راپۆرتی: شه‌نكار عه‌بدوڵا
له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 هه‌مو یاد و بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاوتا كراون به‌یاد و بۆنه‌ی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم سه‌رجه‌م یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان به‌حیزبی كردوه و تیایدا ئاڵا حیزبیه‌كانی خۆیان پێش ئاڵای كوردستان خستوه، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ته‌نها كۆمه‌ڵێ كه‌سی حیزبی به‌شداری یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكه‌ن و یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ببێزرێت و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان خه‌ڵك ئه‌و یادانه به‌بۆنه‌ی خۆیان نه‌زانن.
به‌حیزبی كردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان گورزێكی كوشنده‌یه له‌حیزبه‌كان
عه‌زیز ره‌وف نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس پێی وایه له‌كوردستان بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌حیزبی كراوه و ئه‌مه‌ش له‌لاوازی حیزبی كوردییه‌وه بوه، عه‌زیز ره‌وف به(سبه‌ی) راگه‌یاند: له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌حیزبی كراون، كه به‌ڕای من ئه‌مه له‌لاوازیی حیزبی كوردییه‌وه‌یه، بۆیه له‌ئێستادا هه‌وڵه‌كانی چڕكردوه‌ته‌وه بۆ به‌حیزبی كردنی بۆنه نیشتیمانیه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كهبۆنهكانیش مانای خۆیان نه‌مێنێت.
ره‌وف رونیشی كرده‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رقت لهحیزبێك بێت و ئه‌و حیزبه‌ش ئه‌م بۆنه‌یه‌ی كرده بۆنه‌ی خۆی، ئه‌وكات رقت لهبۆنهكهش ده‌بێت و به‌شداری تێدا ناكه‌یت.
عه‌زیز ره‌وف نمونه‌ی بۆ قسه‌كانی هێنایه‌وه و رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی باشترین نمونه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه، یادی راپه‌ڕینی سلێمانی بو، كه بینیمان یه‌كێك له‌حیزبه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌م یاده‌ی كرده حیزبی، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئه‌م راپه‌ڕینه هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان به‌شدارییان تێدا كردوه.
عه‌زیز ره‌وف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردودا بۆنه‌كان كراونه‌ته حیزبی، ئیتر هه‌ر حیزبه‌كان خۆیان خه‌می خه‌ڵك كۆكردنه‌وه‌شیان بۆ خواردوه و په‌نایان بردوه‌ته به‌ر فه‌رمانبه‌ران و به‌زۆر راپێچی یاده‌كه‌یان كردون، له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناڕازیدا، ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر شتێك گورزێكی كوشنده‌یه له حیزب، چونكه ئه‌م ده‌سته له‌دوای 17ی شوباته‌وه ئاشكرابو، ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌م گه‌مه‌یه كرابێت، ئه‌وا له‌ئێستادا كاتی ئه‌م گه‌مه ناشیرینه به‌سه‌رچوه، چونكه ئێستا خه‌ڵك له‌وه وشیارتره كه رێگا به‌وه بدات بۆنه و یاده‌كانی له هی هه‌موانه‌وه بكرێنه موڵك و ده‌ستكه‌وتی دو حیزب.
هه‌رله‌وباره‌یه‌وه د. كامه‌ران مه‌نتك چاودێری سیاسی و مامۆستا له‌كۆلێژی زانسته رامیارییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به (سبه‌ی) راگه‌یاند: یادكردنه‌وه و به‌حیزبیكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، مانای به‌حیزبیكردنی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی هه‌رێمه، ئه‌مه‌ش نه له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كان و نه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م ئه‌زمونه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابوردودا شانازی پێوه ده‌كات راپه‌ڕینه، ئه‌م راپه‌ڕینه‌ش موڵكی حیزبێك نیه، به‌ڵكو موڵكی هه‌مو كوردستانه.
ئه‌و چاودێره سیاسیه ئه‌وه‌شی وت: كاتێك حیزب بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك راپه‌ڕین به حیزبی ده‌كات، نیگه‌رانی خه‌ڵكی لێده‌كه‌وێته‌وه و به‌شداری تێدا ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌رێم و ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و قهیرانبون هه‌نگاو ده‌نێت.
كامه‌ران مه‌نتك رونیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره كارانه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌قڵانی و ورد مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ئه‌وا بارودۆخه‌كه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نه‌خوازراو ده‌ڕوات.
ناوبراو وتیشی: ئه‌م جۆره یادكردنه‌وه‌یه ده‌یسه‌لمێنێت خه‌ڵك له‌حیزب دابڕاوه، چونكه ته‌نها دو حیزب به‌شداری یادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی شاری هه‌ولێریان كردوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پچڕپچڕبون ده‌بات.
هه‌ر له‌باره‌ی به‌حیزبیكردنی بۆنه و یاده نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، كه‌سانی دیاری ناو لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێیان وایه كه ئه‌و كاره ده‌چێته چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم له سه‌رجه‌م بواره‌كان و جومگه‌كانی ژیاندان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مام رۆسته‌م پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر حیزبه‌كانی كوردستان به‌ده‌ستیان بوایه ههواشیان قۆرغ ده‌كرد وه‌ك چۆن هه‌مو بواره‌كانی دیكه‌یان قۆرغ كردوه، هه‌ر له‌نه‌وت و بازاڕ و ئازادی و ....هتد، هه‌ربۆیه قۆرغكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش ده‌چێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه و خه‌ڵك ده‌كه‌نه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سه‌روه‌رییانه.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبونی ئه‌و دیارده‌یه، مام رۆسته‌م وتی: بڕواناكه‌م له‌مه‌ودوا ئیتر بتوانن درێژه بده‌ن به‌و كاره خراپانه، چونكه وه‌ك ئاشكرایه روخانی دیكتاتۆریه‌ت هه‌ر له‌تونس و میسره‌وه ده‌ستی پێكردوه و زۆرێك له ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ی گرتوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌مه درێژه ناكێشێت، چونكه به‌ری بێژه‌نگ به‌خۆر ناگیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێیان وابێت به به‌حیزبیكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌توانن هه‌مو شته‌كان ببنه‌وه، ئه‌مه‌ش كاری دیكتاتۆره‌كانه، به‌ڵام دڵنیابن كه ئه‌وه‌یان بۆ ناچێته‌سه‌ر، ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ینێ هه‌ر ده‌بێت ئه‌م بۆنانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خه‌ڵك و بیده‌نه‌وه ده‌ست خاوه‌نه ئه‌سڵییه‌كه‌ی.
فكری شمولی هه‌وڵده‌دات هه‌مو شته‌كان قۆرغ بكات
ئه‌گه‌ر پێشتر حیزب هه‌مو شتێكی قۆرغ كردبێت، ئیتر له‌مه‌ودا به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێ هێزی نوێوه ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌و قۆرغكارییه بدات، ئاوات محه‌مه‌د چالاكوانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به (سبه‌ی) راگه‌یاند: به‌حیزبیكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان شتێكی تازه نیه له‌هه‌رێمی كوردستاندا، له‌بیرمان نه‌چێت فكری شمولی هه‌وڵده‌دات كۆنتڕۆڵی هه‌مو شته‌كان بكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات بۆنه‌كان وه‌ك بۆنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رنه‌كه‌ون و به‌مه‌ش بایه‌خی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن، بۆیه زۆرجار وه‌ك نوكتهشی لێهاتوه، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌سته ده‌كوژێت كه‌پێشتر هه‌بوه بۆ نه‌ته‌وه.
ئه‌و چالاكوانه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌وه‌شی وت: ئه‌مڕۆ له‌باكوری كوردستان زیاتر له‌ملیۆنان خه‌ڵك هاتونه‌ته سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ گێڕانی ئاهه‌نگ و خۆشی، به‌ڵام له‌كوردستاندا شه‌قامه‌كانیش دابه‌شكراوه، به‌داخه‌وه زۆرجاریش حكومه‌ت وه‌ك ئه‌و حیزبانه به‌شداری ئه‌و بۆنانه ده‌كات، هه‌رچه‌نده بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هیچ حیزب و لایه‌نێك ناتوانێت قۆرغی بكات بۆ خۆی چونكه ئه‌وه بۆنه‌ی هه‌مومانه.
له‌هه‌رێمی كوردستان به‌حیزبیكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان مێژویه‌كی زۆری هه‌یه، له‌م ماوه‌ی دواییه‌دا به‌هۆی ململانێی سیاسیه‌كان و له‌ده‌ستدانی پێگه‌یان ئه‌م بهحیزبیكردنه زه‌قتر ده‌ركه‌وت، مامۆستایه‌كی زانكۆش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه حیزبه‌كان خۆیان حكومه‌تن، ئاریان محه‌مه‌د مامۆستای له‌كۆلێژی یاسا و رامیاری زانكۆی سلێمانی وتی: هۆكاری به‌حیزبی كردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیشكردنی حیزبه‌كان له‌كوردستاندا زیاتر له‌رۆڵی خۆیان ده‌بینن، حیزبه سیاسیه‌كان خۆیان بریتین حكومه‌ت، جا ئه‌مه قسه‌یه‌كی لویسی چواردهمم بیرده‌خاته‌وه كه‌ده‌ڵێت" من ده‌وڵه‌تم و ده‌وڵه‌ت منه" بۆیه له‌هه‌رێمی كوردستانیش حیزب حكومه‌ته و بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌به‌رده‌ستدایه، ئێستا هه‌وڵده‌دات نه‌ته‌وه بكات به‌حیزب یان حیزب بكات به‌نه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه واده‌كات بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌موڵكی خۆی بزانێت و كار و چالاكی تێدا ده‌كات، بۆیه پێویسته حیزبه سیاسیه‌كانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رۆڵه ئاساییه‌كه‌ی خۆیان.
ئاریان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت: پێویسته حكومه‌ت یادكردنه‌وه‌ی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌نجام بدات، بۆ ئه‌وه‌ی جوانیه‌كان بۆ ئه‌و بۆنانانه بگه‌ڕێته‌وه و ببن به‌بۆنه‌ی خه‌ڵك ئه‌وكات پێویست به‌وه‌ش ناكات كه حیزب به‌زۆر خه‌ڵك بهێنێت و خه‌ڵك خۆی به‌شداری بۆنه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌و دابه‌شبونه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه رزگارمان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مومان به‌ده‌نگ و ره‌نگی جیاوازه‌وه به‌شداری بكه‌ین.
په‌رله‌مانتارێكیش پێی وایه كه به‌حزبیكردنی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌زیانی نه‌ته‌وه‌دا ده‌بێت و كۆی هاوبه‌شییه‌كان په‌رت ده‌كات،
حه‌مه سه‌عید حه‌مه عه‌لی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كگرتو به(سبه‌ی) راگه‌یاند: بۆنه نیشتیمانیه‌كان مۆركێكی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و واقیع دروستی كردوه، بۆیه پێویسته ئه‌و بۆنه‌یه كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ئینتیمای تاكه‌كان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتو ئه‌م بۆنه نه‌ته‌وه‌ییانه مۆركی حیزبی پێوه‌كرا ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ته‌نها خه‌ڵكانێكی سه‌ربه‌و حیزبه به‌شداربن له‌و بۆنانه‌دا، ئه‌وانی تر كه سه‌ر به‌و حیزبه نین، ئینتیما و خۆشه‌ویستیان كه‌م ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌و بۆنه‌یه، ئه‌مه‌ش دواجار له‌زیانی نه‌ته‌وه‌دا ده‌بێت، چونكه كۆی هاوبه‌شیه‌كان په‌رت ده‌بن.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌زۆرجار ئۆپۆزسیۆن بهپهرتكردنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتیه‌وه، حه‌مه سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی وتی: ئه‌و گوتاره هی جه‌نگی سارده و كۆتایی پێهاتوه له ئێستادا، به‌ڵام هه‌ركه‌سێ بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌حیزبی بكات، خۆی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، چونكه ئه‌م عه‌قڵیه‌ته به‌م سه‌رده‌مه ناخوات، پێویسته هه‌مولایه‌نه‌كان پابه‌ندبن به‌بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌بن به‌بۆنه‌ی حیزبی و به‌رته‌سك نه‌كرێنه‌وه.
سلێمانی: به‌حیزبی کردنی یادی راپه‌ڕین
هه‌ولێر:به‌حیزبی کردنی یادی راپه‌ڕین
دهۆک: به‌حیزبی کردنی یادی راپه‌ڕین
که‌لار: به‌حیزبی کردنی یادی راپه‌ڕین