راپۆرت: دیه فازل
رۆژنامه‌ی (ئیندیپێندت)ی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا كه ده‌رباره‌ی تاوانی شه‌ره‌ف له كوردستان بلاَویكردۆته‌وه، به‌ناوی ( وێنه‌كانی مۆبایل چۆن تاوانی شه‌ره‌ف له كوردستان په‌ره‌پێده‌دات) باس له‌وه ده‌كات كه ته‌نها له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2007 به‌پێی ئاماره‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان لانی که‌م 255 ژن به پاساوی ناموس پارێزی له هه‌رێمی كوردستان كوژراون.
به‌گوێره‌ی ئیندیپێندنت خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل هۆكارێكی سه‌ره‌كی كوشتنی ژنانه له كوردستان. ئاماژه بۆ نه‌بونی یاسایه‌ك ده‌كات بۆ رێكخستنی به‌كارهێنانی مۆبایل و نه‌بونی سزا بۆ خراپ به‌كارهێنانی.
بڕیاروایه په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی تایبه‌ت بۆ پرۆژه‌یاسای خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل سازبكات.
سه‌باره‌ت به سزاكانی نێو پرۆژه‌یاسای خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل به تایبه‌تی و گشت ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له كوردستان، ره‌شاد ئه‌حمه‌د ئیبراهیم سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانییه‌كان و گواستنه‌وه و گه‌یاندن له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رۆژنامه باسی له‌وه‌كرد كه سزای توند دانراوه به تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی مۆبایله‌وه، ده‌بنه هۆی كوشتنی ئافره‌ت له‌سه‌ر تاوانی شه‌ره‌ف، به‌وه‌ی كه سزای ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته هۆی كوشتنی كه‌سێك به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه یان گفتوگۆیه‌ك هه‌مان سزای بكوژی ئه‌و ژنه‌ی ده‌بێت.
هه‌رله پرۆژه یاساكه‌دا كه له 6 ماده پێك هاتووه، كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندی مۆبایلیش پابه‌ند كراون به‌وه‌ی كه ده‌بێت ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه تۆماربكرێن كه سیم‌كارت ده‌كڕن و به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه نه‌درێت له بازاڕه‌كاندا سیم‌كارت بفرۆشرێت بێگه‌ڕانه‌وه بۆ كۆمپانیا و تۆماركردنی ناسنامه‌ی كڕیار، له كاتی سه‌رپێچیشدا سزایه‌كی مادی بۆ كۆمپانیاكان دانراوه.
پرۆژه یاسای خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل له 5/11/2007 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و له دانیشتنی رۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مانیش دا بڕیاروایه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به هۆكاری ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌و جۆره عه‌ونی به‌زاز جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: هۆكاری ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌و جۆره له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن به گشتی و مۆبایل به تایبه‌تی كه زۆركات به‌هۆیه‌وه خه‌ڵك كوژراوه و كێشه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری گه‌وره‌ی لێكه‌وتۆته‌وه.
عه‌ونی به‌زاز وتیشی : له‌و یاسایه‌دا دوو جۆر سزا دیاری كراوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له رێگه‌ی مۆبایله‌وه قسه‌ی ناشیرین و سوكایه‌تی به خه‌ڵك ده‌كه‌ن بۆماوه‌ی ساڵێك تا 5ساڵ زیندانی ده‌كرێن یاخود غه‌رامه‌ده‌كرێن به ملیۆنێك تا پێنج ملیۆن دینار، ئه‌وانه‌شی كه ئامێری په‌یوه‌ندیكردن بۆ بێزاركردنی هاووڵاتیان به‌كارده‌هێنن به 6 مانگ زیندانی سزاده‌درێن.
لیژنه‌ی به‌رگری له مافی ئافره‌تانیش له په‌رله‌مان به‌نیازن له‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌ماندا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی مافی ژنان و رێگرتن له ئانجامدانی توندوتیژی بكه‌نه‌وه به‌رامبه‌ریان به هه‌ر بیانویه‌ك بێت و داوای توندكردنی ئه‌و سزایانه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی نوسرا و بینراو و بیستراو به تایبه‌ت مۆبایل بۆ ناوزڕاندنی كه‌سێك یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزانه‌كان به‌كارده‌هێنن و به هۆیانه‌وه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ژن ده‌كوژرێت.
له نێو پرۆژه یاسای خراپ به‌كارهێنانی مۆبایل هیچ رێنماییه‌ك نیه بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه مۆبایلی جۆری كامێرا‌و تۆماركردنی ده‌نگ و ره‌نگ ده‌فرۆشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا‌و دوای زیادبونی كوشتنی ژنان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف له دهۆك كه زۆربه‌ی به‌هۆی مۆبایله‌وه ئاشكرابوو بوو، رێگه له فرۆشتنی مۆبایلی كامێرا گیرا له‌و شاره.
پێویسته رێنماییه‌كیش بۆ خاوه‌ن دوكانه‌كانی فرۆشتنی ئامێری مۆبایل هه‌بوایه،به‌ڵام به‌وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانییه‌كان و گواستنه‌وه و گه‌یاندنی په‌رله‌مان ئه‌و خاڵه له یاساكه‌دا نییه،به‌ڵام ده‌كرێت له كاتی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌كه له په‌رله‌مان وه‌ك پێشنیاز بخرێته نێو پرۆژه‌كه‌وه.