راپۆرتی: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
(سبه‌ی):
به بڕوای چاودێران "رێگای مه‌مله‌كه‌تی دیموكراسیه‌تێكی زۆر سه‌ره‌تایی به فه‌راهه‌مكردنی رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد و فراوانكردنی سنوره‌كانی ئازادی راده‌ربڕین ده‌ستپێده‌كات".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌سانی ئازادیخواز ئاماژه به به‌ندی 19 له جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافه‌كانی مرۆڤ، ده‌كه‌ن، كه به راشكاوی مافی ئازادی راده‌ڕبڕینی كردوه‌ته یه‌كێك له مافه سروشتی و بایه‌خداره‌كانی مرۆڤ. هه‌روه‌ك هاتوه: "هه‌مو كه‌سێك مافی ئازادی راده‌ربڕین و گوزارشتكردنی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كه بتوانێت ببێته خاوه‌نی بیروڕایه‌كی تایبه‌تی به بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌ستبهێنێته رێگه‌ی، هه‌روه‌ها مافی توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروبۆچونه‌كانی هه‌یه به هه‌مو هۆكاره جیاواه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه".
كاروان سالار، پارێزه‌ر له شاری سلێمانی، رایگه‌یاند: ئازادی راده‌ربڕین مافێكی سروشتی مرۆڤه و هیچ كاتێك به‌خششی ده‌سه‌ڵاته‌كان نه‌بوه، هه‌روه‌ك پێشیوایه ئازادی راده‌ربڕین پێوه‌رێكه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ملهوڕ له ده‌سه‌ڵاتێكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست.
هه‌رچه‌نده له دوای راپه‌ڕینه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی هه‌رێمی كوردستان ئاوێزانی ئه‌و ئازادیه سیاسیه بو كه له مێژبو هێزه جیاوازه‌كانی كوردستان خه‌باتیان بۆ ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی رۆژگار‌و ئاڵۆزبونی روداوه‌كان‌و جێگیربونی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا، ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه ئه‌و ئازادیه‌یان له واقیعدا به‌رجه‌سته ده‌كرد، به‌ره‌و پوكانه‌وه رۆیشت و ره‌هه‌نده‌كانی ئازادی و ئازادی راده‌ربڕینیش له پرۆسه‌یه‌كی كرداره‌كی نێو مه‌یدانی ژیان، ده‌بو به دروشمێكی نێو موناسه‌بات و ڤیستیڤاڵه‌كان.
له ساڵی 2000دا بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێمی كوردستان (رۆژنامه‌ی هاوڵاتی) وه‌كو یه‌كه‌مین میدیای ئه‌هلی له شاری سلێمانی دامه‌زرا، ئه‌گه‌رچی پێشتریش گۆڤاری ره‌هه‌ند توانیبوی مه‌ودایه‌كی گرنگ له ئازادی راده‌ربڕین له هه‌رێمدا به‌رجه‌سته بكات، به‌ڵام له‌و مێژوه‌وه كه رۆژنامه‌ی هاوڵاتی تێدا دامه‌زرێنرا، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بوه میكانیزمێكی رێكخراو و گرنگ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌مو ئه‌و دروشمانه‌ی كه سیاسیه‌كان وه‌كو مه‌كره‌مه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئازادی راده‌ڕبڕین باسیان لێوه ده‌كرد.
دواتر كۆمه‌ڵێك رۆژنامه و گۆڤاری دیكه‌ی ئه‌هلی دامه‌زران، هه‌مویان پێكه‌وه دیمه‌نه جیاوازه‌كانی مه‌ودای ئازادی راده‌ڕبڕینیان له هه‌رێمی كوردستان فراوانكرد.
له ساڵی 2007دا خولی دوهه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دوای مشتومڕێكی زۆر یاسای ژماره 35ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری په‌سه‌ندكرد و دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه، جارێكی دیكه یاساكه هه‌مواركرایه‌وه و دواتر په‌سه‌ندكرا، سه‌رباری ئه‌و تێبینی و كه‌موكوڕیانه‌ی كه یاساكه له خۆی گرتبو، به‌ڵام به بڕوای چاودێران پاڵپشتێكی یاسایی گرنگ بو بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ئازادی راده‌ربڕین به كراوه‌یی. به‌ڵام له ئێستادا هه‌مو ئه‌وانه‌ی داكۆكی له ئازادی راده‌ربڕین ده‌كه‌ن نیگه‌رانن له‌و هه‌وڵانه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌درێن بۆ هه‌مواركردنه‌وه یاساكه یان فه‌رامۆشكردنی له‌كاتی گرتنه‌به‌ری رێكاره یاساییه‌كاندا.
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داخی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ نیگه‌رانی په‌رله‌مانتاران كرد كه ئه‌و یاسایانه‌ی په‌رله‌مان ده‌ریده‌كات له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه جێبه‌جێ ناكرێن، هه‌روه‌ك پێشیوایه: یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامه‌گه‌ری تێبینی زۆری له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرایه ده‌رفه‌تێكی باش بو بۆ فه‌راهه‌مكردنی روبه‌رێكی فراوانی ئازادی راده‌ربڕین.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گومان و نیگه‌رانی رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران و كه‌سانی ئازادیخوازه، ماوه‌یه‌كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه كۆمه‌ڵێك رێوشوێن گیراونه‌ته به‌ر، كه پێكه‌وه له‌سه‌ر هێڵێكی راست یه‌ك ئامانج به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، ئه‌ویش بچوككردنه‌وه و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی ئازادی راده‌ڕبڕینن له هه‌رێمی كوردستان.
له ماوه‌ی رابردودا، زیاد له جارێك و له چه‌ندین بۆنه‌ی جیاوازدا هه‌ندی له به‌رپرسه باڵاكانی حكومه‌تی هه‌رێم تۆمه‌ت و شوناسی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان بۆ رۆژنامه‌نوسانی ئه‌هلی داتاشی، به شێوه‌یه‌ك زۆرێك له كاره‌كانی رۆژنامه‌نوسانیان به ئه‌جێندای ده‌ره‌كی و جاسوسیكردن ناوزه‌دكرد، به‌ڵام به بڕوای چاودێران ئه‌وه به‌رجه‌سته‌بونی ره‌خنه جدییه‌كانی میدیای ئه‌هلیه و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات هیچ وه‌ڵامێكی دیكه‌یان به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، تۆمه‌تباركرنی رۆژنامه‌نوسان نه‌بێت به جاسوسیكردن و خیانه‌تكردن.
له دواهه‌مین هه‌وڵیشیدا ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی تۆماركردنی داوای یاسایی و داواكردنی قه‌ره‌بوی مادی به بڕی ملیاره‌ها دینار، به‌به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئازادی راده‌ربڕین دابنێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ته‌نها له نێوان مانگی ئاب و ئه‌یلولدا، پارتی دیموكراتی كوردستان داوای یاسایی له‌سه‌ر 6 ده‌زگای رۆژنامه‌نوسی ئازاد تۆماركردوه، ئه‌مه جگه له‌و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رانه‌ی كه بابه‌ته‌كانیان نوسیوه یان بڵاوكردوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیار‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردنی رۆژنامه‌نوسانه، له داواكانیدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای بڕه پاره‌یه‌كی زۆر خه‌یاڵی ده‌كات، وه‌كو قه‌ره‌بو، كه له مێژوی رۆژنامه‌گه‌ری عێراق و ناوچه‌كه‌دا شتێكی ناوازه‌یه، به‌وپێیه‌ی بڕی قه‌ره‌بوی خه‌مڵێنراو كه پارتی له رێگه‌ی داواكانیه‌وه دیاریكردوه، 500 بۆ ملیارێك دیناره بۆ هه‌ر ده‌زگایه‌ك.
یه‌كێك له‌وانه‌ی، پارتی داوای یاسایی له‌سه‌ر تۆماركردوه، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رێگا مه‌گه‌زینه، كه داوای 500 ملیۆن دینار وه‌كو قه‌ره‌بو ده‌كه‌نه‌وه له‌و گۆڤاره.
شه‌نگار عه‌بدوڵا، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رێگا مه‌گه‌زین، ئه‌و داوا یاساییه‌ی پارتی به هه‌وڵێكی ئاشكرا ده‌زانێت بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین.
شه‌نگار رایگه‌یاند: داواكانی پارتی به بیانوی ته‌شهیر پێكردن له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه‌یان تۆماركراوه، به‌ڵام به بڕوای شه‌نكار ئه‌و بابه‌تانه سێیان راپۆرتی رۆژنامه‌وانین و رای كه‌سانی به‌رپرسی بۆ وه‌رگیراوه و یه‌كێكیشیان وتاری بیروڕایه، شه‌نكار وتی: "ئاشكرایه كه ئامانج له‌و داوایانه بێده‌نگ كردنی بیروڕای ئازاده".
داواكه‌ی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره، ده‌رباره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانیه كه له ژماره 9 و 16ی گۆڤاره‌كه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێیوایه ته‌شهیر به حیزبه‌كه‌ی كراوه و "زیانێكی زۆری به ناڕه‌وایی به پارتی گه‌یاندوه".
له‌گه‌ڵ ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته‌دا له ماوه‌ی رابردودا دادگاییكردنی هه‌ریه‌كه له رۆژنامه‌كانی (رۆژنامه و ئاوێنه و هاوڵاتی) و گۆڤاره‌كانی (لڤین و رێگا و فشار) ده‌ستی پێكردو له هه‌مو دانیشتنه‌كانیشدا دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كانی داوه.
به بڕوای خودی رۆژنامه‌نوسان، غه‌رامه‌كردنی رۆژنامه‌نوس و رۆژنامه و گۆڤاره ئه‌هلیه‌كان، روداوێكی ئاسایی نییه، به‌ومانایه‌ی ناكرێت ئه‌مه ته‌نها وه‌كو پرۆسه‌یه‌كی یاسایی نێو دادگا‌كان ته‌ماشا بكرێت، به‌مه‌به‌ستی سه‌روه‌ركردنی یاسا، به‌ڵكو ئه‌و روداوانه وه‌كو رۆژنامه‌نوسان باسی ده‌كه‌ن ده‌ستپێكی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، كه له ساده‌ترین مانایدا بریتییه له دژایه‌تیكردنی میدیای ئازاد و بچوككردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی ئازادی راده‌ربڕین.
نیاز عه‌بدوڵا، رۆژنامه‌نوسێكی شاری هه‌ولێره، پێیوایه: هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه له رابردودا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون، هه‌ر له توندوتیژی‌و پێشێلكاریه‌كانی مافی رۆژنامه‌نوس تاوه‌كو داواكانی ئه‌م دواییه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هه‌وڵێكی ئاشكران له‌م هه‌رێمه‌دا بۆ دژایه‌تیكردنی ده‌نگی ئازاد و ئازادی راده‌ربڕین.
ئه‌وه‌ی زیاتر رۆژنامه‌نوسانی نیگه‌رانكردوه، ئه‌وه‌یه كه پارتی له تۆماركردنی زۆربه‌ی داوا یاساییه‌كانیدا پشتی به یاسای سزادانی عێراقی به‌ستوه و یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری، كه له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچوه فه‌رامۆشكردوه.
به پێی ماده‌ی هه‌شته‌م، بڕگه‌ی پێنجه‌م له یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری، نابێت دوای تێپه‌ڕبونی 90 رۆژ له مێژوی بڵاوكردنه‌وه، هیچ جۆره رێكارێكی یاسایی له به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوس بگیرێته‌به‌ر.
له لایه‌كی دیكه‌وه به پێی ماده‌ی نۆیه‌م بڕگه‌ی یه‌كه‌م له یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری، رۆژنامه‌نوس یان سه‌رنوسه‌ر له كاتی سه‌رپێچیدا به بڕێك پاره غه‌رامه ده‌كرێت، كه له 1 ملیۆن كه‌متر و له 5 ملیۆن زیاتر نه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌زگا رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ش له 5 ملیۆن كه‌متر و له 20 ملیۆن زیاتر غه‌رامه ناكرێت، به‌ڵام داوا یاساییه‌كانی پارتی له نێوان 500 بۆ یه‌ك ملیار دیناردایه.
پارێزه‌ر حوسامه‌دین، بریكاری یاسایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه، پێیوایه: پارتی كارێكی ته‌واو مه‌ده‌نی ئه‌نجامداوه، چونكه وه‌كو هه‌مو كه‌سێك یان لایه‌نێك كه هه‌ستده‌كات سته‌می لێكراوه، په‌نای بۆ دادگا بردوه و داوای مافی یاسایی خۆی ده‌كات. له‌وباره‌یه‌وه وتی: "هه‌ر لایه‌نێك په‌نا بۆ داداگا به‌رێت ئاماژه‌یه به هه‌ستكردنی گیانی شارستانی تیایدا، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه ئه‌نجامدرابێت".
حوسامه‌دین، پێشیوایه: پارتی له تۆماركردنی داوا یاساییه‌كانیدا پشتی به یاسای رۆژنامه‌گه‌ری به‌ستوه، به‌ڵام بۆ دادگاییكردن پشتی به دادگای شارستانی به‌ستوه.
ده‌رباری بڕی ئه‌و قه‌ره‌بوه‌ی كه پارتی داوای كردوه، حوسامه‌دین وتی: "راسته ئێمه داوای ئه‌و بڕه پارانه‌مان وه‌كو قه‌ره‌بو كردوه، به‌ڵام مه‌رج نیه دادگا پابه‌ندی داواكه‌ی ئێمه بێت و ئه‌و بڕه قه‌ره‌بوه دیاریبكات".
له ماوه‌ی رابردودا یه‌كێك له دیمه‌نه سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، بریتی بوه له‌و توندوتیژی و پێشێلكاریانه‌ی كه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون.
به پێی راپۆرتی پێنجه‌می سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان له كوردستان (ده‌رباره‌ی ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستان) له نێوان (1/1/2010 - 30/6/2010) زیاتر له 262 پێشێلكاری و توندوتیژی جیاواز دژی رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون.
له‌نێو ئه‌و ئاماره‌ی سه‌ندیكادا، گه‌وره‌ترین كاره‌سات و پێشیلكاری، بریتی بو له تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسی جوانه‌مه‌رگ سه‌رده‌شت عوسمان، كه رۆژی 4ی ئایار له‌به‌رده‌م كۆلێژه‌كه‌یدا له شاری هه‌ولێر، رفێنراو 2 رۆژ دواتر ته‌رمه‌كه‌ی له شاری موسڵ دۆزرایه‌وه.
شه‌هید كردنی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه لاوه كه چه‌ند رۆژێكی كه‌می مابو، خوێندنی زانكۆیی ته‌واو بكات، گه‌وره‌ترین لێدان بو له ئازادی راده‌ربڕین له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌وپێیه‌ی ترسێكی گه‌وره ئاوێته‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری بو له هه‌رێمدا، به شێوه‌یه‌ك هیچ رۆژنامه‌نوسێكی ئازاد له سه‌لامه‌تی گیانی خۆی دڵنیا نه‌بو.
بچوككردنه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین و ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌كرێت، ناو ناوبانگی هه‌رێمی له‌كه‌داركردوه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، زۆرێك له راپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌تمه‌ند له بواری ئازادیه‌كاندا، به نیگه‌رانیه‌وه ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان له پێشێلكاریه‌كانی ئازادی راده‌ربڕیندا ده‌خه‌نه‌ڕو، له‌وانه (رێكخراوی ئه‌منیستی، رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ‌سنور، رێكخراوی ئایفێكس، رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، كۆمیته‌ی به‌رگری له رۆژنامه‌نوسان CPJ).
رۆژنامه‌نوسی هۆڵه‌ندی یودت، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی پرێسناوی هۆڵه‌ندی، پێیوایه: پێشێلكردنی مافی ئازادی راده‌ربڕین، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆزی گه‌لی كورد ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی كورده‌كان خۆیان قوربانیه‌كی گه‌وره‌ی پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕین بون، ده‌بێت كورد وریا بێت له‌وه‌دا كه ناوی به خراپی نه‌ڕوات له سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه ره‌نگه پشتگیری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ده‌ستبدات.
پێشێلكردنی مافی ئازادی راده‌ربڕین ته‌نها میدیا و رۆژنامه‌نوسانی نه‌گرتوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له ئێستادا ده‌سه‌ڵات به‌هۆی هه‌ندێك رێوشوێنی تایبه‌تیه‌وه ئه‌و مافه‌ی له به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی ئاساییشدا پێشێلكردوه، به شێوه‌یه‌ك هێنده‌ی نه‌ماوه هاوڵاتیانیش ته‌نها له نێو ماڵه‌كانیاندا موماره‌سه‌ی ئازادی راده‌ربڕین بكه‌ن، هه‌ر كاتێكیش بوارێكی گشتیان بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا و بۆچونه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه ده‌ربڕی توشی لێپێچینه‌وه و سزادان ده‌بنه‌وه.
له بۆنه‌یه‌كی ترسناكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی خانه‌قین سزای 2 كارمه‌ندی خۆیدا، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و دو كارمه‌نده له رێگه‌ی شاشه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی KNNه‌وه بیروڕا و بۆچونی خۆیان ده‌رباره‌ی كێشه و داخوازیه‌كانیان خسته‌ڕو.
یه‌كێكی دی له ره‌گه‌زه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین، بریتیه له خۆپیشاندان و ئه‌نجامدانی رێپێوان و ناڕه‌زایی، وه‌كو میكانیزمێكی مه‌ده‌نی بۆ گوزارشتكردنی گروپێك یان هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز، سه‌باره‌ت به‌و داواكاری و داخوازیانه‌ی كه له پێناویدا كۆ ده‌بنه‌وه. له‌مه‌شیاندا ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمدا توشی شكست بوه، به شێوه‌یه‌ك له ماوه‌ی رابردودا كه‌م خۆپیشاندان هه‌بوه له شار‌و شارۆچكه جیاوازه‌كانی هه‌رێم توندوتیژی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی بێت، یان لانیكه‌م خۆپیشانده‌ران، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌وه تۆمه‌تباركراون كه ده‌ستی ده‌ره‌كیان له پشته، كه ئه‌ویش خۆی له خۆیدا پاساوێكی ترسناكه بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی راده‌ربڕین.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه په‌یمانگه‌ی كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن، پرۆژه یاسایه‌كی گرنگ‌و لیبڕاڵیان بۆ رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردوه به‌ڵام تائێستا ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و هیچی دی.
هه‌موان كۆكن له‌وه‌دا، كه ئازادی راده‌ربڕین، مافێكی سروشتی مرۆڤه و یه‌كێكیشه له سیما گه‌شه‌كانی هه‌مو وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكرات، ئه‌و چركه‌ساته‌ی ئازادی راده‌ڕبڕین كۆتوبه‌ند ده‌كرێت، ژیانیش به هه‌مو جیاوازیه‌كانیه‌وه كۆتوبه‌ند ده‌كرێت. له هه‌رێمێكیشدا، كه په‌تای گه‌نده‌ڵی تا ئاستی نغرۆكردن، ئاوێته‌ی ده‌زگا جیاوازه‌كانی حكومه‌ت بوه، ئازادی راده‌ربڕین میكانیزمێكی گرنگه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تا كوشنده‌یه.
* له پرۆگرامی KNN ستۆری، كه‌ناڵی KNN، وه‌رگیراوه.