سازدانی: ژیار محه‌مه‌د - هێڤار زه‌نگه‌نه
له‌باره‌ی مافی گه‌لی كلدانی سریانی‌و ئاشورییه‌كانی هه‌رێم له ده‌ستوری كوردستان‌و گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ی جێی ناڕه‌زایی مهسیحییهكانهو مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كڵێسا‌و حیزبه مه‌سیحییه‌كان‌و ورده‌كاریی ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی له ده‌شتی نه‌ینه‌وا داوای دهكهنو هاوشانی چه‌ند پرسێكی دیكه، رۆژنامه دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ (رۆمیۆ هه‌كاری) سكرتێری گشتی پارتی (بیت النهرین)ی دیموكراتی‌و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی مه‌سیحی سازكرد.
• له كوردستاندا شتێك هه‌یه به‌ناوی ره‌وتی ئۆپۆزسیۆن؟
رۆمیۆ هه‌كاری: نه‌خێر به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن له كوردستاندا نییه، نه له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت، نه له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان، ئومێد ده‌كه‌م له خولی داهاتوی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌ماندا ههبێتو له حكومه‌تیشدا هه‌بێت، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی بونی گهندهڵیو ناته‌واویی خزمهتگوزارییو ناشه‌فافی ئه‌وه‌یه ئۆپۆزسیۆن نییه، نه‌بونی ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان نه‌بونی دیموكراسیه‌ته.
• ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچونی گه‌نده‌ڵی له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له 7 وه‌زیر پێكهات، ئایا ئه‌مه كاری ئێوه نه‌بو پێی هه‌ستن، بۆچی حكومه‌ت ئێوه‌ی تێپه‌ڕاند؟
رۆمیۆ هه‌كاری: خۆی نابێت داموده‌زگایه‌ك خۆی لیژنه‌یه‌ك بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه كه له خودی ده‌زگایه‌كه هه‌یه، پێك بهێنێت، ده‌بێت په‌رله‌مان به‌و كاره هه‌ستێ، ده‌بێت له رێگای لیژنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه ئه‌و شته بكرێت، به‌ڵام لیژنه‌كه له حكومه‌ت پێكهاتوه، ئه‌وه له‌ڕاستیدا ئیشی په‌رله‌مانه، په‌رله‌مان نه‌یكردوه، په‌رله‌مانتاران له زۆرێك له ده‌رفه‌ته‌كان داوای ئه‌و شته‌یان كردوه، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان نه‌یكردوه.
• مافی موماره‌سه‌كردنی سیاسی تا چه‌نده بۆ حیزبه مه‌سیحییه‌كان ده‌سته‌به‌ره له كوردستاندا؟
رۆمیۆ هه‌كاری: له‌ڕوی رۆشنبیرییه‌وه تا راده‌یه‌كی زۆر باش به‌ڵێ، چه‌ندین سه‌نته‌ری رۆشنبیریمان هه‌یه بۆ رۆشنبیرانی ئێمه، ئومێدی زیاتریش ده‌كه‌ین، له‌ڕوی یاساییه‌وه نه‌وه‌ك ئێمه‌ی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشوری، به‌ڵكو كوردیش هیچ شتێك له‌و مافانه‌مان له ده‌ستور نییه به حوكمی ده‌نگ نه‌دان له‌سه‌ر ده‌ستور، ناتوانین بڵێین مافمهكانمان چه‌سپاوه، به قسه‌و لێدوان سه‌ركردایه‌تیی كورد پشتگیریی مافه‌كانی ئێمه ده‌كات، به‌ڵام ئایا له په‌رله‌مان تا چه‌ند پشتگیریی ئه‌و مافانه ده‌چه‌سپێت‌و چه‌ندی به‌دی دێت، پێویسته بیر له‌وه بكرێته‌وه پشتگیریی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كان بكرێت، چونكه مه‌سه‌له‌ی نائارامی‌و ناڕه‌حه‌تی له ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر له دامه‌زراندنییه‌وه له ساڵی (1921)ه‌وه له‌به‌رئه‌وه دهستهبهرنهبوه كه نه‌ته‌وه‌كان نه‌وه‌ك به ته‌نها ماف‌و كلتوره‌كانیان فه‌رامۆشكراوه، به‌ڵكو دان به خۆشیاندا نه‌نراوه، ئێمه له‌ڕوی ئایینییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه، ئه‌گه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان نه‌چه‌سپێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان به‌وشێوه‌یه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و بناغه دیموكراسییه بچێته پێشه‌وه، پێش ناكه‌وێت.
• تا چه‌نده مافه‌كانی ئێوه له ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم چه‌سپێنراوه؟
رۆمیۆ هه‌كاری: دو سێ ماده‌ی زۆر گرنگ هه‌یه له ده‌ستوره‌كه كه نه‌چه‌سپاوه‌و په‌یوه‌سته به مافه‌كانی ئێمه، بۆ نمونه ئێمه ناوه‌كه‌مان بوه‌ته ته‌گه‌ره، واته له ده‌ستوره‌كه‌دا ئێمه لهتكراوینو ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كه، ئه‌وه‌شی پشتگیریی لێ بكات به‌شداره له دابه‌شكردنی ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئێمه وه‌كو سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كلدانی سریانی ئاشوری به ته‌نها دو لایه‌ن نه‌بێت كه بریتین له هه‌ریه‌ك له (بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری‌و حیزبی یه‌كێتی كلدانی)، داوای مافی ئۆتۆنۆمیمان كردوه، له‌و ره‌شنوسه‌ی ئێستای ده‌ستوری هه‌رێم رازی نین، مافه‌كانمانی تێدا نه‌چه‌سپاوه.
• كێشه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ماده‌ی 7ی ره‌شنوسه‌كه هه‌یه له‌وه‌ی كه ئایینی ئیسلام سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت یان سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت، ئه‌و كێشه‌یه به‌كوێ گه‌یشت، ئێوه كێشه‌تان له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئیسلامییه‌كان هه‌یه له‌م خاڵه؟
رۆمیۆ هه‌كاری: نه‌خێر ئێمه كێشه‌مان نه له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئیسلامی، نه عه‌لمانییه‌كان هه‌یه، ده‌بێت وه‌كو نه‌ته‌وه‌و ئایینێكی جیاواز مافه‌كانمان به‌وشێوه‌یه بنوسرێته‌وه كه ماده‌كانی دیكه‌ی ده‌ستوره‌كه كاریگه‌ریی نه‌بێت بۆ سه‌ر مافه‌كانمان، له ده‌ستوری عێراقیش ئایینی ئیسلام یه‌كێكه له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كان، ئه‌گه‌ر بۆچونێكی مه‌زهه‌بیانه نه‌بێت له عێراق هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه موسوڵمانه، بمانهوێتو نه‌مانه‌وێت ئه‌وا ده‌بێت زۆرینه‌ی كێشه‌كان له رێگای شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه یه‌كلایی بكرێـته‌وه، به‌ڵام ئێمه مه‌سه‌له‌ی باری كه‌سێتیی خۆمان هه‌یه كه به‌وانه‌ی خۆمان مه‌سه‌له‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه.
• هه‌ندێك گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئێوه وه‌كو مه‌سیحییه‌كانی كوردستان زۆرجار له خۆتان زیاتر گرنگی‌و ئیمتیازاتتان پێدراوه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن توركمان‌و یهزیدیو كاكهییهكانهوه؟
رۆمیۆ هه‌كاری: من ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و برایانه‌م، یه‌زیدی ده‌ڵێن ئێمه كوردین، یه‌زیدی كورده، به‌ڵام مه‌سه‌له ئایینییه‌كه‌ی جیاوازه، بۆ بیر له‌وه بكاته‌وه مافی نهتهواویهتیی هه‌بێت ئه‌گه‌ر خۆی به كورد بزانێت‌و مێژوی ئه‌وانیش هه‌ر كورد بوبێت، مه‌سه‌له‌ی كاكه‌ییه‌كان ئه‌وان مه‌زهه‌بن نابێت بهێنرێته ئاستی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئێمه وه‌كو مه‌سیحییه‌كان زیانێكی زۆرمان دا له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان له‌سه‌ر هه‌ندێك تێڕوانینی لایه‌نه‌كانی عێراق، له‌وه‌ی گوتیان هه‌ر پارێزگایه‌ك ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كان هه‌بو، ده‌بێت نوێنه‌ری یه‌زیدییه‌كانیش هه‌بێت، هه‌ڵه‌یه مافی هه‌ندێك مهزههبو تایه‌فه له‌گه‌ڵ مافی نه‌ته‌وه‌كانی تر هاوشان بكرێن، ئێمه كه داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین پشت به‌ستوین به مێژوی خۆمان له‌م وڵاته، ئێمه (6759) ساڵه ئاشوری له‌م وڵاته هه‌یه، ئێمه خه‌ڵكانێكی نامۆنین لێره، مافی خۆمانه داوای مافه‌كانی خۆمان بكه‌ین‌و به‌ته‌واوه‌تی داوای ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان یان برایانی تر رێكنه‌كه‌وتون بۆ ئه‌وه‌ی داوای بكه‌ن، ئه‌مه خه‌تای ئێمه نییه.
• به واتایه‌كی دیكه گرنگی پێدانی حكومه‌ت به ئێوه زیاتر به‌هۆی جیاوازیی ئایینهكهتانهوه بێت، واته بۆ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئایینی بێت‌و بۆ راكێشانی چاوی ئه‌وروپا بۆخۆی؟
رۆمیۆ هه‌كاری: من زۆر نیگهرانو ناڕه‌حه‌تم كه سه‌كردایه‌تیی سیاسیی كوردی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كڵێسا دهكاتو لایه‌نه سیاسییه‌كان فه‌رامۆش ده‌كات، من ده‌پرسم ئایا كورد رازییه ئه‌وروپاو ئه‌مریكا له روه ئایینییه‌كه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، هێزو لایه‌نی سیاسیی خۆمان هه‌یه كه نوێنه‌راتیی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشوری ده‌كه‌ین، ئێمه به نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپاشمان وتوه كه هاتونه‌ته ئێره، پێمان وتون نیگه‌رانین كه له‌ڕوی ئایینییه‌وه باس له مافه‌كانمان ده‌كه‌ن، له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق راسته كڵێساكانمان دهڕوخێننو پیاوانی ئایینیمان ده‌ڕفێنن، به‌ڵام له كوردستان شتێكی دیكه‌یه‌و كێشه‌ی ئایینمان نییه.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له خێزانه مه‌سیحییه‌كانی موسڵ به‌تایبه‌ت ناچاركران ماڵ‌و حاڵی خۆیان بهجێبهێڵن، كێشه‌ی ئه‌و خێزانانه چی لێهات؟
رۆمیۆ هه‌كاری: به‌شی زۆری ئه‌و خێزانانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، نزیكه‌ی (60%)یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ده‌ستی كوردیش له‌پشت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه نه‌بو، یه‌كێك له هۆیه‌كانی رازی نه‌بونی ئێمه‌ی لایه‌نه شۆڤێنییه عهرهبو غه‌یره عه‌ره‌به‌كان له پارێزگای موسڵ له‌وه‌ی كه وه‌كو سیستمه كۆنه‌كه سێ ئه‌نداممان هه‌بێت وه‌كو كلدانی سریانی ئاشوری له‌و پارێزگایه، ئه‌وه‌بو له‌وه ده‌ترسان ئێمه‌و كورده‌كان هه‌ڵوێستمان یه‌كه، ئه‌مه وایكرد كه ئێستا به ته‌نها یه‌ك ئه‌نداممان هه‌بێت.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا داوای ئۆتۆنۆمیتان كرد، هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م داخوازییه چی بو؟
رۆمیۆ هه‌كاری: ئێمه ئێستاش داوای ده‌كه‌ین بۆ خه‌ڵكی خۆمان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، هۆكارێكی سه‌ره‌كیی پشت ئه‌و داوایه‌مان ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له ناوچه‌كانی (قه‌ره‌قۆش، كهرملیش، به‌رتله، ئه‌لقۆش، تلكێف، ترسۆب) له زۆرینه‌یاندا (95%)ی به‌سه‌ره‌وه‌یان دانیشتوانی له خه‌ڵكی ئێمه‌ن، له‌ڕوی مێژوییهشهوه نه‌ینه‌وا پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌تی ئاشوری بوه تا روخانی له ساڵی (612)پێش زاین، ئێستا ئێمه وه‌كو ئاشوری خۆمان به نه‌وه‌ی ئه‌و ئاشورییانه ده‌بینینه‌وه كه به سه‌دان ساڵ نه‌وه‌ك به عێراق به ته‌نها، به‌ڵكو حوكمی ناوچه‌كه‌یان كردوه، پاش روخانی رژێم ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت داوای مافی خۆمان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه، تا ئێستا سنوری ئه‌و ئۆتۆنۆمیمان دیاری نه‌كردوه، به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه په‌یوه‌ستن به ماده‌ی (140)و هه‌ندێكیشیان تا ئێستا له‌ڕوی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگای موسڵن، له هه‌مو دونیا هه‌یه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌ند بچوك بن، ده‌توانن داوای ئۆتۆنۆمی بكه‌ن له‌نێو هه‌رێمێكدا، ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی ئێمه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌بێت، ئه‌و شوێنانه‌ی ئێمه داوایان ده‌كه‌ین تا ئێستا زۆرینه‌یان سه‌ر به پارێزگای موسڵه له‌ڕوی ئیدارییه‌وه، هه‌وڵیشمانداوه ئه‌مه له ده‌ستوری هه‌رێم بچهسپێنینو به نوسراو ئه‌و داوایه‌مان روه‌و لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور كردوه.