دیمانه: رۆژنامه
رۆژنامه: ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك هێزێكی نوێ له كایه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌دا، به‌ڕای ئێوه چ پێناسه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت؟
رێبوار سیوه‌یلی: به‌لای منه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێز نییه، به‌ڵكو زیاتر پێكهاته‌یه‌كی تێكه‌ڵه له كۆمه‌ڵێك وزه‌ی جیاوازی كۆمه‌ڵگای ئێمه كه له ساته‌وه‌ختی ده‌ركه‌وتنیدا به رۆحێكی ئۆپۆزسیۆنانه‌وه هاته مه‌یدانه‌وه‌و تادێت خۆی به دامه‌زراوه دهكاتو به‌مه‌ش له بنه‌ماكه‌ی خۆی دور ده‌كه‌وێته‌وه. گۆڕان له دهركهوتنیداو له ره‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌یدا، به بڕوای من، پارادیمی كایه‌ی سیاسه‌تی كوردستانی نه‌گۆڕیوه‌و ته‌نیا كایه‌ی سیاسی‌و بكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناو كایه‌ی سیاسیی كوردستانی له سه‌ره‌تاوه شڵهژاندو پاشانیش هه‌ندێكیان توانییان به‌هۆی زمانێكی دیپلۆماسییانهو به بهكارهێنانو پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێویستییه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یبو بۆ ئه‌وه‌ی ئیعتیرافی پێبكرێت، سه‌رنجی دۆستانه‌ی گۆڕان به‌لای خۆیاندا رابكێشن‌و به‌مه‌ش وزه‌ی ره‌خنه‌یی گۆڕانییهكان له ئاست خۆیاندا سست‌و لاواز بكه‌ن. به بڕوای من، له‌مه‌دا پارتی دیموكرات به گشتی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكی پێشوی حكومه‌ت، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی به ده‌ركه‌وتنی له میدیاكانی گۆڕاندا سێ ئامانجی سه‌ره‌كی پێكا: یه‌كه‌میان ئه‌و شته‌ی به گۆڕان به‌خشی كه بریتیبو له جۆرێك له ئیعتیرافكردن به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌و دوه‌میان بریتیبو له گه‌شاندنه‌وه‌ی ژیله‌مۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناو خۆڵه‌مێشی شارێكی وه‌كو سلێمانیدا‌و ره‌واندنه‌وه‌ی به‌شێكی گرنگی ئه‌و گومانانه‌ی كه كلتوریی سیاسی‌و ململانێكانی سی(30)ساڵی دوایی له‌و شاره‌دا، له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی‌و پارتی دیموكرات دروستیان كردبو. نێچیرڤان بارزانی، به‌مكاره دیپلۆماسییانهیهی جگه له ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئینتیمای رۆحیی خۆی بۆ شاری سلێمانی‌و په‌یوه‌ندییه نهسهبیهكهی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی دایكی رهحمهتیدا، ئاواش ئاوێكی شیرینی كرده‌وه به‌ر دره‌ختی پارتایه‌تی له‌و شاره‌دا. سێیه‌م ده‌ستكه‌وتی ئه‌م كاره‌ی سه‌رۆكی پێشوی حكومه‌ت، بریتیبو له سستكردنو دواخستنی بزوتنه‌وه‌ی هێزی ره‌خنه‌یی گۆڕان له ئاست پارتی دیموكرات‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا. له هیچكامێك له‌م ره‌هه‌ندانه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زیانی نه‌كردوه‌و له روی سیاسییه‌وه پتر ره‌گی خۆی داكوتاوه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌هه‌مان رۆحییه‌تی "پارتیزانانه‌ی" سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه بمایه‌وه، ئێستا خه‌ڵكێكی زۆری له‌خۆی ماندو ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیستیعابی ده‌رونییانه‌ی خه‌ڵكی وڵاتی ئێمه دوای به‌رده‌وامی هه‌مان رۆحییه‌ت به‌درێژایی مانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عس، ئیتر حه‌وسه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه بۆ هه‌مان رۆحی شۆڕشگێڕانه‌و سه‌رده‌مه‌كه، كلتورێكی سیاسیی تر ده‌خوازێت كه بریتییه له خۆگونجاندن‌و دانوستاندنو به‌شداریكردن. له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستكه‌وتی زۆر باشی به‌ده‌ستهێناوه كه به بڕوای من، گرنگترینیان بریتییه له خۆشهویستكردنهوهی سیاسه‌ت له‌لای خه‌ڵك‌و بانگهێشتنیان بۆ به‌شداریكردنی سیاسییانه. ئه‌م ده‌ستكه‌وته كه خۆی له رێژه‌ی به‌شداریكردنی هه‌رچی زۆرتری هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستاندا له دو هه‌ڵبژاردندا بینییه‌وه، له روی مێژوییشه‌وه زۆر بایه‌خداره‌و به‌رجه‌سته‌كه‌ری ساته‌وه‌ختێكه له ژیانی پراكتیكی تاكه‌كه‌سه‌كان به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی داهاتویه‌كی به‌خته‌وه‌رانه‌تر. واته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و توانا هێزهكییهی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی كه به‌درێژایی مانه‌وه‌ی رژێمی دیكتاتۆرانه‌ی به‌عسییه‌كان چهپێنرابو، كرده تواناییه‌كی كردهكیو سه‌رله‌نوێ مرۆڤی كورد‌و ناوچه‌كه‌ی خسته‌وه به‌رده‌م ئه‌و پرسیاره گرنگه‌ی كه بڵێت: من چیم له ژیانی خۆم دهوێتو به چ ئامرازێك ده‌توانم كاری بۆ بكه‌م؟ ئه‌مه‌ش وام لێده‌كات بڵێم: ساته‌وه‌ختی ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك روداوێك زۆر له ساته‌وه‌ختی سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕین ده‌چێت، به‌ڵام به‌و جیاوازییه‌وه كه ساته‌وه‌ختی راپه‌ڕین پتر خستنه‌گه‌ڕی توانایی فیزیكییانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌بو بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سیستمێكی دیكتاتۆرانه، له‌كاتێكدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پتر راپه‌ڕینێكی هزریو فیكرییه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی كلتورێكی سیاسی‌و سیستمێكی كۆنی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاڵێكی ترسناكی لێكچونیش له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و راپه‌ڕیندا هه‌یه كه ئه‌ویش بریتییه له كورتخایه‌نی هێزو وزه‌ی به‌رده‌وامی هه‌ردو وهرچهرخانهكهو كورتبونهوهیان له ساته‌وه‌ختی رودانیاندا، نه‌ك له به‌رده‌وامیاندا. به بڕوای من، پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به جدیی كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كه وزه‌ی ساته‌وه‌ختی سهرههڵدانهكهیو گرنگییه‌كه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان، له‌بیر نهكاتو نه‌هێڵێت ببێته روداوێك كه ئیتر رویداوه‌و دوباره نابێته‌وه. ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستانی زۆر له‌و ده‌ستكه‌وته‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسیی ئازاد‌و ئه‌هلی له هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌چێت كه پاش كه‌رتبونی كۆمه‌ڵگای كورد‌و قوڵبونه‌وه‌ی كه‌لێن‌و زهقبونهوهو ژیانه‌وه‌ی سنوری عه‌شیره‌یی‌و خێڵه‌كییانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی، ئه‌و رۆژنامه‌نوسییه هاتو وه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك كه كۆی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره جیاجیاكانی داوهتكردهوه بۆ هاتنه‌وه ناو هه‌مان پۆل كه تیایدا ئه‌وانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتو به‌یه‌كتر ده‌ناسانده‌وه، به‌ده‌ر له‌و جیاكارهییهی شهڕهناوخۆییهكانو ململانێی ناوچه‌گه‌رایی حیزبی له هه‌رێمه‌كه‌دا دروستیانكردبو. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌هه‌مان شێوه‌و له ئاستێكی زۆر فراوانتر‌و میلییانهتردا، توانی سه‌رله‌نوێ وێنه‌یه‌كی یه‌كده‌ست بداته‌وه كۆمه‌ڵگای ئێمه‌و له‌پێناوی پرۆسه‌و زه‌روره‌تی گۆڕاندا، مۆبیلیزه‌ی خه‌ڵك بكاته‌وه. ئه‌م ده‌ستكه‌وته ده‌ورێكی گرنگی هه‌یه له ئاشتكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی كۆمه‌ڵگای ئێمه له‌گه‌ڵ خۆیدا به تهجاوهزكردنی ئه‌و سنورانه‌ی ململانێی حیزبایه‌تی له‌نێوان كلتور‌و جوگرافیای ده‌ڤه‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌رزیان كردبونه‌وه. دوایین ده‌ستكه‌وتێك كه بشێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌م، بریتییه له لاوازكردنی باڵادهستیو هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌م یان ئه‌و حیزب كه پێیان وابو، ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆكردوهو مافی جیاوازیی بیركردنه‌وه‌یان له سایه‌ی یه‌كده‌ستكردنی ئایدیۆلۆجییانه‌ی خۆیاندا له خه‌ڵك سهندبوهوه. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئازادیی بیركردنه‌وه‌و مافی جیاوازیی بیروڕای، به تهجاوهزكردنی هه‌یمه‌نه‌ی تاپۆكارانهی حیزبه‌كان، گه‌ڕانده‌وه ناو واقیعی سیاسی.
رۆژنامه: گۆڕان كه بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌رێمی كوردستان، توانی واقیعی به‌رهه‌ڵستكاری (ئۆپۆزسیۆن)بون بچه‌سپێنێت. به رای ئێوه، تاچه‌ند كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی هه‌بوه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم؟
رێبوار سیوه‌یلی: به بڕوای من، شێوه‌یه‌ك له ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ر هه‌بوه، چ له ئاستی سیاسی‌و چ له ئاستی كلتوری‌و ره‌خنه‌ییدا. شتێكی راستمان نه‌گوتوه ئه‌گه‌ر مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ینه سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ره‌تای ئۆپۆزسیۆن، چونكه له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌ژده‌ساڵه‌ی پێشوی ته‌مه‌نی حكومداریی هه‌رێمی كوردستاندا، پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه، به شێوه‌ی جیاجیا پرۆتێستو ئۆپۆزسیۆنبونی خۆیان به‌رجه‌سته‌كردوه، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی ئافرهتانو ژنان‌و قوتابییان‌و مانگرتن‌و خۆپیشاندانه زۆره‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی له ماوه‌ی جیاوازجیاوازدا. ئه‌مه جگه له ئۆپۆزسیۆنی حیزب‌و رێكخراوه ئیسلامییه‌كان‌و تا راده‌یه‌ك گروپه چه‌په‌كان‌و كوردانی هه‌نده‌ران له دژی شهڕهناوخۆییهكان، به‌ڵام نكوڵی له‌وه ناكرێت كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ له روی چه‌ندایه‌تی‌و چ له‌ڕوی چۆنایه‌تییه‌وه چه‌مكی ئۆپۆزسیۆنبونی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا گۆڕی‌و له بیچمی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گه‌وره‌دا، به‌رجه‌سته‌ی كرده‌وه. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوه له‌سه‌ر كایه‌ی سیاسیی كوردی، به‌ڵكو هه‌لێكی زیڕینیشی خسته‌وه به‌رده‌م هه‌ردو حیزبی خاوه‌نهێزی گه‌وره‌ی كوردستان، تاكو به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر زۆر له بڕیار‌و تێڕوانینه‌كانیان بكه‌ن. ئه‌و هه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پارتی‌و یه‌كێتی دروستكردوه، له وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا كه كلتوری حیزبی سه‌ركرده‌و پێشهواییو رابه‌رایه‌تی ده‌یانبات به‌ڕێوه، ته‌نیا به كوده‌تای سهربازیو راپهڕینو ململانێی خوێناوی، یان به ته‌ده‌خولی هێزی سوپای ده‌ره‌كی، چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. له راستیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێزی سه‌ره‌كی‌و راسته‌قینه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی به‌خۆیان ناساندهوهو پێیگوتن: ئه‌مه‌یه جه‌ماوه‌رو زه‌مینه‌ی مانه‌وه‌ی ئێوه. له‌به‌رئه‌وه، بونی ئه‌مجۆره ئۆپۆزسیۆنه، یه‌كێكه له پێویستییه‌كانی ده‌سه‌ڵات خۆی. هه‌روه‌كو له لێكۆڵینهوهیهكیشمدا به‌ناوی (ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات، دۆستن یان دوژمن؟) نوسیومه: ئۆپۆزسیۆن به‌مانا گۆڕانییهكهی بریتییه له چاوی زیاده‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه.
رۆژنامه: خاڵه لاواز‌و سلبییه‌كانی ئه‌م هێزه، له ئێستا‌و رابردودا چین؟
رێبوار سیوه‌یلی: به بڕوای من، خاڵی هه‌ره به‌هێزی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وه‌دا بو كه وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك خۆی ناساند، نه‌ك وه‌ك حیزبێك. هه‌ر ئه‌مه‌ش خاڵی هه‌ره لاوازی ده‌بێت، كاتێك بیه‌وێت خۆی بكاته حیزب، چونكه به‌مكاره‌ی، نه‌ك هه‌ر لێكچونی شێوه‌یی له‌گه‌ڵ كۆی پێكهاته‌ی حیزبی خۆرههڵاتییانهو عێراقیانیهو حیزبه كوردییه‌كان دروستدهكاتو ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له لایه‌نگرانی كه ئهزمونو یادوه‌ریی تاڵیان له‌گه‌ڵ ئه‌م مۆدێله‌ی حیزب‌دا هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی بكاته حیزب، ده‌بێته میراتگری كۆی ئه‌و ناوهڕۆكهش كه له حیزبی سه‌ركرده‌و حیزبی قائیده‌وه بۆی ده‌مێنێته‌وه. من قسه له‌وه ناكه‌م، ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له بنه‌ماوه وه‌ك حیزبی ئهڵتهرناتیڤو به گوتارێكی زۆر جیاوازتره‌وه، خۆی ناساندبا، بۆ ئێستای زۆر باشتر ده‌بو، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێستای بزوتنه‌وه‌كه، به‌بێ به ئۆرگازم گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی ئۆپۆزسیۆن له كایه‌ی سیاسیی ئێمه‌دا، به‌كارێكی باش نازانم‌و گه‌شبین نیم به‌رامبه‌ر به‌و داهاتوه‌ی كه گۆڕان ده‌خاته به‌رده‌م جۆرێك له ئۆپۆزسیۆنی ناوه‌كی كه زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆی بتوانێت چ له ئاستیدا بێده‌نگ بێت‌و چ كۆنترۆڵیشی بكات. به‌مانایه‌كی تر، من له‌و باره‌دا، پێشبینی بارودۆخی گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆنه ناوه‌كییه‌كه‌ی خۆی، به دوباره‌بونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتیی نیشتیمانی ده‌كه‌م كه بێگومان بۆی هه‌یه تا ئاستی دابه‌شكردنی به‌رده‌وامی گۆڕان بڕوات‌و تواناییه هێزهكییهكهی به جۆرێك لاواز بكات كه نه‌توانێت خهونو پڕۆژه‌ی خۆی له ئاستێكی كردهكیدا بهێنێته دی. كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و گوتاره سهرهتاییهیدا ده‌بینمه‌وه كه به‌رده‌وام له هه‌وڵی هیژمۆنیكردنی ماسو ئاپۆره‌ی خه‌ڵكدا بو، نه‌ك كۆمهڵگاو هاوڵاتییان. هه‌ڵبه‌ت ئاپۆره‌ی خه‌ڵك، هه‌روه‌ك چۆن به ئاسانی كۆده‌بێته‌وه، ئاواش به ئاسانی ده‌كشێته‌وه. هه‌روه‌ك چۆن مشتێك لم ده‌كه‌ینه لهوێچمانهوهو ورده ورده له نێوان په‌نجه‌كانمانه‌وه دادهوهرێتو لێی كه‌مده‌بێته‌وه، ئاواش كۆكردنه‌وه‌ی ئاپۆره‌ی خه‌ڵك ئاسان‌و له‌ده‌ستدانیشی خێرایه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتی شوناسی ئاپۆره، سروشتێكی ناجێگیره‌و هه‌ر جوڵهیهكو بزاوت‌و كاریگه‌رییه‌ك لێی زیادو كه‌م ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به شێوه‌یه‌كی تیۆریكتر قسه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی‌و داهاتوی مرۆڤ‌و په‌یوه‌ندییه لۆكاڵی‌و گڵۆباڵییهكانی ئه‌م مرۆڤه بكات. به‌بێ هه‌بونی به‌رنامه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنانه‌ی درێژخایهنو به‌بێ خۆبه‌دورگرتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌ر جۆره مۆدێلێكی حیزبی خۆرهه‌ڵاتییانه، ستالینییانه، بهعسییانهو كوردییانه، ناتوانێت گوتاری خۆی ئاڕاسته‌ی تاكه‌كه‌س‌و هاوڵاتییان بكات‌و پێبهپێی ململانێی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی مه‌وجود، كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن‌و هاوڵاتییه‌كی ده‌روه‌ست بهێنێته‌دی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گۆڕان هه‌میشه مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره كه بیروڕا خۆشهویستكهرهكانی له‌لایه‌ن پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه بقۆزرێنهوهو قوتبدرێنو كاریان بۆ بكرێت، له غیابی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیدا.
رۆژنامه: ئایا گۆڕان ته‌نیا بۆ وه‌رچه‌رخانێكی سیاسیی هه‌رێم پێویسته، یان پێویسته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، به‌رده‌وامی به هه‌وڵی گۆڕینی سیستم‌و عه‌قڵی رامیاریی‌و حوكمڕانیی بدات؟
رێبوار سیوه‌یلی: گۆڕان ناتوانێت سیستم بگۆڕێت، چونكه بۆخۆی به‌شێك‌و درێژه‌پێده‌ری سیستم‌و ئه‌قڵیی سیاسی‌و حوكمڕانی كوردییه. به بڕوای من، یه‌كێك له سه‌ركه‌شییه‌كانی گۆڕان ئه‌وه‌یه كه پێیوایه ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئهقڵو سیستم‌و حوكمڕانیی ئه‌م وڵاته‌یه. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ تیۆره‌ی ئۆپۆزسیۆندا كه ئۆپۆزسیۆنی هه‌مان كایه‌ی سیاسییه یه‌ك ناگرێته‌وه‌و نیشانه‌ی دژایهتیو ناكۆكیی فیكرییه. ئه‌وه‌ی پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به به‌رده‌وامی بیكات، بریتییه له ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی، ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی كایه‌ی سیاسیی كوردستانی بكات‌و ببێته چاوێكی ریفلێكسیو (لهخۆنۆڕ) كه هه‌م خۆی‌و كرداره‌كانی له رێگه‌وه ههڵسهنگێنێتو هه‌م ئه‌وانیتریش له‌كاتی بڕیار‌و هه‌ڵسوكه‌وتدا، ناچار به خۆ هه‌ڵسه‌نگاندن بكات.
رۆژنامه: ئایا چی بكرێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن رێكبخرێت؟
رێبوار سیوه‌یلی: وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌نده به‌وه‌ی چۆن له چه‌مكی مۆدێرن تێدهگهینو چ تهفسیرێكی بۆ ده‌كرێت؟ به بڕوای من، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له رێكخستن به شێوه‌یه‌كی مۆدێرن له‌پێناوی وه‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه‌و هاوڵاتییه‌كی ده‌روه‌ست‌و هۆشیار بێت، ئه‌وه پێویسته ئه‌و رێكخستنه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئهقڵانیو به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی بابهتییانهیو هه‌لومه‌رجه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگای كوردستان بێت. له رێكخستنێكی ئاوادا، جێگه‌ی سه‌ركرده‌ی فه‌رمانده‌و میزاجی تایبهتو تاكڕه‌وی‌و جۆره‌كانی توندوتیژیی نابێته‌وه. من بۆخۆم به‌وجۆره له چه‌مكی رێكخستنی مۆدێرنانه‌ی گۆڕان تێده‌گه‌م كه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بتوانێت ئه‌و دێوی هه‌ڵچونه‌ی له ناخی مرۆڤی ئێمه‌دا بێداری كردوه‌ته‌وه، بكاته فریشته‌ی رزگاری‌و وه‌دیهێنانی ساته‌وه‌ختێكی رۆشنگه‌رانه، به‌مانا كانتیهكهی، له ژیانی كۆمهڵگاو مرۆڤی ئێمه‌دا. ئه‌وه گرنگه كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئاوا كار بكات بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی توانای مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگای ئێمه بۆ داهێنانو په‌روه‌رده‌ی بكات بۆ ئه‌وه‌ی له پێناوی ئازادیی راسته‌قینه‌دا، ده‌ست له زۆرێك له‌و چاوبه‌ستانه هه‌ڵبگرێت كه به‌ناوی ئازادییه‌وه پێیدهفرۆشرێن.
رۆژنامه: ئایا له كاتی ئۆرگانیزهكردنیدا، چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بێته حیزبێكی ستالینی‌و شێوازی كاركردنی حیزبه ته‌قلیدییه‌كانی هه‌رێم دوباره نه‌كاته‌وه؟
رێبوار سیوه‌یلی: من پسپۆڕی بواری رێكخستنی حیزبایه‌تی نیم، به‌ڵام هه‌ركات بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به كۆی ده‌نگ، یان له ئه‌نجامی كۆنگره‌یه‌كی سهراپاییهوه، به لایه‌نگرانی هه‌نده‌رانیشه‌وه، گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی خۆیان له فۆرمی حیزبێكدا بخه‌نه‌ڕو، پێویسته ئه‌وه بزانن كه بۆماوه‌یه‌كی دورودرێژ بیرۆكه‌ی سیاسه‌تی ئۆپۆزسیۆن له‌كایه‌ی سیاسیی كوردی ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه. له‌و حاڵه‌ته‌شدا، سیاسه‌تی ئێمه وه‌ك كایه‌یه‌كی بێململانێی لێدێت كه تیایدا به‌هاكان تازه نابنه‌وه، چونكه هه‌مو ئه‌وانه‌ی ده‌بو له‌سه‌ر پێگه‌و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناكۆك بن‌و ململانێ بكه‌ن، ده‌بنه برای یهكترو رێككه‌وتنی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا مۆرده‌كه‌ن.