ئهمین جاف
دەوڵەتی کوردی خەونی گشت کوردێکی سەر روی ئەم زەمینەیە، هەمو کوردێکیش تامەزرۆی ئەوەیە کە داهات و سامانی ئەو وڵاته بەدەستی میللەتی کوردەوە بێت، بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی ئەو خەڵکهدا وەگهڕبخرێت، ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئیتر دەسهڵات بە کەیفی خۆی چۆن باس لەم مەسەلەیه دەکات! یاخود دەیەوێت راستییەکان بشێوێنێت و چەواشەی بکات ئەوە باسێکی ترە.
پێشینان گوتویانە: (دز بۆ بازاڕی ئاڵۆز دەگەڕێت)، لە ساڵی٢٠٠٨دا باس لە مەسەلەیەکی زۆر هەستیار و گرنگ دەکرا، بەڵام زۆر بەزەقی نەبو، لێرەو لەوێ باس لە (گروپی چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان/ پڕۆژەی نەوت بەرامبەر بەخاک) دەکرا، هێشتا کەم کەس زانیاری تەواوی دەربارەی ئەم گروپە هەبو، تەنانەت زۆرکەس گرنگی بەو مەسەلەیهش نەدەدا، هەر وەک هەمو دەزگاو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تری UN بێ ئەهەمییەت تێدەڕوانرا!.
بەرژەوەندی زلپارتەکانی ئەوروپا و ئەمهریکا هەمیشە لە بەردەوامبونی قەیرانە نێودەوڵەتیەکاندایە، بە تایەبەت کێشەکانی وڵاتانی دەوڵەمەند و خاوەن نەوت، ئەویش بە هۆی بونی- پشکی- هەندێك لە ئەندامانی ئەو پارتانە و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکانیان لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهاندا، لەمێژەوە لێرەو لەوێ، باسی تێوەگلانی هەندێ لە ئەندامانی رێکخراوەکانی UNیش له گەندەڵیهوه دەکرێت، ساڵانێک لەمەوبەر باسی تێوەگلانی کوڕی یەکێک لە بەرپرسانی پێشوی UN دەکرا!، گومانکردن لە تێوەگلان و دەستێکەڵاوکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی کوردستانەوە زیاد لە نیشانەیەکی پرسیاری دروستکردوە، جا ئەو کەسانە لەسەر هەر ئاستێکی بەرپرسیارتی حیزبی یا حکومی بن، ئەو مەسەلەیه خەریکە بەجۆرێک لە جۆرەکان چوارچێوەیەک وەردەگرێت.
پێشنیاری (گروپی چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان)، هەرچەندە لەسەرەتاوە کاری ژێربەژێری بۆ کرا، بەڵام لە دواییدا دەرکەوت کە ئەو مەسەلەیه پڕۆژەیەکی دورو درێژ بو، داڕشتن و بەڕنامەڕێژی تەواوی بۆ کرابو لەژێر ناوی (نەوت بەرامبەر بە خاك)، ئەو پڕۆژەیه هەرچەند بە فەرمی ئاماژە و راگەیاندنی بۆ نەکرا، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەوتە باری جێبەجێکردنەوە، نمونەش بۆ ئەو راستییە دواخستنی جێبەجێکردنی مادەکانی ٥٣، ٥٨، ١٤٠، تایبەت بە کەرکوک بۆ ماوەی شەش ساڵ، سەلماندی کە ئەو پڕۆژەیه بەشێوەیەکی نافەرمی و ناڕاستەوخۆ ئیشی بۆ دەکرێت و بەردەوامە.
دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان زیانی نەک هەر لە بواری ئابوریدا بە کورد گەیاند، بەڵکو گورزێکی کوشندەشی لەسەر هەردو ئاستی ئاسایشی نەتەوەیی، نیشتمانیش بە کێشە مەرکەزییەکەی کورد گەیاند (بەهۆی نەفامیی!... یاخۆگێلکردن بە مەبەست!، بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی ئەو سامانەوە گرنگە).
سامانی نەوت لە وڵاتانی دەوڵەمەندا بوە بەخێر و بەرەکەت، مایەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەیه، کەچی لە وڵاتی ئێمەدا بە پێچەوانەوە بوهته هۆی قەیران، پاشاگەردانی، گەندەڵی، دروستکردنی کێشە لە نێوان ناوەند و هەرێم، هەر بەهۆی ئەو کێشانەشەوەیە، کە حکومەتی ناوەند دەیەها تەگەرە دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور و یاساکانی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەندەوە.
دەسەڵاتی کوردی مافە سەرەکییەکانی میللەتی کوردی کردەوە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی سەرکردایەتی هەردو حیزب، بەدەیان کێشەی لاوەکی خوڵقاندوە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە، کارێکی وای کردوە کە بازاڕەکە ئەوەندە ئاڵۆزبێت، وایلێهاتوە کە لە کوردستان کەس ئاگای لە مەلەفە هەستیارەکان نەبێت، کەس سەری لێ دەرنەکات، تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقیش زۆرجار بە گومان و سەرسوڕمانەوە دەڕواننە ئەو جۆرە داخوازیانە، هەر بەو هۆیەشەوە حکومەتی ناوەند، کێشە مەرکەزییەکانی کوردی پشتگوێخستوە، بۆ نمونە مەسەلەی نەوت، پێشمەرگە، بودجە، شەڕێ پلەو پایەکانی بەغدا... هتد، ئەمانە هەمو وایکردوە کە حکومەتی بەغدا ئەو کێشە بچوکانە گەورە بکاتەوە، زیاد لە قەوارەی خۆی حیساباتیان بۆ بکات و سەرکردایەتی کوردی پێوە خەریک بکات و نەیپەرژێتە سەر کێشە مەرکەزییەکان.
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری کوردستان و لە عێراقیشدا باس باسی بە تاڵانفرۆشتنی نەوتی کوردستانە، کاتێک کە پەردە لەسەر بەقاچاخفرۆشتنی نەوت لادرا، ئیتر بەرپرسە باڵاکانی دەسهڵات توشی شۆک بون، هاواریان لێهەڵساوە، بو بە بانگەواز، هەر یەکەو لە دۆڵێکەوە هاواری دەکرد و ئاگای لە هاوڕێکەی خۆی نەبو، هیچ کامیان ئاگای لە راگەیاندنی ئەویدی نەبو، یەک بە پێچەوانەی ئەوی دی وەڵامی رۆژنامەنوسانی دەدایهوە، هەندێ لە بەرپرسان دەیانگوت: شتی وانییە و حاشایان لێدەکرد...، هەندێکیان دەیانگوت، بەس پاشەڕۆ و خڵتەکەی ئاودیو دەکرێت... (باشە ئەگەر رێژەی خڵتەو پاشەڕۆ لە نەوتدا ئەوەندە زۆربێت، تۆ بڵێیت وڵاتانی پیشەسازی جیهان ئەوندە بی ئەقڵبن بەرمیلێک نەوت بە ٨٠ دۆڵار بکڕن و بیگوێزنەوە بۆ ئەوروپا و لەوێ نیوەی فڕێدەن، ئاخر چ ئەقڵ و چ مهنتیقێک ئەم قسانە قبوڵ دەکات!... کەواتە ئەو وڵاتانه لە جیاتی نەوتەکە نیوەی قیرو قوڕ دەکڕن)، هەندێكیان دەیانوت: ئەوە نەوتی بەغدایە و تەنها بەناو هەرێمدا دەڕوات عەلاقەی بەئێمەوە نییە...، هەندێکیان دەیانوت: بەڵی نەوتە بەڕەسمی لە رێگای مقاولەکان ئەینێرنە دەرەوە بە رەزامەندی حکومەتی بەغدا...، هەندێکیان دەیانوت: ئاخر ژینگە پیسدەکات ئەی چی لێبکەیین!،... (وەک ئەوەی کە کورد لە سەدەی ١٨ دا بژیی)...، هەندێکیان دەیانوت: ئێمە ئاگامان لە پارەکەی نییە... هەندێکیان دەیانوت: کۆیی پارەکە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە کەس دەسی لێنەداوە...، دوا وتەیان ئەوەبو کە وتیان: ئەو کارە حکومەت نایکات، بەڵکو خەڵکە هەڵدەسێت بە ئاودیوکردنی نەوتەکە ...هتد.
ئەگەر بێت و تەنها یەک وەڵامیش لەو وڵامانەی سەرەوە راستبێت و هەمو وەڵامەکانی دی راستنەبن!، ئەوا هێشتا بە قاچاخفرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوت مەسەلەیەکی سەلمێنراوە...، لەبەر ئەوە دەبێت دەسەڵاتی کوردی (هەردو حیزب)، (داتای) تەواو و جەدوەلی تایبەت بە دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت لەسەر ئاستی ستاندەرە جیهانییەکان، بە شەفافی بخەنە بەردەست پهرلەمان و دەزگاکانی راگهیاندنی بێلایەی:
*لیستەیەک بە ژمارەی هەمو کێلگەکانی نەوت لە کوردستان، بەمهرجێک ئەم زانیاریانەی خوارەوە بۆ هەر کیڵگەیەک بەرونی و وردیی ئاماژەی بۆ بکرێت:
یهکهم/ نیشانەکردنی کێڵگەکان بۆ دەرهێنانی نەوت و غاز:
١-دەبێت بە وردی و رونی ئاماژە بۆ شوێنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان بکرێت، بە ئەحداسیاتی هەندەسی شوێنەکانی نیشانە بکرێت و بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو کێڵگەیه کەوتوەتە چ پارێزگاو- قەزاو-ناحیەو- ناوچەو، گوندێکەوە.
٢ – تاپۆ و خاوەندارێتی ئەو زەویانەی کە بیرەکانی تیادا لێدراوە، بە ناوی کێ و چ لایەنێکەوە تۆمارکراوە، وەک وەزارەتەکانی مالییە، زراعە، دیفاع، جوتیارەکان و هاوڵاتیانی ناوچەکە....هتد.
٣ – پانتایی ئەو کێڵگەیه بە دۆنم چەندە.
٤ – سنوری دیاریکراوی کێڵگەکە، لە هەر چوار ئاراستە جوگرافییەکەوە بەوردیی-باکور- باشور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات.
٥-ناو، رەگەزیی کۆمپانیای دەرهێنەر بە هەمو وردەکارییەکانییەوە.
٦- بەروار و ژمارەی گرێبەست، ناو، ناونیشانی لایەنی بەرپرس لە ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە.
٧ –بەرواری یەکەم رۆژی دەسبەکاربونی کۆمپانیاکە لەو کێڵگەیهدا.
٨- بەرواری، دوا رۆژی کۆتاییهاتن بە هەڵکەندنی بیرەکە...
٩-بەڵگەنامە و گەرەنتی ئیمزاکراو لەلایەن کۆمپانیا و لیژنەیەکی باڵاوە، کە لەم وەزارەتانە پێکهاتبێت: مالییە، نەوت، پیشەسازی، بازرگانیی، کشتوکاڵ و ئاودێری، بۆ وەرگرتنی کێڵگەکە و زانینی تونا، ئامادەیی کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنان، بە پێی ستاندەرە جیهانییەکان.
١٠- تونای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بە بەرمیل بۆ هەر رۆژێک (چەند بەرمیل لە رۆژێکدا وەبهردەهێنێت).
١١-پاش وەرگرتنی کێڵگەکە لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە، دەبێ بیرەکە لۆک بکرێت و چاودێری بکرێت هەتا ئەو رۆژەی کە تەسلیم بە کۆمپانیای هەناردەکەر دەکرێت بەپێی ئەو گرێبەستەی کە بە ئاشکرا لە گەڵیدا مۆرکراوە.
خشتهی ژمارە ١ بۆ کێڵگەکان
دوهم/ پرۆسەی فرۆشتن و چاودێریکردن:
١- پێکهینانی لیژنەیەکی تایبەت بەفرۆشتنی نەوت و غاز لە سەر ئاستێکی بەرز و بێلاییەن.
٢- ئاشکراکردنی ناو، رەگەزی ئەو کۆمپانیایانەی کە داخوازیان پێشکەشکردوە بۆ کڕینی نەوت، غاز لە لایەن ئەو لیژنەیهی سەرەوە.
٣-ئاشکراکردنی ناو، رەگەزی، ناونیشانی ئەو کۆمپانیای کە تەندەرەکەی بۆ دەرچوە، گرێبەستەکەی لەگەڵدا مۆردەکرێت.
٤ – دیاریکردن و راگەیاندنی شێوەی هەناردەکردن، چ لە رێگای بۆڕییەکانی نەوەتەوە بێت، یاخود لە رێگای کەنداوەکانەوە، یاخود لە خاڵە سنوریەکانەوە بە تەنکەر.
٤- دیاریکردن و راگەیاندنی ناوی ئەو خاڵە سنوریانەی کە نەوتەکەی لێوە ههناردە دەکرێت.
٥ – دهبێت ئەوبڕە نەوتەی کە رۆژانە دهنێرێتە دەرەوه بڕێکی دیاریکراو و نەگۆڕبێت، لای کەمی بۆ سێ مانگ بواری کەمکردنەوە و زیادکردنی نەبێت (تەنها لە حاڵەتی راوەستانی ئامێرەکاندا، یاخود بەهۆی هۆکاری تەکنیکەوە بێت، یاخود بڕیاری لێژنەی باڵا).
٦ – ئاماژەکردن بۆ شێوازی وەرگرتنی پارەی ئەو نەوته، جۆری دراوەکە، ناوی بانکەکان، چۆنێتی گەڕانەوەی ئەو پارە بۆ وڵات، بەردەوام لەژێر چاودێریدا بێت.
٧- قەرەبوکردنەوەی خاون زەوییەکان بە شێوەیەکی شایستە و یاسایی.
٨- تەرخانکردنی رێژەیەک لەو پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوندانەی کە بیری نەوت و غاز لە ناوچەکانیاندا لێدراوە.
سێیهم/ پاڵاوتگەکان:
دەبێت داتای تەواو لەسەر سەرجەم پاڵاوتگەکانی کوردستان کۆبکرێتەوە کە بریتیە لە:
١- ناو، شوێنی پاڵاوتگە، پارێزگا، قەزا، ناحیە، ناوچە و گوند.
٢- جۆرەکانی بەرههم لەو پاڵاوتگەیهدا، وەک بانزین، رۆن، گاز ...هتد.
٣ - توانای بەرهەمهێنانی هەر پاڵاوتگەیەک، بە پێوەری لیتر.
٤- ناو، ناونیشان، رەگەزنامەی خاوەن پاڵاوتگە.
٥ – شێواز و نرخی فرۆشتن، جۆری دراو.
٦ – لە چ رێگا و بە چ شێوازێک نەوتە خامەکە دەگاتە ئەو پاڵاوتگەیه.
٧-کۆنترۆڵکردنی چۆنێتی و چەندێتی بەرهەمەکان بە بەردەوامی.
٨ – پابەندکردنی خاوەن پاڵاوتگەکان بە یاساکانی پاراستنی ژینگه.
خشتهی ژمارە ٣ تاییەبەت بە پاڵاتگەکان
چوارهم/ پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت:
بۆ هەناردکردنی نەوت یا هەر بەرهەمێکی تر، دەبێت بەم شێوەی خوارەوە نیشانه و ئاماژەی بۆ بکرێت:
* نیشانەکردنی ئەو خاڵە سنوریانەی کە نەوتی لێوە هەناردەدەکرێت، بۆ وڵاتانی درواسێ.
* نیشانەکردنی ئەو کێڵگانەی، کە نەوتی لێوە دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت.
*نیشانەکردنی ئەوبڕە نەوتە، بە (بەرمیل) کە رۆژانە لە هەریەکە لەو کێڵگانەوە هەناردە دهکرێت.
ناونیشان و رەگەزی ئەو بەڵیندەر و کۆمپانیایانەی کە لەو خاڵە سنوریە دیاریکراوە، رۆژانە نەوت هەناردە دەکەن.
* هەر بەڵێندەرێک بۆی هەیە رۆژانە، بڕی چەن لیتر/بەرمیل نەوت، یاهەر بەرهەمێکی تر بگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات لە خاڵی دیاریکراوەوه.
* ژمارە و نمرە و توانای هەر شاحینەیەک (تانکەر) بە (لیتر) کە لەو بوارەدا کاردەکەن، سەر بە چ کۆمپانیایەکن.
*بەستنی ژورەکانی کۆنترۆڵی سنور (تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت)، بە کێڵگەکانەوە لە رێگای خەتی ئینترنێتەوه.
* دانانی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریی پێشکەوتو بۆ بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و فرۆشتن و هەناردە و تەنسیق و کۆنترۆڵ.
خشتهی ژمارە ٢ تایەبەت بە هەناردەکردن
خشتهی ژمارە ٢ تایەبەت بە هەناردەکردن