"مومكین نیه جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێش 17ی شوبات"
راپۆرتی: شه‌نكار عه‌بدوڵا
دوای زیاتر له دو مانگ خۆپیشاندان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، به‌به‌رنامه‌ی كاره‌وه رۆژانه هاونیشتیمانیان ده‌چونه سه‌راكانی ئازادی و دروشمی جۆراو جۆرییان ده‌وته‌وه كه هه‌موی ته‌عبیر بو له سوربونی هاونیشتیمانیان له‌سه‌ر چاكسازی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به زه‌بری چه‌ك و هێنانی هێزێكی زۆر سه‌راكانی ئازادی چۆڵكرد له خۆپیشاندان و كه‌وته راوه‌دونان و ده‌ستگیركردنی كه‌سه چالاكه‌كانی خۆپیشاندان، له‌دوای سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندان چی؟
خۆپیشاندان له تونسه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان
له‌دوای خۆپیشاندان له تونس و میسر، خۆپیشاندان هه‌رێمی كوردستانی به‌فراوانی گرته‌وه، له 17ی شوبات خۆپیشاندان ده‌ستی پێكرد، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا به‌ده‌ستی چه‌كداره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌سێك شه‌هید و زیاتر له 55 كه‌سیش بریندار بون، لێره‌وه خۆپیشاندان درێژه‌ی كێشا و رۆژانه خه‌ڵكی ناڕازی سلێمانی له‌سه‌رای ئازادی كۆده‌بونه‌وه و له‌وێوه دروشمه‌كانی خۆیان ده‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی دروستكرد، له زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كان مه‌یدانه‌كانی ئازادی دروستكرا و رۆژانه له‌وێوه هاونیشتیمانیان داوای چاكسازی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌كرد، له‌م باره‌یه‌وه ناسك قادر، شاره‌زا له بواری كۆمه‌ڵناسی سیاسی و وته‌بێژی پێشوی سه‌رای ئازادی له سلێمانی به (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: خۆپیشاندان هه‌م مافه و هه‌م ئه‌ركیشه، كۆتایی هێنان به خۆپیشاندان هه‌ڵه‌یه‌كه هیوادارم كه‌س تێی نه‌كه‌وێت، چونكه خه‌ڵك خۆپیشاندان ناكات له‌پێناوی خۆپیشانداندا، به‌ڵكو خه‌ڵك ناڕازییه له سیاسه‌تێكی دیاریكراو مافی خۆیه‌تی كه ملكه‌چی نه‌بێت، وه‌ك ئه‌ركیش خۆپیشاندان ده‌بێت به‌ئه‌رك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێ ده‌سه‌ڵاتێك گوێت لێناگرێت، ئه‌وكات خۆپیشاندان وه‌ك یه‌كێك له‌ئامرازه مه‌ده‌نیه‌كان ده‌كرێت په‌نای بۆ ببرێت.
خۆپیشاندان و كۆكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان
له‌مێژوی كورددا خۆپیشاندان زۆركراوه، به‌ڵام هیچ خۆپیشاندانێك هێنده‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی دوایی درێژه‌ی نه‌كێشاوه و هێنده به‌به‌رنامه نه‌بوه، ئه‌و ماوه‌یه‌ی خۆپیشاندانی تێدا به‌رده‌وام بو، زۆر شتی نوێی ده‌رخست، به‌راده‌یه‌ك نوسه‌رێكی وه‌ك به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: "ئه‌م خۆپیشاندانه به‌به‌هاترین شۆڕشه له‌مێژوی كورددا".
فاروق ره‌فیق كه یه‌كێك بو له‌و كه‌سانه‌ی رێبه‌رایه‌تی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی ده‌كرد به‌رده‌وام ته‌ئكیدی له‌وه ده‌كرده‌وه "له‌سه‌رای ئازادی سلێمانی مه‌ده‌نیه‌ت له‌دایك ده‌بێت، لێره‌وه مانای راسته‌قینه بۆ سیاسه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك كه هاونیشتیمانیان به‌شدار ده‌بن له‌دیاری كردنی چاره‌نوسی خۆیان".
رێبین هه‌ردی نوسه‌ر و روناكبیریش له‌م باره‌یه‌وه به (سبه‌ی) راگه‌یاند: یه‌كه‌مجاره خۆپیشاندان (له هه‌رێمی كوردستان) به‌و درێژخایهنییه و به شێوازێكی ئاشتیانه به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه‌ش كه تێیدا گرنگ بو وه‌ك خاڵێكی دیار، نزیكبونه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت و ئیسلامیه‌ت و ده‌ركه‌وتنی مامۆستایانی ئاینی بو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، هاوكات ئاشتبونه‌وه‌یان بو له‌گه‌ڵ رۆشنبیران.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه سه‌راكانی ئازادی بوبونه شوێنی كۆبونه‌وه‌ی خه‌ڵكه ناڕازییه‌كان له سیسته‌می حكومڕانی حیزبی یه‌كێتی و پارتی.
له سه‌رای ئازادی سلێمانی بۆ یه‌كه‌مجار یادی هه‌ڵه‌بجه و نه‌ورۆز و ئهنفالكرایهوه له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بو بۆ هاونیشتیمانیانی كوردستان، له‌ژێر چنگ ده‌رهێنانی بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بو له‌ده‌ستی حیزب‌دا.
له 17ی شوباته‌وه بۆ 19 ی نیسان
هه‌ر له17ی شوباته‌وه كه خۆپیشاندانه‌كه‌ی سلێمانی ئاراسته‌كه‌ی گۆڕا بۆ به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، چه‌كداره‌كانی لقی چواری پارتیش به‌فیشه‌ك وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه و بونههۆی شه‌هیدكردنی كه‌سێك و برینداربونی زیاتر له 55 كه‌س.
له‌دوای ئه‌مه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی جیاجیا هه‌وڵی بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی دا، هه‌ر له هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ندێ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كاتی و دواتر سوتاندنی خێمه‌كانی سه‌رای ئازادی، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای گرتن و كوشتنی به‌رده‌وام.
به‌پێی ئاماری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی، تائێستا له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌ردو حیزبه‌وه (10) كه‌س شه‌هید بون (401) كه‌س برینداربون جگه له‌وانه‌ی نه‌چونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كان به‌هۆی ترسی ده‌ستگیركردنیانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزیكه‌ی 150 پۆلیس به به‌رد له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه برینداربون، له یه‌كه‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌وه تاكو ئێستا زیاتر له 520 كه‌س له‌سه‌رجه‌م شاره‌كان گیراون و پاشان به‌فشاری خۆپیشانده‌ران و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، دوای ئازاردانیان ئازاد كراون.
خوێندكارانی زانكۆی سلێمانیش كه له‌لایه‌ن گروپی زانكۆوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، رۆژانه به‌چالاكی جۆراوجۆر پشتگیری خۆپیشاندانیان ده‌كرد، ئه‌وه بو رۆژی له رۆژی 19ی نیسان ژماره‌یه‌كی زۆر له خوێندكاران كه نزیكه‌ی 15 پاس بون، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له خۆپیشاندان و رۆیشتنیان بۆ به‌رده‌م دادگای سلێمانی له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی یه‌كێتیه‌وه ده‌ستگیركران، به چه‌ندین شێوازی جیاجیا ئازاردران و سوكایه‌تیان پێكرا، ئه‌و خوێندكارانه‌شی كه له‌ناو زانكۆدا مانه‌وه ئه‌وانیش كاتێ هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی هاورێكانیان پێگه‌شت، نه‌چونه هۆڵه‌كانی خوێندنه‌وه و مانیان گرت و داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنی هاوڕێكانیان كرد، به‌ڵام هێزێكی ده‌مامكداری ده‌سه‌ڵات هێرشی كرده سه‌ریان، سه‌ره‌ڕای شكاندنی حه‌ره‌می زانكۆ، سوكایه‌تی زۆریان به خوێندكاران كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له خوێندكارانی زانكۆ كرد، رۆژی 19ی نیسان به ئهنفالێكی تر ناوبنێن، به‌ڵام ئه‌نفالی ئه‌مجاره‌یان، به‌ده‌ستی كورد بو.
هه‌ر له‌م رۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر رۆژنامه‌نوسان كه‌وتنه به‌ر هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردن و ئازاردان له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌سه‌ڵات، له‌ناویشیاندا نوسه‌ر و روناكبیر رێبین هه‌ردی ده‌ستگیركرا و به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه ئازار درا.
خۆپیشاندان له سلێمانیه‌وه بۆ تاراوگه
له‌دوای شههیدكردن و برینداركردنی رۆڵه‌كانی كورد به‌ده‌ستی كورد، خۆپیشاندان به فراوانی تاراوگه‌ی گرته‌وه و رۆژانه خۆپیشاندان له شوێنه گرنگه‌كانی وڵاتانی (سوید و نه‌رویج و به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و فینله‌ندا و یۆنان ...هتد) ئه‌نجام ده‌درا و خۆپیشانده‌ران ته‌ئكیدیان له سه‌ر سزادانی بكوژانی رۆڵه‌كانی گه‌لی كورد و جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌كرده‌وه، له‌م پێناوه‌شدا رۆژانه ره‌وه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران و رێكخراو و حیزبه گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا كۆده‌بونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی دروست بكه‌ن له‌پێناو ئه‌وه‌ی چیتر ده‌ستیان سور نه‌بێت به‌خوێنی رۆڵه‌كانی كورد.
هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌دا به‌ده‌یان میدیای عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی روماڵی روداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ به راپۆرت پێشێلكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان خسته‌ڕو، به رای چاودێرانی سیاسی ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر سومعه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی كورد له قوربانیه‌وه ده‌كات به‌جه‌لاد.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای پرسیاره، خۆپیشاندان له سلێمانیه‌وه گه‌یشته تاراوگه، بۆچی نه‌گه‌یشته هه‌ولێر، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانیه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان هێزه‌كانی به هه‌ولێردا بڵاوهپێكردوه و ئاماده‌بون بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر خۆپیشانده‌رێك به‌توندترین شێوه سزای بده‌ن، ئه‌وه‌بو رۆژی 25/2/2011 بڕیاربو خۆپیشاندان له‌هه‌ولێر ده‌ستپێبكات، به‌ڵام چه‌كداره‌كانی پارتی ئه‌و رۆژه پێش ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركرد و پاش لێدانێكی زۆر و هێشتنه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له زیندان دواتر ئازاد كران، دوای ئه‌مه‌ش به بڕیارێكی حیزبی ته‌واوی زانكۆكانی هه‌ولێریان داخست و خوێندكارانیان به‌زۆر دیپۆرتی شوێنه‌كانی خۆیان كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ خۆپیشاندانێك رونه‌دات.
مه‌سعود عه‌بدولخالق له‌باره‌ی خۆپیشاندان له هه‌ولێر له‌لێدوانێكی پێشوتردا به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێریشی گرتوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ولێر دره‌نگ ده‌جوڵێت و هه‌ركاتیش جوڵا، به‌ئاسانی دانامركێته‌وه و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه، به‌رده‌وامبونی خۆپیشاندانه‌كانی ئێستاش هه‌مو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه.
له‌دوای ئه‌م روداوانهشهوه به ده‌یانجار چین و توێژه‌كانی هه‌ولێر هه‌ر له رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان و مامۆستایانی ئاینی، داوایان پێشكه‌ش كردوه بۆ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه، به‌ڵام به‌بیانوی جۆراوجۆره‌وه رێگا نه‌دراوه خۆپیشاندان بكرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سوێنده‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه كه پێشتر له‌گه‌ڵ خوێندكاران‌دا كۆببوه‌وه و وتبوی" ئه‌گه‌ر یاسای خۆپیشاندان بۆ رێگرتن بێت له خۆپیشاندان، ئه‌وه من پێشتان ده‌كه‌وم بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه".
سه‌ركوتكردن و چاره‌سه‌ر
ده‌سه‌ڵات دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك هه‌وڵیدا خۆپیشاندان كۆتایی پێبهێنێت، به‌ڵام له رۆژی 18ی نیسان سه‌رای ئازادی سلێمانیان داگیركرد و وێنه‌ی شه‌هیدانیان سوتاند، هه‌ر له‌و رۆژه‌شدا راگه‌یه‌ندراوێك له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ئه‌منیه‌وه بڵاوكرایه‌وه و تیایدا هاتبو كه رێگه به‌هیچ خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵه‌ت ناده‌ن، هه‌روه‌ها هێزێكی زۆریان به‌سه‌ر ئه‌و شار و شارۆچكانه‌دا بڵاوكرده‌وه كه خۆپیشاندانی تێدا ده‌كرا و كه‌وتنه گرتن و راوه‌دونانی كه‌سه چالاكه‌كانی خۆپیشاندان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی كۆتایی به خۆپیشاندان بێنن.
له‌وباره‌یه‌وه ناسك قادر وتی: گره‌وكردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خۆپیشاندان هه‌بێت یان نا گره‌وێكی دۆڕاو ده‌بێت، بۆیه واباشتره ده‌سه‌ڵات داخوازییه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكات، هه‌ر ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ره.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه رێبین هه‌ردی رایگه‌یاند: ناڕه‌زایی كۆتایی نایه‌ت و له‌ئێستادا خۆپیشاندان وه‌ستێنراوه، هاوكات له به‌رامبه‌ردا ناڕه‌زاییه‌كان گه‌وره‌تر بون، چونكه قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان، رێگاگرتنه له ده‌ربڕینێكی مه‌ده‌نیانه‌ی ناڕهزابون.
ناوبراو تیشی: قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه له سه‌ر خودی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رێگه نه‌درێت به‌شێوه‌ی رێگه‌پێدراو ته‌عبیر له ناڕه‌زاییه‌كان بكرێت، ئه‌وا زه‌مینه خۆش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به شێوازی رێگاپێنه‌دراو ناڕه‌زاییه‌كان ده‌رببڕدرێن.
نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وتارێكدا به‌ناونیشانی (ئێمه ئه‌زانین چیمان ده‌وێت) نوسیویه‌تی: "زۆرجار ده‌سه‌ڵات و لایه‌نگره‌كانیان له رۆژنامه‌وان و مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی ئه‌ڵێن: ئه‌مانه - مه‌به‌ستیان ئێمه‌مانانه - نازانن چی‌یان ئه‌وێ!
به‌ڵێ ئاغایان! ئێمه ئه‌زانین چیمان ئه‌وێ. ئێوه‌ش ئه‌زانن ئێمه چیمان ئه‌وێ. ئێمه‌ش ئه‌زانین ئێوه چیتان ئه‌وێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌نده نه‌ڵێنه‌وه. كورت و كرمانجی پێتان ئه‌ڵێین: ئێمه چاكسازی ریشه‌یمان ئه‌وێ!
چاكسازی ریشه‌یی بریتیه له پرۆسه‌ی گۆڕینی حكومه‌تی تاكحیزبیی - شمولیی یه‌كێتی له سلێمانی و حكومه‌تی تاكحیزبیی شمولیی پارتی له دهۆك و هه‌ولێر بۆ حكومه‌تی دامه‌زراوه‌یی نیشتمانیی كوردستانی".
سه‌ركۆ عوسمان هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن به (سبه‌ی) راگه‌یاند: گفتوگۆ، له‌ژێر حوكمی عه‌سكه‌رتاری و لوله‌ی تفه‌نگ و تۆقاندندا، هیچ مانایه‌كی نییه، ئێمه له‌گه‌ڵ دیالۆگین، پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه و ئاماده‌ین له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی چاكسازی دیالۆگ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بارودۆخه‌كه ئارام بێته‌وه و سیمای عه‌سكه‌رتاری كۆتایی پێبێت و هیچ جۆره هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌كی چه‌كداری نه‌مێنێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به (سبه‌ی) راگه‌یاند: دۆخه‌كه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ پێش 17ی شوبات، چونكه هه‌ندێ مه‌سه‌له گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه و دیدی خه‌ڵك بۆ زۆر لایه‌ن گۆڕانی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هاتوه، بۆیه مومكین نیه جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێش ئه‌و مێژوه، ئێستاش ده‌رفه‌تێك هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن لێكگه‌یشتنێك له‌نێوان خۆیاندا بهێننه كایه‌وه، بۆئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كان له‌وه خراپتر نه‌بن.