راپۆرتی: دیه فازڵ
كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ له سلێمانی هه‌رچه‌نده ئههلینو به‌ده‌ست كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ن، به‌ڵام كاره‌بایان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ دابین ده‌كرێت، به گوێره‌ی هه‌ندێك سه‌رچاوه ئه‌م دایبنكردنه به‌رده‌وامه‌ی كاره‌با به‌بێ هیچ گرێبه‌ستێكی پێشوه‌خته، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌كانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له رێككه‌وتننامه‌ی نێوان كارگهكهو وه‌زاره‌تی پێشه‌سازیدا ئه‌وه دیاریكراوه كه ده‌بێت وه‌زاره‌ت كاره‌بایان بۆ دابین بكات.
دووسه‌د (200) مێگاوات له كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان بۆ فیده‌ره به‌رده‌وامه‌كان ده‌ڕوات له هه‌ولێرو سلێمانی، له‌و بڕه كاره‌بایه‌ش كه له به‌غداوه بۆ هه‌رێم دابین ده‌كرێت به‌شێكی زۆر له كاره‌بای سلێمانی ده‌درێت به كارگه ئه‌هلییه‌كانی چیمه‌نتۆ، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه به‌رهه‌می ئه‌و كارگانه بۆ گشت هه‌رێمه نه‌ك ته‌نها بۆ سلێمانی‌و وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیش به‌رپرسیارێتییه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی كاره‌با، له نوێترین بڕیاریشدا وه‌زیری كاره‌با مانه‌وه‌ی كاره‌بای به‌رده‌وامی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه به پێویست ده‌زانێت.
33%ی كاره‌بای هاتوو بۆ هه‌رێم ده‌درێت به كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ
له به‌غداوه 180 مێگاوات كاره‌با دێت بۆ هه‌ولێرو سلێمانی، له بڕی كاره‌بای سلێمانی 35 مێگاوات ده‌درێت به كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌و 20 مێگاوات بۆ كارگه‌ی چیمه‌نتۆی بازیان‌و نزیكه‌ی 5-6 مێگاوات بۆ كارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار، ئه‌مه جگه له‌و شوێنانه‌ی كه كاره‌بای به‌رده‌وامیان بۆ دابینكراوه، واته ته‌نها 30 مێگاوات بۆ دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی ده‌مێنێته‌وه كه نزیكه‌ی ملیۆنێك‌و 500 هه‌زار كه‌سه، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی به‌رهه‌می چیمه‌نتۆی ئه‌و سێ كارگه‌یه بۆ گشت هه‌رێمه، به‌ڵام ته‌نها له كاره‌بای سلێمانی دهبڕدرێتو ده‌درێت به‌و كارگانه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا تا ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی‌و به‌رپرسانی پارێزگا‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره بێده‌نگن.
له هه‌فته‌ی رابردوودا وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی بۆ بڕینی كاره‌بای به‌رده‌وامی ئه‌و كارگه‌و شوێنانه‌ی له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، داوای له كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه كرد كه له ماوه‌ی 10رۆژدا كاره‌با بۆ خۆی دابینبكاتو دواتر كاره‌باكه‌ی ده‌بڕدرێت، له‌مباره‌یه‌وه حامد قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردنی كاره‌با له وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ رۆژنامه‌ی روونكرده‌وه كه داوا له كارگه‌ی تاسڵوجه كراوه كاره‌با بۆخۆی دابینبكات، چونكه ئه‌و كاره‌بایه‌ی دێته سلێمانی به‌شی هاوڵاتییان ناكات، به‌ڵام به‌رپرسانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه ده‌ڵێن گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌و حكومه‌ت به‌رپرسه له دابینكردنی كاره‌با.
چیمه‌نتۆ
له بری پاره
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردنی كاره‌با، هۆشیار سیوه‌یلی وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه به مانه‌وه‌ی كاره‌با به‌رده‌وامه‌كه‌ی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه كه 35 مێگاواته تا ئه‌وكاته‌ی كارگه‌كه توانای دابینكردنی كاره‌بای ده‌بێت «كه ره‌نگه ماوه‌یه‌كی زۆر بخایه‌نێت».
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان به‌رپرسانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌و وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ رۆژنامه‌ی ئاشكراكرد كه كارگه‌ی تاسڵوجه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت رێككه‌وتوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی له‌بری كرێ، بڕێك چیمه‌نتۆ بدرێت به حكومه‌ت (320 هه‌زار ته‌ن ساڵانه)، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه ئه‌گه‌ر كاره‌باكه ببڕدرێتو كه‌موكوڕیی له رێژه‌ی به‌رهه‌مهێناندا دروست ببێت ئه‌وا ئه‌و رێژه‌یه‌ش كه‌مده‌بێته‌وه كه كارگه‌كه ده‌یدات به حكومه‌ت، هه‌ربۆیه وه‌زاره‌تی كاره‌با ره‌زامه‌ندبووه به مانه‌وه‌ی ئه‌و 35 مێگاوات كاره‌بایه‌ی ده‌درێت به كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه، ئه‌ویش له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی هه‌یانه.
نهێنییه‌كانی گرێبه‌سته‌كه
هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له‌و گرێبه‌سته‌ی نێوان حكومهتو كۆمپانیاكه‌ی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه ئیمزاكراوه، حكومه‌ت به‌رپرسه له دابینكردنی كاره‌با بۆ ئه‌و كارگه‌یه، وه‌زاره‌تی كاره‌باش به‌رپرسیارێتییه‌كه ده‌خاته‌وه ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی كه ده‌بوو به‌و گرێبه‌ستانه‌دا بچنه‌وه یان گرێبه‌ستی له‌و جۆره‌یان ئیمزا نه‌كردایه، به‌ڵام زرار مه‌ولود، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه له گرێبه‌سته‌كه‌دا بڕگه‌یه‌كی له‌وجۆره ههبێتو وتی: «له گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه كه حكومه‌ت كارئاسانی بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه بكات له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری «گه‌ر توانرا» نه‌ك ناچاربێت له كاره‌بای هاوڵاتییان ببڕدرێتو بیداته كه‌رتی تایبه‌ت، كه داهاته‌كه‌ی بۆ گیرفانی چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراوه، نه‌ك میلله‌ت»، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه به گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه حكومه‌ت ته‌نها بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك كار ئاسانی ئاو‌و كاره‌با بۆ كارگه‌كه ده‌كات، نه‌وه‌ك به‌رده‌وام، ئه‌مه‌ش سه‌رباری خاڵێكی تر (به‌گوێره‌ی قسه‌كانی سه‌رچاوه‌كه) كه هێشتا قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه، كه ئه‌وه‌ش ئیعفا كردنی كارگهكهیه له دانی باج بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ‌و كارئاسانی گومرگی فراوان.
زرار مه‌ولود باسی له‌وه‌ش كرد كه ئه‌و گرێبه‌سته له سه‌رده‌می دوو ئیدارییه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا ئیمزاكراوه‌و چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌و جۆره هه‌ن كه پێویستیان به پێداچوونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ناكرێت، ره‌خنه‌شی له وه‌زاره‌تی كاره‌با گرت‌و وتی: «ئه‌گه‌ر گرێبه‌ستێكی له‌وجۆره‌ش هه‌بێت ناكرێت حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێك بخاته پێش به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان، خۆ حكومه‌ت گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا نییه رۆژی سه‌عاتێك كاره‌بای ده‌داتی!».
مه‌كته‌ب سیاسیی حیزبه‌كان بێكاره‌با نابن!
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی‌و به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، كاره‌با به‌رده‌وامه‌كان له هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانیی‌و دهۆك ببڕدرێت، ته‌نها له نه‌خۆشخانه‌و بنكه ته‌ندروستییه‌كان‌و پرۆژه‌كانی ئاودا بهێڵرێته‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی (ههرێمو حكومهتو په‌رله‌مان)و باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارته سیاسییه‌كان، له به‌رامبه‌ردا كاره‌بای شوێنه گهشتیارییو بازرگانیی‌و ئههلییهكانو سۆپهرماركێتو ماڵهكانو ئه‌و سه‌نته‌رو كهناڵو ده‌زگایانه‌ی راگه‌یاندن ده‌بڕدرێت كه كاره‌بای به‌رده‌وامیان بۆ دابینكراوه، هه‌روه‌ك بڕیاری بڕینی كاره‌باكه گشت یاریگاو به‌نزینخانه‌ی تایبهتو نه‌خۆشخانه‌ی تایبهتو كێلگه‌ی به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌رو ده‌زگا حیزبییه‌كان له خوار مه‌ڵبه‌ندو لقه‌وه ده‌گرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به خوێندنگا‌و فه‌رمانگه حكومییهكانیش پێده‌چێت به‌پێی لۆد كاره‌بایان ته‌نها له كاتی ده‌وامدا بۆ دابینبكرێت.
ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با كه هه‌رچه‌نده هه‌ندێك چاو‌دێر به هه‌نگاوێكی باشی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن له پێناو باشكردنی كاره‌بای هاوڵاتییان، به‌ڵام له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه كه كاره‌بای باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارته سیاسییهكانو مه‌ڵبه‌ندو لقه‌كان بهێڵرێته‌وه، كه ره‌نگه ئه‌و شوێنانه پێویست به دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وام نه‌كات، له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردنی كاره‌با له وه‌زاره‌تی كاره‌با له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ رۆژنامه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌وانیش ره‌خنه‌یان له‌و بڕگه‌یه هه‌یه‌و پێیان باشتر بووه كه كاره‌بای نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان بهێڵرێته‌وه، چونكه په‌یوه‌ندی به ژیان‌و ته‌ندروستی هاوڵاتییانه‌وه هه‌یه.
هاوڵاتییان له كاتێكدا به گومانه‌وه سه‌یری به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ باشتركردنی كاره‌با له‌مساڵدا، هاوكات نیگه‌رانن له‌وه‌ی یه‌كسانی نییه له دابه‌شكردنی ئه‌و بڕه كه‌مه‌ی كاره‌با كه ده‌درێته هه‌رێم، له كاتێكدا زۆربه‌ی هاوڵاتییان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست كهمیو خراپی كاره‌باوه، به‌ڵام هێشتا حكومه‌ت دوای چه‌ندین لیژنه‌و ده‌یان بڕیار هێشتا نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵی ته‌واوی دابه‌شكردنی كاره‌با بكات‌و بڕێكی باشی ئه‌و كاره‌بایه هێشتا ته‌رخانه بۆ ده‌زگا حیزبیی‌و كارگه ئه‌هلییه‌كان كه به گوێره‌ی چاودێران ئه‌وان ده‌توانن كاره‌با بۆ خۆیان دابین بكه‌ن.