان نابێت له‌ئاستیدا بێده‌نگ بێت و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ی مێینه‌كه لێبكه‌ن كه ده‌یانوت "په‌رله‌مان پێی شه‌رمه قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكات".
به وته‌ی ئه‌و توێژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه په‌رله‌مان پێویسته وا یاساكه‌ی 1988 هه‌مواربكاته‌وه كه جگه له‌وه‌ی سزا بۆ ئافره‌تی له‌شفرۆش و ئه‌و كه‌سه‌ی له نێوانیاندا بوه (الوسيط) ، ئه‌وكه‌سه‌ش سزا بدرێت كه له‌شكڕه، چونكه ناكریت له‌شفرۆش سزابدرێت و زیندانی بكرێت و له‌شكڕه‌كه ئازاد بكرێت.
تائێستادا رونه‌كراوه‌ته‌وه كه له‌شفرۆشه‌كان تاوانبارن یان تاوانلێكراو، چونكه هه‌ندێك پێیان وایه له‌شفرۆشه‌كان، قوربانین و به‌هۆی خراپی ژیان و بۆ لایه‌نی مادی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، به‌ڵام مامۆستا نیازی به توندی ئه‌و بۆچونه‌ی ره‌تكرده‌وه و وتی: "ئه‌گه‌ر بیانو بۆ له‌شفرۆشه‌كان بهێنرێته‌وه، كه له‌به‌ر لایه‌نی مادی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ئه‌وه بیانویه‌كی بێبنه‌مایه بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌م دیارده‌یه و سوكایه‌تی كردنه به قیه‌م و ئیتیكی كورده‌واری، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و جیاوازه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی له‌شفرۆشی تیایاندا بۆته پیشه و باجیان هه‌یه و رێگه پێدراون، ئه‌گه‌ر ئه‌مه رێگه‌ی پێبدرێت له كوردستان ئه‌وا كاره‌سات روده‌دات".
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و بۆچونانه‌ی كۆكن له‌سه‌ر بونی له‌شفرۆشی وه‌ك واقعێك له كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم یش ئه‌و توێژژینه‌وه‌یه‌ی خه‌ندان محه‌مه‌د كه به‌ناوی ئۆقیانوسێك له تاوان بو و باسی دیارده‌ی له‌شفرۆشی ده‌كرد خه‌ڵات كرد.
خه‌ندان ده‌نوسێت: ئه‌و خه‌ڵاته‌ی داتانه توێژینه‌وه‌كه‌ی من، بۆ چاوبه‌ست بو یان ته‌نیا مه‌زاجێكی مۆدێرنانه؟... به‌شێكی گه‌وره‌ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌مان سه‌راپا به پرسی له‌شفرۆشی ته‌ڕبون ئیتر بۆ شه‌رم بكه‌ین باسی بكه‌ین؟