سازدانی: رێبین فه‌تاح - نامۆ عه‌بدوڵڵا
لوسی تاملین، سه‌رۆكی تیمی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه له هه‌رێمی كوردستانی عێراق (PRT)، له دیدارێكی رۆژنامه‌دا سه‌باره‌ت به رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستاندا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه به وردی چاودێریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دهكهنو راپۆرت له‌سه‌ر بچوكترین خروقات‌و پێشێلكاریی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رزده‌كه‌نه‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه پاراستنی ئه‌منیه‌تی پرۆسه‌كه له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
رۆژنامه: ئه‌وه‌نده‌ی تێبینیتان كردبێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت یان پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ههڵبژادنهكهدا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه؟
لوسی تاملین: ئێمه‌و قونسوڵی به‌ریتانیاو قونسوڵهكانی دیكه‌ی وڵاتانی دیكه كه لێره‌ین، جه‌خت له‌سه‌ر خاڵێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌م خاڵه‌ش به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌كانه به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وه‌ك بونی شهفافیهتو ئازادیی دهنگدانو هتد، یه‌كێك له كاره‌كانی ئێمه لێره، چاودێریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش گوێ له خه‌ڵك ده‌گرین بۆئه‌وه‌ی بزانین چی ده‌ڵێن، هه‌روه‌ك چاودێریی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی بزانین چۆن‌و به چ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌م پێیه تێبینی هه‌ر شتێك بكه‌ین، راپۆرتی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌و بۆ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكای ره‌وانه ده‌كه‌ین له به‌غداو ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای به‌رزده‌كه‌نه‌وه، خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكاش ده‌یه‌وێت بزانێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن. دیاره ئه‌مه‌ریكا به گرنگییه‌وه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ڕوانێت، چونكه هه‌ڵبژاردن زیاتر دیموكراسیه‌تی ئه‌م هه‌رێمه نیشانده‌دات، تا هه‌ڵبژاردن بكرێت دیموكراسیه‌ت زیاتر قوڵده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا خه‌ڵك‌و هاوڵاتییان زیاتر به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكهنو ده‌نگبده‌ن، دیموكراسیه‌ت قوڵتر ده‌بێته‌وه.
رۆژنامه: كه‌واته تائێستا ئێوه بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه چیتان كردوه؟
لوسی تاملین: چه‌ند كارێكمان كردوه، له‌وانه پاڵپشتی مادیمان له‌و رێكخراوانه كردوه كه چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كه‌ن، وه‌ك رێكخراوی (NDI)و رێكخراوی (IRI) كه دو رێكخراوی ئه‌مه‌ریكین له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ردو رێكخراوه‌كه‌ش هاوكاریی ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانیان كردوه‌و كاریان له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی ژنانی سه‌ركرده كردوه، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕوی سیاسییه‌وه بێنه پێشه‌وه. یه‌كێك له پرۆژهكانیشمان ئه‌وه‌یه كه ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنین بۆ ته‌واوی حیزبه‌كان بۆئه‌وه‌ی له رێگای كه‌ناڵێكی ئاسمانییه‌وه كه كه‌ناڵی ئاسمانیی (نه‌ورۆز)ه، پڕوپاگه‌نده بۆ لیسته‌كانیان بكه‌ن، به گشتی ئێمه خۆمان ئاماده ده‌كه‌ین بۆ چاودێریكردنی چۆنێتی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه.
رۆژنامه: تا چه‌ند دڵنیان ئه‌م رێكخراوانه به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه كارده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ردو رێكخراوه‌كه به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌كێتیدا ده‌كه‌ن نه‌ك حیزبه‌كانی دیكه، له‌لایه‌ن چه‌ند حیزبێكیشهوه ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یان لێگیراوه؟
لوسی تاملین: له‌گه‌ڵ پارته‌كانی دیكه‌ش كارده‌كه‌ن، ئێمه پاڵپشتی مادیی له هه‌ر رێكخراوێك بكه‌ین، مه‌رجێكیان بۆ داده‌نێین ئه‌ویش كاركردنه له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌كان.
رۆژنامه: پرسیاره‌كه ئه‌وه بو كه ئه‌و رێكخراوانه له‌كاتێكدا كه زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌كێتیدا ده‌كه‌ن، ده‌كرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێبكرێت به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن ئه‌ركه‌كه‌یان جێبه‌جێبكه‌ن، چونكه زانیاریی هه‌یه كه كار له‌گه‌ڵ هه‌مو حیزبه‌كان ناكه‌ن؟
لوسی تاملین: ئاگام له‌وه‌نییه.
رۆژنامه: باستان له‌وه‌كرد كه ئه‌مه‌ریكا چاودێریی پرۆسه‌كه ده‌كات، به‌ڵام جگه له چاودێریكردن، له‌ڕوی ئه‌منییه‌وه چ رۆڵێكی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئاسایش‌و پێشمه‌رگه بێلایه‌ن نهبنو فشار له‌سه‌ر هاوڵاتییان دروستبكه‌ن؟
لوسی تاملین: تائێستا هیچ بڕیارێك نه‌دراوه بۆئه‌وه‌ی هێزێكی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئێمه قونسوڵێكی گشتیمان لێره هه‌یه كه تائێستا هیچ داوایه‌كی له ئه‌مه‌ریكا نه‌كردوه، تا هێزێكی سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی ئێره بكات به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی بارودۆخی ئه‌منیی. ئه‌مه‌ریكا نیازی ئه‌وه‌ی نییه له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا ئارامیی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بپارێزێت، هه‌روه‌ك له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیشدا هه‌ر هه‌مان شت رویدا، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا چاودێریی بارودۆخی ئه‌منیان ده‌كرد له‌ده‌ره‌وه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگداندا، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی بزانرێت هه‌ڵبژاردنه‌كه چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نوێنه‌رانی هه‌مو پارته سیاسییه‌كان چاودێریان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان هه‌یه، جگه له رێكخراوه ناحكومییه‌كان كه به هه‌مانشێوه چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كه دهكهنو له وێستگه‌كانی ده‌نگداندا بونیان ده‌بێت.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كان‌و چاودێرانی هه‌ڵبژاردن له راپۆرته‌كانی خۆیاندا پێداگیریی له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه ساخته‌كاریی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كراوه‌و فشار خراوه‌ته سه‌ر ده‌نگده‌ران، رۆڵی ئه‌مه‌ریكا چی ده‌بێت؟
لوسی تاملین: كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق هه‌یه، چاودێران ده‌توانن له هه‌ر پێشێلكارییه‌ك ئاگاداریان بكه‌نه‌وه، كۆمسیۆن فۆرمێكی تایبه‌تی هه‌یه دهنگدهرانو چاودێران ده‌توانن ئه‌و فۆرمه پڕبكهنهوهو بۆ كۆمسیۆنی به‌رزبكه‌نه‌وه، یان له رێگای ژماره‌یه‌كی خۆڕایی ته‌له‌فۆنه‌وه كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به كۆمسیۆنه‌وه بكهنو ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌و كۆمسیۆنیش له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا كاردانه‌وه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به هه‌ر پێشێلكارییه‌ك راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه (یۆنامی) كه رێكخراوێكی سه‌ر به (یوئێن)ه، له‌پشت كۆمسیۆنهوهیه، هه‌ركاتێك باس له كۆمسیۆن بكرێت، ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت كه كۆمسیۆن چوارچێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك‌و بێگه‌رد بكرێت، پێویسته چه‌ند پێوه‌رێك به‌رجه‌سته‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگده‌ر فشاری له‌سه‌ر دروست بكرێت‌و به هه‌مو شێوه‌یه‌كیش ده‌نگده‌ران ئازادن له‌وه‌ی ده‌نگ به كێ ده‌ده‌ن. پاشان ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت رێگریی دروستبكات له‌به‌رده‌م ئه‌م گرفتانه‌ی كه باستكرد، ئێمه ته‌نیا ده‌توانین چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ین‌و تێبینییهكانی خۆمان تۆماربكه‌ین‌و بیانخهینهڕو، واته ئه‌مه‌ریكا هیچ رۆڵێكی نییه له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا شتێك رویدا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ره كه چاودێریی بكات‌و تۆماری بكات، له دواجاریشدا له‌ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌توانێت بڵێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و عادیلانه نه‌بو، ئه‌مه‌ریكا به راشكاوی رای خۆی ده‌دات دوای به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه، به‌ڵام هیچ به‌شدارییه‌كی راسته‌وخۆی نابێت.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كان‌و چاودێران له راپۆرته‌كانی خۆیاندا ئه‌وه بسه‌لمێنن كه هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌نه‌چوه، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی ده‌بێت؟
لوسی تاملین: ئێمه ناتوانین هیچ بكه‌ین، جگه له‌وه‌ی راپۆرت له‌سه‌ر بچوكترین پێشێلكارییه‌كان به‌رزبكه‌ینه‌وه، ئه‌مه ئه‌ركی هاوڵاتی خۆیه‌تی كه هه‌ر شتێكی بینی، بۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌رزبكاته‌وه.
رۆژنامه: ئه‌ی ئه‌گه‌ر هاوڵاتییان له‌ڕوی فیزیكییه‌وه ئازاردران، ئه‌مه‌ریكا چ هه‌ڵوێستێكی ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا توندوتیژی روبدات؟
لوسی تاملین: ئه‌مه ته‌نیا پێشبینییهكهو پێناچێت شتی واش روبدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توندوتیژی روبدات، ئه‌مه نائومێدمان دهكاتو خوازیاری ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له كه‌شێكی ئارام‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌رفه‌ت بۆ هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌كان بره‌خسێنرێت كه ئازادانه به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ن، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش بۆ ده‌نگده‌ران بره‌خسێنرێت كه به هه‌مانشێوه به ئازادیی ده‌نگی خۆیان بده‌ن. دیسانه‌وه ئێمه ته‌نیا ده‌توانین چاودێرییه‌كی وردی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكه‌ین‌و راپۆرت له‌سه‌ر بچوكترین پێشێلكارییه‌كان به‌رزبكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر تێبینیشتان كردبێت، له راپۆرته‌كه‌ی دواییماندا ده‌رباره‌ی عێراق، ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له پێشێلكارییه‌كان گیراوه، پاراستنی گیانی هاوڵاتییانیش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی دهسهڵاتو حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیاره‌و ده‌بێت كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به هه‌ر پێشێلكارییه‌كی مافی مرۆڤ هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه له رێگای به دیكۆمێنتكردنی پێشێلكارییه‌كانه‌وه هاوكاریی حكومه‌ت ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رپرسدا بكات.
رۆژنامه: لێره بۆچونێك هه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا خوازیاری رودانی گۆڕانێكی سیاسییه له هه‌رێمی كوردستاندا، چه‌ند سیاسییه‌كی ئه‌مه‌ریكیش له راگه‌یاندنه‌كاندا باسیان لهوهكردوه، بۆچونی ئێوه له‌م روه‌وه چییه؟
لوسی تاملین: ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردنێكی پاك‌و بێگه‌رد به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه له هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌مانه‌وێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ت له خۆیدا به‌رجه‌سته بكاته‌وه، ئه‌مه خواستی ئه‌مه‌ریكایه له كوردستان.
رۆژنامه: زۆرجار باس له‌وه‌ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتیی له هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌كات له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مه راسته؟
لوسی تاملین: ئه‌مه راست نییه‌و ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی پارتێكی دیاریكراو ناده‌ین، ئه‌گه‌ر یارمه‌تییه‌كمان هه‌بێت، به یه‌كسانی پێشكه‌ش به هه‌مو لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌كه‌ین، دواتریش ئه‌مه رۆڵی ئه‌مه‌ریكا نییه كه به‌شداریی بكات له سیاسه‌تی حیزبه‌كان‌و له‌و پرۆسه سیاسییه‌ی له كوردستاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.