سازدانی: پشتیوان سه‌عدوڵڵا
رزگار عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پێیوایه؛ ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ناتوانێت رۆڵی فیعلی ببینێت له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كێشه‌ی كه‌ركوك بۆ ئه‌مریكا كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره نییه‌و هاتنه‌سه‌ر خه‌تی ئه‌مریكا له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا روداوێك نییه تا هه‌مو هیواو ئاواته‌كانی له‌سه‌ر بنیاتبنرێت.
رزگار عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هاوكات، كه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیشه له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌دا ده‌ڵێت:
بارودۆخی سیاسیی عێراق هۆكاربوه بۆ ئه‌وه‌ی، كه تائێستا ماده‌ی (140) جێبه‌جێنه‌كراوه، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق رێگره له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌دا. گه‌یشتنه رێكه‌وتنی هه‌رسێ لایه‌نی كورد‌و عهرهبو توركمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) كاتێكی زۆری ده‌وێت.
رۆژنامه: ئێوه وه‌كو به‌رپرسێكی ئیداریی كه‌ركوك چۆن ده‌ڕواننه یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق؟
رزگار عه‌لی: ئه‌مڕۆ كه‌ركوك بوه‌ته ماده‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش، له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوداو له‌كاتی بڕیاردان له‌سه‌ر مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كاندا هه‌ندێك لایه‌ن هه‌یه كه‌ركوك وه‌كو موزایه‌ده‌یه‌ك به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی سۆزی ده‌نگده‌ر رابكشێنو كه‌ركوك به گرێ كوێره داده‌نێن، له یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقشیدا ئه‌وه‌مان بینی ئه‌و لایه‌نانه كه‌ركوكیان به له‌مپه‌ری به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنی یاساكه دانا، به‌ڵام تا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك رێكه‌وتن، كێشه‌یه‌كی له‌وه گه‌وره‌تر ده‌ركه‌وت ئه‌ویش كێشه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانه، به هه‌وڵی ههمولایهكو پشتگیریی ئهمریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان یاساكه ده‌رچو، راسته به‌پێی یاساكه كه‌ركوك به پارێزگایه‌كی جێ گومان دانراوه، نابێت ئێمه پێش روداو بكه‌ین، جارێك هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه، تا (50) په‌رله‌مانتار داوای پێداچونه‌وه به تۆماری پارێزگاكه‌دا بكه‌ن.
رۆژنامه: به‌پێی یاسای نوێیه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ركوك جیاكراوه‌ته‌وه، به رای تۆ كه‌ركوك باری تایبه‌تی پێدراوه؟
رزگار عه‌لی: مه‌وزوعی كه‌ركوك ناوی بهێنرێت یان ناوی نه‌هێنرێت له یاساكه‌دا گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه چۆن مافه‌كانی خۆمان له عێراقدا ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین، چۆن پرۆسه‌ی سیاسیی‌و دیموكراسیی له عێراقدا به‌ره‌وپێش ده‌به‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆ ته‌نیا ناوی كه‌ركوك نه‌هاتوه، چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌یش جیاكراونهتهوهو به ناوچه‌ی جێگومان دانراون، من پێموایه ناوهێنانی كه‌ركوك شتێكی مه‌ترسیدار نییه، ئێمه ئیداره‌ی كه‌ركوك باوه‌ڕمان به شه‌فافیه‌ت هه‌یه‌و له ساڵی (2003)وه كه‌ركوك گه‌شه‌كردنێكی ئاشكرای به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و شتێكی شاراوه نییه، ئێمه باوه‌ڕمان به بێگه‌ردی لیستی ده‌نگده‌ر هه‌یه، به واتایه‌كی دیكه یاسای هه‌ڵبژاردن ته‌وافقێكی هه‌مو عێراقییه‌كان بو، شتێكی باشبو بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان.
رۆژنامه: به بۆچونی تۆ بارودۆخی كه‌ركوك دوای هه‌ڵبژاردنی (7)ی ئازار چی به‌سه‌ر دێت؟
رزگار عه‌لی: من پێموایه ئه‌مجاره ململانێی ههڵبژدارن چڕترو ئاڵۆزتر‌و به‌هێزتر ده‌بێت، چونكه خه‌ڵك له ئێستادا هۆشیاریی زیاتره، جگه له‌وه‌ش به‌پێی یاساكه هه‌ڵبژاردن به لیستی كراوه به‌ڕێوه ده‌چێت، مه‌رج نییه ده‌نگده‌ر ده‌نگ به حیزب بدات، لێره‌وه حیزب نابێته سه‌نگی مهحهكو توانا‌و لێوه‌شاوه‌یی پاڵێوراو رۆڵ ده‌بێنێت، پێموایه كورد له نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك به‌ده‌ستده‌هێنێت.
رۆژنامه: به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا شه‌رعیه‌تی یاسایی نامێنێت، ئه‌مه چی كێشه‌یه‌كتان بۆ دروست ده‌كات؟
رزگار عه‌لی: ئێمه وه‌كو ئه‌نجومه‌ن به‌پێی بڕیاری ژماره (71)ی بریمه‌ر كار ده‌كه‌ین، ئه‌و بڕیاره ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی به ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌داوه، جگه له‌وه‌ش بڕگهگانی ئه‌و بڕیاره ئه‌وه‌نده ته‌نانه‌ت پۆڵ بریمه‌ر خۆی لێی په‌شیمانه، چونكه زۆربه‌ی بڕگه‌و ماده‌كانی دژبه‌یه‌كن، ئێمه وه‌كو ئه‌نجومه‌ن به‌پێی رێكه‌وتنی پێكهاته‌كان كار ده‌كه‌ین، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك نزیكه‌ی (5) ساڵه كار دهكاتو ئه‌وه‌ش ته‌مه‌نێكی زۆره، من هیوادارم ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌مان درێژ نه‌كرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ههڵبَژاردنێكی نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئهنجامبدرێتو جارێكی دیكه خه‌ڵك نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.
رۆژنامه: تۆ كێ به رێگر داده‌نێیت له‌به‌رده‌م ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك؟
رزگار عه‌لی: له عێراقدا چه‌ند ده‌ستێك هه‌یه ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌ی سیاسیی له عێراق‌و به‌تایبه‌تی له كه‌ركوكدا شكستبهێنێت، ئه‌و كهسو لایه‌نانه كۆسپ بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك دروستده‌كه‌ن بونه‌ته رێگر بۆ ده‌رچواندنی یاسایه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ئێمه وه‌كو هه‌مو پێكهاته‌كان پێویستمان به ته‌وافقێكی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و رێگرییانه‌ش ئه‌مڕۆ بێت، یان سبه‌ی، ده‌بێت یاسایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ربچێت.
رۆژنامه: كێ به‌رپرسیاره له به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك؟
رزگار عه‌لی: نابێت ئێمه لایه‌نه‌كانی دیكه تاوانبار بكه‌ین‌و بیر له تاوانباركردنی یه‌كتر بكه‌ینه‌وه‌و هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وان بگه‌ڕێنینه‌وه، ببینه هۆكار بۆ له‌یه‌ك دوركه‌وتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، راسته ئێمه بۆچونێكمان هه‌یه، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی دیكه‌یش بۆچونی خۆیان هه‌یه له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه به رێكه‌وتنی پێكهاته‌كان ده‌بێت.
رۆژنامه: تۆ هیچ ئومێدیكت به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) هه‌یه؟
رزگار عه‌لی: ماده‌ی (140) ماده‌یه‌كی ده‌ستورییه‌و بارودۆخی سیاسیی عێراق هۆكار بوه بۆ ئه‌وه‌ی، كه تائێستا جێبه‌جێنه‌كراوه، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق رێگره له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌دا.
عێراق وڵاتێكه له ئه‌ساسه‌وه ناڕاست دروستكراوه، پێویسته بگه‌ڕێیته‌وه بۆ رابردو پاشان عێراق دروستبكهیتهوه، شیعه له خه‌ویا سوڵته‌ی بینیوه، سوننه له هه‌مو ژیانیدا له سوڵته‌دا بوه، كورد هه‌رده‌م له شۆڕشدا بوه، پێكه‌وه كاركردنی ئه‌م سێ گروپه له چوارچێوه‌ی عێراقدا كارێكی زۆر قورسه‌و گه‌یشتنه رێكه‌وتنی ئه‌م سێ لایه‌نه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كاتێكی زۆری ده‌وێت، ماده‌ی (140)یش مه‌سه‌له‌یه‌كی نێوان پێكهاته‌كانی عێراقه‌و جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی كاتی ده‌وێت.
رۆژنامه: به‌ڵێنی زاره‌كی به‌رپرسانی ئه‌مریكا له مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) تا چه‌ند گرنگه؟
رزگار عه‌لی: ئه‌مریكا ناتوانێت رۆڵی فیعلی ببینێت له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)، به‌ڵكو ده‌توانێت رۆڵی پشتیوان ببینێت‌و زه‌مینه خۆشبكات بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، ئه‌مریكا وڵاتێكی گه‌وره‌یه، پێموایه كێشه‌ی كه‌ركوك بۆ ئه‌مریكا كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌یاننامه‌یه‌كی كۆشكی گرنییهكی زۆری هه‌یه‌و شتێكی ره‌سمییه، نابێت به شتێكی بچوك‌و ساده وه‌ربگیرێت. هاتنه سه‌ر خه‌تی به‌رپرسانی ئه‌مریكا هه‌روا روداوێكی ساده نییه، به‌ڵام روداوێكیش نییه تا هه‌مو هیواو ئاواته‌كانی له‌سه‌ر بنیات بنێین.
رۆژنامه: هاتنه سه‌رختی په‌رله‌مانی كوردستان له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
رزگار عه‌لی: وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان له ماوه‌ی رابردودا چه‌ند جارێك سه‌ردانی به‌غدایان كردوه‌و به‌شداربون له گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و یاسای هه‌ڵبژاردندا، په‌رله‌مانی كوردستان نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانه، ناوچه‌دابڕاوه‌كان ته‌فاعولێكی نه‌ته‌وه‌یی، روحی‌و سیاسیی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و ناتوانن خۆیان له كوردستان جیابكه‌نه‌وه، ئاماده‌بونی په‌رله‌مانی كوردستان له وێستگه سیاسییه ره‌سمیی‌و گرنگه‌كان گرنگه بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه‌دابڕاوه‌كان.
رۆژنامه: چۆن ده‌ڕوانیته هاتنه مه‌یدانی لیستی گۆڕان له كه‌ركوك؟
رزگار عه‌لی: من پێموانییه لیستێك له‌ناو كوردا هه‌بێت دژی كوردستانیبونی كه‌ركوك بێت، له‌وه‌یه مونافه‌سه هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ كوردستانیبونی كه‌ركوكی لا گرنگتره، بۆ ئایندهی كورد له ناوخۆی خۆماندا هه‌ر چۆنێك بین، كێشه نییه، به‌ڵام ده‌بێت له ده‌ره‌وه یه‌ك هه‌ڵوێست بین، قازانجی گه‌وره‌ی كورد له‌وه‌دایه هه‌ر كاتێك پێویستی كرد یه‌ك لیست بین، ئه‌گه‌ر پێویستی نه‌كرد فره لیست بین.