پرۆژه‌ی ئۆپۆزسیۆن سه‌باره‌ت به هێڵه گشتییه‌كانی په‌یڕه‌وێكی ناوخۆی پێشكه‌وتوی په‌رله‌مان
هێڵه گشتییه‌كانی په‌یڕه‌وێكی ناوخۆی پێشكه‌وتوی په‌رله‌مان
په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه و چاودێری سه‌ره‌كییه به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، بۆیه ده‌بێت په‌یڕه‌وی ناخۆی په‌رله‌مان زه‌مینه‌سازی بكات بۆ چالاك كردنی رۆڵی چاودێریی په‌رله‌مان به گشتی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و، ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موو فراكسیۆنه‌كان بۆ پێشكه‌ش كردنی پڕۆژه‌كانیان. هه‌ر بۆیه‌ش داوا ده‌كه‌ین له په‌یڕه‌وی داهاتووی په‌رله‌مان ئه‌م بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه ڕه‌چاو بكرێت:
1- ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحییه‌ته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بسپێردرێت به ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و، سه‌رۆك ته‌نها ئیداره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بكات و، ته‌نها له كاتی یه‌كسان بوونی ده‌نگه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌نگ بدات.
2- یه‌كێك له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له ئۆپۆزسیۆن بێت، له‌كاتی بوونی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌ماندا.
3- سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كان به‌پێی ڕێژه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كان دیاری بكرێت و، سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كانی وه‌ك دارایی و، سامانه سروشتییه‌كان و، ناوخۆ و پێشمه‌رگه و مافی مرۆڤ و نه‌زاهه بسپێردرێت به ئۆپۆزسیۆن.
4- خستنه‌ڕووی پڕۆژه یاساكان به پێی مێژووی پێشكه‌شكردنیان ده‌بێت.
5- دانانی به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و، هه‌ڵوێست و به‌یاننامه و رونكردنهوهكان كه به ناوی په‌رله‌مانه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه، به هه‌ماهه‌نگیی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان بێت.
6- په‌رله‌مان ساڵانه دوو وه‌رزی یاسادانانی ده‌بێت و پاش هه‌ر وه‌رزێك بۆ ماوه‌ی مانگێك دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجام نادات.
7- به بێ بوونی پاساوی یاسایی، نابێت كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان دوابخرێن.
8- جێگیركردنی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌سكاڵا و داواكاریی و مافی هاوڵاتیان.
9- په‌سه‌ند كردن و ره‌دكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان له‌ناو لیژنه و هۆڵی په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای تاوتوێ كردنی بڕگه و مادده‌كان بێت.
10- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری ئه‌ندامان دابمه‌زرێنرێت كه هه‌ستێت به رایی كردنی ئه‌ركی په‌رله‌مانتاران له چاودێری كردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن و په‌یوه‌ندی كردن به داموده‌زگاكانی دیكه و، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه.
11- دادگای ده‌ستووری هه‌ستێت به یه‌كلایكردنه‌وه‌ی تانه‌دانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان (كه له"5" ئه‌ندام كه‌متر نه‌بن) له بڕیاره ئیدارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و پێشێل كردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و، تا كاتی دروست كردنی ئه‌م دادگایه‌ش دادگای ته‌مییز به‌م ئه‌ركه هه‌ستێت.
12- سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له وه‌زیر و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو بێت.
13- له‌كاتی پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌ت به پێشكه‌ش كردنی پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی ساڵانه له كاتی دیاریكراوی خۆیدا، ئه‌وا په‌رله‌مان راسته‌وخۆ پرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و پڕۆژه‌ی بوودجه‌ی په‌رله‌مانیش به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه له دانیشتنی په‌رله‌مان دا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.
14- گواستنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت.
15- گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، یاخود له‌سه‌ر داوای چوار یه‌كی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌بێت.
16- فراكسیۆنی په‌رله‌مان بریتییه له ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام كه له (5) كه‌متر نه‌بن و سه‌ر به یه‌ك لیست بن، یان له یه‌كگرتنی چه‌ند لیستێكی جیاواز پێك هاتبێت.
17- دانانی به‌شێكی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بۆ دیاری كردنی ڕۆڵ و مافی فراكسیۆنه‌كان.
تێبینییهكانی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان
1- گێڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مان، بۆ دوباره گفتوگۆكردن و داڕشتنه‌وه‌ی و ده‌نگدان له‌سه‌ری به‌سازان (ته‌وافوق)، به‌تایبه‌تی له‌نێوان فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و فراكسیۆنی كوردستانیی ده‌سه‌ڵاتدار.
2- هه‌مواركردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌حكام و بڕگه و هێڵه گشتییه‌كان و سیستمی سیاسی و كارگێڕی (كه به‌پێی ئه‌م ده‌ستوره داده‌مه‌زرێت) بگونجێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوری كۆماری عیراق، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كهپهیوهندیی هه‌یه به:-
أ. چه‌سپاندنی سیستمی په‌رله‌مانی، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ببێته سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و بنه‌مای شه‌رعیبونی.
ب. پشتبه‌ستن به لامه‌ركه‌زیی ئیداری، به‌شێوه‌یه‌ك پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نه ههڵبژێردراوكانیان هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یان هه‌بێت كه له ده‌ستوری عێراقیدا دیاری كراوه.
3- كورتكردنه‌وه‌ی دیباجه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستور و دوباره داڕشتنه‌وه‌ی به‌گوزارشتی رون و لابردنی ئه‌و بڕگانه‌ی كه جیاكاری له‌نێوان رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستاندا ده‌كات له‌ڕوی پێشینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه.
ئه‌جێندای كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات
-پاكێجی یه‌كه‌م: چاكسازی له سیستمی سیاسیی هه‌رێم كه (پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم، په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، پڕۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، یاسای خۆپیشاندان، یاسای پارێزگاكانی هه‌رێم و یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و قه‌زا و ناحییه‌كان)، له‌خۆ ده‌گرێت. (خاڵی 16 بڕگه‌ی یه‌كه‌می 17 خاڵییه‌كه‌ی په‌رله‌مان)، (خاڵی 19ی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز)، (خاڵی 1 و 7 و 16ی داواكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مه‌یدانی ئازادی)، (خاڵی 1، 2، 5، 6، 18ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
-پاكێجی دوه‌م: سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن كردنی پێشمه‌رگه و ئاسایش و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان، له‌خۆ ده‌گرێت. (خاڵی 6ی بڕگه‌ی یه‌كه‌می 17 خاڵییه‌كه‌ی په‌رله‌مان)، (خاڵی 12ی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز)، (خاڵی 10ی داواكارییه هه‌نوكه‌ییه‌كان، 4 و 5ی داواكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مه‌یدانی ئازادی)، (خاڵی 7، 8، 9، 13، 15، 19ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
-پاكێجی سێهه‌م: سه‌ربه‌خۆ و ئه‌كتیڤ كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه چاكسازی له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و سه‌ربه‌خۆ و ئه‌كتیف كردنی داواكاری گشتی له‌خۆ ده‌گرێت. (خاڵی 6ی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز)، (خاڵی 2ی داواكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مه‌یدانی ئازادی) (خاڵی 10 و 11 ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
-پاكێجی چواره‌م: به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌كی نه‌زاهه‌ی بێلایه‌ن و ئه‌كتیف، چالاككردنی دیوانی چاودێریی دارایی و شه‌فاف كردنی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم، له‌خۆ ده‌گرێت. (خاڵی 4 و 5 و 7 و 9 و 16ی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز)، (خاڵی 8، 9، 10، 11 و 13 و 19ی داواكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مه‌یدانی ئازادی)، (خاڵی 3، 4، 12، 17، 20ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
-پاكێجی پێنجه‌م: چاكسازیی ئیداری له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و نه‌هێشتنی ده‌ستی حیزب تیایدا له‌خۆ ده‌گرێت. (خاڵی 2و 14ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
-پاكێجی شه‌شه‌م: پێكهێنانی حكومه‌تێك كه بتوانێت ئه‌م چاكسازییانه جێبه‌جێ بكات. (خاڵی 1ی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز)، (خاڵی 22ی پڕۆژه 22 خاڵیه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن).
تێبینی: له‌ماوه‌ی دانوستانه‌كاندا بۆ نیشاندانی نیازپاكی و چاره‌سه‌ر كردنی گرفته هه‌نوكه‌ییه‌كان ده‌ست بكرێت به جێبه‌جێ كردنی: (ڕاگرتنی راوه‌دونانی هاوڵاتیان، گرتنی بكوژه‌كان و ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له هاوڵاتیان كردوه، قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی بریندار و قوربانیان و زیانمه‌ندان له روداوه‌كانی پاش 17/ 2/ 2011، راگرتنی فشاری سه‌ر میدیای سه‌ربه‌خۆ). (خاڵی 1 و 3 و 4 و 11 و 14ی بڕگه‌ی یه‌كه‌می 17 خاڵییه‌كه‌ی په‌رله‌مان)، (خاڵی 6ی داواكارییه هه‌نوكه‌ییه‌كانی مه‌یدانی ئازادی).
پێشنیار بۆ پرۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی له‌هه‌ریمی كوردستان
ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، پێویسته ده‌سته‌یه‌كی بێلایه‌ن بێت، جێگه‌ی متمانه‌ی هاوڵاتیان و سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كان بێت، ببێته داوه‌ری نێوانیان، هه‌ڵسوڕێنه‌رانی له كه‌سانی شاره‌زا و ده‌ستپاك و بێلایه‌ن پێك بێت. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته پڕۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی له هه‌رێم، ئه‌م خاڵانه له خۆ بگرێت:
1. په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكبهێنێت كه نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئه‌م لیژنه‌یه‌ش به‌ته‌وافوق ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته (مجلس الهیئه) (كاندید) بكات و پاشان به‌زۆرینه‌ی سێ له‌سه‌ر چوار (3/4)ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به یه‌ك لیست متمانه‌یان پێببه‌خشرێت.
2. ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته و به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌كانی، ده‌بێت بێلایه‌ن بن و ئه‌ندام نه‌بن له هیچ حیزبێكی سیاسی، یان له كاتی ده‌ستبه‌كاربونیان، دهستبكێشنهوه له حیزبه‌كانیان، شاره‌زا و ده‌ستپاك بن.
3. ستافی ته‌كنیكیی (ده‌سته‌ی باڵا و نوسینگه‌كانی پارێزگاكان) له كه‌سانی شاره‌زا و بێلایه‌ن پێك بێت.
4. ئه‌نجومه‌نی ده‌سته به سازان (توافق)ی ئه‌ندامانی:
أ. سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌ڵده‌بژێرێت.
ب. په‌یڕه‌وی ناوخۆی ده‌سته‌ی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سند ده‌كات.
ج. به‌رێوه‌به‌ر و ستافی نوسینگه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، داده‌مه‌زرێنێت.
5. كۆبونه‌وه و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه به‌ڕاست داده‌نرێن كاتێك به‌زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامه‌كانی بێت.
6. پێویسته ده‌سته‌ی باڵا له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، له تۆماری ده‌نگده‌راندا پشت به دوا ئاماری دانیشتوان ببه‌ستێت، تا ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوان ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن پشت به داتاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌به‌ستێت، بۆ سڕینه‌وه‌ی ناوی مردوانیش پشت به داتاكانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و داد ده‌به‌ستێت.
7. ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، سیستم و رێنمایی پێویست و سه‌رده‌میانه ده‌رده‌كات بۆ زیاتر شه‌فاف كردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بنبڕكردنی گزیكاری تیایاندا.
8. پاڵاوتن بۆ سه‌رجه‌م پۆسته ئیداری و ته‌كنیكییه‌كانی ده‌سته‌ی باڵا و نوسینگه‌كانی پارێزگاكان، به شێوه‌ی بانگه‌وازی گشتیی ئاشكرا ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك كه هه‌لی یه‌كسان بڕه‌خسێنرێت بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی مه‌رجی یاسایی و پێویست ده‌یانگرێته‌وه.
هه‌مواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی گشتی مافێكی ده‌ستوری هه‌مو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه. بڕگه‌ی سێهه‌م له‌مادده‌ی 38 به‌شی (ئازادیه‌كان) له‌ده‌ستوری عێراقی ئاماژه به ئازادی كۆبونه‌وه و خۆپیشاندانی ئاشتیانه ده‌كات، كه ده‌بێت به یاسا رێكبخرێت، نه‌وه‌ك سنوردار بكرێت، به پێی مادده‌ی (46)ی ده‌ستوریش نابێت ئه‌و یاسایانه‌ی بۆ رێكخستنی ماف و ئازادییه‌كان ده‌رده‌چێت نابێت سنورداریان بكات. ئه‌زمونی دوای ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه سه‌لماندی كه‌ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن یاساكه به‌كارده‌هێنێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندان نه‌ك رێكخستنی، بۆیه:
1- پێویسته مۆڵه‌تدان به‌خۆپیشاندان لاببرێت و بگۆڕدرێت بۆ ئاگادراكردنهوه (اشعار)ی یه‌كه كارگێڕییه په‌یوه‌نداره‌كان. به‌م پێیه پێویسته هه‌مو ئه‌و مادده و بڕگانه له یاساكه‌دا باس له‌مۆڵه‌ت ده‌كه‌ن لاببرێن یاخود سه‌ر له‌نوێ به‌م ئاڕاسته‌یه دابڕێژرێنه‌وه.
2- بۆ رێكخستن و پاراستنی خۆپیشانده‌ران ده‌بێت ته‌نها هێزی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان به‌كاربهێنرێت، رێگا نه‌درێت هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی وه‌كو ئاسایش و زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه و دژه تیرۆر...هتد به‌شداری بكه‌ن.
3- پێویسته خۆپشاندانی له‌ناكاو (المظاهرات الطارية) بۆ یاساكه زیادبكرێت، كهخۆپیشاندانێكی نارێكخراوه و له‌ئه‌نجامی روداوی له‌ناكاوه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا كه كاتی پێویست نییه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نی كارگیری.
4- هه‌موار كردنی مادده‌ی (10)ی یاساكه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
هه‌ركه‌سێك سه‌رپێچیی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بكات، سزای به‌ند كردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت به ماوه‌یه‌ك كه له (10) رۆژ زیاتر نه‌بێت یان به غه‌رامه‌یه‌ك كه له (200000) دوسه‌د هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت.
هه‌مواركردنی یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق
ئه‌م یاسایه له‌خولی پێش‌و (دوه‌م)ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رواری 20/4/2009 له‌په‌رله‌مانه‌وه ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كراوه و له 1/ 6/ 2009 له رۆژنامه‌ی وه‌قائعی كوردستاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ناوی یاسای ژماره (3). به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه، چونكه له‌ماده‌ی كۆتایی (41)ی یاساكه‌دا هاتوه كه "ئه‌م یاسایه له‌ده‌ستپێكی خولی دادێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان جێبه‌جێده‌كرێ ...".
له‌پێناو كاراكردنی زیاتری سیستمی نهناوهندێتیی ئیداری له‌هه‌رێمی كوردستان، دابین كردنی خزمه‌تگوزاریی باشتر به هاوڵاتیان، نه‌هێشتنی رۆتین، به‌هێز كردنی رێكاره‌كانی چاودێری و لێپرسینه‌وه به‌سه‌ر داموده‌زگا ئیدارییه‌كان، پێویسته ئه‌م هه‌نگاوانه بنرێن:
1. هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و ناحییه‌كان هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا ئه‌نجام بدرێت. (چونكه ناكرێت پارێزگار به‌هه‌ڵبژاردن بێته سه‌ركار و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه به "ته‌عین" دابنرێن. هاوكات یاسای ناوبراو تایبه‌ته به‌كاروباری هه‌مو یه‌كه كارگێڕییه‌كان نه‌ك ته‌نها پارێزگا. دواتر له‌جێبه‌جێكردندا كێشه‌ی زۆر دروستده‌بێت).
2. جێبه‌جێ كردنی بڕیاری دروستكردنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له قه‌زا و ناحییه‌كان، بسپێردرێت به ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه په‌یوه‌ندیداره‌كان، یان ئه‌نجومه‌نه‌كانی ئێستای پارێزگاكان (چونكه له‌هیچ یاسایه‌كدا چۆنێتی كاركردنی ئه‌م ئیدارانه باس نه‌كراوه).
3. پێویسته له‌ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا پره‌نسیپی (نهناوهندێتیی ئیداری) بچه‌سپێنرێت و له‌ماده‌كانی ده‌ستوردا ئاماژه به‌چۆنێتی كاركردن و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و قه‌زا و ناحییه‌كان بدرێت.
4. تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان، ئه‌نجومه‌نه‌كانی ئێستای پارێزگاكان، به پێی فه‌رمانی (71)ی ده‌سه‌ڵاتی كاتیی هاوپه‌یمانان كاره‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها پێویسته یاسای پارێزگاكانی هه‌رێم به شێوه‌یه‌ك هه‌موار بكرێت كه ئه‌م بنه‌مایانه له‌خۆبگرێت:
یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌بێت، به زۆرینه‌ی سێ له‌سه‌ر چواری ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه له كاتێكدا كه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و یاسا كارپێكراوه‌كان كاری كرد، به هۆی هه‌مان هۆكاریش ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌توانێت ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان به زورینه‌ی سێ له‌سه‌ر چوار هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
دوه‌م: بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌باره‌ی دانان و لادانی كه‌سه‌كان له‌پۆسته‌كانی ناو پارێزگا یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بن.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و ده‌ركردنی یاسای خۆجێی (محلی) و بڕیاری هه‌یه، بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی له‌سنوری پارێزگادا، به‌مه‌رجێك ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور و یاسا كارپێكراوه‌كاندا.
چواره‌م: له‌كاتی یه‌كسان بونی ده‌نگی پاڵێوراوان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یان پارێزگار، ئه‌و لایه‌نه به‌براوه داده‌نرێت كه كۆی ده‌نگه به‌ده‌ستهاتوه‌كانی له‌هه‌ڵبژاردنی گشتیدا زیاتره له‌ده‌نگه به‌ده‌ستهاتوه‌كانی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه.
پێنجه‌م: جێگرانی پارێزگار به‌م شێوه هه‌ڵده‌بژێردرێن: كاندید كردنی چوار كه‌س بۆ جێگری پارێزگار له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه، هه‌ڵبژاردنی دوانیان بۆ جێگری پارێزگار، به ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه فه‌رمانی دامه‌زراندنیان بۆ ده‌رده‌چێت به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی.
شه‌شه‌م: به‌رێوه‌به‌ره گشتییه‌كان له سنوری پارێزگادا به‌م شێوه‌یه هه‌ڵده‌بژێردرێن:
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ، یه‌ك كه‌س له‌ئه‌سڵی سێ كه‌س هه‌ڵده‌بژێرێت، كه پارێزگار پێشنازیان ده‌كات، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان له‌پارێزگادا، فه‌رمانی دامه‌زراندنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ده‌رده‌چێت.
حه‌وته‌م: ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌یه‌ری گشتی، ئه‌نجومه‌نی قه‌زا به‌پله‌ی جێگیری به‌رێوه‌به‌ری گشتی، ئه‌نجومه‌نی ناحیه به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر، پاداشتی مانگانه وه‌رده‌گرن.
هه‌شته‌م: پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به پله‌ی وه‌كیل وه‌زیر داده‌مه‌زرێن.
پرۆژه‌ی چاکسازی له وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دا
سه‌ره‌تا
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستان دور بخرێنه‌وه له هه‌مو جۆره تێوهگلانێ له ململانێی ده‌سه‌ڵاته‌وه له نێوان حیزبه سیاسیه‌کانی کوردستان.
بۆئه‌وه‌ی دور بخرێنه‌وه له به‌کارهێنان له مونافه‌سه‌ی سیاسی سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان به قازانجی حیزبێک دژی حیزبه‌کانی تر.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن کاره‌کانی خۆیان به بێ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی، له سه‌ر بنچینه‌یی: پیشه‌یی، بێلایه‌نی، لێهاتویی و به لێوه‌شاوه‌ییه‌کی به‌رزه‌وه، ئه‌نجام بده‌ن،
پێویسته ئه‌م چاکسازییانه‌یان تێدا بکرێ:
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
یه‌که‌م، په‌روه‌رده و حیزبایه‌تی
1. 1. رێکخستن و رێکخراوه حیزبیه‌کان له ناو هه‌مو داوده‌زگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌کانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا قه‌ده‌غه بکرێ.
1. 2. باره‌گا و ئۆفیسی حیزبه‌کان، له ژێر هه‌ر ناوێک دا بێ، له ناو وهزهرات دا و له ناو هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و قوتابخانه‌کانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا دابخرێ.
1. 3. بڕینی ئابونه‌ی حیزبی له موچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ره‌کان قه‌ده‌غه بکرێ.
1. 4. قه‌ده‌غه‌کردنی ره‌مزه حیزبیه‌کان له ناوه‌نده‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده‌کردن دا.
2. هه‌مو ئه‌و کادره حیزبییانه‌ی به هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه بێکار ئه‌مێننه‌وه:
2. 1. موچه‌یان به‌رده‌وام بێ تا ئه‌چنه سه‌ر کارێکی تر.
2. 2. یا خانه‌نشین بکرێن.
2. 3. له وه‌زاره‌ت دا یان له هه‌رجێیه‌کی تری خۆی بیه‌وێ کارێکی شایسته‌ی خۆیان پێ بسپێردرێ.
3. مامۆستا و کارمه‌ندی په‌روه‌رده و خوێندکار و قوتابی له هه‌ر پله وپایه‌یه‌ک و له هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و قوتابخانه‌یه‌ک بێ، له ده‌ره‌وه‌ی ماوه‌ی کار و له ده‌ره‌وه‌ی بیناکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، بۆی هه‌یه به ئازادی چالاکی حیزبی، به قازانجی ئه‌و حیزبه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ، بنوێنێ.
4. مامۆستا و کارمه‌ندی په‌روه‌رده و خوێندکار و قوتابی له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، به پێی یاسا کارپێکراوه‌کان، مافی هه‌یه به ئازادی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ک بتوانێ زۆری لێ بکا، ده‌نگ بدا به‌و لایه‌نه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ.
5. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی. سێ، له پله کارگێڕیه‌که‌ی لاببرێ.
دوه‌م، په‌روه‌رده و ته‌زکیه
1. بۆ وه‌رگرتنی که‌سێ به مامۆستا یا کارمه‌ند له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، یان بۆ وه‌رگرتنی له کولێجی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی، ده‌وره‌ی په‌روه‌ده‌یی، بۆ پێسپاردنی پله‌و پایه‌ی کارگێڕی و ئیداری، ته‌زکیه‌ی حیزبی، ته‌زکیه‌ی سه‌ندیکا، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه بکرێ.
2. پێویسته له گوێزانه‌وه، به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی مامۆستا بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی، سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی، راوێژکار، شاره‌زا.. ته‌نیا قانون و رێنماییه پێوه‌ندیداره‌کان و هه‌ڵسه‌نگه‌ندنی کار و چالاکی پاڵێوراو پێڕه‌وی بکرێ، وه له کاتی وه‌کیه‌کی مه‌رجه پێویسته‌کان دا له نێوان پاڵێوراوه‌کان دا به تیروپشک به لادا بخرێ.
3. دابه‌شکردنه‌وه‌ی میلاکاتی قوتابخانه‌کان (مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر) به گوێره‌ی پێویستیه‌کانی پرۆسه‌ی فێرکردن و خوێندن بێ له‌شار و دێهاته‌کان دا.
4. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی. سێ، له پله کارگێڕیه‌که‌ی لاببرێ.
سێیه‌م، په‌روه‌رده و مونافه‌سه‌ی سیاسی
1. به کارهێنانی مامۆستا و کارمه‌ندانی په‌روه‌رده و خوێندکار و قوتابی له ناو وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه و قوتابخانه‌کان دا، له کاری سیاسی دا: بۆ پرۆپاگانده یا بۆ گوشار بۆ حیزبێکی سیاسی، له ململانێی نێوان حیزبه‌کان، دژی خۆپیشاندانی پیشه‌یی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی، له مونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، راپێچکردنی زۆره‌ملێی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و قوتابی بۆ خۆپیشاندان، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. به‌کارهێنانی کۆبونه‌وه‌ی باوکان و دایکانی خوێندکار و قوتابی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و کاری حیزبی قه‌ده‌غه بکرێ.
3. له کاتی دانانی مامۆستا یان هه‌ر کارمه‌ندێکی په‌روه‌رده به به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ده‌نگدان یا هه‌ر کارێکی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان، پێویسته به بێلایه‌نی کاره‌که‌ی ئه‌نجام بدا، ئه‌گه‌ر دو له بریکاره‌کان شکاتیان لێ کرد لاببرێ.
4. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی. سێ، له پله کارگێڕیه‌که‌ی لاببرێ.
چواره‌م، په‌روه‌رده و سه‌ندیکا
1. مامۆستا خۆی ئازاده له‌وه‌ی ببێ یا نه‌بێ به ئه‌ندامی سه‌ندیکا (یه‌کێتیی مامۆستایان).
2. پێویسته به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له داوده‌زگاکانی وه‌زاره‌ت دا به یه‌کسانی رێ به ئازادی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ندیکایی، به هه‌مو کاندید و لیسته رێپێدراوه‌کان، بده‌ن.
3. ته‌نیا ئه‌ندامانی کارگێڕی لق و به‌ره‌وژور بۆیان هه‌یه، به هه‌مان موچه و پله‌ی کارگێڕیان، له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنیان دا ته‌رخان بکرێن بۆ کاری سه‌ندیکایی. دوای ته‌واو بونی کاری سه‌ندیکایی ئه‌گه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌ر کاری پێشویان.
4. بڕینی ئابونه‌ی ئه‌ندامه‌تی له‌و مامۆستایانه‌ی ئه‌ندامی سه‌ندیکا نین قه‌ده‌غه بکرێ.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه
یه‌که‌م، پێشمه‌رگه و حیزبایه‌تی
1. 1. رێکخستن و رێکخراوه حیزبیه‌کانی له ناو هه‌مو داوده‌زگا و یه‌که‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا قه‌ده‌غه بکرێ.
1. 2. باره‌گا و ئۆفیسی حیزبه‌کان، له ژێر هه‌ر ناوێک دا بێ، له ناو وهزهرات و ده‌ره‌وه‌ی دا و له ناو هه‌مو یه‌که‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌دا دابخرێ.
1. 3. به هیچ جۆرێ نابێ ئابونه‌ی حیزبی له موچه‌ی مانگانه‌ی پێشمه‌رگه و کارمه‌نده‌که ببڕدرێ.
2. هه‌مو ئه‌وانه‌ی به هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه بێکار ئه‌مێننه‌وه:
2. 1. موچه‌یان به‌رده‌وام بێ تا ئه‌چنه سه‌ر کارێکی تر.
2. 2. یا خانه‌نشین بکرێن.
2. 3. له وه‌زاره‌ت دا یان له هه‌رجێیه‌کی تری خۆی بیه‌وێ کارێکی شایسته‌ی خۆی پێ بسپێردرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
دوه‌م، پێشمه‌رگه و ته‌زکیه
1. بۆ وه‌رگرتنی که‌سێ به پێشمه‌رگه، بۆ وه‌رگرتنی له کولێجی سه‌ربازی، ده‌وره‌ی عه‌سکه‌ری، بۆ پێسپاردنی پله‌و پایه‌ی عه‌سکه‌ری و ئیداری، ته‌زکیه‌ی حیزبی، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه بکرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
سێیه‌م، پێشمه‌رگه و فه‌رمان
له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌بونی هه‌ر یه‌که‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ی که‌سیی یا حیزبی هه‌بێ، به هه‌ر ناوێک و قه‌واره‌یه‌ک بێ، قه‌ده‌غه بکرێ.
هه‌رچی ناوی پێشمه‌رگه بێ ئه‌بێ: سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بێ، موچه‌ی مانگانه‌ی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه وه‌ربگرێ، فه‌رمان ته‌نیا له که‌سی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێ.
1. له باری ئاسایی دا: جوڵاندنی هێزی گه‌وره له فه‌وج به‌ره‌و ژور به فه‌رمانی وه‌زیر، له لیوا به‌ره‌وه ژور به فه‌رمانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌بێ.
2. له باری نائاسایی دا: به فه‌رمانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ره‌زامه‌ندی دوسێیه‌کی په‌رله‌مان ئه‌بێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
چواره‌م، پێشمه‌رگه و کێشه‌ی سیاسی
1. به کارهێنانی پێشمه‌رگه له کاری سیاسی دا: بۆ پرۆپاگانده یا بۆ گوشار بۆ حیزبێکی سیاسی، له ململانێی نێوان حیزبه‌کان، دژی خۆپیشاندانی پیشه‌یی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی، له مونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. پێشمه‌رگه له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌کان دا مافی هه‌یه به ئازادی ده‌نگ بدا به‌و لایه‌نه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
پێنجه‌م، پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی
1. به کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده‌کانی بۆ ده‌ستگیرکردن و گلدانه‌وه و پشکنینی که‌سانی عه‌سکه‌ری و مه‌ده‌نی، له پشتی ده‌سه‌ڵاتی قهزائیهوه قه‌ده‌غه بکرێ.
2. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی
1. به کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده‌کانی بۆ ده‌رکردنی فه‌رمانی گرتن و پشکنین و له پشتی ده‌سه‌ڵاتی قهزائیهوه قه‌ده‌غه بکرێ.
2. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
پۆلیس
یه‌که‌م، پۆلیس و حیزبایه‌تی
1. 1. رێکخستن و رێکخراوه حیزبیه‌کانی له ناو هه‌مو داوده‌زگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا قه‌ده‌غه بکرێ.
1. 2. باره‌گا و ئۆفیسی حیزبه‌کان، له ژێر هه‌ر ناوێک دا بێ، له ناو وهزهرات و ده‌ره‌وه‌ی دا و له ناو هه‌مو یه‌که‌کانی هێزی پۆلیس دا دابخرێ. هه‌روه‌ها کادری حیزبی له ژێر هه‌ر ناونیشانێک دا بێ، له ناو پۆلیس و وه‌زاره‌تی ناوخۆدا نه‌هێڵرێ.
1. 3. به هیچ جۆرێ نابێ ئابونه‌ی حیزبی له موچه‌ی مانگانه‌ی پۆلیس و کارمه‌ند ببڕدرێ.
2. هه‌مو ئه‌وانه‌ی به هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه بێکار ئه‌مێننه‌وه:
2. 1. موچه‌یان به‌رده‌وام بێ تا ئه‌چنه سه‌ر کارێکی تر.
2. 2. یا خانه‌نشین بکرێن.
2. 3. له وه‌زاره‌ت دا یان له هه‌رجێیه‌کی تری خۆی بیه‌وێ کارێکی شایسته‌ی خۆی پێ بسپێردرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
دوه‌م، پۆلیس و ته‌زکیه
1. بۆ وه‌رگرتنی که‌سێ به پۆلیس، بۆ وه‌رگرتنی له ئاکادیمی پۆلیس، ده‌وره‌ی ئه‌فسه‌ر و مفه‌وه‌ز، بۆ پێسپاردنی پله‌و پایه‌ی وه‌زیفی و ئیداری، ته‌زکیه‌ی حیزبی، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه بکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی یه‌کسان بۆ هه‌مو که‌سێ بڕه‌خسێنرێ له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه ئاگاداری بڵاو بکریته‌وه..
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
سێیه‌م، پۆلیس و فه‌رمان
1. له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌بونی هه‌ر یه‌که‌یه‌کی پۆلیسی که‌سیی یا حیزبی هه‌بێ، به هه‌ر ناوێک و قه‌واره‌یه‌ک بێ، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. هه‌رچی ناوی پۆلیس بێ ئه‌بێ: سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆ بێ، موچه‌ی مانگانه‌ی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ربگرێ، فه‌رمان ته‌نیا له که‌سی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌زاره‌ت و بهڕێوهبهریهتیهکان وه‌ربگرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
چواره‌م، پۆلیس و کێشه‌ی سیاسی
1. به کارهێنانی پۆلیس له کاری سیاسی دا: بۆ پرۆپاگانده یا بۆ گوشار بۆ حیزبێکی سیاسی، له ململانێی نێوان حیزبه‌کان، دژی خۆپیشاندانی پیشه‌یی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی، له مونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. پۆلیس له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌کان دا مافی هه‌یه به ئازادی ده‌نگ بدا به‌و لایه‌نه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
به‌ڕێه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش
یه‌که‌م، ئاسایش و حیزبایه‌تی
1. 1. رێکخستن و رێکخراوه حیزبیه‌کان له ناو هه‌مو داوده‌زگا و یه‌که‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش و ده‌ره‌وه‌ی دا قه‌ده‌غه بکرێ.
1. 2. باره‌گا و ئۆفیسی حیزبه‌کان، له ژێر هه‌ر ناوێک دا بێ، له ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی و هه‌مو دائیره‌کانی تری دا و له ناو هه‌مو یه‌که‌کانی هێزی ئاسایش‌دا دابخرێ.
1. 3. به هیچ جۆرێ نابێ ئابونه‌ی حیزبی له موچه‌ی مانگانه‌ی کارمه‌نده‌که ببڕدرێ.
2. هه‌مو ئه‌وانه‌ی به هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه بێکار ئه‌مێننه‌وه:
2. 1. موچه‌یان به‌رده‌وام بێ تا ئه‌چنه سه‌ر کارێکی تر.
2. 2. یا خانه‌نشین بکرێن.
2. 3. له وه‌زاره‌تی ناوخۆ دا یان له هه‌رجێیه‌کی تری خۆی بیه‌وێ کارێکی شایسته‌ی خۆی پێ بسپێردرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
دوه‌م، ئاسایش و ته‌زکیه
1. بۆ وه‌رگرتنی که‌سێ به ئاسایش، بۆ وه‌رگرتنی له کولێجی سه‌ربازی، بۆ ده‌وره‌ی عه‌سکه‌ری، بۆ پێسپاردنی پله‌و پایه‌ی عه‌سکه‌ری و ئیداری، ته‌زکیه‌ی حیزبی، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه بکرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو، غه‌رامه‌ی مالی.
سێیه‌م، ئاسایش و فه‌رمان
1. له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش هه‌بونی هه‌ر یه‌که‌یه‌کی ئاسایشی که‌سیی یا حیزبی هه‌بێ، به هه‌ر ناوێک و قه‌واره‌یه‌ک بێ، قه‌ده‌غه بکرێ
2. هه‌رچی ناوی ئاسایش بێ ئه‌بێ: سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش بێ، موچه‌ی مانگانه‌ی له فه‌رمانگه‌کانی ئاسایش وه‌ربگرێ، فه‌رمان ته‌نیا له که‌سی ده‌سه‌ڵاتداری به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی گشتی ئاسایش وه‌ربگرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
چواره‌م، ئاسایش و کێشه‌ی سیاسی
1. به کارهێنانی ئاسایش له کاری سیاسی دا: بۆ پرۆپاگانده یا بۆ گوشار بۆ حیزبێکی سیاسی، له ململانێی نێوان حیزبه‌کان، دژی خۆپیشاندانی پیشه‌یی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی، له مونافه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. ئاسایش له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌کان دا مافی هه‌یه به ئازادی ده‌نگ بدا به‌و لایه‌نه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
پێنجه‌م، ئاسایش و ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی
1. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش و ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانگه‌کانی ته‌نیا مافی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری‌یان هه‌یه، مافی ده‌ستگیر کردن و به دواداچونی تاوان به پاڵ دراویان نیه.
2. به کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کان و ئه‌فسه‌ره‌کانی بۆ ده‌ستگیرکردن و گلدانه‌وه و پشکنینی که‌سانی عه‌سکه‌ری و مه‌ده‌نی و ماڵه‌کانیان، قه‌ده‌غه بکرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
شه‌شه‌م، ئاسایش و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی
1. به کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش و ئه‌فسه‌ره‌کانی بۆ ده‌رکردنی فه‌رمانی گرتن و پشکنین، قه‌ده‌غه بکرێ.
2. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
حه‌وته‌م، ئاسایش و کۆدی هاوڵاتییان
وه‌رگرتنی زانیاری ژیانی تایبه‌تی هاوڵاتی به هه‌ر ناوێکه‌وه بێ، له‌وانه "کۆدی ئاسایش" به هه‌ر ناو و به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، قه‌ده‌غه بکرێ.
به‌رده‌وام بون له سه‌ر بانگکردنی هاوڵاتییان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کۆدی زانیاری کاریكی نایاساییه، به‌رپرسانی ئاسایش، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بون له سه‌ر کارپێکردنی، وه‌کو دامه‌زراوه و وه‌کو که‌س، روبه‌روی دادگا بکرێنه‌وه.
وه‌زاره‌تی دارایی
یه‌که‌م، دارایی و رونی
1. پشکی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عیراق و جۆری خه‌رجکردنی به ئاشکرا بخرێته به‌رده‌م پارله‌مان و میدیا.
2. داهاتی ناوخۆ، له‌وانه داهاتی نه‌وت، و جۆری خه‌رجکردنی به ئاشکرا بخرێته به‌رده‌م پارله‌مان و میدیا.
3. سه‌ره‌ڕای بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێم، به شێوه‌یه‌کی ده‌وری و به ئاشکرا لیستی داهات و خه‌رج بڵاو بکرێته‌وه و بخرێته به‌رده‌م پارله‌مان و میدیا.
4. شاردنهی زانیاری دارایی له پارله‌مان و میدیا قه‌ده‌غه بکرێ و سزای بۆ دابنرێ.
دوه‌م، دارایی و بودجه‌ی حیزب
1. حیزب ته‌نیا ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌رئه‌گرێ که یاسای یارمه‌تیدانی حیزبه‌کان دیاری ئه‌کا. ئه‌بێ به پێی رێنماییه‌کانی دیوانی چاودێری دارایی خه‌رجی بکا.
2. دانی بڕه پاره‌ی زیاد به شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به حیزب، له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی یا هه‌ر ده‌زگایه‌کی تری حکومه‌تیه‌وه، به هه‌ر ناوێکه‌وه بێ، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که یاسای یارمه‌تیدانی حیزب دیاری کردوه، قه‌ده‌غه‌یه.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
سێیه‌م، دارایی و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی حیزبی
1. ته‌مویلی میدیای حیزبی، بینراو و بیستراو و خوێنراو، له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی یا هه‌ر ده‌زگایه‌کی تری حکومه‌تیه‌وه قه‌ده‌غه‌یه.
2. ته‌مویلی میدیای ناحکومه‌تی، ئازاد، پێویسته به پێی قانونی تایبه‌تی و به ره‌زامه‌ندی پارله‌مان بکرێ.
3. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
چواره‌م، دارایی و کادره حیزبیه‌کان
کادره حیزبیه‌کانی که خراونه‌ته سه‌ر میلاکی وه‌زاره‌ته‌کان، موچه له حکومه‌ت وه‌رئه‌گرن به‌ڵام ته‌رخانن بۆ کاری حیزبی، له هه‌مو وه‌زاره‌ته‌کان دا سه‌رژمێر بکرێن و به‌مجۆره پۆلێن بکرێن:
1. ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سه‌رکه‌وتوه، به پێی ساڵانی خزمه‌ت و بڕوانامه، به پله‌ی شایسته‌ی خۆی خانه‌نشین بکرێ.
2. ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێ له فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومه‌تی دا کار بکا، له سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه و ساڵانی خزمه‌تی رێکخراوه‌یی، دابمه‌زرێنرێ.
3. ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێ له رێکخستنه‌کانی حیزب دا بمێنێته‌وه کاری حیزبی بکا حیزبه‌که‌ی موچه‌ی بۆ دابین بکا.
پێنجه‌م، دارایی و پله‌ی وه‌زیفی
1. راگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان موچه‌ی کارمه‌ندانی پله‌ی یه‌که‌م و موچه‌ی کارمه‌ندانی پله‌ی یانزه‌هه‌م به جۆرێ رێک بخرێ که له بیست قات تێپه‌ڕ نه‌کا، له گه‌ڵ بودجه‌ی گشتی و نرخی بازاڕدا گونجاو بێ.
2. گونجاندنی موچه‌ی پارله‌مانتار و وه‌زیره‌کانی هه‌رێم، هی ئیستا و هی خانه‌نشین، له گه‌ڵ سیسته‌می نوێی موچه.
3. بۆ ئه‌نجامدانی هاوسه‌نگی له سیسته‌می موچه‌دا، پێویسته چاوگێڕانه‌وه بکرێ:
3. 1. ناونیشانی وه‌زیفه و موچه‌ی ئه‌وانه‌ی به پله‌ی ئیداری و پله‌ی تایبه‌ت دامه‌زراون، سه‌رله‌نوێ له سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه، ساڵانی خزمه‌تی حکومه‌تی، چاک بکرێ.
3. 2. ناونیشانی وه‌زیفه و موچه‌ی ئه‌وانه‌ی به پله‌ی ئیداری و تایبه‌ت خانه‌نشین کراون، سه‌رله‌نوێ له سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه، ساڵانی خزمه‌تی حکومه‌تی، چاک بکرێ.
3. 3. ناونیشانی وه‌زیفه و موچه‌ی ئه‌وانه‌ی به پله‌ی ئیداری و تایبه‌ت خانه‌نشین کراون به‌ڵام بڕوانامه، ساڵانی خزمه‌تی حکومه‌تیان نیه، سه‌رله‌نوێ له سه‌ر بنه‌مای رێزلێنانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، هونه‌ری، وه‌رزشی، موچه و پله‌یان به قانونێکی تایبه‌تی رێک بخرێ.
شه‌شه‌م، دارایی و رێکخراوه دیمۆکراتی و پیشه‌یی و ناحکومیه‌کان
چاوخشاندنه‌وه به رێکخراو، یانه، یه‌کێتی، سه‌ندیکا، رێکخستنه‌وه‌یان له سه‌ر بنه‌مای پیشه و چالاکی رێکخراوه نا حکومیه‌کان، له سه‌ر بنه‌مای پرۆژه هاوکاری بکرێن.
حه‌وته‌م، دارایی و ته‌نده‌ر
1. بۆ وه‌رگرتنی ته‌نده‌ر، ته‌زکیه‌ی حیزبی، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه بکرێ.
2. بۆ ره‌خساندنی هه‌لی یه‌کسان بۆ به‌ڵێنده‌ران پێویسته پێڕه‌وی بڕگه‌کانی یاسای مه‌ده‌نی بکرێ.
3. به‌خشینی ته‌نده‌ر به‌ده‌ر له رێنماییه‌کان قه‌ده‌غه بکرێ.
4. پۆلێنکردنه‌وه‌ی کۆمپانیاکان.
5. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.
دیوانی چاودێری دارایی
ئاماژه به یاسای ژماره (2) ی ساڵی 2008 :
(یاسای دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان – عیراق)
1. سه‌رۆکی دیوانی چاودێری دارایی و جێگره‌که‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌کانی پێویسته:
1. 1. پله‌ی (محاسب قانونی) یان هه‌بێ.
1. 2. ئینتیمای حیزبیان نه‌بێ. که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ، بێلایه‌ن، پیشه‌یی بن. ئه‌گه‌ر که‌سێکیان ئینتیمای حیزبی هه‌بێ پێویسته به فه‌رمی وازهێنانی خۆی له حیزبه‌که‌ی رابگه‌یه‌نێت.
2. پێویسته رونی (شه‌فافیه‌ت) له کاره‌کانی دیوان دا هه‌بێ. راپۆرته‌کانی به ئاشکرا بدرێته پارله‌مان و بۆ بڵاوکردنه‌وه بدرێته میدیا، مه‌گه‌ر راپۆرتێ له سۆنگه‌ی دروستکردنی مه‌ترسیه‌وه بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم سه‌رۆکی پارله‌مان به راوێژ له گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی بۆی هه‌بێ بڵاوکردنه‌وه‌ی رابگرێ.
3. داوا له دیوانی چاودێری دارایی بکرێ ئه‌وله‌ویه‌ت بدا به‌م کارانه‌ی که له خواره‌وه دیاری کراون:
یه‌که‌م، به‌دواداچونی به‌رده‌وام بکا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی راده‌ی پابه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به جێبه‌جێکردنی ماده‌کان و که‌رته‌کانی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2010 و 2011 ه‌وه، به‌رده‌وام پارله‌مانی لێ ئاگادار بکاته‌وه.
دوه‌م، به‌دواداچون بکا بۆ ناوه‌رۆکی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی سامانی سروشتی و کۆمپانیا بێگانه‌کان بۆ:
1. بۆ ساخکرنهوهی راده‌ی گونجانی گرێبه‌سته‌کان له گه‌ڵ قانونه کارپێکراوه‌کانی عیراق و کوردستان.
2. بۆ ساخکردنه‌وه‌ی بڕی داهات و جۆری خه‌رجکردنی یا ناردنی بۆ بودجه‌ی هه‌رێم.
3. هه‌ر که‌موکوڕیه‌کی تێدا بێ حه‌واڵه‌ی داواکاری گشتی و پارله‌مانی بکا.
سێیه‌م، به‌دواداچون بکا بۆ ناوه‌رۆکی گرێبه‌سته‌کانی نێوان وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیه خۆماڵیه‌کان و کۆمپانیاکانی بیانی له بواره‌کانی:
1. 1. ته‌له‌فۆنی مۆبایل
1. 2. چیمه‌نتۆی به‌رهه‌می خۆماڵی و هاورده
1. 3. بازرگانی جگه‌ره
2. بۆ ساخکردنه‌وه‌ی راده‌ی گونجانی له گه‌ڵ قانونه کارپێکراوه‌کانی عیراق و کوردستان.
3. بۆ ساخکردنه‌وه‌ی بڕی داهات و جۆری خه‌رجکردنی یا ناردنی بۆ بودجه‌ی هه‌رێم.
4. هه‌ر که‌موکوڕیه‌کی تێدا بێ حه‌واڵه‌ی داواکاری گشتی و پارله‌مانی بکا.
چواره‌م، به‌دواداچون بکا بۆ:
1. 1. داهاتی دامه‌زراوه‌کانی کاره‌با.
1. 2. داهاتی گومرگی سنوره‌کان.
1. 3. داهاتی به‌شی هه‌رێم له سوته‌مه‌نی نێردراوی عیراق بۆ هه‌رێم.
1. 4. داهاتی تری هه‌رێم.
2. بۆ ساخکردنه‌وه‌ی بڕی داهات و جۆری خه‌رجکردنی یا ناردنی بۆ بودجه‌ی هه‌رێم.
3. هه‌ر که‌موکوڕیه‌کی تێدا بێ حه‌واڵه‌ی داواکاری گشتی و پارله‌مانی بکا.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
یه‌که‌م، پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری
سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری که به‌رپرسه له:
1. دادگای پێداچونه‌وه
2. سه‌رۆکایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه
3. سه‌رۆکایه‌تی داواکاری گشتی
دوه‌م، سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌کان
1. بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات دا: سه‌رۆکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری، سه‌رۆکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان (پارله‌مان)، سه‌رۆکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن (سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران)، پێویسته پله‌ی قانونی (ده‌ستوری) هه‌رسێکیان هاوشانی یه‌کتری بن.
2. ده‌سته‌ی داواکاری گشتی له ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیر جیا بکرێته‌وه، ببێته به‌شێ له ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری.
سێیه‌م، دادوه‌ری و بودجه
بودجه‌ی تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ژێر ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خۆی دا بێ.
چواره‌م، هه‌ڵسه‌نگاندنی دادوه‌ر و داواکار
1. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی لێهاتویی دادوه‌ران و به‌رزکردنه‌وه‌ی (صنف) ه‌کانیان به‌ند بێ به راستاندنی له 90% ی ساڵانه‌ی حوکم و بڕیاره‌کانیان.
2. ئه‌و دادوه‌ره‌ی له ماوه‌ی سێ ساڵی یه‌ک له دوای یه‌کی کارکردنیدا ئه‌و رێژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به ده‌ست نه‌هێنا بگوێزرێته‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی تر.
3. جگه له زمانی کوردی شاره‌زایی ته‌واوی هه‌بێ له خوێندنه‌وه و نوسین و دوان به زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌وانه‌ی له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رنه‌چون بگوێزرێنه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی تر.
پێنجه‌م، دادوه‌ری و راگه‌یاندن
له دادگاکانی تێههڵچونهوهدا به‌شێ بۆ راگه‌یاندن ته‌رخان بکرێ بۆ:
1. پێشوازیکردن له میدیای ئازاد تا له سنوری یاسادا زانیاری پێویستی بداتێ.
2. وته‌بێژێکی هه‌بێ بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی دادگا به رای گشتی.
شه‌شه‌م، ئیلغای یاسا
یاسای تبلیغی عسکری (106/ 960) ، (178/ 970) وه بڕیاری (1042/997) ئیلغا بکرێ، کار به بڕیاری (669/987) ی 23/08/1978 بکرێ.
حه‌وته‌م، کارمه‌ندی داد و ته‌زکیه
1. بۆ وه‌رگرتنی که‌سێ به خوێندکار له کولێجی یاسا یان که‌سێکی خاوه‌ن ئه‌زمون بۆ بون به دادوه‌ر، یا به داواکاری گشتی، یا بۆ وه‌رگرتنی له په‌یمانگای داوه‌ری، یا بۆ پێسپاردنی پله‌و پایه‌ی قه‌زائی، ته‌زکیه‌ی حیزبی، راسپارده، واسیته به نامه یان به ته‌له‌فۆن و ئیمێل و هه‌ر هۆیه‌کی تر (که‌س یان ئۆرگانی حیزبی بیکا) قه‌ده‌غه‌یه.
2. سه‌رپێچیکار سزا بدرێ: یه‌ک، به حه‌بس بۆ ماوه‌یه‌ک دیاری بکرێ. دو غه‌رامه‌ی مالی.