دیمانه به‌رهه‌م عومه‌ر
رێبوار حه‌سه‌ن وه‌كو چاودێرێكی نێودهوڵهتیو نوێنه‌ری رێكخراوی فره‌كه‌لتوری سویدی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25/7)ی كرد‌و ده‌ڵێت: "له‌زۆربه‌ی بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردندا له‌هه‌ولێر، ژورێك هه‌بو كه‌به‌رپرسی حزبی‌و رێكخراوه‌یی تێدابو، خه‌ڵك هاتوچۆی ده‌كرد، له‌كاتێكدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌بو".
*بۆچی چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پاش هه‌ڵبژاردنه پهرلهمانیو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی كوردستان هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان به یه‌كگرتویی رانه‌گه‌یاند؟
رێبوار حه‌سه‌ن: ئێمه فریا نه‌كه‌وتین له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا راپۆرته‌كانمان یه‌كبخه‌ین، له‌به‌ر كه‌می كات، بۆیه بڕیارمانداوه كه هه‌ركه‌سێك راپۆرتی خۆی بنوسێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر یه‌كتر دروست نه‌كه‌ین.
چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن هه‌مو پرۆسه‌كه ده‌گرێته‌وه، له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه تا رۆژی دهنگدانو شێوازی جیاكردنه‌وه‌ی دهنگهكانو تا راگهیاندنو پێداچونه‌وه‌ی سكاڵاكانیش پێویستیان به چاودێریی هه‌یه.
من له رێگه‌ی (رێكخراوی فرهكلتوری)یه‌وه له (9/7)دا گه‌یشتمه كوردستان، له سویده‌وه وه‌كو چاودێرێك هاتبوم، پێوه‌ری كاری چاودێریش ئه‌وه‌یه كه بتوانێت ئه‌و به‌ربه‌ستانه دیاری بكات كه ده‌بنه رێگر له‌به‌رده‌م ده‌نگدانی ئازادهنهی خه‌ڵكدا، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و لیسته ده‌ستنیشان بكه‌ن كه ویستراوی خۆیانه.
*ئه‌و چاودێرانه‌ی له بنكه‌كانی ده‌نگداندا بینیتن تا چه‌ندێك به‌وپێوه‌ره‌ی ئێوه كاریانده‌كرد؟
رێبوار حه‌سه‌ن: له‌و بنكانه‌دا كه منی لێبوم، چاودێره ناوخۆییه‌كان، دیاربو كه پێیانوترابو بۆیان نه‌بو له‌شوێنی خۆیان بجوڵێن‌و بوبون به ته‌ماشاكه‌رێكی دورو پاسیڤ‌و ناچالاك، هیچ پرۆسه‌ی ده‌نگدانمان نه‌ده‌بینی، نه‌مانده‌زانی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه ده‌ڕواننه ناسنامه‌ی باری كه‌سێتی یان چ جۆره پێناسێكی دیكه، چونكه گرنگه چاو‌دێر رۆڵی بێلایه‌ن ببینێت‌و ببینێت كه ده‌نگده‌ریش به ئازادانه ده‌نگ ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات به ده‌ست دو حیزبه‌وه‌یه، كه‌موكوڕیی زۆربو له چۆنێتیی ئاماده‌سازی بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش تۆمه‌تێكه ده‌كرێت بخرێته ئه‌ستۆی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن، به‌و پێیه‌ی له ساڵی (2003)وه تا ئێستا كه چه‌ند ئه‌زمونێكی هه‌ڵبژاردن هه‌بوه له كوردستان، ده‌توانرا ئاماده‌باشییه‌كی چاك بۆ چۆنێتیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كه سازبكرایه، به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌مو پارته سیاسییهكانو سه‌رجه‌م حیزبه‌كان.
*چۆن ئه‌و خروقاتانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن كه له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ئه‌نجامدران؟
رێبوار حه‌سه‌ن: له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا گرنگه مونازه‌ره‌ی سیاسی ئه‌نجام بدرێت (لێره ئه‌وه‌م له‌نێوان كاندید‌و لیسته‌كاندا به‌دی نه‌كرد)، دوجار كاندید بوم بۆ په‌رله‌مانی سوید‌و جارێكیش بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، ئه‌وه سێجاره ههڵبژێرراومو بۆ ماوه‌ی (13)ساڵه ئه‌ندامی شاره‌وانیی ستۆكهۆڵمم، ئه‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه‌ی من دیومه زۆر جیاوازه له‌وه‌ی كه له كوردستان بینیم، حه‌زمده‌كرد وه‌كو ئه‌و شێوه‌یه پێشكه‌وتو بوایه، به‌ڵام به فۆڕمێكی كوردی..
هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بون، زۆربه‌ی میدیای ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن دو حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌كارده‌هێنران بۆ خزمه‌تی دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، جگه له‌وه‌ی كه پاره‌و چهكو مه‌نجه‌ڵی تیڤاڵو ماكسی.. دابه‌شده‌كرا به‌سه‌ر خهڵكداو ده‌نگیان پێدهكڕییهوه، ئه‌وه‌ش له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ساختهكارییهو رێگه‌پێدراو نییه، واته تۆ خه‌ڵك ده‌خه‌ڵه‌تێنیت به پاره‌و دیاری بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگت بۆ بدات، ئه‌وه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های ده‌نگی تاكی كوردییه، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دیكه‌ش هه‌یه، وه‌كو به‌كارهێنانی فشاری دهرونیو هه‌ڕه‌شه...
*سه‌دان ده‌نگده‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگیان نه‌ده‌دا بۆ دوحیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، نانبڕاوكرانو له كاره‌كانی خۆیان ده‌ركران، ئه‌وه تا چه‌ند رێگه‌پێدراوه له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا؟
رێبوار حه‌سه‌ن: ئه‌م ستایله‌م له رژێمه تۆتالیتارییه‌كاندا بینیوه كه به هه‌ڕه‌شه ده‌نگ په‌یدا بكرێت، چونكه ئه‌وه 100% پێچه‌وانه‌ی به‌ها دیموكراسییه‌كانه، له وڵاتانی كۆنی كۆمۆنیزم‌و مۆسۆلینیو نازیدا په‌یڕه‌وكراوه.
*كه‌واته ده‌توانرێت بوترێت، هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له كوردستان ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه تیایدا ده‌نگده‌ر ناچار ده‌كرێت نه‌ك ئازادی له‌به‌رده‌میدا فه‌راهه‌م بكرێت؟
رێبوار حه‌سه‌ن: لێره‌دا وه‌كو چاودێرێكی سیاسیی ئه‌وروپی وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه، نه‌ك وه‌ك چاودێرێكی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، له كوردستاندا (ی. ن. ك) زۆربه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆشی له رێگه‌یه‌كی دیموكراسییانهوه نه‌كردوه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و وێنه‌یه‌ش كه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی‌و بۆ خه‌ڵكیشی ده‌گوێزێته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دیموكراسی نابێت.
*پێشنیازت چییه بۆئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا، چاودێره ناوخۆیی‌و نێوده‌ڵه‌تییه‌كان به‌پێی یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، زیاتر چالاك‌و كاریگهربنو رێگه بگرن له خروقات؟
رێبوار حه‌سه‌ن: ده‌بێت یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، هه‌ڵبژاردن دور بگرێت له ده‌ستێوه‌ردانی پارته سیاسییه‌كانی كوردستان، چونكه به‌و حاڵه‌ی ئێستاوه پارت‌و قه‌واره‌كان ده‌توانن ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن له شێوازی دهنگدانو كاریگه‌ریی خراپ دروستبكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌وه‌ی ئێستا له سودی حیزبی دهسهڵاتداریشدایه.
ده‌بێت خه‌ڵكانی سه‌ربه‌خۆی كارا بچنه ناو كۆمسیۆنی باڵاوه‌و سه‌رپه‌رشی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، بۆ نمونه له سوید ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن بچنه ئه‌و كۆمسیۆنه‌وه كه سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردن دهكهنو سهلماندبێتیان ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌ی دیموكراسی له سویددا به‌ره‌وپێشه‌وه بهرنو كار بۆ مافی مرۆڤ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دو بنه‌مای گشتیی كاركردنه له‌و كۆمسیۆنه‌دا.
هه‌روه‌ها كۆمسیۆن پێشتر ده‌بێت كارمهندو چاودێره‌كانی خۆی باش رابهێنێتو خولی تایبه‌تی كاریگه‌ریان بۆ بكاته‌وه به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ن به دهستێوهردانو خروقات.
ده‌بێت كۆمسیۆن دڵنیابێت كه فه‌رمانبه‌ره‌كانی سه‌ر به حیزبه‌كان نه‌بن، به‌تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئیشی ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ده‌نگده‌ره، چونكه خۆم به ده‌ستی خۆم دهنگدهرم گرتوه له هه‌ولێر ده‌نگی داوه‌و ناوه‌كه‌شی هه‌مان ئه‌و ناوه نه‌بوه كه ده‌بوایه ده‌نگی بدایه.
ده‌بێت رێگه‌نه‌درێت به‌چه‌كه‌وه خه‌ڵك بچێته نزیك یان ناو بنكه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، چونكه من به چاوی خۆم بینیم كه به‌رپرسه‌كان بهخۆیانو پاسه‌وانه‌كانیانه‌وه چۆن به چه‌كه‌وه ده‌چونه ژهورهوه، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌مبینی كه له هه‌ولێر له هه‌ندێك له بنكه‌كانی ده‌نگداندا، ژورێكی تایبه‌ت هه‌بو خه‌ڵك هاتوچۆی ده‌كرد، دواتر بۆمده‌ركه‌وت كه له‌و ژوره‌دا به‌رپرسی حیزبی داده‌نیشن، خه‌ڵك به‌تایبه‌ت ده‌چون بۆلایان.
* پرسیارتكرد كه ئه‌و ژورانه چین وا به‌و شێوه‌یه خه‌ڵك هاتوچۆیان ده‌كات له بنكه‌كانی ده‌نگداندا؟
رێبوار حه‌سه‌ن: هه‌ندێكیان به‌رپرسیاری حیزبی‌و رێكخراوه‌یی بون‌و سه‌ر به كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن نه‌بون، بۆ هاوكاری كۆمسیۆن یان خستنه‌ڕوی به‌ڵگه‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی بڵاومكردوهتهوه، ئاماده‌م مونازه‌ره بكه‌م له كه‌ناڵه حیزبی‌و حكومییهكانداو هه‌مو قسه‌كانم به به‌ڵگه‌وه بخه‌مه‌ڕو.
پرۆفایل
رێبوار حه‌سه‌ن
له گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی سلێمانی له‌دایكبوه.
ده‌رچوی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینه له كوردستان.
ماجستێری له بواری پاراستنی ژینگه‌و ته‌ندروستیدا هه‌یه.
قوتابی دكتۆرابوه له مۆسكۆ، له بواری پشكنینی نه‌وتدا.
(11)ساڵه ئه‌ندامی شاره‌وانیی شاری ستۆكهۆڵمه.
ساڵی(2008) چاودێری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی روسیا بوه.