راپۆرتی:(سبه‌ی)
ساڵی 2010 به ساڵیکی پڕ له روداو و گۆڕانکاری داده‌نرێت له‌ڕوی سیاسی و ئابوری و بواره‌کانی دیکه‌دا له کوردستان و عێراق و جیهانیشدا، له گرنگترین ئه‌و روداوانه‌ش تۆمارکردنی ژماره‌ی پێوانه‌یی له دواکه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق و هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه‌ی راپۆرته نهێنییه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاو چه‌ندان روداوی دیکه، که ئه‌مه‌ش گرنگترینی ئه‌و روداوانه‌یه:
کانونی دوه‌م:
- له یه‌که‌م رۆژی ساڵی 2010دا کورده په‌ناهه‌نده‌کانی سوریا له وڵاتی نه‌رویج له دژی پێنه‌دانی په‌ناهه‌نده‌یی پێیان، له‌به‌رده‌م ته‌لاری په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا مانگرتنیان راگه‌یاند.
- له یه‌كه‌م رۆژی ساڵی 2010دا له شاری سلێمانی، 3 منداڵ به‌رێگای بلوری له‌دایك بون، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دایكانی ئه‌و سێ منداڵه له سه‌ره‌تای مانگی نیساندا پیتاندنیان بۆكراوه به‌شێوه‌ی بلوری، له كۆی 7 ژن كه ئه‌و كاره‌یان بۆ ئه‌نجام درابو.
- له سێیه‌م رۆژی ساڵی 2010دا، رۆژنامه‌ی (فایناشناڵ تایمز)ی ئه‌مه‌ریكی راپۆرتێکی ده‌رباره‌ی دیاترین 50 که‌سایه‌تی جیهان له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردودا بڵاوکرده‌وه، که کاریگه‌ری باش یان خراپیان بۆ جیهان هه‌بوه، که تێیدا مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆکی وڵاتی ئێران به‌پله‌ی یه‌که‌م هاتوه، له دوای ئه‌و ئوسامه بن لادنی سه‌رکرده‌ی رێکخراوی قاعیده دێت، پاشان تۆنی بلێری سه‌رۆکی حکومه‌تی پێشوی به‌ریتانیا و جۆرج بوشی سه‌رۆکی پێشوی ئه‌مه‌ریکا بهپلهکانی سێیه‌م و چواره‌می دیارترین که‌سایه‌تییه‌کانی 10 ساڵی رابردو دێن.
- رۆژی 4/1/2010 زیاتر له (140) پارێزه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر شڵه‌ژانی بارودۆخی ئه‌منی شاری سلێمانی بڵاوکرده‌وه، که له‌ماوه‌ی رابردودا ئه‌و شاره زنجیره‌یه‌ك روداوی توندوتیژی به‌خۆیه‌وه بینی، هه‌ر له هێرشكردنه سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك كه سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بون و هه‌روه‌ها هێرشكردنه سه‌ر رۆژنامه‌نوس و كه‌سانی دیكه.
- به‌رزترین باڵه‌خانه‌ی جیهان که به‌رزییه‌که‌ی (828) مه‌تره، به‌ناوی "بورجی خه‌لیفه" له دوبه‌ی كرایه‌وه.
- 5/1/2010 پۆلیسی توركیا 20 كه‌سایه‌تی كوردی له شاره كوردیه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ستیگركرد، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی تۆڕه نهێنییه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانن.
- رۆژی 6/1/2010 وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق داوای کرد سزای له سێداره‌دان له هه‌مان ئه‌و شه‌قامانه‌دا جێبه‌جێ بكرێت كه تاوانباره‌كه ته‌قینه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام داوه.
- 7/1/2010 : وه‌كو ناڕه‌زاییه‌ك دژی ئه‌و قه‌یرانه سیاسیه‌ی وڵاته‌كه‌ی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی تێكه‌وتوه، كونسوڵی ئێران له ئۆسلۆ ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و وتی: ئاماده نیم جارێکی تر بگه‌ڕێمه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه توندوتیژیم به‌رامبه‌ر بكرێت.
- په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و سعودیه رو له ئاڵۆزی کرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌یه‌که‌م هه‌فته‌ی ساڵی 2010دا، محه‌مه‌د ئه‌لعه‌ریفی زانایه‌كی سعودی له وتارێكیدا له شاری ریاز سوكایه‌تی به عه‌لی سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كان كرد‌و جارێكی تر رۆژنامه‌كانی سعودیه و به تایبه‌ت رۆژنامه‌ی ئه‌لوه‌ته‌ن كاریكاتێری سیستانی‌یان بڵاوكرده‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا هاوڵاتیانی شاره‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا چونه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سعودیه‌یان كرد.
- 13/1/2010 بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به گوڕی 7 پله به‌پێوه‌ری رێخته‌ر شاری (پۆرتئاوپرینس)ی پایته‌ختی هه‌ژاند و كوژران و برینداربونی هه‌زاران كه‌سی لێكهوتهوه.
- 14/1/2010 دادگای تاوانه‌كانی ره‌سافه له شاری به‌غدا، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 11 كه‌سدا سه‌پاند، كه تاوانی پلاندانان و جێبه‌جێكردن و پاڵپشتی دارایی ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌ردو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و داراییان خراوه‌ته پاڵ، که به چوارشه‌ممه‌ی خوێناوی ناسراو بوه هۆی کوژران و برینداربونی سه‌دان که‌س.
- 17/1/2010 دواین دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه له شاری به‌غدا كۆتایی هات و دادگای باڵای تاوانه‌كان سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ناسراو به عه‌لی كیمیاویدا سه‌پاند و هه‌ریه‌ك له سوڵتان هاشم و سابر دوری سزای 15 ساڵ زیندانی و فه‌رحان موتڵه‌گ جبوری سزای 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
- سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پشتگیریی له‌و ئه‌ندامه به‌عسییانه ده‌كه‌م كه سه‌دامیی نین، بۆ به‌شداربون له پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا.
- له هه‌ڵمه‌تێكدا كه له‌لایه‌ن هێزی دژه‌تیرۆر له‌ناوخۆی توركیا ئه‌نجامدرا، نزیكه‌ی 120 كه‌س به گومانی هه‌بونی په‌یوه‌ندی به رێكخراوی قاعیده‌وه ده‌ستگیر كران.
- رۆژی 25/1/2010 عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، ناسراو به عه‌لی كیمیایی ئامۆزای سه‌دام حسێن له سێداره درا، له هه‌مان كاتدا له شاری هه‌ڵه‌بجه وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینی خۆشی، له مزگه‌وته‌کانه‌وه ده‌ستکرا به وتنی (الله اكبر).
شوبات:
- رۆژی 1/2/2010 له كاتی سه‌ردانیدا بۆ قه‌زای (تلکێف) له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه، ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ردباران کرا.
- له‌مانگی شوباتدا نوسینگه‌ی به‌شی دیزاینی زانكۆی (ئه‌میر كه‌بیری)ی ته‌كنه‌لۆژی له تاران، یه‌كه‌مین فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی دروستكرد.
- هه‌ر له‌و مانگه‌دا پارتی ئاشتی و دیموكراسی (به‌ده‌په) یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی سازكرد و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ش، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش كرایه سه‌رۆكی پارته‌كه.
- یه‌كه‌مین شه‌مه‌نده‌فه‌ری عیراقی له موسڵه‌وه گه‌یشته شاری غازی عه‌نتاب له توركیا.
ئادار:
- رێکه‌وتی 7/3 له سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌رگای بنکه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕوی ده‌نگده‌راندا کرانه‌وه، بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
- باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی بۆ ئیداره‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، كاتێك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پڕۆژه مێژوییه‌كه‌ی بۆ چاكسازیكردن له سیستمی بیمه‌ی ته‌ندروستی په‌سه‌ند كرد و به‌هۆیه‌وه توانرا خزمه‌تگوزاری پزیشكی بۆ (32) ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی دیكه دابین بكرێت.
- رۆژی 27/3، (125) ده‌وڵه‌ت به‌شدارییان له (سه‌عاتی زه‌وی)دا كرد و بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك كاره‌با و روناكییان كوژانده‌وه.
- به‌همه‌نی قوبادی خه‌ڵاتی فیلمی (ته‌واو مافپه‌روه‌رانه)ی فیستیڤاڵی هۆڵه‌ندی به‌ده‌ستهێنا.
- ئه‌مه‌ریكا، ساڵێكی دیكه ماوه‌ی بڕیاری بارودۆخی مه‌ترسیداری له دژی ئێران درێژ کرده‌وه.
نیسان:
- بومه‌له‌رزه‌یه‌ک له هه‌رێمی یۆشۆی وڵاتی چین، 2039 کوژراو و زیاتر له 12 هه‌زار برینداری لێکه‌وته‌وه.
- دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر له‌مانگێک به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران راگه‌یه‌ندرا، لیستی عێراقییه 91 کورسی، ده‌وڵه‌تی یاسا 89 کورسی، هاوپه‌یمانی نیشتیمانی عێراقیش 71 کورسی، هاوپه‌یمانی کوردستانی 42 کورسی، لیستی گۆڕان 8 کورسی و یه‌کگرتوی ئیسلامی کوردستان و لیستی یه‌کێتی عێراق هه‌ریه‌كه چوار کورسیان برده‌وه و لیستی کۆمه‌ڵی ئیسلامی 2 کورسی برده‌وه.
- شاری که‌رکوک به پایته‌ختی رۆشنبیری عێراق ده‌ستنیشانکرا.
- له‌مانگی نیساندا بورکانێک له وڵاتی ئایسله‌ندا ته‌قییه‌وه‌و وێڕای راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌کانی به‌شێکی وڵاتانی ئه‌وروپا، هاوکات به‌پێی خه‌مڵاندنی رێكخراوی گه‌شتوگوزاری نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، به‌هۆی پاشماوه‌كانی گڕكانهکانهوه، كه‌رتی گه‌شتوگوزاری وڵاتانی ئه‌وروپا، زیاتر له دو ملیار دۆلار زیانی پێگه‌یشتوه.
- كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی (تۆبۆلیڤ 154)ی پۆڵه‌ندی كه بوه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی لیخ كاچینسكی سه‌رۆكی پۆڵه‌ندا و ماریا كاچینسكای هاوسه‌ری و ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی پۆڵه‌ندا.
ئایار:
- سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نوس و خوێندکاری زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 7/5 له به‌رده‌م زانکۆکه‌ی له هه‌ولێر رفێندرا، دوای دو رۆژ له رفاندنی ته‌رمه‌که‌ی به کوژراوی له موسڵ دۆزرایه‌وه، ئه‌مه‌ش شه‌پۆلێکی فراوانی ناڕه‌زایی رۆژنامه‌نوسان و چین و توێژه جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی لێکه‌وته‌وه.
- به‌رپرسێكی پارتی گه‌لی كۆماری عه‌لمانی توركیا ره‌خنه‌ی له ئه‌ردۆگان گرت و رایگه‌یاند ئیسلام شه‌ش پایه‌ی هه‌یه نه‌ك پێنج، پایه‌ی شه‌شه‌میان ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤ سنوری خۆی بزانێت و ئه‌و سنوره نه‌به‌زێنێت.
- سوپای ئیسرائیل له ئاوی نێوده‌وڵه‌تیدا هێرشی كرده سه‌ر كه‌شتی ئازادیی توركی كه به‌ره‌و كه‌رتی غه‌ززه بهڕێوهبو و له ئاكامدا نزیكه‌ی 15 كه‌س گیانییان له ده‌ستدا و ده‌یان که‌سی دیكه‌ش بریندار بون.
- ده‌یڤد کامیرۆن بوه سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا.
- هه‌ردو وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و لیبیا رێكکه‌وتنێكی هاوبه‌شیان ئیمزاكرد بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی هاوبه‌شی بازرگانی به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان.
حوزه‌یران:
- یه‌كه‌م ئافره‌ت به‌ناوی (جۆلیا جیلارد) له‌مێژوی ئوسترالیا بوه سه‌رۆك وه‌زیران.
- به‌هۆی ده‌رکه‌وتنی چه‌ند گرفتێکی ته‌كنیكییه‌وه، هه‌ردو كۆمپانیای (فۆرد و مازدا) بڕیاریاندا زیاتر له (200) هه‌زار ئۆتۆمبێل له بازاڕه‌كاندا بكێشننه‌وه.
- سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و چەندین پێگەی سەربازیان دامەزراند.
- حكومه‌تی عیراق كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به‌و هۆیه‌وه (3) هه‌زار كارمه‌ندی بێكاركرد.
تهمموز:
- که‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێک له هۆتێل سۆمای شاری سلێمانی، 70 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه.
- له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتێك، پارتی داوای یه‌ك ملیار دۆلار‌و داخستنی رۆژنامه‌ی (رۆژنامه)ی کرد.
- هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژویدا بوه پاڵه‌وانی جامی جیهانی له‌یاری تۆپی پێداو به گۆڵێکی بێوه‌ڵام له هۆڵه‌ندای برده‌وه.
- كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریکا كۆی موچه‌ی ساڵانه‌ی سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كانی ئاشکراکرد، که نزیکه‌ی (38) ملیۆن و (700) هه‌زار دۆلاره.
ئاب:
- زانایانی گه‌ردونناسی دۆزینه‌وه‌ی ئهستێرهیهكیان راگه‌یاند كه 100 ملیۆن جار زیاتر له خۆر گه‌رمی ده‌به‌خشێت.
- 38 ملیاردێری ئه‌مه‌ریکا بڕیاریاندا 50%ی سامانه‌كانیان له‌پاش مردنیان بۆ كاری خێرخوازی ته‌رخان بکه‌ن.
- بە پێی خشتەی دیاریکراو و رێکه‌وتنه ئه‌منییه‌که‌ی نێوانیان، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمه‌ریکا دەستیان بە چۆڵکردنی بنکە سەربازیەکانیان لە شارەکانی عێراق کرد.
- بەهۆی لافاوێکه‌وه لە وڵاتی پاکستان، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداو بە ملیۆنان کەسیش ئاوارە بون.
ئه‌یلول:
- هونه‌رمه‌ندی كورد به‌هادین عه‌بدوڵا کۆچی دوایی کرد.
- به‌پێی راپۆرتێکی ئه‌نجومه‌نی هاوبه‌شی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له عیراق، پارێزگای نه‌جه‌فی به گه‌نده‌ڵترین پارێزگای عیراق دانرا.
- پارتی ئاشتی و دیموكراسی BDP (به‌ده‌په) بایكۆتی ریفراندۆمی ده‌ستوری تورکیای کرد.
تشرینی یه‌که‌م:
- رێکه‌وتی 2/10 و له‌دوای هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی 7ی ئاداره‌وه، 208 رۆژی تێپه‌ڕاندو ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمارکرد، پێشتر ئه‌م ژماره پێوانه‌ییه وڵاتی هۆڵه‌ندا خاوه‌نی بو، ئه‌ویش له‌ساڵی 1977دا که لایه‌نه‌کان دوای 207 رۆژ توانییان حکومه‌ت پێکبهێنن.
- خه‌ڵاتی نۆبڵ له بواری پزیشكی، درایه ئه‌و زانایه‌ی (منداڵبونی بلوری) دۆزیه‌وه به‌ناوی (رۆبه‌رت ئیدوارد)، زانای به‌ریتانی.
- فیلمی كوێستانی قه‌ندیل خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرنسهی له ئیسپانیا وه‌رگرت.
- خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ بواری ئابوری به‌خشرایه هه‌ردو (پیته‌ر دایمۆند و دیل مۆرتنسن) ئه‌مه‌ریكی و (كریستۆفه‌ر بیساریدس)ی به‌ریتانی و به ره‌گه‌ز قوبرسی.
- له‌ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌که‌مداو دوای زیاتر له دو مانگ له گیرخواردنیان له کانێکی زێڕی ژێر زه‌ویدا، سه‌رجه‌م کرێکاره گیرخواردوه‌کانی کانه‌که‌ی وڵاتی چیلی رزگاریان بو.
- روناكبیری كورد د.مارف خه‌زنه‌دار کۆچی دوایی کرد.
- فیلمی (سرته له گه‌ڵ با)، دو خه‌ڵاتی سه‌ره‌كی فیستیڤاڵی ئیمالی ئیسپانی به‌ده‌ستهێنا.
- کۆتایی مانگی تشرینی یه‌که‌م و دوای 20 ساڵ له راگرتنی، یه‌که‌م گه‌شتی ئاسمانی نێوان به‌غداو پاریس ئه‌نجامدرا.
- له‌دوا رۆژی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2010دا له هێرشێکدا بۆ سه‌ر کڵێسا‌ی (سه‌یده نه‌جات) له به‌غداو به بارمته‌گرتنی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی مه‌سیحی له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکه‌وه، زیاتر له 115 که‌س کوژران و برینداربون.
- شه‌وی 22/10/2010 سایتی (ویکیلیکس) ده‌ستی کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌باره‌ی جه‌نگی عێراق و ئه‌فغانستان و دواتریش ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی دیکه‌ی له‌سه‌ر سه‌رکرده سیاسییه‌کانی جیهان بڵاوکرده‌وه، که کاردانه‌وه‌و بۆچونی جیاوازی لای وڵاتانی جیهان لێکه‌وته‌وه.
تشرینی دوه‌م:
- سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دوه‌م گه‌وره‌ترین سه‌رژمێریی جیهان له وڵاتی چین ده‌ستیپێکرد، که تێیدا 6ملیۆن و 500هه‌زار کارمه‌ند کاری ئه‌م سهرژمێرییهیان کرد.
- له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دوه‌مدا، ژماره‌ی قوربانیانی په‌تای كولێرا له هایتی گه‌یشته زیاتر له 800 كه‌س.
- له‌یارییه‌کی مێژویداو له‌یاری کلاسیکۆی ئیسپانیدا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه به 5 گۆڵی بێ وه‌ڵام له یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی برده‌وه.
- هونه‌رمه‌ندی شانۆکاری کورد ته‌ها خه‌لیل کۆچی دوایی کرد.
کانونی یه‌که‌م:
- پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ حه‌مه جه‌زا له شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
- دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر له 9 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 7/3ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، حکومه‌تی نوێی عێراق پێکهێنراو نوری مالیکی جارێکی تر بویه‌وه به سه‌رۆک وه‌زیران.
- رۆژی 12/12 له دیاربه‌كر كه‌مپینی جیهانیی خوێندن به زمانی كوردی ده‌ستی پێكرد.
- به‌پێی راپۆرتێکی رێكخراوی (پرێس ئهمیڵم كامپینی) ناحكومی له جنێڤ، له‌مساڵدا 105 رۆژنامه‌نوس له جیهاندا که حه‌وتیان له عێراق بون، كوژراون.
- بۆ یه‌که‌م جار مانۆڕی هێرشی ئینته‌رنێتی و چۆنێتی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ی ئه‌نجامدرا، که 27 وڵاتی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌شداربون.
- دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له سایته‌که‌ی، جولیان ئاسانگ، دامه‌زرێنه‌ری سایتی ویکیلیکس له له‌نده‌ن ده‌ستگیرکرا.
- 11/12 دو ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز شاری (ستۆكهۆڵم)ی پایته‌ختی سویدی هه‌ژاند، که ئه‌نجامده‌ره‌که‌ی هاوڵارتییهکی عێراقی بو.
- خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی به‌خشرایه (لیو شیاوبۆ)ی به‌ندکراوی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی چینی.
- له‌بڕیارێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی مه‌نوچه‌هر موته‌کی له پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و له‌هه‌مانکاتدا عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی، سه‌رۆكی پێشوی ئاژانسی ئه‌تۆمی ئێرانی له شوێنه‌که‌ی دانا.
- وه‌ک یه‌که‌م وڵاتی عه‌ره‌بی، میسر کونسوڵخانه‌ی خۆی له شاری هه‌ولێر کرده‌وه.
- كۆمپانیای گوگڵ له‌ناوچه‌ی مانهاتنی شاری نیویۆركی ئه‌مه‌ریکا گه‌وره‌ترین باڵه‌خانه‌ی بۆ باره‌گای كۆمپانیاكه‌ی به‌نرخی یه‌ك ملیار دۆلار كڕی.