راپۆرت: ئومێد تۆفیق
..."ئێمه، نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی گه‌لین، به پشتبه‌ستن به ویستی گه‌لی باشوری سودان، هه‌روه‌ك راپرسی له‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنوسین ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كرده‌وه، ده‌وڵه‌تی باشوری سودانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری راده‌گه‌یه‌نین..."، له‌دوای 56 ساڵ له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی خه‌رتوم و كوژرانی نزیكه‌ی 2 ملیۆن كه‌س، ئه‌مه مارشی سه‌ربه‌خۆبونی باشوری سودان بو كه له‌لایه‌ن جیمس وانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی باشوری سودانه‌وه لێدرا.
9ی ئه‌م مانگه باشوری سودان سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاند و له‌لایه‌ن زۆرێك له وڵاتانی جیهانه‌وه پیرۆزبایی لێكراو بو به 54هه‌مین ده‌وڵه‌تی ئه‌فه‌ریقی و 193هه‌مین ده‌وڵه‌تی جیهانی.
له یه‌كه‌مین وتاریشیدا دوای راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه، سه‌لڤا كیر، سه‌رۆكی باشوری سودان داوای سڕینه‌وه‌ی مێژویی خوێناوی كرد له‌گه‌ڵ باكوردا.
ناوبراو ئه‌وه‌ی وت: "رۆژێكی خۆشی وه‌ك ئه‌مڕۆ، نابێت یادگاریه تاڵه‌كان ناخۆشی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه؛ باشوری سودان چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌سه‌ری بینیوه، پێویسته لێخۆشبونمان هه‌بێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه روداوه‌كان له بیرناچنه‌وه".
ئێستا باشوری سودان، ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه له كیشوه‌ری ئه‌فه‌ریقا و شاری (جوبا) پایته‌خته‌كه‌یه‌تی، خاوه‌نی ئاڵا و سه‌روه‌ری خاك و ئاو و ئاسمانه.
باشوری سودان
دوای ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا ناوچه‌كه‌ی جێهێشت له‌دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌وه و دواتریش سودان له میسر جیابوه‌وه، باشوریه‌كان داوایانكرد فیدراڵیان هه‌بێت، به‌ڵام به‌بیانوی ئه‌وه‌ی باشور جیاده‌بێته‌وه، ئه‌و داوایه‌یان ره‌تكرایه‌وه.
به‌وهۆیه‌وه، له ساڵی 1955 له سه‌رده‌می (ئیسماعیل ئه‌زهه‌ری)، ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی باشوری له سوپا یاخیبون، له ساڵی 1958یشدا دوای ئه‌وه‌ی كه (ئیبراهیم عه‌بود) ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست و هه‌وڵیدا به زه‌بری هێز مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ باشوریهكاندا بكات، داواكاریه‌كانیان له فیدراڵیه‌وه به‌ره‌و خواستی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ گوازرایه‌وه و (پارتی سانۆ)ش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و داواكاریه‌ی كرد.
له ساڵی 1963 بزوتنه‌وه‌ی (ئه‌نانیا) له باشور دامه‌زرا و له ساڵی 1963ه‌وه ده‌ستیكرد به كرده‌ی سه‌ربازی.
دواتر له ساڵی 1965، هه‌وڵدرا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن؛ له ساڵی 1972 رێكه‌وتننامه‌ی (ئه‌دیس ئه‌بابا) مۆركراو له چوارچێوه‌ی سوداندا حوكمی خودموختاری درا به باشور، به‌ڵام دواتر له ساڵی 1983 (جه‌عفه‌ر نه‌میری)، سه‌رۆكی سودان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و هه‌رێمه‌كه‌ی كرد به 3 هه‌رێمه‌وه، به‌و هۆیه‌وه رێكه‌وتننامه‌كه‌ی ئه‌دیس ئه‌بابا هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
پاشان (كاربینۆ كوانین)ی فه‌رمانده‌ی 105ی باشوریه‌كان به بردنی پاره تۆمه‌تباركرا له‌لایه‌ن حكومه‌تی سودانه‌وه و كه‌تیبه‌كه‌ی له ناوچه‌كه گوازرایه‌وه بۆ باكور، له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌شدا سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی كهتیبهكه یاخیبونی خۆیان راگه‌یاند، له‌لایه‌ن حكومه‌تی خهرتومیشهوه هێزی سه‌ربازی ره‌وانه كرا بۆ ئه‌وه‌ی ملكه‌چ بكرێت، به‌ڵام ئه‌وان له دارستانه‌كاندا سه‌نگه‌ریان گرت.
عه‌مید (جۆن گهرنهگ)، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ سه‌ركوتكردنی كهتیبهكه ره‌وانه‌كرا، به‌ڵام ناوبراو چوه په‌نای یاخیبوه‌كان و (جوڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ ئازادی سودان)ی دامه‌زراند، راشیگه‌یاند كه ئامانجی ئه‌و، دروستكردنی سودانێكی عه‌لمانیه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری.
دوای ئه‌وه‌ی كه (جه‌عفه‌ر نه‌میری) له ساڵی 1985، له رێگه‌ی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریه‌وه، له‌سه‌ر كار لابرا، له‌وكاته‌دا هیوایه‌ك هه‌بو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌كه‌ی باشوری سودان، به‌ڵام له ساڵی 1986 دا كۆبونه‌وه‌ی (سادق مه‌هدی)، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی سودان و گهرنهگ شكستیهێناو ئه‌و هیوایه‌ی پوچه‌ڵكرده‌وه.
له مانگی تشرینی دوه‌می 1988یشدا گهرنهگ له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌د عوسمان میرگنی)، له ئه‌دیس ئه‌بابا رێكه‌وتنێكیان مۆركرد و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی نه‌میری سڕكرا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1989 به سه‌رۆكایه‌تی عومه‌ر به‌شیر كوده‌تا كرا، ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه نه‌چوه بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه.
له مانگی ته‌مموزی 1991، دوای ئه‌وه‌ی كه رژێمی (مهنگۆستۆ) له ئه‌سیوبیا، كه به‌پاڵپشتی جوڵانه‌وه‌ی گه‌لی باشور ده‌ناسراو روخا، جوڵانه‌وه‌كه‌ی گهرنهگ جیابونه‌وه تێیدا رویدا، حكومه‌تی سودانیش هه‌وڵیدا سود له‌و جیابونه‌وه وه‌ربگرێت و به‌شێوه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه په‌یوه‌ندی به (لام ئهكۆڵ)، سه‌ركرده‌ی باڵی جیابوهوهكانهوه كرد و له ساڵی 1992، به‌ناوی (په‌یمانی فرانكفۆرت)ه‌وه رێكه‌وتننامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا مۆركرد، دواتریش خودی حكومه‌تی سودان رێكه‌وتنه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به چاودێری (ئیبراهیم بابنجیدا)، سه‌رۆكی نه‌یجیریا، خولێكی دیكه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌بوجا به‌ڕێوه‌چو، له ساڵی 1993شدا درێژه درا به خولی سێیه‌می دانوستانه‌كان، به‌ڵام هیچ ده‌ره‌نجامێكیان لێنه‌كه‌وته‌وه.
له رێگه‌ی رێكخراوی (ئیگاد)ه‌وه، هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی باشور له‌گه‌ڵ باكور كهوتهگهڕو په‌یمانی (ماشاكۆس) له ساڵی 2005 له‌نێوان خه‌رتوم باشوریه‌كان مۆركراو به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتنه بۆ ماوه‌ی 6 ساڵ حوكمی خود موختاری درا به باشور، دوای ئه‌و 6 ساڵه‌ش مافی چاره‌ی خۆنوسین له مانگی 9ی كانونی دوه‌می 2005 دا بڕیاری له‌سه‌ردرا.
له ساڵی 2005، حكومه‌تی خه‌رتوم و جوڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ رزگاری سودان به ره‌سمی رێكه‌وتننامه‌یه‌كیان مۆركرد، كه له گرنگترین روداوه‌كان و به‌نده‌كانی رێكه‌وتننامه‌كه تا 2011 بریتی بون له:
2005:
9ی كانونی دوه‌م:- له نێوان خه‌رتوم و بزوتنه‌وه‌ی یاخیبوی باشور، به‌پێی رێكه‌وتنێك جه‌نگی ناوخۆ كۆتاییهات، كه 22 ساڵ درێژه‌ی كێشا‌و به‌هۆیه‌وه 2 ملیۆن كه‌س كوژرا، هه‌ردولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سامانی نه‌وت دابه‌شبكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی خود موختاری بدرێت به باشور، پێش ئه‌وه‌ی له 9ی كانونی دوه‌می 2011، راپرسی له‌سه‌ر چاره‌ی خۆنوسین بدرێت.
9ی تهمموز:- ده‌ستورێكی ئینتیقالی له‌نێوان باكور و باشور، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردولای رێكخست، عومه‌ر به‌شیر سوێندی خوارد‌و جۆن گه‌ره‌نگ بو به جێگری.
30ی تهمموز:- گهرنهگ گیانی له ده‌ستداو پشێوی خوێناوی له خه‌رتوم سه‌ریهه‌ڵدا، سلڤاكێر بو به جێگری سه‌رۆكی سودان و سه‌رۆكی حكومه‌تی باشور.
2009:
22ی تهمموز: ده‌سته‌ی دادوه‌ری گشتی له‌لاهای، ده‌ستكاری ناوچه‌ی (ئوبه‌ی)، سنوری باكور و باشوری كرد.
29ی كانونی یه‌كه‌م: یاسایه‌ك ده‌رباره‌ی راپرسی له باشور دانرا.
2010:
نیسان: له هه‌ڵبژاردندا سلڤاكێر بو به سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو، عومه‌ر به‌شیریش بۆ خولی دوه‌م دوای نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵاتگرتنه ده‌ستی له سودان، بوه‌وه به سه‌رۆك.
10ی تهمموز: باكور و باشور له باره‌ی (ئاسایش، هاوڵاتیون، ئابوری، رێزگرتن له رێكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان)، كه بنه‌مای راپرسی مافی چاره‌ی خۆنوسین، ده‌ستیانكرد به دانوستان.
- 15ی تشرینی دوه‌م تا 8ی كانونی دوه‌م: ده‌نگده‌ران له باشوری سودان ناویان تۆماركرا بۆ راپرسی.
2011:
9 بۆ 15ی كانونی دوه‌م: راپرسی له‌سه‌ر جیابونه‌وه، یاخود مانه‌وه له چوارچێوه‌ی سودانێكی یه‌كگرتو، به‌ڕێوه‌بچێت.
روبه‌ر و جوگرافیا و ئایین و سامانی سروشتی باشوری سودان:
- باشوری سودان له 10 ویلایه‌ت پێكهاتوه، سنوری له باشوره‌وه به ئه‌سیوبیاو كینیا‌و ئۆگه‌ندا و كۆماری كۆنگۆی دیموكراتیه‌وه لكاوه، له باكوریشه‌وه به كۆماری ئه‌فه‌ریقای ناوه‌ڕاسته‌وه، له باكوریشه‌وه به سودانه‌وه لكاوه.
- روبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 600.000 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه.
- دانیشتوانه‌كه‌ی له شوێنكه‌وتوانی ئایینه ئهفهریقیهكان و بتپه‌رست و مه‌سیحی و مسوڵمان پێكهاتون، 70% بۆ 85%ی دانیشتوانه‌كه‌ی مه‌سیحیه، زۆربه‌ی مه‌سیحیه‌كانیش كاسۆلیكی و ئهنجیلیكانین. مسوڵمانه‌كانیش 12% پێكدێنن.
- هۆزه‌كانی سودان بریتین له: دینكا، نوێر، شیرلۆك، شلك، پاری، ئاشولی، جۆر، باریا، لاتوكا، مۆرلی، زاندی، فۆرتیت.
- له ساڵی 1928ه‌وه زمانی حكومه‌ت و فێركردن له باشور ئینگلیزیه، زمانی عه‌ره‌بیش قسه‌ی پێده‌كرێت. 3 زمانی ئه‌فه‌ریقیش به‌هه‌مان شێوه قسه‌یان پێده‌كرێت كه بریتین له تۆك جینگ، تۆگ ناس، تۆك شلۆ.
- باشوری سودان به ناوچه‌یه‌كی پڕ له سه‌رچاوه سروشتیه‌كان ناسراوه، نه‌وت گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ههناردهیهتی و 85%ی نه‌وتی یه‌ده‌گی هه‌مو سودان پێكدێنێت.
- به‌پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، رێژه‌ی مردنی دایكان له باشوری سودان زۆرترین رێژه‌ی تۆماركردوه له جیهاندا، كه‌مترین رێژه‌ی منداڵان تێیدا ده‌چنه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، 90%ی دانیشتوانه‌كه‌ی رۆژانه له‌سه‌ر كه‌متر له دۆلارێك ده‌ژین. 1\5ی خه‌ڵك به ده‌ست برسیه‌تی به‌رده‌وامه‌وه ده‌ناڵێنن، 3\1 ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت. 4\1 ده‌توانن بنوسن و بخوێننه‌وه.
9ی كانونی دوه‌م و ریفراندۆم له‌سه‌ر چاره‌ی خۆنوسین:
9ی تشرینی دوه‌م تا 15ی كانونی دوه‌م، هاوڵاتیانی باشوری سودان به‌ره‌و سندوقی ده‌نگدان به‌رێكه‌وتن بۆ بڕیاردان له چاره‌نوسی خۆیان و سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وڵاتی سودان، یان وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی، ریفراندۆم که ماوه‌ی 5 رۆژی خایاند، نزیكه‌ی 4 ملیۆن هاوڵاتی باشور مافی ده‌نگدانیان هه‌بو تێیدا.
هه‌زاران چاودێری بیانی و نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ی ده‌نگدانه‌كه بون، كه دیارترینیان (جیمی كارته‌ر)ی سه‌رۆكی پێشوتری ئه‌مه‌ریكا و (كوفی ئه‌نان)ی سه‌رۆكی پێشوتری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و (تابۆ مهبك)ی سه‌رۆكی پێشوی ئه‌فریقای باشور بو.
دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی راپرسیه‌كه، ده‌ركه‌وت 99%ی هاوڵاتیانی باشور، ده‌نگیان به جیابونه‌وه داوه له وڵاتی سودان.
كێشه‌كانی دوای جیابونه‌وه
به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی سامانه سروشتیه‌كانی سودان ده‌كه‌وێته باشوره‌وه، كێشه و ئاسته‌نگه‌كانی له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشوری سودان، له‌دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی له زیادبوندان. به‌ڵام له روانگه‌ی وته‌كانی سهلڤاكیر و عومه‌ر به‌شیر، كه به‌ڵێنیانداوه به‌بێ جه‌نگ و توندوتیژی كۆتایی به كێشه‌كانیان بێنن، پێده‌چێت له‌مه‌ودوا سروشتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت و له رێگه‌ی سازشه‌وه، هه‌ردولا به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ بن.
له ئێستادا ویلایه‌تی (ئوبه‌یی) هاوسنور له‌گه‌ڵ باكور، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی نێوان هه‌ردولا پێكدێنێت و باشور ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌و ویلایه‌ته پڕ له نه‌وته، ده‌كه‌وێته سنوری جوگرافی ئه‌وه‌وه. هاوكات به‌رهه‌می ئاوی نیل و ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر سودانه، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كێشه‌كانن.
به‌پێی بڕیارێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش 2500 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌سیوبی بۆ پاراستنی ئاشتی ره‌وانه‌ی شاری ئوبه‌ی ده‌كرێن، له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عومه‌ر به‌شیر به‌ڵێنی داوه به گه‌شتنی ئه‌و هێزانه بۆ شاره‌كه، هێزه‌كانی باكور ناوچه‌كه جێبهێڵن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سهلڤاكیر داوایكردوه هێزه‌كانی باكور له‌و ویلاته پاشه‌كشه‌یان پێبكرێت، ئه‌وه‌شی وتوه كه "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناجه‌نگین".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ئه‌فه‌ریقی خۆشحاڵی خۆیان به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی سودان ده‌ربڕیوه، هاوكات له‌وه ده‌ترسن هه‌مان نمونه‌ی باشور له ده‌وڵه‌ته‌كانیاندا دوباره ببێته‌وه.
ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشوری سودان و تێكشكاندنی پیرۆزی یه‌كگرتوی عه‌ره‌بی
له كوده‌تاكه‌ی به‌شیره‌وه كه به "جیهاد" ناوزه‌ی كرد‌و هه‌وڵیدا حوكمی ئیسلامی له سه‌راپای سوداندا بسه‌پێنێت، له‌ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا سودان جێگای كرایه‌وه و هه‌مان ماكی یه‌كگرتویی كلتوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌ت عه‌ره‌بی بڕا به به‌ریدا.
هاوكات پرسی جیابونه‌وه‌و هه‌ر لێكترازێنێكی، كرا به پرسی جیابونه‌وه له جه‌سته‌ی خاكی عه‌ره‌ب و پێشێلكردنی ئه‌و پیرۆزیه وه‌همیه‌ی كه وه‌ك بڤه له‌لایه‌ن رژێمه عه‌ره‌به‌كانه‌وه دژ به نه‌ته‌وه ناعهرهبهكانی ناویان نه‌خشێنراوه.
له یه‌كه‌م ساتی هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆییانه‌وه، باشوریه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌وان مافی ژیان و خوێندن و ئازادیان لێزه‌وتكراوه، وه‌ك نه‌ته‌وه، وه‌ك ئایین، وه‌ك بیركردنه‌وه‌ی جیاواز، هه‌میشه دانیان پێدا نه‌نراوه، بگره له به‌رامبه‌ردا كوژراون، به‌ندكراون، مافی هه‌ناسه و جوڵه‌یان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه.
غه‌سان شه‌ربل، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی (حه‌یات)ی له‌نده‌نی له بابه‌تێكدا به ناوی له (جوباوه بۆ هه‌ولێر)، پێیوایه هه‌میشه دروستبونی كێشه‌كان له ناو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ناوخۆیین و هۆكاره‌كانیشیان هه‌وڵدانه بۆ سه‌پاندنی یه‌كڕه‌نگی و یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی.
غه‌سان له بابه‌ته‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: "وڵاتان له ده‌ره‌وه تیرۆر ناكرێن، به‌ڵكو هه‌میشه گورزه‌كان له ناوخۆوه ده‌وه‌شێندرێن؛ له‌خۆ زاڵكردن و غیابی چه‌مكی هاوڵاتیبونهوه، له‌خۆ رادهستنهكردن به مافی جیاوازی، له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی روخساره‌كان و سه‌پاندنی روخساره‌كان، له جیاوازی و له ده‌ستدانی دامه‌زراوه‌یه‌كی سێنتراڵیزه، له سه‌یركردنی پلوڕالیزمهوه وه‌ك مه‌ترسی و له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی له رێگه‌ی سه‌پاندنی یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك فیكره‌وه، له گوێنه‌دان به كه‌له‌پور و ئینتیما و خواسته‌كان، له ناتوانستی گوێگرتن بۆئه‌وی دی، له ره‌تكردنه‌وه‌ی گه‌ڕان به دوای وڵاتێكی فراوان، كه هه‌مو هاوڵاتیه‌كانی له خۆدا جێبكاته‌وه، له هه‌وڵی گرهنتیكرنی یه‌كگرتویی به زۆره‌ملێ و ترساندنی جیاوازه‌كان تا ناچاربكرێن سازش له شوناس و كتێب و ستایلی ژیانیان بكه‌ن".
سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی (حه‌یات) ئه‌وه‌شی وتوه: سوربون له‌سه‌ر ئاوڕنه‌دانه‌وه بۆ پێشهكیهكان؛ دوری نێوان پێكهاته‌كان قوڵده‌كاته‌وه و پێكدادانی شوناسه‌كان حه‌تمی ده‌كات. زۆرجاریش وه‌ك ناپاكی مامه‌ڵه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ داوای كۆمه‌ڵێك هاوڵاتیدا ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خودموختاری یاخود مافی چاره‌ی خۆنوسینیان هه‌بێت و وه‌ها داوایه‌ك به بانگه‌شه‌ی پلانێك ده‌درێته قه‌ڵه‌م، كه دامه‌زراوه بێگانه‌كان پشكتویانه.
به‌بۆچونی ئه‌و، ئه‌وه‌ی له باشور رویدا، به‌و شێوه‌یه پێی نه‌ده‌گه‌شتین ئه‌گه‌ر جه‌عفه‌ر نه‌میری رێزی بگرتایه له رێكه‌وتننامه‌كه‌ی (ئه‌دیس ئه‌بابا)ی ساڵی 1972 كه له‌گه‌ڵ یاخیبوهكاندا مۆریكرد و بۆ ماوه‌ی 17 ساڵ سنورێكی بۆ شه‌ڕ دروستكرد، هاوكات رازیش بوایه به‌و ده‌سه‌ڵاته خودموختاریهی به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه درایه باشور.
شه‌ربل باس له‌وه ده‌كات ئه‌و كوده‌تایه‌ی له ساڵی 1989 به‌شیر كردی و هه‌وڵیدا به (ماكی مسوڵمانبون و جێبه‌جێ كردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی) ده‌نگه ناڕه‌زاكان و كێشه‌كان په‌رده‌پۆش بكات و پیرۆزی ده‌وڵه‌تی سودان بپارێزێت، هۆكارێكی سه‌ره‌كی كێشه‌كان بوه.
له به‌شێكی بابه‌ته‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: "له ساڵی 1979 بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ردانی سودانم كرد‌و چاوم به حه‌سه‌ن تورابی كه‌وت؛ كه ئه‌وكات ناونیشانی (جێگری گشتی) بو، واته وه‌زیری داد. دوای قسه‌كانمان كه‌مێك گاڵته‌م له‌گه‌ڵدا كرد‌و وتم: تۆ له رژێمه‌كه‌ی نهمیریدا چی ده‌كه‌یت؟ به‌بزه‌یه‌كه‌وه وه‌ڵامی دامه‌وه: "ئێمه هه‌نگاو به هه‌نگاو رژێم مسوڵمان ده‌كه‌ین".
شه‌ربل ده‌ڵێت: "ئه‌و رۆژه پێموانهبو به‌رنامه‌كه‌ی تورابی سه‌ربگرێت و قسه‌كه‌یم خسته بازنه‌ی پاساو بۆ بونی له ده‌سه‌ڵاتدا. دوای چوارساڵ له‌و سه‌ردانه‌م، رۆشتمه‌وه بۆ روماڵی كۆنگره‌یه‌كی گشتی یه‌كێتی ئیشتراكی سودان (حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وكاته). له كۆنگره‌كه‌دا نه‌میری قسه‌ی دهكردو پێداگری له‌سه‌ر عروبه‌ی سودان و ئیسلامیزه‌كردنی رێساكان ده‌كرده‌وه له سوداندا. له پڕ یه‌كێك له ژنه نوێنه‌ره‌كانی باشور هه‌ڵسایه‌وه سه‌رپێ و به ئینگلیزی وتی به سه‌رۆك: كه تۆ پێداگری له‌سه‌ر عروبه و ئیسلام ده‌كه‌یته‌وه، ئه‌وكات ده‌بێت شوێنی سودانیهكی ناعه‌ره‌ب و نامسوڵمانی وه‌ك من له‌كوێ بێت؟ له مانگی ئه‌یلولی 1983شدا نه‌میری جێبه‌جێ كردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی راگه‌یاند و ده‌ستبه‌رداری رێكه‌وتننامه‌كه‌ی ئه‌دیس ئه‌بابا بو بۆ دابه‌شكردنی باشور، له‌وه‌ودواش شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه... ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی سروشتی ئه‌و پرۆژهیهبو كه عومه‌ر به‌شیر و هاوه‌ڵه‌كانی به سروشی حه‌سه‌ن ههڵیانگرتبو".
له باشوری سودانه‌وه، عه‌ره‌ب ره‌وایی به دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌دات:
سه‌رباری جیاوازیه زۆره‌كان، بارودۆخی سودان، بارودۆخی عێراقمان بیرده‌خاته‌وه.. له جوباوه بۆ هه‌ولێر، ده‌كرێت باسی دو ئه‌زمون بكه‌ین كه په‌یوه‌ندیان به جیهانی عه‌ره‌بیه‌وه هه‌یه"، ئه‌م پهرهگرافهش به‌شێكه له وتاره‌كه‌ی شه‌ربل، ده‌كرێت هه‌ر ئه‌مه‌ش رای گشتی زۆرێك له گه‌لی عه‌ره‌بی بێت به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر جیاببێته‌وه له عێراق، بگره زۆرێك له‌و مۆتیڤانه‌ی یارمه‌تیده‌ربون بۆ جیابونه‌وه‌ی باشوری سودان، به زیاده‌وه هه‌رێمی كوردستان پشكی تێدا هه‌یه، چونكه سه‌میر عه‌ته‌ڵڵا، گه‌وره نوسه‌ری عه‌ره‌ب، له‌رۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) و له بابه‌تێكدا به ناوی (باشوری سودان.. باكوری عێراق)دا نوسیویه‌تی: "رازی نابم به‌وه‌ی له باشوری ئه‌فه‌ریقا و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دژی هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی بجه‌نگین و هه‌ر به‌ناوی عروبهشهوه له عێراق چه‌پڵه بۆ بۆردومانكردنی كورد لێبده‌ین. ناكرێت له به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌ی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كان ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و رازی بین به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ رۆڵه بێ ماف و بێ هیواو بێ ئایینده‌و زۆرجاریش بێ كهرامهتهكانی خۆیان ده‌یكه‌ن... له رابوردودا له دژی جیابونه‌وه‌ی كورد وهستاومهتهوه، له‌دژی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌یانویست لوبنان به‌ش به‌ش بكه‌ن به هه‌مان شێوه، دژی باشوری سودان بوم و له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌زیه‌تی باكوردا بوم. به‌ڵام ئیتر كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه ویژدانی عه‌ره‌بی بپرسێت: جگه له جه‌نگ، خه‌رتوم چی بۆ باشور كرد؟ ده‌كرێ سه‌رزه‌نشتی كورد بكه‌ین كاتێك به هێمنی و به‌بێ راگه‌یاندن قه‌واره‌یه‌كی جودایان بۆخۆیان دروستكردوه؟ ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی پشتگیری به‌غدایان كرد له هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باكور، به خاوه‌نی ئه‌م قهڵهمهشهوه، هه‌ست به شوره‌یی و پێویستی داوای لێبوردن ناكه‌ن؟.
لای كورد عه‌قڵیه‌تی سه‌ركرده‌كان، كێشه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیه:
نوسه‌ر و رۆشنبیرانی كورد بیروبۆچونی جیاوازیان هه‌یه ده‌رباره‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، هه‌ندێكیان پێیانوایه له روی لۆجستیه‌وه تاڕاده‌یه‌ك بونیادی ده‌وڵه‌تی كوردی له عێراق له باره، له روی مه‌عنه‌ویشه‌وه ئه‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتون، رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان ده‌بێت له پشتگیری دروستكردن بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه، ئه‌گه‌ر دروستبكرێت.
به‌بۆچونی به‌شێكی دیكه له نوسه‌ران و رۆشنبیران، گه‌وره‌ترین گرفت له ئێستادا عه‌قڵیه‌ت و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌یه له 20 ساڵی رابوردو هه‌رێمی كوردستانیان به‌ڕێوه‌بردوه‌و نه‌یانتوانیوه ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ سیسته‌مێكی ده‌وڵه‌تداری نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه چه‌ندین ساڵه ژێرده‌سته‌یه، ئه‌نجامی بده‌ن.
به‌بۆچونی ئه‌وان، هه‌رێمی كوردستان جیاواز نیه له باشور، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازی دروستده‌كات، مامه‌ڵه و ره‌فتاری سه‌ركرده و به‌رپرسه‌كانی هه‌ردولایه.
ئه‌وان ده‌ڵێن؛ سه‌ركرده‌كانی كورد هیچ كات گوتاری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان نه‌بوه، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تیش به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی ئێستاوه دروستبكه‌ن ئه‌وه ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار ده‌بێت و ئه‌وكات ده‌بێت هه‌مومان دژی بوه‌ستینه‌وه.
"گه‌لی كورد چ له‌ڕوی سیاسی و ئابوری و جڤاكی و هزری هیچی كه‌متر نیه له باشوری سودان"، ئه‌مه وته‌ی دكتۆر كامه‌ران مه‌نتك، مامۆستای كۆلیژی زانسته سیاسیه‌كانه له زانكۆی سه‌لاحه‌دین، به‌ڵام ئاسۆس هه‌ردی، نوسه‌ر و رۆشنبیر پێیوایه: "به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئێمه زۆر دورین له باشوری سودانه‌وه".
فاروق ره‌فیق، نوسه‌ر و توێژه‌ری فه‌لسه‌فه‌ش ده‌ڵێت: "ستراتیژی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت لای سه‌ركرده‌كانی كورد بونی نه‌بوه".
ئه‌و، گرفته‌كه دورتر ده‌بینێت و پێیوایه له جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیدا بیرۆكه و خه‌ونی ده‌وڵه‌ت نه‌بوه و ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه: سیاسه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی هیچ كات گوتاری (دیسكۆرسی)، دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌بوه، به‌ڵكو قه‌تیسی گوتاری ئۆتۆنۆمی هه‌بوه‌و... ئه‌و گوتاری ئۆتۆنۆمیهش كه له شه‌سته‌كانه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵیگرتوه، گه‌وره‌ترین گورزی له كورد داوه".
20 ساڵی حوكمڕانی كورد-كورد؛ تۆماری شكستی ده‌وڵه‌تداری:
ئه‌زمونی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه نیمچه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه، زۆرێك له موماره‌سه‌كانی ده‌وڵه‌تداری كورد-كوردی بۆ هاوڵاتیان ئاشكراكردوه، له ماوه‌ی 20 ساڵی حوكمڕانیدا، ئه‌وه ده‌ركه‌وتوه كه سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم، نزیكه له‌وه‌ی بڕوا به‌وه بهێنرێت ئه‌و مافه‌ی گه‌له‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا بۆیان فه‌رهه‌م بكرێت، ته‌نها خه‌ونێكی بێ بنهمابێ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه بونی بنه‌ما مرۆییه‌كانی ئازادی بیروڕاو چالاكی سیاسی و سه‌روه‌ری یاسایه له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌رێم، كه هیچ كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد نه‌یانتوانیوه جێبه‌جێی بكه‌ن، بگره به پێچه‌وانه‌شه‌وه كاریان بۆ كردوه.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)، ئاڵتان تان، نوسه‌ری گه‌وره‌ی كوردستانی توركیا و هاوكات ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته ده‌ڵێت: کێشه‌ی کورد به گشتی و باشوری کوردستان به تایبه‌تی، نه‌بونی ده‌وڵه‌ت نییه، به‌ڵکو كێشه‌که نه‌بونی دیموکراسی و ئازادی سیاسیه".
ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه كه "هه‌تا ئازادی سیاسی و دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ به ته‌واوه‌تی بۆ سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌کان و خه‌ڵکی به‌گشتی به‌رجه‌سته نه‌کرێت، قسه‌کردن له‌سه‌ر پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردی هیچ مانایه‌کی نابێت".
به‌ڵام خه‌بات عه‌بدوڵا، نوسه‌ر و رۆشنبیر بۆچونی جیاوازه له ئاڵتان تان و پێیوایه: ""كێشه‌ی گه‌لی كورد؟ كێشه‌یه‌كی ملیۆنیه و كێشه‌ی هه‌بون، یان نه‌بونی دیموكراسی نییه".
خه‌ونی ده‌وڵه‌تی كوردی له ناخی سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كورد، به‌تایبه‌ت كوردی هه‌رێمی كوردستان له عێراق خولیایه، ژیانه، كاركردنی رۆژانه‌یه، به‌ڵام كاره‌كته‌رانی سیاسی كورد زۆرجار ئه‌و خه‌ونه‌یان پوچهڵدهكاتهوهو له‌وه‌ش زیاتر پێیانوایه ئه‌وان هۆكاری دروست نه‌بونی ده‌وڵه‌تی كوردین.
سوكایه‌تی به خواستی جه‌ماوه‌ر له بازنه‌ی خه‌ونبینین به ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه:
له ماوه‌ی رابوردودا چه‌ندین جار مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی كوردی لێدوانی داوه، به‌ڵام دواتر پاشگهزبوهتهوه و مانه‌وه‌ی هه‌رێمی له چوارچێوه‌ی عێراقدا به باشتر زانیوه. جه‌لال تاڵه‌بانیش هه‌ر له بنه‌ماوه پێیوایه قسه‌كردن له‌سه‌ر دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی "خه‌ونی شاعیرانه‌یه".
فاروق ره‌فیق ده‌ڵێت، شێوازی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی پێ دروستناكرێت، چونكه دژی هاونیشتیمانیانه، مرۆڤی كورد له‌سه‌نته‌ری بڕیارداندا نیه، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه (پارتی و یه‌كێتی)، ده‌وڵه‌تیش دروستبكه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار ده‌بێت و نمونه‌یه‌كی ناشیرین ده‌ده‌ن به‌مرۆڤایه‌تی، ئه‌وكات ده‌بێت هه‌مومان دژی بوه‌ستینه‌وه".
یه‌كگرتویی و كاركردنی پارته‌كانی باشوری سودان، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ رای جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان، خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به ده‌وڵه‌تكردنی باشوری سودان بو، به‌بۆچونی رۆشنبیرانیش تاكڕه‌وی له كاركردن و په‌رته‌وازه‌یی بۆچونی سه‌ركرده‌كانی كورد سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌و خاڵه لاوازه‌یه كه ئه‌سته‌مه دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردی تێیبپه‌ڕێنێت.
به‌بۆچونی دكتۆر كامه‌ران مه‌نتك، له ساڵی 2005ه‌وه جه‌ماوه‌ری كوردستان داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تیش پێویستی به ئاماده‌كردنی جه‌ماوه‌ر هه‌یه، به‌ڵام "سه‌ركردایه‌تی كورد وه‌ك پێویست ئیشی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كردوه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌خه‌ونی شاعیرانه ناوبردوه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر باری ده‌رونی خه‌ڵك دروستكردوه".
وتیشی: "پێویسته خه‌ڵك هه‌ڵوێست له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی یان ببنه سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، یان رێگا بده‌ن خه‌ڵكێكی تر ئه‌و خه‌ونه بكاته واقیع".
له‌وه‌ش زیاتر ئاسۆس هه‌ردی پێیوایه، هه‌ركاتێك سه‌ركرده‌كانی كورد باسی ده‌وڵه‌تی كوردیشیان كردبێت، ته‌نها بۆ "موزایه‌ده‌ی سیاسی" بوه‌و مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌بوه كه به جه‌ماوه‌ر بگه‌یه‌نن: "ئێمه سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه، به‌ڵام له‌واقیعیشدا شتی وانیه".
چاوبڕین له به‌غدا، خاڵه لاوازه‌كه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی:
سود وه‌رنه‌گرتن له سامانی سروشتی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی بونیادنانی بناغه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ له هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و شكستانه‌ی ده‌كرێت به به‌رۆكی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد.
هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان له روی سامانی سروشتی ئاو، نه‌وت، كشتوكاڵ، كه بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا "پشت به به‌غدا ده‌به‌ستین"، ئه‌مه بۆچونی ئاسۆس هه‌ردی، نوسه‌رو رۆشنبیره.
ئاسۆس ده‌ڵێت: له‌ساڵی 1991وه هه‌رێمی كوردستان دیفاكتۆیه (ئه‌مری واقیع)ه، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 1991ه‌وه بێجگه لهوێرانكردنی هه‌رێمه‌كه‌مان هیچمان بنیات نه‌ناوه، له ساڵی 2003وه خاوه‌نی بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ین، له‌ده‌ستوری عێراقیشدا دانپێدانراوین وه‌ك هه‌رێمێك و ئابڵوقه‌ی ئابوریمان له‌سه‌ر نه‌ماوه، كه‌چی هه‌تا ئه‌م ساته‌ی تیایدا ده‌ژین له هه‌مو شتێكماندا پشت به به‌غدا ده‌به‌ستین، به‌تایبه‌تی ئابوری".
رونیشیدهكاتهوه: "هه‌تا ئێستا هه‌مو ئومێدێكمان له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌یه كه له‌عێراقه‌وه دێت.. نه‌مانتوانیوه مقه‌ویماتی ده‌وڵه‌ت دروستبكه‌ین".
كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و گریمانه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی:
سه‌ره‌نجام هه‌رچیه‌ك بێت و هه‌ركه‌سێك كاری بۆ بكات و رای بگه‌یه‌نێت له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا، پێده‌چێت جیابونه‌وه‌ی كورد له عێراق به هاوشێوه‌ی باشوری سودان، ئه‌گه‌رێكی حه‌تمی بێت، چونكه هیچ ئومێد‌و گه‌ره‌نتیه‌ك نیه بۆ ئه‌وه‌ی ئیتنه جیاوازه‌كان له چوارچێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا بمێننه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆچونی زۆرێك له رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و كورده.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه سه‌میر عه‌ته‌ڵڵا ده‌ڵێت: به هه‌مو ههستێكمهوه خه‌فه‌ت به دروستبونی قه‌واره‌یه‌كی كوردی له عێراق ده‌خۆم. به هه‌مو ترسێكمهوه خه‌فه‌ت بۆ جیابونه‌وه‌ی باشوری سودان و پێده‌چێت دوای ئه‌وانیش بۆ چه‌ند ویلایه‌تێكی دیكه بخۆم... به‌ڵام سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه، ئایا شتێك هه‌یه بتوانم تكای پێ بكه‌م له باشور تا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا بمێنێته‌وه؟ ئایا ئێستا هۆشم دێته‌وه به‌رخۆم تا بزانم جگه له لێدان و بۆردومان و فڕۆكه‌ی سیخۆی، چاره‌سه‌ری دیكه له ئارادایه بۆ باشوری سودان و باكوری عێراق؟ ئایا كه‌مێك دوا نه‌كه‌وتوین؟ ئایا نه‌مانده‌زانی بۆردومانكردنی كورد‌و باشوریه‌كان به‌و شێوازه دڕندانه، ده‌یانكات به هاوڵاتیگهلێكی جوداخواز؟
خه‌بات عه‌بدوڵا، نوسه‌ر و رۆشنبیریش پێیوایه: "مافی بڕیاردانی چاره‌نوس، مافێكی ئه‌زه‌لی كورده.. كێشه‌ی كورد، كێشه‌ی نێوان داگیركه‌ر و داگیركراوه".
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دو نوسه‌ره‌وه، فاروق ره‌فیق دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له هه‌رێمی كوردستان به دور ده‌زانێت و ده‌ڵێت: "به‌هیچ جۆرێك قه‌ناعه‌تم به‌وه نیه به‌م عه‌قڵیه‌ته‌و به‌م ستراتیژه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار؛ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین به‌منزیكانه یان له‌داهاتویه‌كی نزیكدا ئه‌مه‌لی دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌بێت".