سازدانی: (کۆمه‌ڵه‌ی پشتگیریی لیستی گۆڕان/ ئه‌ڵمانیا)
دکتۆر نیکۆلاوس براونس، (له‌دایکبوی 1971/ موینشن)، مێژوناسو رۆژنامه‌نوسه، له پارله‌مانی ئاڵمانیادا (بوندستاگ) له (به‌رلین) وه‌ك (هاریکار)ی زانستیی کار ده‌کات، سه‌ر به به‌ره‌ی چه‌په‌کانه (Die Linke)... یه‌کێك له‌و رۆژنامانه‌ی به‌رده‌وام سه‌باره‌ت به گه‌شه‌کردنه رامیارییه‌کانی تورکیا‌و کوردستان راپۆرتهههواڵو وتاری بۆ ده‌نێرێت، رۆژنامه‌ی (یونگه ڤێلت)ی سۆسیالیستییه. دکتۆر براونس له ساڵی (2001)ه‌وه، به‌رده‌وام باکوری کوردستانی به‌سه‌رکردۆته‌وه‌و ساڵی (2007)یش سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه. ساڵی (2009) ئه‌ندامی وه‌ڤدی چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردنه خۆجێییه‌کانی تورکیا بوه له ده‌ڤه‌ری (ئاگری). دکتۆر براونس، وته‌بێژی کۆمیته‌ی پشتیوانیی کوردستانه له به‌رلین.
(کۆمه‌ڵه‌ی پشتگیریی لیستی گۆڕان/ ئه‌ڵمانیا)، به پێویستی زانی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بدات:
----------------------------------------------------
* هیچتان بیستوه سه‌باره‌ت به (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)، گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌تان (به‌ڵێ)یه، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چ تێڕامانێکی لا دروستکردون؟
د. براونس: سه‌ره‌تا، خۆشحاڵم به‌وه‌ی، که ئۆپۆزیسیۆنێك وه‌ك رکابه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی جوتپارتی پاوانکار له کوردستان خۆی بونیاد ناوه؛ هه‌روه‌ها نه‌وشیروان مستهفاو رامیاره‌کانی تری ئه‌و ره‌وته، له پێناوی گۆڕانکاریی‌و بونیادی باشتری دێمۆکراسییدا هاتونه‌ته پێش.
هه‌ر بۆخۆی بونی ئه‌و لیسته (لیستی گۆران)، هه‌روه‌ها ئه‌و هاوده‌نگییه‌ی له ئێستاوه په‌یدای کردوه، هیواکانی ژماره‌یه‌کی زۆر مرۆڤی هه‌رێمی کوردستان بۆ گۆڕانکاریی دێمۆکراسیی نیشان ده‌دات.
خاڵی گرنگی شایانی پشتگیرییش له‌و به‌ستێنه‌دا پێش هه‌رشتێك، داواکارییه‌کانه بۆ ترانسپارێنتیی (شه‌فافیی) له بودجهدو داهاتی گشتیی‌دا؛ تا له‌و رێگه‌یه‌وه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی (چه‌ته‌گه‌ریی ئابوریی، گه‌نده‌ڵیی، هه‌روه‌ها دزینی سیستماتیکی سامانی گه‌ل) به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رهه‌ڤ بکرێت.
بودجه‌یه‌کی چاودێریکراو له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه، که سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌ی، پارله‌مان بڕیار بدات نه‌ك میریی یاخود ته‌نها سه‌رکرده‌ی پارتێکی رامیاریی، یه‌کێکه له توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی سیستمێکی دێمۆکراسیی بۆرژوا-پارله‌مانیی. به‌ڵام دێمۆکراسیی رامیاریی، به‌بێ دێمۆکراسیی ئابوریی‌و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هایه‌کی نییه.
هه‌رچه‌نده له پرۆگرامی لیستی گۆڕاندا، ئه‌و توخمه کۆمهڵایهتییانهم لێ ونن؛ له به‌رانبه‌ردا، داوای سنوردارکردنی هه‌ژمونی رامیاریی به‌سه‌ر ئابوری‌دا ده‌کرێت؛ به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دا به رای من ئه‌وه نییه، که ئایا دروسته رامیاریی هه‌ژمونی به‌سه‌ر ئابورییه‌وه هه‌بێت... به‌ڵکو ئه‌وه‌یه، ئه‌و هه‌ژمونه چۆن‌و به کام ئامانجه.
هه‌ر ئێستا له کوردستان، جۆرێکی دڕنده‌و ناکۆمه‌ڵایه‌تی له نیۆلیبێرالیزم له‌ئارادایه؛ ژماره‌یه‌کی که‌م خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند دهکهنو زۆرینه‌ی گه‌ل له‌ژێر باری به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی کاڵا، بێکاریی، نابونیادیی ژێرخان‌و...تد ده‌ناڵێنن.
ئه‌و هه‌ژمونه رامیارییه‌ی که تا ئێستا، ده‌ستی به پشتی چه‌ند سهرمایهدارێکهوهیه؛ سامانی وڵات تاڵانفرۆش دهکهنو به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان پاڵی پێوه‌ده‌نێن، هیچ بایهخو سودێکی بۆ زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه نییه...
به پێچه‌وانه‌وه، گرنگ ده‌بو، گه‌ر پرۆگرامێکی ده‌وڵه‌تیی بونیادنانی ژێرخان بۆ به‌ده‌ستگه‌یشتنی کاره‌باو وزه، رێگاکانی هاتوچۆ، بواری تهندروستیو هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌و فێرکردن له گه‌شه‌کردندا بونایه؛ ئابوریی کشتوکاڵیی ببوژایهتهوه؛ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه هاریکارییه‌کان (تهعاونیات) رێك بخرایهو لیبرالکردن (خسخهسه) به تایبه‌تیی له که‌رتی وزه‌دا رێگه‌ی لێبگیرایه.
به‌بێ داڕشتنه‌وه‌ی ریشهگری سیستمی ئابوریی کوردیی، ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆران هه‌یه، که سه‌ره‌ڕای مهرامو نیازه باشه‌کانیشی، ببێته به‌شێك له چینی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌وڵه‌ت. ئه‌و کاته جیاوازییه‌که هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت، که له بری دو پارت، سێ پارت ده‌سه‌ڵاتدار بن.
له‌وێدا که ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئێستا به‌ش ده‌کرێت، له‌خۆیدا توانای گه‌شه‌کردنی نییه، به دڵنیایی ئێستا (پدك و ینك) سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌ی قازانجیان ترسیان لێ نیشتوه‌و به سهرلێشێواوییهوهو به ئامڕازگه‌لی ناخاوێن، شه‌ڕی ئۆپۆزیسیۆن ده‌که‌ن.
* ئایا ئێوه‌ش هاوڕان، که گۆڕانی دێمۆکراسییانهی سیستمه‌کان، دروشمی هاوبه‌شی تێکڕای رێکخراوه رامیارییه یاساییهکانو دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانییو رۆشنبیرانه، له کۆمه‌ڵگه‌کانی پاش جهنگو چه‌وساندنه‌وه؟
د. براونس: ئه‌مڕۆ به ئه‌سته‌م، پارتێك یان هێزێکی رامیاریی هه‌یه، که وشه‌ی دێمۆکراسیی به ده‌مه‌وه نه‌بێت؛ ئه‌وه له کوردستانیش به هه‌مان شێوازه. نێزیکه‌ی هه‌مو رێکخراوه (ئێن جی ئۆ)کانیش، وشه‌ی دێمۆکراسییان به ناوه‌کانیانه‌وه نوساندوه. به هه‌مان شێوه ژماره‌یه‌کی زۆر پارتی رامیارییش. به‌ڵام ئه‌وه له زۆربه‌ی ره‌وشه‌کاندا ته‌نها گڕوفڕێکی رواڵه‌تییه.
ئه‌وه جێگه‌ی متمانه‌ش نییه، چونکه له کاتێکدا، ئه‌وانه‌ی جاران هه‌میشه پلاریان له مێتۆده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دێسپۆتیو نادێمۆکراسیی ده‌دا؛ ئێستا خۆیان وه‌ك وه‌ستای دێمۆکراسیی نیشان ده‌ده‌ن... ئه‌و دیارده‌یه له کۆندا، سه‌باره‌ت به ژماره‌یه‌کی زۆری (کۆنهنازیی) له ئه‌ڵمانیا به‌و جۆره بو. ئێستاش له کوردستان سه‌باره‌ت به (کۆنه‌به‌عسییه‌کان) هه‌ر وایه؛ که (پدك و ینك) هێناویاننو پایه‌ی به‌رزیان داونه‌تێ.
دێمۆکراسیی هه‌میشه چه‌سپاو کۆنکرێتییهو په‌یوه‌ندیی به ناو دروشمه‌وه نییه... دێمۆکراسیی راسته‌قینه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، ده‌بێت خواره‌وه به‌ده‌ستی بهێنێتو به به‌رده‌وامییش به‌رگریی لێ بکات.
* له‌وانه‌یه ئه‌وه راست بێت، که نابێت دێمۆکراسیی، بکرێته چارچێو بۆ سیستمه رامیارییه کۆنه‌کان؛ به‌ڵام ئایا به‌بێ هه‌وڵی بهدێمۆکراسییکردن، ده‌لوێت، له یه‌ککاتدا ئازادیی‌و خۆشگوزهرانییو گه‌شه کردنیش به‌ده‌ست بێت؟ ئایا مرۆڤ ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه بکات، که له سیستمه‌کانی تریشدا، پاره‌کان ده‌چنه که‌ناڵی تهندروستهوهو هاوکات له کۆمه‌ڵگه‌کانیاندا مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ هه‌ست به خۆی ده‌کات؟
د. براونس: ئازادیی‌و خۆشگوزهرانییو گه‌شه‌کردن بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به گشتیی، ته‌نها کاتێك ده‌توانن پێکه‌وه به‌رقه‌رار بن، که له یه‌ك کاتدا ئازادییه دێمۆکراسییهکانو ئابوریی دێمۆکراسیی سه‌قامگیر بن.
دیاره ده‌شێت، سیستمێکی نا دێمۆکراسییش، سامانی به‌رده‌ست بۆ گه‌شه‌کردنی وڵات‌و خزمه‌تی مرۆڤه‌کانی سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی به‌کار بهێنێت، نه‌ك ته‌نها بۆ زه‌نگینکردنی توێژێك یان چینێکی ده‌سه‌ڵاتدار. له‌و وڵاتانه‌ی جاران به‌ڕاستیی سۆسیالیستیی بون ئه‌و ره‌وشه هه‌بو؛ هه‌روه‌ها له چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بییش؛ بۆ نمونه له میسری سه‌رده‌می ناسردا بینیمان، که رژێمێکی رههاهێزی چهپێنهریش ده‌توانێت ژیانی هاوڵاتییان باشتر بکات... به‌ڵام ئه‌و ته‌رزه دیکتاتۆرییه که له‌سه‌ره‌وه پیاده‌ده‌کرێت، ناتوانێت به‌رده‌وام له‌و دۆخه‌دا بمێنێته‌وه؛ چونکه ئه‌و بیرۆکراسییه‌ی په‌یوه‌سته به‌و جۆره سیستمانه‌وه، پاشان چوست‌و چالاکیی سیستمه‌که له په‌لوپۆ دهخاتو جۆرێك له خۆپهسهندییو به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی گروپگه‌لێکی نێو ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌م دێنێت.
گه‌ر سه‌رکردایه‌تی وڵاتێك، دێمۆکراسییانه ره‌وایی پێ نه‌درابێت، نه پشتیوانیی گه‌لی ده‌بێت بۆ به‌کاربردنی رامیارییه‌کانی، نه زانیاریی راسته‌قینه‌ی سه‌باره‌ت به پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك لاده‌بێت؛ هه‌ربۆیه هه‌میشه به شکستهێنان کۆتایی دێت. تێکشکانی ده‌وڵه‌ته به‌راستیی سۆسیالیستییهکانیش ئه‌و په‌نده‌ی جه‌ختکرده‌وه.
ئازادییه دێمۆکراسییهکانی وه‌ك ئازادیی (بیروڕاو راگهیاندنو کۆبونه‌وه)؛ مافی دامه‌زراندنی پارت‌و سێندیکا، مافی پیاده‌کردنی ئازادانه‌ی ئاییندارییو...تد، له مافه دهستلێههڵنهگیراوه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مرۆڤن روه‌و گه‌شه‌کردن... به‌ڵام هێشتا ئه‌وانه هه‌مو شتێك نین. پێویسته ئه‌وانه به مافه کۆمه‌ڵایه‌تییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دی ته‌واو بکرێن؛ وه‌ك ده‌رفه‌تی کار؛ ئاسایشی خۆراك؛ ده‌سته‌به‌ریی جێگه‌ی نیشته‌جێبون؛ هه‌لی پێگه‌یاندن؛ باربۆی ته‌ندروستیی؛ پشکداریی فه‌رهه‌نگیی.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، ده‌نگدان به‌و (ده‌ستور)هی که بۆ ده‌نگدان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌خرێته رو، به کاره‌ساتهێنه‌ر ده‌زانم... به رای من، سه‌باره‌ت به مافه‌کانی ئافرهتو خێزان، به‌هۆی خستنه کاری یاسای ئیسلامیی (شه‌ریعه‌ت) له‌و ده‌ستوره‌دا، ته‌نانه‌ت دواکه‌وتوتر ده‌بێت له یاساکانی سیستمی دیکتاتوریی به‌عس.
هه‌روه‌ها له‌وێدا وه‌ك رێکخستنی ئابوریی، (بازاڕی ئازادی ئابوریی) واته کاپیتالیزمێکی دڕنده جێگیرکراوه؛ ئه‌وه‌ش له سه‌رده‌مێکدایه که کاپیتالیزم له جیهاندا به قوڵترین ته‌نگژه‌دا تێده‌په‌ڕێت... دیاره بۆ نمونه له یاسای بنه‌ڕه‌تیی (ده‌ستور)ی ئه‌ڵمانیادا فۆرمی ئابوریی جێگیر نه‌کراوه؛ که‌واته وه‌ك تیۆریی، ده‌ستوری ئه‌ڵمانیا رێگه‌ی له سیستمێکی ئابوریی سۆسیالیستییش نه‌گرتوه. به‌ڵام هه‌وڵ ده‌درێت له ده‌ستوری یه‌کێتی ئه‌وروپادا، سیستمی بازاڕی ئازادی ئابوریی جێگیر بکرێت؛ ئه‌وه یه‌کێك بو له‌و هۆکارانه‌ی له زۆر وڵاتی نێو یه‌کێتی ئه‌وروپا ئه‌و ده‌ستوره ره‌تبکرێته‌وه.
* جارێکیان (ئۆسکار لافۆنتاین) گوتی: (دێمۆکراسیی ته‌نها پرۆسه‌یه‌کی فهرمییو روکه‌ش نییه؛ زۆرکه‌س بڕوای وایه، ئه‌وه دێمۆکراسییه، گه‌ر مرۆڤ بتوانێت به‌به‌رده‌وامیی روبکاته کۆجهی ده‌نگدان... پێناسه کلاسیکییه‌که‌ی دێمۆکراسیی له ده‌ره‌نجامه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت؛ ئێمه ته‌نها ئه‌و کاته رێکخستنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به دێمۆکراسییانه ناو ده‌به‌ین، کاتێك بڕیاره‌کان به شێوازێك بن، خواستی زۆرینه‌ی گه‌ل له بڕیاره‌کاندا به هه‌ند وه‌رگیرابێت)... ئایا ئه‌و (رامیار)هی دێمۆکراسییانه هه‌ڵبژێرراوه، تا چ ئاستێك بۆی هه‌یه، له بڕیارداندا زێده‌ڕۆیی بکات؟
د. براونس: له سیستمه بۆرژوا-پارله‌مانییه‌کاندا، ئه‌رکی ئه‌ستۆی پارله‌مانتاران ته‌نها به ویژدانی خۆیان سپێرراوه؛ من لێره‌دا ئه‌وه به هه‌ڵه ده‌زانم؛ راستوایه ئه‌رکه‌کانی ئه‌ستۆی پارله‌مانتار ببه‌سترێن به خواسته‌کانی ده‌نگده‌ره‌وه... بۆ نمونه له ئه‌ڵمانیا، دوله‌سه‌رسێی ده‌نگده‌ران، دیاریکردنی ئاستی لانیکه‌می موچه بۆ ده‌سته‌به‌ریی ژیان؛ یاخود کشانه‌وه‌ی سوپای ئاڵمانیایان له ئه‌فگانستان به باش ده‌زانی؛ به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و پرسانه، به‌رده‌وام دوله‌سه‌رسێی پارله‌مانتاران دژی خواستی ده‌نگده‌رانیان ده‌نگ ده‌ده‌ن. له‌راستییدا، چیدی ئه‌وه سه‌روکاری له‌گه‌ڵ دێمۆکراسییدا نییه... له‌و دیدگه‌یه‌وه من هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ سیستمێکی دێمۆکراسیی بنهماییم، واته نوێنه‌ره‌کان له رێگه‌ی پابه‌ندییه‌وه له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌راندا به‌رپرسیاربن. پێویسته میکانیزمگهلێك هه‌بن، تا ده‌نگده‌ران بتوانن هه‌رکات هه‌ستیان کرد وه‌ك پێویست نوێنه‌رایه‌تی ناکرێن، پارله‌مانتاران بکێشنه‌وه؛ نه‌ك ته‌نها چه‌ندساڵ جارێك له هه‌ڵبژاردنێکی نوێ‌دا ئه‌و کاره بکرێت.
راستیش نییه، نوێنه‌رایه‌تییه‌ك کار بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی پارله‌مانتاره‌کانی بکات... راست نییه، پارله‌مانتارێك، موچه‌که‌ی له تێکڕای موچه‌ی کارگوزارانی پسپۆڕ له‌هه‌ر بوارێکی دی‌دا زیاتر بێت؛ ئه‌وه نابێت وابێت، هه‌تا له روی کۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه، ئاستی بژێویی پارله‌مانتاران، زۆر له تێکڕای ئاستی بژێویی ده‌نگده‌رانیان دورنه‌که‌وێته‌وه... پارله‌مانتارێك که (8000 یورۆ) موچه‌ی مانگانه وه‌رده‌گرێت، ناتوانێت هه‌ست بکات، که بێکارێك یاخود دایکێکی ته‌نها، چۆن به چه‌ندسه‌د یورۆیهكی هاریکاریی ده‌وڵه‌ت ژیان ده‌گوزه‌رێنێت.
له هه‌مان کاتدا، پێویسته ئامڕازگه‌لی دێمۆکراسیی راسته‌وخۆ له نمونه‌ی (رێفێراندوم) بۆ به‌شداریی گه‌ل له پرس‌و خواستی پێشهاته رامیارییه‌کان وه‌گه‌ڕ بخرێن. جگه‌له‌وه‌ش پێویسته خۆبه‌ڕێوه‌بردنی خۆجێیی شارهکانو یه‌که کارگێڕییه‌کان له به‌رانبه‌ر ناوه‌ندێتی میریی به‌هێز بکرێن.
* تا چ راده‌یه‌ك بونی رکابه‌ری ئازادی سه‌ربه‌خۆ له‌نێو پارله‌مانی دێمۆکراسیی وڵاتێک‌دا گرنگه؟ ئه‌و پارله‌مانه چۆن پارلهمانێکه، که تێیدا ئۆپۆزیسیۆنێکی راسته‌قینه ئاماده‌یی نییه؟
د. براونس: ده‌بێت هه‌میشه ئۆپۆزیسیۆنێك به‌رانبه‌ر هه‌نگاوه رامیارییه‌کانی میریی، ئالتێرناتیڤ دیاریی بکات. ده‌بێت به ئاشکرا ره‌خنه له میریی بگرێت‌و توانای کۆنترۆلکردنی میریی هه‌بێت... پارله‌مان به‌بێ ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه، شێوهپارلهمانێکه که ته‌نها وه‌ك تیمێکی سه‌رله‌قاندن په‌نجه بۆ بڕیاره‌کانی میریی هه‌ڵده‌بڕێت... بۆئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنێك به راستیی بتوانێت سه‌ربه‌خۆ بێت، ده‌بێت وه‌ك دارایی‌و بونیادیش له پارته‌کانی دهسهڵاتو ده‌زگای ده‌وڵه‌تیش سه‌ربه‌خۆ بێت.
* به بڕوای ئێوه، بۆ گه‌لێك (بۆ نمونه گه‌لی کوردستان)، که ده‌یان ساڵ چه‌وسابێته‌وه، وا باشتره، ده‌سه‌ڵاتێکی نادێمۆکراسی به‌هێزی هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی چه‌نده‌ی ده‌کرێت یهکێتیو دیسیپلینی خورتی رامیاریی به‌رقه‌رار بێت؛ یاخود فرهڕهنگییو پلورالیی، هه‌تا بیر‌و دیتانه جیاوازه‌کان ئازادانه نوێنه‌رایه‌تی بکرێن؟
د. براونس: دانیشتوانی کوردستان، له چینی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆر‌و گروپی ئیتنی‌و ئایینیی جیاواز جیاواز پێك دێن. هه‌مو ئه‌و چین‌و توێژ‌و گروپانه، بایهخو خواستی جیاواز‌و جارجاریش هاودژیان هه‌یه... میرییه‌کی به‌ده‌سه‌ڵاتی نادێمۆکراس، ناتوانێت یه‌کێتی له‌نێو ئه‌و گروپانه‌دا به‌رقه‌رار بکات. به‌ڵکو ته‌نها پایه‌ی به‌رزتری چینێك، توێژێك، گروپێك، به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا ده‌سه‌پێنێت. له‌و ره‌وشه‌دا خواسته‌کانی دهوڵهمهندهکانو به‌هێزه‌کان له به‌رانبه‌ر کارگهرانو که‌مینه ئیتنییه‌کان بایه‌خیان پێده‌درێن... ناڕه‌زاییه ناوه‌کییه‌کان له‌ژێر جبه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌دا وه‌ك خۆیان ده‌چه‌پێنرێن؛ تا له دواییدا له شێوه‌ی ته‌قینه‌وه‌دا رێگه بۆ خۆیان ده‌که‌نه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و ره‌وشه‌مان له ئێران بینی.
به‌ڵام گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، گه‌نگه‌شه‌ی ئاشکراو راشکاو ئازاد سه‌باره‌ت به پرۆگرام‌و ئامانجه رامیارییه‌کان له گۆڕێ‌دا بن، زۆرینه ده‌توانن به‌پێی بنه‌مای رێکه‌وتن، ئامانجی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه. ئه‌و جۆره زۆرایهتییانه هه‌میشه په‌یوه‌ستن به بڕواهێنانو هه‌ماهه‌نگییه‌وه، نه‌ك چه‌پاندن‌و زۆرکاریی.
کوردستانێکی ئازاد، ته‌نها به ده‌ستاوێژه‌کانی خۆڕێکخستنی دێمۆکراسییانه، برایه‌تی گه‌لانی کوردستان، هه‌روه‌ها کۆنترۆلی هاوبه‌ش به‌سه‌ر سامانی مێزۆپۆتامیا دروست ده‌بێت؛ نه‌ك له رێگه‌ی هاوکاریی له‌گه‌ڵ هێزه کۆلۆنیالیسته‌کان، تاڵانفرۆشیی سامانی خاك، ئابوریی خزمخزمێنهو کۆتوبه‌ندی پۆلیسیی دژی ئه‌وانه‌ی جوداتر بیر ده‌که‌نه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌پێنه‌ر له کوردستان، ته‌نها بونیاده فۆیدالیو ئایینییه کۆنه‌په‌رسته‌کان ناچه‌سپێنێت؛ به‌ڵکو هاریکاریی مانه‌وه‌ی فۆرمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداریی نادێمۆکراسو نهتهوهییو سهربازییو ئایینیی له به‌شه‌کانی تری رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌کات.
ئه‌و دیارده‌یه، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، که تاڵهبانیو بارزانی له‌گه‌ڵ تورکیا‌و وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مێریکا دژی (پکك) ئه‌نجامیان دا. له‌و رێگه‌یه‌وه رامیاریی دژه‌کوردی میرییو سوپای تورك دژی بزوتنه‌وه‌ی دێمۆکراسیی باکوری کوردستان پشتیوانیی ده‌کرێت. به‌و شێوازه، هه‌مدیس (کورد) بۆ خواست‌و به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه گه‌وره‌و پچوکه کۆلۆنیالیستهکانو هاریکارهکانیان له فۆیدالو سهرهکخێڵهکانی کورد به گژ (کورد)دا ده‌کرێته‌وه.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه، کوردستانێکی دێمۆکراس؛ جا وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ بێت یان سه‌ر به یه‌که‌یه‌کی فێدێرال، ده‌بێته نمونه‌یه‌کی رۆناك بۆ گه‌لانی دی ده‌ڤه‌ره‌که. تا رژێمه چهپێنهرو دێسپۆتییهکانیان بههژێننو چاره‌نوسیان بکه‌وێته ده‌ستی خۆیان... به‌و شێوازه کورد که به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌ش کراوه، ده‌بێته پردهڕێی بهدێمۆکراسییکردن له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین.
* ساڵانێکی زۆره رۆشنبیران‌و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ داوای ریفۆرم‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی ده‌که‌ن؛ هه‌ردو پارت (ینك و پدك) له سه‌روبه‌ندی دوه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستاندا گوتیان، گۆڕان پێویسته‌و به‌ڵێنی چاکسازییان دا؛ به‌ڵام ئه‌و گڕوفرانه هیچ راست ده‌رنه‌چون. ئایا، پاش ئه‌و هه‌مو ئه‌زمونه تاڵه‌ی کارکردی ئه‌وان، مرۆڤ ده‌توانێت متمانه به به‌ڵێنه‌کانیان بکات؟
د. براونس: (پدك و ینك) وێنای تێکه‌ڵه‌یه‌ك ده‌که‌ن، له هاوپه‌یوه‌ستیی خێڵ (کۆنفیدێراسیۆنی خێڵ)و ده‌زگای رێکخراوه‌یی داروده‌سته-فۆرم (کلاینتیلیزم)؛ که هه‌رێمه‌که‌یان به سیستمێکی خاوه‌نداریی دارایی داپۆشیوه... ئامانجی ئه‌و پارتانه زه‌نگینکردنی خودی سهرکردهکانیانو تا راده‌یه‌ك بایه‌خدانه، به ئه‌ندامه‌کانیان... له‌وێدا پرۆگرامی رامیاریی‌و تێڕوانین‌و خواستی رامیاریی به هیچ کلۆجێك واتایان نییه.
به‌ڵام ته‌نانه‌ت گه‌ر (پدك و ینك) گۆڕانیشیان بوێت ناتوانن ریالیزه‌ی بکه‌ن... ئه‌و ره‌وشه ته‌نها تاوانی ئه‌و پارتانه‌و سه‌رکرده‌کانیان نییه؛ به‌ڵکو په‌یوه‌ستیشه به بارودۆخی کوردستان به‌گشتیی، وه‌ك یه‌کێك له‌و وڵاتانه‌ی به (ده‌وڵه‌تی خانه‌نشینکراوان) ناوده‌برێن. مه‌به‌ست له‌وه‌یه، له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا، به‌شێکی زۆر گه‌وره‌ی داهاتی وڵات، له سه‌رچاوه‌ی تا راده‌یه‌ك نابه‌رهه‌مهێن، چالاکییو کاری پشتبه‌ستو به کاڵای هاورده پێك دێت... هه‌رچه‌نده ئه‌وانه دراوی بیانیی دێننه وڵاته‌وه، به‌ڵام شتێکی ئه‌وتۆی زێده‌به‌ها په‌یدا ناکه‌ن.
به‌رزه‌فتی موچه‌و موچه‌ی خانه‌نشینیی، خه‌وشی گه‌شه‌ی ئابوریی، هاوردنی خۆراك‌و کاڵای به‌کارهێنان له ده‌ره‌وه، بونه‌ته سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی گروپه ده‌سه‌ڵاتداره رێکخراوه‌کانی (پدك و ینك) وه‌ك چینی ده‌وڵه‌تیی... هه‌روه‌ها له رێگه‌ی دابه‌شکردنی به‌شێکی ئه‌و داهاتانه به‌سه‌ر تۆڕه‌کانی دارودهستهیاندا، هێزی ده‌سه‌ڵاتدارییان ده‌هێڵنه‌وه.
بایه‌خدان به بونیادنان‌و گه‌شه‌کردنی ئابوریی کشتوکاڵییو به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیی، که بۆ وڵات توانای خۆبه‌خێوکردن (ئاوتارکیی) دابین بکه‌ن، لای ئه‌و جۆره گروپانه هه‌ژی بایه‌خپێدان نییه.
ئه‌و ره‌وشه زیاتریش ماڵوێرانکه‌ره، کاتێك به‌شی گه‌وره‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، له هه‌ناردنی که‌ره‌سه‌ی خاو له خودی هه‌رێمه‌وه پێك نایه‌ت؛ به‌ڵکو به‌شێکه له به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم که له (به‌غدا) وه‌ریده‌گرێت.
که‌واته هه‌رێمی کوردستان، لانیکه‌م تا ئه‌و کاته‌ی پرسی که‌رکوك به چاره‌سه‌رنه‌کراوی بمێنێته‌وه، هه‌ر به‌ته‌نها (وڵاتی خانه‌نشینکراوانی ناسه‌ربه‌خۆ) نییه، به‌ڵکو خراپتریشه... هه‌تا ئه‌و بارودۆخه له رێگه‌ی (بۆ نمونه) بونیادنانی خۆیه‌کیی، ئابوریی کشتوکاڵییو به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیی نیشتیمانی چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، ناتوانرێت سه‌رکه‌وتوانه‌ش شه‌ڕی گه‌نده‌ڵیی بکرێت.
گه‌ر (لیستی گۆڕان) سه‌ربکه‌وێت، روبه‌ڕوی هه‌مان ململانێ ده‌بێته‌وه؛ گه‌ر توانای ئه‌و ململانێیه‌ی نه‌بێت، مه‌ترسیی هه‌یه سه‌ره‌ڕای هه‌مو مهرامو په‌یامه باشه‌کانیشی ببێته به‌شێك له‌و سیستمه‌ی که ئێستا خۆی دڵسۆزانه ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت.
* هه‌ردو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌رێمی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی فهرمانکردنیان به‌سه‌ر دامودهزگهکانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه. دێمۆکراسیی له‌و ره‌وشه‌دا چۆن ده‌توانێت رێگه‌ی خۆی بکاته‌وه، له کاتێکدا دو پارته‌که ده‌سه‌ڵاته‌کانی میریی وه‌ها به‌د به‌کاردێنن؟
د. براونس: ئه‌وه‌ی که پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ده‌زگه‌کانی هه‌واڵگریی، راسته‌وخۆ به دو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌وه به‌ستراون، چه‌ند ئاسته‌نگێکی به‌رقه‌رار کردوه؛ له‌لایه‌ك، زۆرجار رویداوه، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ئاسایش، که راست وایه، به فهرمیو به کارکرد له‌ژێر فه‌رمانی میرییدا بن، بۆ خزمه‌تی مه‌رامی پارته‌کان خراونه‌ته گه‌ڕ... له‌بری ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، هێزێکی چه‌کداری نیشتیمانیی بێت بۆ کوردستان؛ هێشتا سوپای پارته‌کانه؛ که به شێوازی نادێمۆکراسییانه بۆ چه‌پاندنی رکابهرانیش له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆندا ده‌خرێته گه‌ڕ. ئه‌وه پێش هه‌ڵبژاردنی پێشوش هه‌ر رویدا، کاتێك نوێنه‌رانی پارته ئیسلامییه‌کان به‌ر په‌لاماری هێزه‌کانی ئاسایش که‌وتن. هه‌روه‌ها ئێستاش که ئه‌و هێزانه به هه‌مان شێواز له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی (په‌چه‌ده‌که) ده‌جوڵێنه‌وه.
به‌ڵام سوپای پارته‌کان ته‌نها مه‌ترسی جه‌سته‌یی نین بۆ گیانی ئۆپۆزیسیۆن؛ به‌ڵکو له سۆنگه‌ی وابه‌سته‌یی بژێوییانه‌وه به (پدك و ینك)، نه پێشمه‌رگه‌و نه کارمه‌ندانی تری پۆلیس‌و ئاسایشیش ناتوانن ئازادانه ده‌نگ بده‌ن.
ئاشکراشه، (پدك و ینك) به هه‌ڕه‌شه‌ی دهرکردنو موچه‌بڕین خه‌ڵکیان ترساندوه تا ده‌نگ به (لیستی کوردستانی) بده‌ن.
گه‌ر هاتو پاشان لیسته‌کانی ئۆپۆزیسیۆن، بۆ نمونه (لیستی گۆڕان)، بتوانن کاریگه‌ریی له‌سه‌ر میریی داهاتوی هه‌رێم دابنێن. پێویسته یه‌که‌مجار هێزه‌کانی ئاسایش‌و چه‌کدار له هه‌ژمونی پارته‌کان قوتار بکهنو له‌و بودجه‌یه‌ی میریی که هیواخوازین تراسپارێنز (شه‌فاف) بێت موچه‌یان پێبدرێت... ئه‌وه ده‌بێته یه‌که‌م هه‌نگاوی پێویست، له پێناوی گۆڕینی سوپا‌و چه‌کداری پارته‌کان بۆ هێزگه‌لی نیشتیمانیی.
کێشه‌یه‌کی تریش که ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسه ئابوریی رامیارییه‌ی، من به (ده‌وڵه‌تی خانه‌نشینکراوان) بۆ کوردستان ناوم برد؛ ته‌نها کاتێك ئابورییه‌کی به‌رهه‌مهێن گه‌شه ده‌کات، ده‌توانرێت له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی دامودهزگهکانی ئاسایش هه‌لی کار بڕه‌خسێت. ته‌نها له‌وێوه ده‌توانرێت ناچاریی سه‌دان هه‌زار مرۆڤ به کارکردن له چوارچێوه‌ی دامودهزگهکانی ئاسایش‌و چه‌کدارییدا که‌مبکرێته‌وه... ئه‌و کاته ده‌توانرێت زۆرینه‌ی پێشمه‌رگه، وه‌ك کارگه‌ر له‌نێو پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری‌دا جێگه‌یان بکرێته‌وه... ئه‌و کاته ده‌ستاوێژی به‌رگریی له کوردستان، له چه‌کدارکردنی گشتیی دانیشتوانه‌وه، ده‌گۆڕرێت بۆ سیستمێکی سه‌ربازیی گشتیی‌و ته‌نها کۆمه‌ڵێك کادری پسپۆڕی سه‌ربازیی ده‌مێننه‌وه بۆ مه‌به‌ستی ستراتیژیی‌و پێگه‌یاندن.
* چۆن به‌های نێرراوه‌کانی چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردن به‌گشتیی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئایا ئه‌وانیش ئامڕازێکن بۆ پێشخستنی دێمۆکراسیی؟
د. براونس: گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له هه‌ڵبژاردنێکدا به‌شدارن، خواز (ئیراده)ی بنهڕهتیو پێویستیان هه‌بێت، که رێگه بده‌ن، هه‌ڵبژاردن ئازادانه‌و به‌ویژدانانه به‌ڕێوه بچێت؛ چاودێرییه‌کانی هه‌ڵبژاردن، ده‌توانن هاریکاربن له‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی پێش-دێمۆکراسیی که هێشتا ماون، بخرێنه رو؛ گه‌ر پێویستی کرد (هاریکار)ی له‌ناوبردنیشیان بن.
به‌ڵام گه‌ر هاتو، بکه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌ڵبژاردن، وه‌ك ئه‌و پارتانه‌ی تا ئێستا میرییان له ده‌ستدا بوه، چه‌ند لایه‌نێکی تری سه‌ر به ئامێری ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها سوپا یاخود بونیاده‌کانی فۆیدالو خێڵ، پرۆسه‌یه‌کی دێمۆکراسیی ره‌ت بکه‌نه‌وه؛ چاودێره‌کانی هه‌ڵبژاردن ته‌نها ده‌توانن، چاودێریی بکهنو پاشان راپۆرت ده‌رباره‌ی بده‌ن... گه‌ر هێزێکی نێوده‌وڵه‌تی له شێوه‌ی (UN) یاخود (OSZE/ واته، رێکخراوی ئاسایش‌و هاریکاریی ئه‌وروپا/ و) له پشتی چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌وه بن، به دڵنیایی ده‌توانن فشاریش له‌سه‌ر بازنه‌کانی ده‌سه‌ڵات دابنێن.
* له کام روه‌وه، چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌توانن، هاریکار بن له پرۆسه‌ی بهدێمۆکراسیکردندا؟
چاودێریی هه‌ڵبژاردن بۆی هه‌یه ببێته پاڵپشتی ده‌رونیی بۆ ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکراسیی. ده‌مه‌وێت ئه‌و ره‌وشه له ئه‌زمونێکی خودی خۆمه‌وه، که مانگی ئازاری ئه‌مساڵ، وه‌ك چاودێری هه‌ڵبژاردن له باکوری کوردستان ئاماده‌بوم وێنا بکه‌م... له وهڤدهکهماندا بۆ ئه‌وێ، له ژنهپارێزهرێك، به‌رپرسانی جڤاتێکی یه‌زیدیی-کوردیی له (سێڵه/ شارۆچکه‌یه‌که له ئه‌ڵمانیا/ و)، ئاکتیڤیستێکی رێکخراوی ژینگه‌پارێز (هاوڕێیانی سروشت)، هه‌روه‌ها من وه‌ك رۆژنامهنوسو هاوکاری پارله‌مانتارێکی (بوندستاگ/ پارله‌مانی ئه‌ڵمانیا) پێکهاتبوین... ئێمه به فه‌رمیی هیچ مافێکمان نه‌بو؛ چونکه نه نێرراوی فه‌رمیی ده‌زگه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تیی ئه‌وروپا بوین، نه ده‌وڵه‌تی تورك بانگێشتی کردبوین... به‌ڵام پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆکراسیی (ده‌ته‌په)، توانی ئه‌وه نیشانی ده‌نگده‌رانی بدات، که بزوتنه‌وه ئاشتیخوازه‌کانی ئه‌وروپا، کورده‌کان به‌ته‌نها جێ ناهێڵن... ئه‌و دیارده‌یه، سه‌ره‌ڕای کاره تۆقێنه‌ره‌کانی سوپا‌و پۆلیس‌و جاش‌و خاوه‌ن زه‌وییه مه‌زنه‌کانیش، بوه مایه‌ی هاندانی ده‌نگده‌ران... له‌به‌رئه‌وه‌ی له جێگه‌ی روداوه‌کان ئاماده‌بوین، توانیمان به هاریکاریی ئاکتیڤیستانی (ده‌ته‌په)، هه‌وڵه‌کانی ناپاکییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردن، له شاری (پاتنۆس/ به کوردیی پانۆس/ و)ی سه‌ر به ده‌ڤه‌ری (ئاگری) پوچه‌ڵ بکه‌ینه‌وه. سوپا هه‌وڵی دا له کاتی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگداندا گزیی بکات؛ به‌ڵام ئیمه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان کرد، که ئه‌و هه‌واڵه به ئه‌ورپادا بڵاوده‌که‌ینه‌وه. ئێمه له به‌رده‌می ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردندا له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی (ده‌ته‌په) چاوهنواڕیمان ده‌کرد. سه‌ربازه‌کانیش متمانه‌یان به خۆیان نه‌کرد، وه‌ك شاره‌کانی دی خه‌ڵك به‌زۆر ده‌ربکه‌ن. ناچار کۆڵ‌یان دا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی (ده‌ته‌په) به براوه راگه‌یه‌نرا... له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشودا، هه‌میشه پاش ساخته‌کارییه‌کی زۆر، کاندیده‌کانی خاوه‌ن زه‌وییه گه‌وره‌کانو ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ڵبژاردنیان ده‌برده‌وه. ئێستا توانرا له رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی چاودێرانی ده‌ره‌وه‌و ئاکتیڤیستانی (ده‌ته‌په) بۆ یه‌که‌مجار خواستی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران بچێته پێش... به‌داخه‌وه نمونه‌ی دی هه‌بون، که سه‌ربازان توانیبویان رێگریی بکه‌ن، له چونه ناوه‌وه‌ی چاودێرانی هه‌ڵبژاردن بۆ بنکه‌کانی ده‌نگدان. له‌و جێگه‌یانه‌دا، به‌زۆریی کاندیده‌کانی پارته تورکییه ئیسلامییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات (ئاکه‌په) بردیانه‌وه... هه‌مو ناڕه‌زاییه‌کان دژی ناپاکییو گزیی پشتگوێ خران.
تێبینی: د. براونس سه‌ر به به‌ره‌ی چهپهکانهو له روانگه‌یه‌کی سۆسیالیستییه‌وه ره‌وشه‌کان شرۆڤه ده‌کات. به‌ڵام لێره‌دا به‌بڕوام بیروڕای ئه‌و وه‌ك شاره‌زاو چاودێرێك، سه‌باره‌ت به نادادپه‌روه‌رییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان‌و هه‌ژمونی دو زلپارتهکهو به گشتییش دڵسۆزی ئه‌و بۆ دۆزی کورد زیاتر گرنگن (وه‌رگێڕ).