سازدانی: دیه فازڵ
مایكڵ رۆبن، كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌كادیمی ناسراوی ئه‌مه‌ریكایه‌و له‌ماوه‌كانی رابردودا چه‌ند پۆستێكی هه‌ستیاری وه‌رگرتوه‌و له نزیكه‌وه شاره‌زایی له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگاكانی كورد‌و فارس‌و عه‌ره‌بدا هه‌یه، زۆربه‌ی نوسینه‌كانی فه‌زای رونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی‌و دۆخی گه‌نده‌ڵییه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا.
له‌ماوه‌ی رابردودا به‌هۆی نوسینی بابه‌تێكی رهخنهئامێزانهوه له‌سه‌ر گهندهڵیو شێوازی حوكمڕانی له‌كوردستاندا، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستانی توڕه كرد‌و ته‌نانه‌ت گه‌یشته راده‌ی ئه‌وه‌ی كه شكاتی لێبكرێت‌و دادگایی بكرێت.
ئاگاداری رۆبن له‌سه‌ر بارودۆخ‌و ژینگه‌ی سیاسی كوردستان، ئه‌و پرسیاره‌ی لای چاودێران دروستكردوه كه تا چ راده‌یه‌ك ئه‌و نوسینانه ده‌توانن له‌لایه‌ك وا له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكه‌ن كه زیاتر خۆی رێكبخاته‌وه‌و له‌لایه‌كیش ئایا ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی ئه‌و نوسینانه‌وه شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی چی لێده‌كات له‌گه‌ڵ كورددا.
له‌چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌دا رۆبن دوباره شیكاری كۆمه‌ڵگای كوردی‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئه‌مه‌ریكا دهكاتو ئه‌گه‌ری دروستبونی هێزی سێیه‌م له‌كوردستاندا رونده‌كاته‌وه.
*له روانگه‌ی تۆوه داهاتوی په‌یوه‌ندی نێوان كورد‌و ئیداره‌ی ئۆباما چۆن ده‌بێت؟ ئایا بۆ دیموكراته‌كان گرنگه نه‌خشه‌ی سیاسه‌تێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كورددا بكێشن؟
مایكڵ رۆبن: له‌و باوه‌ڕه‌دانیم هیچ گۆڕانێكی ئه‌وتۆ له‌نێوان مامه‌ڵه‌كردنی بوش له‌گه‌ڵ كورد‌و مامه‌ڵه‌كردنی ئۆباما له‌گه‌ڵ كورددا هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه:
1. هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان رونكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن گفتوگۆكانی نێوان ئه‌م دو پارته له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان رون‌و ئاشكرا نییه، گه‌وره‌ترین جیاوازی له‌نێوان ئه‌م دو پارته‌دا سیاسه‌تی باج‌و باری ئابوری‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له دیموكراته‌كان یان كۆمارییه‌كان بێت، سیاسه‌ته‌كان هێنده ناگۆڕێن.
2. زۆربه‌ی كورده‌كان له‌و بڕوایه‌دان كه ئیداره‌ی ئۆباما زیاتر پرۆ - كورد بێت‌و به‌وپێیه‌ی (جۆزیف بایدن)ی جێگری ئۆباما بیرۆكه‌ی فیدرالیزمی هه‌یه. ئه‌مه‌ش كه ره‌نگه وابێت‌و ره‌نگیشه وانه‌بێت، چونكه ئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بینرا جۆزیف بایدن هه‌مو پلانه فیدراڵییه‌كانی خۆی وه‌لاناو كردیه قوربانی ئامانجه‌كانی دیكه‌ی، به‌ڵام هیلاری كلنتۆن بۆچونێكی هاوسه‌نگی هه‌بو به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندی كورد‌و توركیا.
به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه كه ره‌نگه بیسه‌لمێنێت ئیداره‌ی ئۆباما هێنده خه‌مخۆری كورد نه‌بێت، ره‌شید خالیده كه پرۆفیسۆره له زانكۆی كۆڵۆمبیا، هه‌رچه‌نده هیچ پۆستێكی ره‌سمی نییه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی كه‌سیی سیناتۆر ئۆباما گوێی لێده‌گرێت، ره‌شید خالید مێژوی عێراقی له‌ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه نوسیوه‌ته‌وه بێئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه به ئه‌نفال بدات.
3. دواجار، كورده‌كان چاوه‌ڕوانی گۆڕاننو پرۆ-كورد‌و توركه‌كانیش به‌سه‌ركه‌وتنی ئۆباما خۆشحاڵ بون. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی دیكه‌ش كه په‌یوه‌ندی به ئه‌وروپاو ئهفغانستانو په‌یمانی ناتۆوه هه‌یه، كاتێك به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا بێته‌پێشه‌وه بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی كێ سه‌رۆكه، ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نقه‌ره ههڵدهبژێرێتو ده‌یخاته پێش هه‌ولێره‌وه.
*كاتێك ئه‌مه‌ریكا پێویستی به كورد هه‌بو گرنگی به سونییهكان نه‌ده‌دا، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌كان پێچه‌وانه بونه‌ته‌وه‌و كورده‌كان له‌دوباره‌بونه‌وه‌ی سیناریۆی 1975 ده‌ترسن، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ترسه پێویسته كورد چی بۆ ئه‌مه‌ریكا بكات؟
مایكڵ رۆبن: ئه‌مه پرسیارێكی زۆر باشه، منیش هه‌مان ئه‌و ترسه‌م هه‌یه كه كورد به پشتبه‌ستنی به‌رده‌وامی به واشنتۆن ئازار بچێژێت.
له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بیره‌وه‌ری مێژویی ده‌یان ساڵ به‌بیرده‌هێنرێته‌وه، به‌ڵام له‌ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی روداوه‌كانی چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ریش نییه، نه‌ك دهساڵو سه‌ده‌یه‌ك لهمهوپێش، ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه له كلتوری سیاسه‌تی ئێمه‌دا.
بۆیه به‌ڕای من پێویسته كورد:
• وای دابنێت كه هیچ به‌رپرسێك له واشنتۆن مێژوی كورد نازانێت‌و ساڵی 1975یش هیچ مانایه‌كی نییه بۆ زۆربه‌ی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.
• بۆ كورد باشتره واز له گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بهێنێت، هه‌ر بۆیه داوا له كورد ده‌كه‌م ئیتر له‌وه بگات كه نه كۆمارییه‌كان‌و نه دیموكراته‌كان بۆ كورد له‌یه‌كتر باشتر نابن، بۆیه كورده‌كان پێویسته خۆیان كار بۆئه‌وه بكه‌ن كه مه‌یلی كۆمارییه‌كان‌و دیموكراته‌كان به‌لای مه‌سه‌له كوردییه‌كاندا رابكێشن، ئه‌مه‌ش بێگومان له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی هاوپهیمانێتیو هاوڕێیه‌تییه‌وه ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ردو پارته‌كه، نه‌ك له‌گه‌ڵ لایه‌كیان.
• به‌ڵام كورد له‌م بواره‌دا له‌ڕابردودا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی كردوه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی 2004، كاتێك (پ.د.ك)و (ی.ن.ك) پشتیوانی كران له‌لایه‌ن پێته‌ر گالبرایت، هه‌رچه‌نده كه‌سێكی باش‌و پشتیوانێكی خه‌مخۆر بو بۆ مه‌سه‌له كوردییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی وتنی شتی نه‌شیاو به كۆمارییه‌كان هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دا بون كه بارزانی‌و تاڵه‌بانی له‌پشت ئه‌و وته خراپانه‌ی پیته‌ره‌وه بون دژی كۆمارییه‌كان، به‌مه‌ش كورد زۆربه‌ی دۆسته كۆمارییه‌كانی له‌ده‌ستدا، بۆیه پێویسته له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر كورد پشتیوانی په‌یداكرد، ده‌بێت زۆر دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه ته‌نها قسه بۆ كورد‌و ده‌رباره‌ی كورد دهكاتو هیچ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی تر ناكات.
• له‌م دواییانه‌دا كورد گروپێكی به‌ناوی (كورد بۆ ئۆباما) دروستكرد‌و هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، له‌ڕاستیدا له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌خراپیی شكستیان هێنا، له‌به‌رئه‌وه پێویست بو كورده‌كان له‌بری گروپی (كورد بۆ ئۆباما) گروپی (كورد بۆ كوردستان)یان پێكبهێنایه، چونكه له‌ئێستادا زۆرێك له دیموكراته‌كان كورده‌كان وه‌ك دوژمن سه‌یرده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ره‌نگه سه‌ركرده كورده‌كان ئاگاداری دروستكردنی ئه‌و گروپه نه‌بوبن، چونكه له‌ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام پارته‌كان له‌به‌رزبونه‌وه‌و نزمبونهوهدانو جێگیر نین له‌جێی خۆیاندا وه‌ك پارته‌كانی كوردستان، كه ده‌بو ره‌وه‌ندی كورد له‌ده‌ره‌وه به‌باشیی ئاگاداری ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا بونایه‌و خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسییانه‌دا بگونجێنن.
*تا چ ئاستێك ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ناو عێراق‌و هه‌رێمی كوردستاندا؟ ئایا پلانێك هه‌یه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه؟
مایكڵ رۆبن: هه‌مو كه‌سێك ئاگاداره كه گه‌نده‌ڵی له كوردستان له‌گه‌ڵ خراپیی ره‌وشی رۆژنامه‌نوسی بونه‌ته سه‌ردێڕی رۆژنامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بارزانی‌و تاڵه‌بانی ناتوانن ئه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بشارنه‌وه، چونكه ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه سه‌ركرده كورده‌كان له‌بری به‌دیهێنانی دیموكراسی، زیاتر ئاره‌زوی كۆكردنه‌وه‌ی سهروهتو سامان ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دركی پێكراوه له‌لایه‌ن بنتاگۆنو ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاوه. ئه‌مه‌ش ره‌نگه زیان به به‌رژه‌وه‌ندی كورد بگه‌یه‌نێت له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا بڕیار له‌سه‌ر راگرتنی هاوسه‌نگییه‌ك ده‌دات له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب یان چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كانی دیاله‌و كه‌ركوك‌و موسڵ.
* ئهمهریكاو توركیا دۆستن، توركیاش نیگه‌رانی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كوردیش واز له كه‌ركوك ناهێنێت، هاوكات ئهمهریكاو توركیا‌و كورد‌و كه‌ركوك پێكه‌وه به‌ستراون، ئه‌م كێشه‌یه پێویستی به روبه‌ڕوبونه‌وه هه‌یه، رای تۆ چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
مایكڵ رۆبن: من پێم باشه ئه‌و كێشانه به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستورو مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، له‌ڕاستیشدا ناكۆكی من له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ر گهندهڵیو په‌كه‌كه‌یه، نه‌ك كه‌ركوك.
*ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌و پێشنیازانه رازی نه‌بێت كه له‌لایه‌ن پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له‌به‌غداو هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئایا ئه‌مه‌ریكا چ به‌دیلێكی هه‌یه؟
پێویسته ئێستا كورد له كوردستانی عێراق زیاتر قسه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكات، نه‌ك ئه‌و كوردانه‌ی له له‌نده‌ن یان ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن، له‌به‌رئه‌وه‌ی روبهڕوبونهوهكان جیاوازه‌و كوردیش له واشنتۆن پاره‌یه‌كی زۆر سه‌رف ده‌كات بۆ دروستكردنی لۆبی‌و رێكخراوی دیاسپۆرهی كورد له واشنتۆن، كه ئه‌و ره‌خنانه‌یان تێكه‌ڵكردوه كه په‌یوه‌ندییان به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و خواسته‌كانی كورده‌وه هه‌یه.
ئێوه وه‌ك كورد له كوردستان، كه‌ی سه‌ركرده كورده‌كان یان به‌رپرسانی كوردی واشنتۆنتان بینیوه كه سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵ بكه‌ن له‌بری سه‌ری رهشو قه‌ڵاچوالان؟
ئه‌م جیاوازی‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌كوردستان هه‌یه‌و ئه‌و ره‌خنانه‌ش كه له‌م بواره‌دا له‌كوردستان ده‌گیرێت، سه‌ركرده‌كانی دیاسپۆرهی كوردی توشی نیگه‌رانیی كردوه، ئه‌وان پێیانوایه كه له‌ئێستادا كوردی كوردستانی عێراق پێویستی بهیهكگرتنهوه هه‌یه نه‌ك خیانه‌ت لهخهونهكانیان له‌پێناو پاره‌و كڕینی مارسیدسو خانوی دۆلارئاوا.
هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌لێك بڕه‌خسێت ئه‌م سه‌ركردانه لاببرێن، به‌ئاسانی ده‌توانرێت ئه‌وه بكرێت، چونكه له‌ناو كورددا پێشمه‌رگه‌ی به‌تواناو رۆشنبیر‌و ئه‌ندازیارو دكتۆری زۆر هه‌یه كه بتوانن ئه‌و گۆڕانه بكه‌ن.
*داهاتوی عێراق چۆن ده‌بینیت؟ له‌وباوه‌ڕه‌دایت عێراق ده‌بێته وڵاتێكی نمونه‌یی یان ده‌بێته وڵاتێكی نقومبو لهگهندهڵیو ئاژاوه؟
مایكڵ رۆبن: ترسی گه‌وره‌ی من ئه‌وه‌یه عێراق ببێته وڵاتێكی هاوشێوه‌ی دراوسێكانی وه‌ك ئێران‌و سعودیه‌و ئه‌و شێوازه دزهبكاته ناو عێراقه‌وه‌و لهدواكهوتویی هه‌میشه‌ییدا بهێڵنه‌وه.
له‌ساڵانی شهستو حه‌فتاكاندا عێراقییه‌كان بهكوردو عه‌ره‌به‌وه بۆ گه‌شتكردن ده‌چونه وڵاته دراوسێكان، به‌جۆرێك كاتێك عێراقیان جێدههێشتو ده‌چونه توركیا‌و ئێران‌و سعودیه یان كوه‌یت، پێیان وابو وڵاتێكی پێشكه‌وتویان به‌جێهێشتوه‌و چونه‌ته وڵاتێك كه به‌ده‌یان ساڵ له‌دوای عێراقه‌وه‌یه. به‌ڵام ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، چونكه گه‌نده‌ڵی له‌كوردستان‌و به‌شه‌كانی تری عێراق به‌ڕاده‌یه‌كه وای له‌گه‌نجه رۆشنبیره‌كان كردوه له‌بری مانه‌وه‌یان له وڵاته‌كه‌یان بچنه ئه‌وروپاو بهیروتو دوبه‌ی ژیانی خۆیان دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ش پێویسته جێی نیگه‌رانیی بێت بۆ هه‌ر نیشتمانپه‌روه‌رێكی عێراق‌و كورد پێكه‌وه.