راپۆرت: ئومێد تۆفیق
له ماوه‌ی 4 ساڵدا ته‌نها له سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر، 17 هه‌زار و 425 كه‌س به روداوی هاتوچۆ بون به قوربانی، له‌و ژماره‌یه‌ش 1657یان گیانیان له ده‌ستداوه و 15768 برینداربون.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه تا سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول، له سنوری )هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و كه‌ركوك و ئیداره‌ی گه‌رمیان و قه‌زای سۆران(، 511 هاوڵاتی گیانیان له ده‌ستداوه‌و 8111 هاوڵاتی دیكه برینداربون.
بونی ئه‌و ئاماره گه‌وره‌یه له قوربانیانی هاتوچۆ له هه‌رێمی كوردستان، كه لێره‌دا ته‌نها سنوری دو پارێزگای هه‌رێم وه‌ك نمونه وه‌رگیراوه، هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی روداوه‌كان له سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچكه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك؛ له ئێستادا كه ئه‌م ژمارانه ده‌خرێنه‌ڕو، چه‌ند ژماره‌یه‌كی تر بۆ سه‌ر ئاماری كوژراو و برینداره‌كان زیاد ده‌كات.
ئه‌گه‌ر له ئاستی جیهاندا هۆكاره‌كانی روداوی هاتوچۆ سنوریان هه‌بێت، له هه‌رێم ئه‌و سنورانه تێپه‌ڕێنراوه و چه‌ندین هۆكاری تر روداوه‌كانیان دروستكردوه، له سه‌روی هه‌موشیانه‌وه رێگه‌وبان و ئه‌و رێوشوێنانه‌یه كه ئه‌ركی پۆلیسی هاتوچۆیه بۆ شۆفێران دابینی بكات، له‌گه‌ڵ زۆربونی ژماره‌ی ئۆتۆمۆبێل و هاورده‌كردنی به لێشاو، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پلانێك هه‌بێت بۆ رێگاوبانه‌كان.
روداوی هاتوچۆ
روداوی هاتوچۆ، وا ناسێنراوه كه روداوێكی كتوپڕه‌و به‌بێ پلانی پێشوه‌خت له‌لایه‌ن ئۆتۆمۆبێلێكه‌وه، یان زیاتر له یه‌ك ئۆتۆمۆبێل له‌گه‌ڵ یه‌كتر، یاخود له‌گه‌ڵ پیاده‌ڕه‌و و گیانله‌به‌ر و هه‌ر ته‌نێك له‌سه‌ر رێگه‌دا بێت، روده‌دات.
هۆكاره‌كانی روداوی هاتوچۆ
هه‌ریه‌كه له (شۆفێر، ئۆتۆمۆبێل، رێگا) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بنه هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆ، له‌ناو ئه‌و سێ هۆكارهشدا وه‌ك له ئاماره جیهانیه‌كاندا ئاماژه‌ی پێكراوه، شۆفێر 80%ی هۆكاره‌كانی روداوی هاتوچۆ دروستده‌كات و هۆكاره‌كانی تریش 20%ی سوچی روداوه‌كانیان له ئه‌ستۆدایه.
دواتریش خێرایی به رێژه‌ی 50%، كۆی روداوه‌كانی هاتوچۆ دروستده‌كات و سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی تریش 50%ی تریان به‌رده‌كه‌وێت.
له ناو هه‌رسێ هۆكارهكاشدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م هۆكارانه باسیان لێوه‌كراوه:
- ماندوێتی شۆفێر.
- سه‌رقاڵی شۆفێر به (قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رنشین، سه‌رقاڵبون به مۆبایل، ئیشپێكردنی ته‌سجیل).
- پابه‌ند نه‌بون به رێنماییه‌كانی هاتوچۆوه (هێماكانی هاتوچۆ سه‌باره‌ت به هه‌مو شێوازه‌كانی لێخوڕین، خۆ نه‌به‌ستنه‌وه، خێرایی زیاد له رێگه‌پێدراو، گڵۆپی فول رۆشنایی).
- شڵه‌ژان له كاتی لێخۆڕیندا.
- چاك نه‌كردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕیه‌كانی ئۆتۆمۆبێل و فه‌رامۆشكردنیان.
- رێگه‌وبان (لۆفه، پێچ، هه‌وراز، نه‌بونی هۆكاره‌كانی پاراستن، ته‌سكی خراپی رێگه‌وبان و...)
- كه‌شوهه‌وا (باران، به‌فر، ته‌م، خۆڵبارین و تۆز).
- لێخۆڕین له‌كاتی تێكچونی باری ده‌رونی.
جۆره‌كانی روداوی هاتوچۆ
روداوه‌كانی هاتوچۆ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند جۆرێك تێناپه‌ڕێنن و بریتین له:
- پێكدادانی ئۆتۆمۆبێله‌كان (روبه‌ڕو، یه‌كتربڕ، له پاشه‌وه، له ته‌نیشته‌وه، له‌كاتی پێچكردنه‌وه، له‌كاتی وه‌ستاندا).
- پێكدادان له‌گه‌ڵ ته‌نێكدا (خان‌و، دار، عه‌مود، له‌مپه‌ری سه‌لامه‌تی).
- شێلانی (مرۆڤ، گیانله‌به‌ر).
- وه‌رگه‌ڕان.
رۆڵی شۆفێر له كه‌مكردنه‌وه‌ی روداوه‌كانی هاتوچۆ
له كاتی رودانی روداوه‌كانی هاتوچۆ، چه‌ند حاڵه‌تێكی شۆفێر ره‌چاوكراوه، كه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر رێژه‌ی زیانه‌كان، وه‌ك:
1- حاڵه‌تی جه‌سته‌یی شۆفێر و توانای په‌رچه‌كرداری له كاتی روداودا.
2- ئه‌زمونداری و و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه پێویسته‌كان له‌كاتی لێخوڕین، وه‌ك هه‌ڵكردنی هێمای پێویست له‌كاتی لادان و وه‌ستان و هاوكات ره‌چاوكردنی تێپه‌ڕاندنی ئۆتۆمۆبێلێكی تر له‌سه‌ر رێگا.
3- كۆنترۆڵكردنی حاڵه‌تی ده‌رونی و جه‌سته‌یی له كاتی لێخوڕین وه‌ك:
أ- لاوازی چاو.
ب- لاوازی بیستن.
ت- هیلاكی و ترس و نه‌خۆشی.
پ- خه‌و هاتن و تێكچونی زه‌ین.
4- هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودای پێویست له نێوان ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی پێشه‌وه.
رێوشوێنه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی روداوه‌كانی هاتوچۆ
به‌هۆی ئه‌وه‌ی روداوه‌كانی هاتوچۆ به‌رۆكی به زۆرێك له كۆمه‌ڵگه‌كان گرتوه‌و به به‌رده‌وامی هه‌مو هاوڵاتیه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دایه ببێت به قوربانی، له‌لایه‌ن چه‌ندین رێكخراوی مرۆیی و په‌یوه‌ندیدار به هاتوچۆ و سه‌لامه‌تیه‌وه، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێت له رێگه‌ی چه‌ند رێوشوێنێكهوه روداوه‌كان كه‌مبكرێنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ئاستی جیهاندا پێشنیاری ئه‌وه كراوه:
1- هه‌ڵمه‌ته‌كانی خۆپاراستن زیادبكرێت له رێگه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی بینراو و بیستراو و خوێندراوه.
2- دانانی پڕۆگرامی پێویست، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی خوێندنه‌وه منداڵان فێری راهاتن له‌گه‌ڵ رێگه بكرێن.
3- خولی پێویست بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه بكرێته‌وه كه رێگاكان به‌كارده‌هێنن، به تایبه‌ت شۆفێره گه‌نجه‌كان.
4- گرنگیدانی زۆرتر به قوتابخانه‌و نوسینگه‌كانی شۆفێری.
5- ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌بنه هۆی روداوه‌كان، به‌رنامه‌ی خۆپاراستنی پێویست دابنرێت له رێگه‌ی ئه‌نجامگیری لێكۆڵینه‌وه‌كان.
6- دروستكردنی بنكه‌ی فریاكه‌وتنی پێویست تایبه‌ت به روداوه‌كانی هاتوچۆ، كه سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی روناكی و بڕین و دروخستنه‌وه‌ی بۆ دابینبكرێت به مه‌به‌ستی رزگاركردنی قوربانیه‌كان له ناو ئۆتۆمۆبێله تێكشكاوهكاندا.
7- ته‌رخانكردنی ئۆتۆمۆبێلی فریاكه‌وتنی تایبه‌ت به روداوه‌كانی هاتوچۆ، كه تێیدا ئامرازه‌كانی چاره‌سه‌ر و چاودێری تێدا بێت به دكتۆر‌و په‌رستاره‌وه.
8- دروستكردنی تیمی تایبه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی مه‌شقپێكراو به سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی ئاگاداركردنه‌وه‌و هێله‌كی فسفۆڕی و لایته‌وه.
9- دانانی بنكه‌ی به‌رگری شارستانی له‌سه‌ر رێگه سه‌ره‌كیه‌كان، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌و بنكانه له زوترین كاتدا بتوانن بگه‌نه سه‌ر روداوه‌كان و له راده‌ی زه‌ره‌رو زیانی گیانی و ماڵیه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه.
10- له هه‌مو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه رێگه‌كان باشبكرێن له روی پانكردن، دروستكردنی پرد، تونێل، پردی په‌ڕینه‌وه‌ی پیاده‌ڕه‌وان.
روداوه‌كانی هاتوچۆ له جیهان
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئه‌مساڵی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ساڵانه له جیهاندا 1 ملیۆن و 270 هه‌زار كه‌س له جیهاندا به روداوی ئۆتۆمۆبێل گیان له ده‌ستده‌ده‌ن و 20 تا 50 ملیۆنی دیكه‌ش بریندار ده‌بن.
له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه پێشبینی ئه‌وه‌شكراوه، له ساڵی 2030، رێژه‌ی گیان له ده‌ستدان به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه له جیهاندا بگاته 2 ملیۆن و 4 سه‌د هه‌زار حاڵه‌ت.
هاوكات رێكخراوه‌كه ئه‌وه‌ی رونكردوه‌ته‌وه، كه هه‌ر به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه زه‌ره‌رو زیانی ئابوری و ته‌ندروستی بایی 518 بلیۆن دۆلار له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌وێت.
ئاماره‌كانیشی ئه‌وه‌یان خستوه‌ته‌ڕو؛ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی 90%ی قوربانیه‌كان له‌و وڵاتانه‌دایه كه داهاتیان مام ناوهندو نزمه‌و ده‌كه‌ونه كیشوه‌ره‌كانی ئهفهریقاو ئاسیا‌و ئه‌مه‌ریكای لاتینه‌وه، زۆربه‌ی قوربانیه‌كانیش له‌و سێ كیشوه‌ره خه‌ڵكی پیاده‌و پاسكیلسوار و ماتۆڕ سوارن.
روداوه‌كانی هاتوچۆ له‌لای رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی گه‌شتوه‌ته ئاستی (په‌تا)و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه له رێگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی شۆفێری ترسناكی و به‌رپرسیاریه‌تیه، له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی زۆرترین روداوه‌كان تییاندا روده‌ده‌ن و مه‌ترسیدارن، هه‌ڵمه‌ته‌كانی ده‌ستپێبكات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه ده‌یه‌وێت 5 رێگه‌ی خۆپاراستن وه‌ك رێنمایی رابگه‌یه‌نێت كه بریتین له (كه‌مكردنه‌وه‌ی خێرایی، خۆبه‌ستنه‌وه‌ی شۆفێر و به‌ستنه‌وه كوشنه‌كان، خوده بۆ شۆفێرانی ماتۆڕو پاسكیل، به‌كارنه‌هێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان، له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی پێویست).
هه‌رێمی كوردستان؛ روداوی هاتوچۆ وه‌ك تیرۆری سپی
زیاد له قه‌باره‌ی جوگرافیا‌و ژماره‌ی دانیشتوان، قوربانیانی روداوه‌كانی هاتوچۆ له پارێزگاكانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له زیادبوندایه.
به گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، ساڵ دوای ساڵ روداوه‌كانی هاتوچۆ و قوربانیه‌كان رویان له زیادبونه‌و زیاد له هۆكارێكیش له هه‌رێمدا، روداوه‌كان به‌ره‌و سه‌رتر ده‌بات كه سه‌ره‌كیتریان رێگه‌وبانه له‌گه‌ڵ زۆربونی رێژه‌ی ئۆتۆمۆبێل.
هه‌ر چه‌نده خراپی رێگه‌وبان و رێوشوێنه پێویسته‌كانی شۆفێری و خودی نه‌بونی رۆشنبیری پێویست بۆ شۆفێریكردن له هه‌رێم به هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی روداوه‌كانی هاتوچۆ داده‌نرێت، به‌ڵام نه‌قیب ئه‌مین ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی هاتوچۆی سلێمانی ده‌ڵێت: ته‌نها هۆکارێکی دیاریکراو نیه بۆ دیاریکردنی هۆکاری روداوه‌کان، به‌ڵام زۆر جار ئه‌فسه‌ره‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن، که پابه‌ند نه‌بونی شۆفێره‌کان به رێنماییه‌کانی هاتوچۆوه، هۆكاری روداوه‌كانه.
ناوبراو ئه‌وه‌شی وت كه: زۆرینه‌ی روداوه‌کان به‌هۆی زیاتر له فاکته‌رێکه‌وه‌یه، بۆ هه‌ر یه‌کێکیش له‌و حاڵه‌تانه ده‌بێت توێژینه‌وه له بواری پراکتیکدا، فاکته‌ری سه‌ره‌کی روداوه‌کان دیاریبکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له کۆڕ و کۆبونه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان راده‌گه‌یه‌نرێت که نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان سه‌رپه‌رشتیان ده‌کات، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێته‌وه؛ كه خودی شۆفێر ده‌بێت وریا‌و به سه‌لیقه بێت و ته‌نها ئه‌و ده‌توانێت خراپی رێگه‌وبانه‌کان و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لومه‌رجه‌کانی، خاوبکاته‌وه و نه‌بێته هۆی روداوی دڵته‌زێن.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عه‌مید قادر سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی هاتوچۆی هه‌رێم پێیوایه: 3 هۆكار هه‌یه بۆ زۆربونی روداوه‌كانی هاتوچۆ؛ ئه‌وانیش بریتین له (شۆفێر و خراپی رێگاوبانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌بونی سیسته‌مێكی نوێ بۆ پێدانی مۆڵه‌تی لێخوڕین).
عه‌مید سدیق، ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه، كه به‌شێكی زۆری رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێم به هه‌ڕه‌مه‌كی دروستكراون و تا ئێستا سیسته‌مێكی نوێ بۆ پێدانی مۆڵه‌تی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل له هه‌رێمی كوردستاندا نیه، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زۆری روداوه‌كانی هاتوچۆ.
ئه‌وه‌شی وت كه: پێویسته یاسای نوێ له په‌رله‌مانی كوردستان دابڕێژرێت، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندیش زیاتر ببنه هۆكاری هۆشیاری شۆفێران، چونکه یاسای هاتوچۆ په‌یوه‌سته به‌هه‌مو هاوڵاتیه‌که‌وه.
رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێم خراپن و وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش ده‌ڵێت "چارمان نیه"
سه‌رباری ئه‌وه‌ی رۆژانه ژماره‌ی ئۆتۆمۆبێله‌كان له هه‌رێمی كوردستان رو له زیادبون ده‌كه‌ن، تا ئێستاش زۆربه‌ی رێگه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 1 سایدن و ئه‌و رێگه‌یانه‌ش كه چاك ده‌كرێن، به ماوه‌یه‌كی كه‌م خراپ ده‌بن و چاڵ و چۆڵیان تێدا دروست ده‌بێت، كه هه‌ندێك جار ئه‌و چاڵانه بونه‌ته هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆ.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێم باس له‌وه ده‌كات؛ كه که‌می بودجه‌و خراپی قیر، کێشه‌ی سه‌ره‌کی رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێمن.
په‌یام ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتار له فراکسیۆنی گۆڕان، له لێدوانێكدا ئه‌وه‌ی به (سبه‌ی) راگه‌یاند، كه له‌كاتی سه‌ردانیان بۆ لای وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه، باسی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یان کردوه که له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ره‌کاندا ده‌کرێت بۆ چاککردنی رێگاوبانه‌كانی هه‌رێم، ئه‌ویش باسی لهوهكردوه كه یه‌کێک له گرفته‌کانیان، که‌می بودجه و خراپی جۆری ئه‌و قیرهیه له بێجیه‌وه بۆیان دێت، چونکه ئه‌و قیره له تاقیگه ده‌رناچێت، به‌ڵام چاریشیان نیه ته‌نها شوێنی دابینکردنی قیری هه‌رێمی کوردستان بێجی و دۆره‌یه.
زۆربونی ئۆتۆمۆبێل له هه‌رێم، یه‌كێكی تر له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كان
جگه له رێگه‌وبان و هۆكاره‌كانی تری روداوه‌كان، زۆربونی ئۆتۆمۆبێل و هاورده‌كردنی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه به‌بێ هیچ رێوشوێنێكی پێویست، به هۆكارێكی سه‌ره‌كی روداوی هاتوچۆ له هه‌رێم ده‌زانرێت، له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عه‌مید قادر سدیق، ئه‌و بۆچونه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌و وتی: "ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن، كۆنتڕۆڵ له‌سه‌ر جۆره‌كانیان ناكرێت و پلێتهكانیان ته‌نكه".
ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه كه: "ئه‌رکی حکومه‌ته ته‌نها رێگه به هاتنه ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی باش بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ئابوری وڵات به‌فیڕۆ نه‌ڕوات و كاره‌سات و روداوی هاتوچۆی لێنه‌كه‌وێته‌وه، چونکه زیانی مادی به‌هۆی روداوه‌كانی هاتوچۆوه، ساڵانه له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌گاته ملیۆنه‌ها دۆلار".
هاوكات عه‌مید قادر ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه: له هه‌رێمی كوردستاندا 950 هه‌زار ئۆتۆمبێل هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش زیاتر ئۆتۆمبێل هاورده بكرێت و شه‌قامه‌كان پان و به‌رین نه‌كرێن، زیانه‌کان زۆرتر ده‌بن.
به‌ڵام له‌لایه‌ن خۆیه‌وه نه‌قیب ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی هاتوچۆی سلێمانی پێی وانیه زیادبونی ژماره‌ی ئۆتۆمۆبێل هۆكارێك بێت بۆ روداوه‌كانی هاتوچۆ و ده‌ڵێت: زۆربونی ئۆتۆمبێل به فاکته‌رێک نابینم بۆ زۆربونی روداوه‌کانی هاتوچۆ، به‌ڵکو ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێنانی ئۆتۆمبێل، هه‌مو دامه‌زراوه‌کانی تر که په‌یوه‌ندیان به رێگاوبان و ژینگه و ته‌ندروستییه‌وه هه‌یه، باڵانسێک رابگرن، چونکه چه‌ندین وڵات ده‌بینین چه‌ند قاتی هه‌رێمی کوردستان ئۆتۆمۆبێلی تێدایه، به‌ڵام روداوه‌کان به‌م چه‌شنه نین.
له ماوه‌ی كه‌متر له 4 ساڵ؛ له سلێمانی و هه‌ولێر 17425 كه‌س بون به قوربانی
له ساڵی 2008 ه‌وه تا مانگی 9ی ئه‌مساڵ، ته‌نها له سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر 17 هه‌زار و 425 كه‌س به روداوی هاتوچۆ بون به قوربانی، له‌و ژماره‌یه‌ش 1657یان گیانیان له ده‌ستداوه و 15768 یان برینداربون.
به گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی عه‌مید قادر سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی هاتوچۆی هه‌رێم به (سبه‌ی) راگه‌یاند، قوربانیانی هاتوچۆ له‌و دو پارێزگایه له 2008 ه‌وه تا مانگی 9 به‌م شێوه‌یه بوه:
هه‌ولێر، 2008: 2011 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 1691 كه‌س برینداربون.
هه‌ولێر، 2009: 181 كه‌س گیان له ده‌ستداوه، 2114 كه‌س برینداربون.
هه‌ولێر، 2010: 169 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 2112 كه‌س برینداربون.
هه‌ولێر، 2011: له كانونی یه‌كه‌مه‌وه تا سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول، 149كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 1195 برینداربون.
سلێمانی، 2008: 269 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 2153 كه‌س برینداربون.
سلێمانی، 2009: 259 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 2314 كه‌س برینداربون.
سلێمانی، 2010: 239 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 2126 كه‌س برینداربون.
سلێمانی، 2011: 180 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه، 2063 كه‌س برینداربون.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه؛ دهۆك و سۆران و گه‌رمیان و كه‌ركوك 2092 قوربانیان هه‌بوه
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی كه‌ركوك، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه:
- 65 هاوڵاتی له پارێزگای دهۆك گیانیان له ده‌ستداوه‌و 564 هاوڵاتیش برینداربون.
- 24 هاوڵاتی له سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان گیانیان له ده‌ستداوه و 47 كه‌س برینداربون.
- له سۆرانیش 17 هاوڵاتی گیانیان له ده‌ستداوه‌و 137 كه‌س برینداربون.
-67 كه‌س له سنوری پارێزگای كه‌ركوك گیانیان له‌ده‌ستداوه و 110ی دیكه‌ش برینداربون.